Hsen_latif.jpg

جەنگ و جوانی، نیگایەک لە کۆمەڵە شیعری (جەنگ نیازی ئاوابوونی نییە)

ئەکرەم هەواس

ئەو شیعرەکانی بە دوکەڵی جەنگ گۆشدەکات و ڕوخساری وشەکانی بە تەپ و تۆزی جەنگ ناسراوەتەوە.

لەناو ئەو هەرای شووم و شەڕ و خوێنە، هێشتا دڵی بۆ جوانی لێ ئەدات، هێشتا بۆ ئەو ترووسکاییە دەگەڕێ کە جوانی لێ بچنێتەوە و چنیویشیەتییەوە.

 ئەگەر جەنگ نەبا ئیدی حسەین لەتیف ڕەنگە هەر شاعیر نەبا، یان دەبوو بە شاعیریی جوانیەکان، چونکە کوڕی وڵاتی جەنگەو هەر کە چاوی کراوەتەوە فیشەک و بارووت و خوێنی دیوە، وە هەمیشە گوێ قوڵاخی دەنگی فیشەک و تۆپ و تانک بووە، ئەو پاڵنەرە دەروونیانەی کەجەنگ هێناویەتی، لەدەروونیدا قوڵپی داوەو لە ڕێگەی تێکستە جوانەکانی دەری ئەهاوێ و ئاراستەی دەکات،

لەبەر ئەوەی جەنگ و جوانی هەیە، بۆیە هەردووکیانی پێکەوە گرێداو، ئەمەش ڕەنگ دانەوەی هەبووە بە سەر بیرکردنەوە خەیاڵی شیعرەکانی نووسەردا..

 حسەین لەتیفی شاعیر  وەکو وەستایەکی بەسەلیقەو لێهاتوو خشتی وشەکانی لەشوێنی شیاوی خۆی بەکاردێنێت و دەست بە وشەوە دەگرێت لە پێناو پوختی زماندا، واتا دەست نوقاو و  چرووکە لە بەکارهێنانی وشەدا، هەرئەمەش دەوڵەمەندی کردووەتە بەری شیعرو زمانی، دەقەکانی بە تۆکمەیی دادەڕێژێت و لە وشەی زیاد ئابووری دەکات.

 دەزانی لەکوێ دەنووسێ و لەکوێشدا خاڵ دادەنێت، سەرەتایەکی بەهێز و ناوەڕۆکێکی تۆکمەو قوفڵێکی موحکەم..

یەکێک لە جیاوازییەکانی حسەین لەتیف ئەوەیە هەم خەڵکی نوخبە هەم خەڵکی ئاسایی لێی تێدەگات، لە هەردوو لاوە گرەوەکەی بردووەتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هێزی زمان و ئێستاتیکاو شیعرییەتی، لەگەڵ ئەو باگراوەندە مەعریفی و فکریی و ئەدەبییەی کە بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی دەخوێنێتەوە، کە لەم ڕێگەیەوە پەروەردەی خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی شیعریی خۆی پێ دەکات.

 لەم کۆمەڵە شیعرەی ( جەنگ نیازی نیە ئاوبێت ) بەر ئەو دەقانە دەکەوین کە پێمان دەڵێ جەنگ؛ کاولکاری و ماڵ وێرانی بە دوادا دێت، ئەوەی ژیان ڕادەگرێت جوانیە.

زۆربەی تێکستەکانی ئاوێزان کردووە بە جەنگ و جوانی، جوانییەک، کە هێشتا جەنگیش ناتوانێ لەناوی بات و خەڵتانی خوێنی بکات، خۆیشی کردووە بە پارێزەری جوانیەکان.

 بڕوانە :

 1_

ئاسمان هەوربێت

یان ساماڵ

ئەستێرە هەڵهاتبێت

یان هەتاو

هەمیشە لەبەر دەرگام:

بیست و چوار کاتژمێر بیر لە تۆ دەکەمەوە،

لە ڕۆشتنت،

لە هاتنەوەت،

کە دەبوویت بەسەرباز

بۆچی وتت: خۆشم ئەوێیت؟؟

 

لێرەدا خەمی ئەو جوانییەی هەیە، کە بۆ ئافرەت ئەبێتە دەردی سەری و تەنیایی بەهۆی جەنگەوە،

لە سەر زمانی ئەو یارەوە نوسراوە کە پیاوێک پێی وتووە خۆشم دەوێی و دڵی وابەستە کردووە بە خۆیەوە،کەچی دواتر دەبێتە سەرباز و یارکەی تەنیا دەکات، پێمان دەڵێت جەنگ هەموو شتێک دەبات، تەنانەت دەست دەبات و بۆ جوانییەکانی ئافرەت و دڵی بەتەنیا جێ دێڵێت.

لە هەمانکاتدا پێمان دەڵێ عەشقی نیشتیمان  گەورەترو پیرۆزترە لە عەشقی کچێک، هەروەکو لە دەقێکی پێشووتریدا دەڵێت:

( کچەکان عاشقی سەربازکانن

سەربازەکان عاشقی نیشتیمان...)

 

2_

ئەوەی دونیا دەگۆڕێت،

سەرۆکەکان نیە،

نەخشی سەر کراسەکەتە،

بەمەرجێک لە نزیک سەربازگەیەکەوە تێبپەڕیت..

 

3_

لەو جێگایەی سەربازەکان تووشت دەبن

دەبن بە ڕیزێک پەیکەر

دڵیان دوای پەپوولەی سەرکراسەکەت دەکەوێت،

ئەو ڕێگایانەیان بیر دەچێتەوە

دەیانبەنەوە سەر گۆڕەپانی جەنگ

 

4_

زەردە خەنەیەک بکەیت

ڕۆژنامە نووسەکان واز لە ڕووماڵکردنی جەنگ دەهێنن

سەربازەکان تفەنگەکانیان فڕێ ئەدەن

بریندارەکان هەڵدەستنەوە سەرپێ

دەڕۆنەوە بۆ ماڵ

دەڕۆنەوە بۆ سەر کارەکانیان

دەڕۆنەوە بۆ جێژوان

کێ بوو وتی:

سەردەمی موعجیزە بەسەرچوو؟!!

ئەوە نیە من و تۆ بووین بە هاوڕێ؟

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئەمەش هەنێ ناونیشانی تری شیعرەکانی لەم کۆمەڵە چاپکراوە هەن.

*مۆزەخانەی جەنگ

*نامەیەک لەگۆڕەوە

*باخچەی بێوەژنەکان

*براکان

*نیگەرانی

*دواین لاپەڕە لە یاداشتەکانی کچێک

*پێشانگای پێنجەمی جەنگ

*جەنگ خۆی کرد بە شاردا ...

لێرەدا بازمان پێ دەدات بۆ ئەوە و پێمان دەڵێت ئافرەت دەستی لەجەنگ نیە و بەشدارنیە لەو کاولکارییە، پێمان دەڵێت ئەوە سەرۆکەکانن جەنگ درووست دەکەن، ئەوە پیاوەکانن شەڕ هەڵدەگیرسێنن و دەستکاری نەخشەی جیهان دەکەن، وە ئەوە تۆیشیت(ئافرەت) جەنگ ڕادەگریت بە مەرجێ بەلای سەربازگەی جەنگ تێپەریت،  ئەوە تۆیت کە لە جەنگ گەورەتری، تەنها تۆ دەرکەوە ئیدی سەربازەکان وەکو پەپوولە ئاراستەکەیان لە مەیدانی جەنگەوە دەگۆڕن بۆ گوڵی سەرکراسەکەت،  تەنیا تۆ دەرکەوە مەیدانی جەنگ دەبێتە باخچەی پەپوولە و ئیتر هەموو مەیدانی جەنگ دەبێتە ئاگربەست. ئەشتوانین بڵێین ئافرەتی وەکو ڕەمز بەکارهێناوە و واتایەکی تری بۆ هەڵێنجێنین، کە ئەویش جوانییە.. بە جوانی و دڵپاکی و خۆشەویستی ئەتوانرێت ئاشتی بونیاد بنرێ و سەرکەوێ بەسەر ڕق و تۆڵە و جەنگ.

هەوڵ و خۆزگەو ئاواتەکانی حسەین لەتیف گەڕانەوەی خۆشەویستی و جوانییە بۆ مرۆڤایەتی و ڕزگار بوونە لە دەست  جەنگ و وێرانکاری.

جوانی لەناو جەنگ دەبینین.


ئەم بابەتە 162 جار خوێندراوەتەوە