dlpak.jpg

له‌ ساڵڕۆژى كۆچى دوایى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى نه‌یهێشت ئاغا و پیاوه‌كانی مه‌كته‌به‌ بروخێنن

له‌ مانگى داهاتوو له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ هونه‌رمه‌ندى كورد جیهاد دڵپاك، كۆچى دوایى كرد، جیهاد دڵپاك كه‌ ناوى ته‌واوى (جیهاد زۆراب ئه‌حمه‌د)ه‌، له‌ رۆژى 25/9/2013 له‌ ته‌مه‌نى (65) ساڵى به‌ نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا كۆچی دوایى كردووه‌ و له‌ گردى سه‌یوان له‌ شارى سلێمانى به‌خاكسپێردراوه‌.

دڵپاك، لە ساڵی 1948 لە شاری كەركوك لە دایكبووە و قۆناغه‌كانى خوێندنى هه‌ر له‌و شاره‌ ته‌واو كردووه‌ و ده‌رچووى خانه‌ى مامۆستایان بووه‌.

له‌ ساڵى 1971 ده‌ستى به‌كارى هونه‌رى كردووه‌، و ساڵێك دواى ئه‌وه‌ له‌ له‌ ساڵى 1972 له‌ درامای به‌هاری دزراو رۆڵی رۆسته‌می نه‌وت فرۆش بینیووه‌، كه‌ ئه‌و درامایه‌ وه‌كو سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی درامای كوردی ده‌بینرێت و به‌یه‌كه‌م درامای كوردی هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ مێژووی درامای كوردی له‌ سه‌ر ئاستی كوردستان، دراماكه‌ له‌ ده‌رهێنانی سه‌لمان فایه‌ق كاكه‌یی و نووسینی عه‌بدلره‌زاق محه‌مه‌د عه‌زیز بوو، به‌رهه‌می لقی كه‌ركوكی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رو وێژه‌ی كوردی بووه‌.

سێ ساڵ له‌ دواى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ و له‌ ساڵى 1974 به‌ شانۆگه‌ری ته‌قینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى به‌شداریان له‌ یه‌كه‌مین ڤیستیڤاڵی شانۆی كوردی له‌به‌غدا كردووه‌ و توانیویانه‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵاته‌كانی ئه‌و ڤیستیڤاڵه‌یان به‌ده‌ست بهێنن له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م تیپه‌ شانۆییه‌كانی كوردستان.

له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نى ژیانیدا، به‌شدارى چه‌ندین فیلم و دراماى كردووه‌، له‌وانه‌، درامای ژاڵە، فیلمی گردی پیرۆز، زنجیرە درامای گەردەلول و دراماى كەركووك چوار، پێشئەوەی ئه‌وه‌ى نەخۆشیش بكەوێ نزیكەی ساڵێك بە درامایەكەوە سەرقاڵبووە لەسەر عەلی مەردان، كه‌ پێویستى به‌ (2) تا (3) ساڵ هه‌بوو بۆ ته‌واوكردنى، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ رێگه‌ى نه‌دا كاره‌كه‌ى ته‌واو بكات.

شارى كه‌ركوكى هێنده‌ له‌لا خۆشه‌ویست بووه‌ و هه‌رگیز له‌ بیرى نه‌كردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ره‌ مه‌رگیشدا بیرى بووه‌ و وتویه‌تى: "خۆزگه‌ نه‌ده‌مردم، ئه‌گه‌ر مه‌رگ رێگه‌ى پێدامایه‌، چونكه‌ ده‌زانم ده‌مرم، به‌س خۆزگه‌ نه‌ده‌مردم، تا خزمه‌تێكى جوانى كه‌ركوك بكه‌م، من خۆم به‌قه‌رزدارى ئه‌و شاره‌ ده‌زانم".

له‌ رۆژى 7/11/2013 له‌هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی مه‌راسیمی چله‌ی ماته‌مینی بۆ بۆ ئه‌نجامدراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ چه‌ندین شارى كوردستان و له‌ تاراوگه‌ش هاوڕێیانى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ چله‌ى ماته‌مینیان بۆ ئه‌نجامداوه‌ و یادیان كردۆته‌وه‌.

له‌دواى كۆچى دوایشى ساڵانه‌ به‌ چالاكى جۆراو جۆر یادى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كراوه‌ته‌وه‌، له‌ ساڵى 2016 بە دروشمی لە بیرت ناكەین جیهاد دڵپاك، لە باخچەی قەڵای شاری كەركوك سێیەمین ڤستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام بە بەشداری چەندین گروپی شانۆیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران، بۆ ماوی (3) رۆژ به‌رده‌وام بوو، هه‌روه‌ها له‌ ساڵى 2019 یه‌كه‌مین خولى فێستیڤاڵی شانۆی كه‌ركوك به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ خوله‌كه‌ له‌  رۆژى 1/5/2019 ده‌ستى پێكرد.

درود بۆ گیانى پاكى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ و سه‌رجه‌م هونه‌رمه‌ندانى كوردستان.


ئەم بابەتە 168 جار خوێندراوەتەوە