yol1.jpg

فیلمی ڕێ (یۆڵ)

مستەفا سدیق

فیلمی ڕێ (یۆڵ) دەرهێنەر و نووسەری بەناوبانگی كورد "یەڵماز گونەی" فیلم نامەكەی نووسیوه. 

ئەم فیلمه له ڤیستیواڵی "كەن" خەڵاتی دارخورمای زێڕینی وەرگرت لە ساڵی ١٩٨٢. كاتێك یەڵماز له بەندی خانەدا بوو، شەریف گۆرین ئەم فیلمەی له سەر ڕێنوێنییەكانی یەڵماز چێ كرد. پاشان كه یەڵماز له بەندی خۆی دەرباز دەكا؛ له سویس به سەر نیگاتیوی فیلمەكەدا دێتەوه. فیلمی "ڕێ"، چیرۆكی تاقمێك زیندانییه له توركیا دا كه پشووی دەرەوەی بەندی خانەیان دراوەتێ.

چیرۆك:
سەید عەلی (تاریك ئاكان) كاتێ دەگاتەوه ماڵ، دەگەڵ هەواڵی خەیانەت و غەدری خێزانی دەگەڵ ئەودا ڕووبەڕوو دەبێتەوه، بەڵام كاتێك كه بنەماڵەی ئەو دەیانهەوێ خێزانی بكوژن و پێ له سەر ئەم ئیشه دادەگرن، سەید عەلی دژایەتی دەكا و ڕێی ئەم كارەیان پێنادا. مێهمەت سەلاح (هەلیل ئێرگۆن) كاتی دزی كردنی به چەكەوه دەگەڵ زاواكەی له بانكێك دەگیرێ و ... ئەم فیلمه له ڤیستیواڵی "كەن" خەڵاتی چڵەدارخورمای زێڕینی وەرگرتووه
دەرهێنەر و نووسەری بەناوبانگی كورد "یەڵماز گونەی" فیلم نامەی فیلمی "ڕێ"ی نووسی و ئەو كاتەی له بەندی خانەی توركیا بوو، به هاوكاری یاریدەرەكەی دروستی كرد. سەرسوڕهێن ترین نوكتەی فیلمەكه ئەوەیه كه گونەی بۆ گەیاندنی مانی فیلمەكەی زۆری كەلك له دیالۆگ وەرنەگرتووه. ئەو فیلمه توانیوێتی له بواری تەسویرییەوه هەموو قسەكانی بڵێ. تەسویر زۆر كات بۆ گەیاندنی پەیام، له زۆر دیالۆگ بەهێزتره.

گونەی ئەو كاته له بەندی خانه بوو، دەیزانی كه به دیالۆگ ناتوانێ هەموو شتێك بڵێ. فیلمەكەی به ڕواڵەتێكی زۆر جوان توانی باس له گۆڕانێكی گەوره بكا، بەڵام گۆڕانەكه چ بوو؟ گۆڕانەكه پێوەندی بەو زوڵم و یەدرەیه كه زیاتر له بیست میلیۆن كوردی توركیا به سەریان هاتووه. ئەو زوڵمەی كه ئێستاش هەر درێژەی هەیه و بریتین له: خاپوور كردنی زیاتر له سێ هەزار دێهاتی كوردی، جەنایەتی گەوره دژ به ئینسانییەت و ژینگه و ژیانی خەڵكی كوردستان و له نێو بردنی هونەر و مێژووی نەتەوەی كورد، بەڵام بەداخەوه ئەم جەنایەتانه باسی نەكرا و شاردرایەوه و كەوته ژێر سێبەری جەنایەتەكانی سەددام و كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.

گونەی تەنیا كوردێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكوو ئەو كەسایەتییه مەزنه بوو كه به هۆی كورد بوونی بۆ ماوەی دەیان ساڵ له لایەن حكوومەتی توركیا چەوساندراوه. له بەندی خانه ڕایكرد و فیلمی "ڕێ"ی له ئورووپا تەواو كرد (ڕێ ئەوەڵین فیلمی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست بوو كه توانی خەڵاتی نەخلی زێڕینی ڤیستیواڵی كەن وە دەست بهێنێ) دوایی گونەی ڕایكرده فەڕەنسا و فیلمێكی تری به ناوی دیوار درووست كرد.

جارێك له ڤیستیواڵی فیلمی MOMA له نیۆیۆرك، دەرهێنەرێكی تورك گوتی: كوردی زاراوەیەكی زمانی توركییه! بۆ ماوەی ٨٥ ساڵ، ئەڵمانیش زمانی فەڕانسەی به زاراوەیەكی خۆی دەزانی و ئێستاش توركیای به ناو مۆدێڕن دەیهەوێ هەمان كار بكا.

گونەی یەكێك له بناغەداڕێژەرانی ئەنیستیتۆی كوردی پاریسه. ئەم ئەنیستیتۆیه زۆر شتی بەنرخ له بابەت مێژوو، شێعر، ئەدەبیات و مۆسیقای كوردی كۆ كردووەتەوه.

دوای ئاواره بوونی گونەی بۆ فەڕەنسا، سازمانی نهێنی توركیا بۆ كوشتن یا كەلەبچه كردنی ئەو پیلانی داڕشت، بەڵام شێرپەنجه ئەمانی پێنەدا و گونەی كه هێشتا ٥٠ ساڵی تەواو نەكردبوو، دنیای به جێ هێشت. تەرمەكەیان به ڕێزێكی زۆرەوه له گۆرستانی Pere La Chaise له پاریس ناشت.

گونەی و فیلمەكانی بۆ ماوەی بیست ساڵ دوای مردنیشی له توركیا قەدەغه بوون. خێزانی لەو بوارەدا دەڵێ: "حكوومەتی توركیا زۆربەی ماستێری فیلمەكانی گونەی له نێو برد."

گونەی بناغەی ڕێكخراوەیەكی له ئەستەمبوڵ داڕشتبوو كه دواتر حكوومەت ئەویشی هێنایه ژێر دەسەڵاتی خۆی. دواتر حكوومەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی توركیا ویستی ئەو كوردایەتییەی له نێو فیلمەكانی گونەی دا ڕەنگ دەداتەوه، بیسڕێتەوه. بۆ نموونه له فیلمی ڕێ دا كاتێك یەكێك له زیندانییه ئازاد كراوەكان له پاسەكه دادەبەزێ و خاكی نیشتمانی ماچ دەكا، له ژێرنووسی فیلمەكه دەنووسێ كوردستان كه له فیلمەكەدا سانسۆر كراوه (دواتر ڤیستیواڵی فیلمی كوردی لەندەن ئەسڵی فیلمەكەی پێشاندا). یان له فیلمی دیواردا بەندكراوێك له سەر دیواری زیندانەكه به خوێنی خۆی - كه به هۆی ئەشكەنجه به سەروچاوی دا هاتووەته خوار - دەنووسێ: بژی نیشتمان، بەڵام ئەم سانسۆركردنانەش نەیتوانی مانای فیلمەكانی گونەی داپۆشێ و گونەی هەتاهەتایه له پله بەرزەكانی سینەمای جیهان هەر شانازی پێوه دەكرێ.

ستافی كار:
دەرھێنەر
یەڵماز گونەی
شەریف گۆرین

بەرھەمھێنەر
یەڵماز گونەی
ئێدی هابشیر

نووسەر
یەڵماز گونەی

ئەكتەران:
Tarık Akan
Halil Ergün
Şerif Sezer
Meral Orhonsay

مۆسیقا:
Sebastian Argol
Zülfü Livaneli
دەرچوون:
١٩٨٢

ماوەی فیلم:
١٢٤ خولەك

وڵات:
توركیا

زمان:
توركی، كوردی


ئەم بابەتە 61 جار خوێندراوەتەوە