Majid.jpg

خەیاڵێک، بەسەر قەڵادۆشکانی ژنێکەوە!

ماجد خەليل

بەختیارییەکان کورد نەبن، کەس کورد نییە!

خوێندنەوەیەکی سەرپێیی بۆ ڤیدیۆ ئەرشیفەکەی ئێلی بەختیاریی

لەپیاوی ئێستا گەڕێن، چ گەڕێکی ورگن و وێنەیەکی وازهێنراو لە پیاوە.
تۆ سەیری ڤیدۆکە بکەن، سروشت چ ڤیتامین و ڤیارایەکی ڤاراندووە بە گەرویاندا.
کێشێکی کوردانەو کۆچ و بارێکی کوردانەتر.
سازانێکی سیحراوی لەتەک سروشتدا، رەوێکی روولەخواو خەرەندی هەزار بەهەزاری رۆژگار.

منداڵ لەو مەشهەدانەدا نوێنەرایەتی مرۆڤی راستەقینە دەکات.
بەویژدانم بەموو، بەڵێ بەموو لە میراتی مرۆڤبوون لایان نەداوە.
هێشتا دەمیان بۆنی ئەو قەپاڵە سێوە دەدا کە ئادەم پەیمانی پەیامبەریی پێشکاند!

رۆژەکەی، رەنگە چێشتەنگایەکی چنگ بەخۆری بەهارانە بێت.
هەر بەزاوزێی بزن و ڕانە مەڕەکەدا دیارە، بە وەچ و وەیشو ئۆفی ئەوینی ژنەکاندا دیارە چ زاڕۆیەک لە مەلۆتکەی میهربانی و سەرجل وشەڵتەی شڕی گوێدرێژەکاندا پێچراوەتەوە.

سەدەو ئەوەندە تێپەڕیوە، وەلێ شاشەکە شیعری لێدەچۆڕێ، دیمەنەکە دەنگی دڵدارییەکی دووسەرەو هێشتا هەڵمی هەرزەکارییەکی هەراشی لێبەرزدەبێتەوە. ئاسمانەکە ئێجدییەکی تەواوەو کاکێشان کاروانەکە پاسەوانی دەکات.
تۆ سەیری رەوی راستەقینە بکەن، سوێندی ناوێ سروشت بۆڵبڕینی لەژێردایە.
هەڵەیە مرۆڤ نیشتەجێ بێت، نابێ سنور هەبێ، چەند جوانن، نە پاساپۆرت و نە کارتی نیشتیمانی و نە پێناسی باری کەسێتی.
وەکو ئێستا زەوی لەخولانەوە نەکەوتووە.
وەکو ئێستا زەوی ورگی نەهاتووەو مەگەزی مۆدێرنە تێینەداوە.

مرۆڤ و ئاو ئاوێنەی یەکترن. کورد، کۆڵی لێداگرە دەمرێت. کورد کوڕی رووبارەو دەبێ وەک رووبار رێبکات.

پارچە ڤیدیۆکە، دیققەیەکی بەهێزی خێڵ و خێوەتی کوردەواریی لێدەخوێرێتەوە.
خۆ خۆی هاواردەکات.
ئەو پیاوە قوتیلەو قەڵەمیو رەقەڵەیەی سەرەتای ڤیدیۆکە، ئەوەی چڵ و چیلکە دارەکەی پێیە، سەیری کۆت و شەرواڵی کەن، سەیری بیبین و بەژنی کەن، رێک لەنوکی پێیەوە تا تەوقی سەری زەردەخەنەیە.
زیادلەوەیش زۆڵییەتی و زۆرزانییەکی زەنگینی لێدەبارێ.
بەجۆرێ رەنگی هێسترەکەی گرتووە، مرۆڤ نازانێ کامیان سواری ئەویتریان بووە.

تۆ تەماشای تەنزیم و تەڕحی لوتی بکەن، عەجەب چ لوتێکی لامەزهەبە! خۆ دیارە شیمانەی شانازییەکەی لەکوێدا ماتی کردووە. باوەڕتان بێ، کەپوی کێوێکی کوڕەو برا بەبرای نادا.
لوتێکە هەوای گەرمێن و کوێستانی مژیوە، رێکوپێک کەپوی کلاسیکیی کوردەوارییە. تازیاتر لێی وردبیتەوە، باشتر نوقمدەبی و نازانی چ بەژنێکی بەویقارەو چ حەرامزادەیەکی کوناوکونی حەرەمسەرای کاروانەکەیە!

خۆ دیارە، کارلەکار ترازاوەو کەتنێکی بەدەمەوەیە، خەتای ئەمیش نییەو حەمەلە مزێی پێدەکەن. درۆی نەبێ، نیمەی ئەو زاڕۆ کەچەڵانە، کوڕو کاڵی ئەون و هەر لەو مەسیرا فڕێدراونەتە سەر پشتی وڵاخەکانەوە.

ئاخۆ ئەم کابرای کافری کافربابە بزانێ بورجەکەی چ بورجێکە؟ ئاخۆ رۆژی لەدایکبوونی کەوتبێتە چ رۆژێکی وشکەساڵی و پاوقەدەمی پەتاو گەلەگورگێکەوە؟
ئاخۆ کیژەکان چۆن رازیکاو سوپرایزی بۆ خاتونەکەی چ قاژە کێکێکی سەربەکرێم بێ؟!

دوور لە ئەوسا، پەرژینێ هێندەی قەڕنێک دوور و درێژ لە بەینا بێ، پیاوی ئێستا، بە پڵتۆک خۆی دەتەکێنێ و لەبەر سپلێتا دەخەوێ.
پیاوی ئێستا قاتوبیجامەی هەیەو قردێلە لەمل دەکا.
پیاوی ئێستا کاپوچینە دەخواتەوەو بەدوکەڵی سیگار دەکۆکێ.
پیاوی ئێستا بەیانیان بە بیجامەوە لەسەرەی ناندایەو نانەکان یەک بەیەک بڵاودەکاتەوەو بڵقەکانیان بەسەری پەنجەی دەتەقێنێ.
پیاوی ئێستا چای تەرکداوەو بە مۆبایلەکەی بەدەم جەبهەی جەنگێکی پۆپجیوە، لەخوار خاتونەوە خەوتووە.
ئێستا پیاوی بندیوارو بەرەی بەڕبەڕییەتی مۆدێرنە مۆدەیەتی و عەشق و عیشوەو عینوانی مرۆڤبوون بوونی نییە.
پیاوی ئێستا پاروەکانی بە کەوچکو چەتاڵەو بەکلینیکس دەمی دەسڕێ و دژەخۆرو کرێمی کەنەدی لەخۆی دەدا.
پیاوی ئێستا بە بیرەیەک هانگۆڤە دەبێت و شەوان بەدیواری حەوشا دەچێتەوە ماڵێ.
پیاوی ئێستا رۆژانی هەینی خۆی دەشوات و بەپڕتاو دەچێتە مزگەوت، تاخێری حوشترێکی دەستبکەوێ.

شار شەوکەتی کوردی شکاند، شار (بی بی مەریەم)ەکانی مراندو سەدەیەکە کورد کوێخا ژنێکی وەهای بەخۆیەوە نەدیوە.
شار شکۆی (عەلی مەردان خان)ی خزاندە خوارێ.
نەوەد ساڵە (عەلی مەردان خان)ی بەختیاری، کڵاوی پاڵەوییەکانی خستۆتە ژێر پێی. (بوزورگی عەلەوی) دەیوت:
ئەو بەیانییەی بڕیاری سێدارەی درا، بەتێخێ ریشی تاشی، سمێڵی قنج، پوزەوانەو پاپوجی لە پێستدروستکراوی پۆشی و گوڵاوێکی بۆنخۆشی لەخۆیدا. ئەو پیاوەی تا ئەسفەهان لە ژێر سمی ئەسپەکانیدا ئەلەرزی، لە مەیدانەکەدا هێند بە کەیف و کەڵملانە رێیدەکرد، بەجۆرێ جەندرمەکان، جەویان گیرا.
پێش ئەوەی بگاتە سەکۆکە سەراپایان سڵەمینەوەو دایانە بەر دەستڕێژی گوللە.
بەڵێ عەلی خان، کوڕی بیبی مەریەم، حدودو حیکایەتی سەرزاری نیو سەدەی ئێران، ئاوەها ئاوێزانی خاک ببوو.
ئاخر ئەو کوڕی کەمەرشکێن و کوردی کێو بەکێوی کوردستان بوو.
ئەو ئەفسانەی ئازادو ئازای هەموو ئەو چیرۆکانە بوو کە لە گەرمێن و کوێستانی هۆزەکەیدا، هازی شۆڕشیان دەهنایە سەر میل.

ڤیدیۆکە تەڵخ و تاریک نییە، ئاوازەکەی (غوڵام حوسێن بەنان)، حونجەی حیکایەتی کوردبوون دەکات.
سەیری ئەو کوڕە کەچەڵانە، سەیری ئەو بەرخ و بەران و بەزمەی ژیانی ئەوسا.
ساتێک سەیری ژن بکەن ژن. مەگەر بۆنی هاندەکانتان پڕ نەبووە لە غەمزەو غەزەل؟ هەستدەکەم دەستی پیریی دەشکێنمەوەو بۆخۆم بوومەتە زاڕۆی قەڵادۆشکانی ژنێک. هەستدەکەم هەموو ژیانم خەوێکی ناخۆش بووەو بەسەر پشتی یەکێ لەو گوێدرێژانەوە بەئاگا هاتووم و لە کاروانەکەدام.
ها ئەوەیانم منم.

تێبینی: بەپێی نوسینی میر (شەرەفخان) هۆزی بەختیاریی، هەشت سەدە پێش ئێستا، رێگەی رەوێکی چارەنوسسازیان لە ناوچەی شامات و کێوی سماقی خۆرئاوای کوردستانەوە بەرەو نێوچەکانی ئێستەی لوڕستان و ئیلام داوەتەبەر.
لەوێ سەرۆک هۆز (هەسەن فەسڵەوی) حکومەتێکی دامەزراند بەناوی ئەتابەکانی فەسڵەوی (ئەتابەکی لوڕ). ئەمانە کورد نەبن کەس کورد نییە. بەداخەوە مێژوو نوسانی کورد لوتەلان لە ئاوڕدانەوە بۆ ئەم شاڕەگەی کوردبوون، بۆ خۆشیان بەدەردی ئێمە ناسنامەیان دزراوەو نازانن چین؟ دەمێ برادەری کوردن، دەمێ سەربەخۆن و دەمێکیش ئێرانین. وڵاتیان وێرانەو برسییەتی و بێکاریی و مادەی هۆشبەرو ترامادۆڵ تینی تێدا نەهێشتوون.


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە