aliashraf.jpg

دەروێشیان، بەزیندوویی بووبە ئەفسانەی نەمریی

مەریوان هەڵەبجەیی

 

عەلی ئەشرەف دەروێشیان ساڵی ١٩٤١ لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە خێزانێکی هەژارو لە یەکێک لە پەراوێزترین و نەدارترین گەڕەکەکانی ئەو شارە دا لە دایک بوو. لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خراوەتە بەرکار. شاگردیی بەقاڵی و تەنەکەچی و مسگەری و دەستگێڕیی و دەیان کاری جیاوازی ئەزموون کردوە.

لەگەڵ خوێندنداکرێکاری کردوە هەمیشە یارمەتیدەروهاوکاری باوکی و ئەندامی خێزانە کەی بوە تا زانکۆی تەواو کردوەو بوە بە مامۆستا لە گوندەکانی کوردستان. ژیانی دژوارو ناخۆشی گوندنشینەکان و نەهامەتی و نەدارییەکانیان، ئە و زوڵم و ستەمەی لێیان دەکرا، کاریگەرییەکی زۆریان لە سەرژیان و ئەندێشەی دەروێشیان دادەنێت وئەمەش وادەکات هەرلە سەرەتای خوێندن ودەستپێکی نوسینەوە، ئەو باوەڕەی لا دروست دەبێت، لە خزمەت خەڵکدابێت و ئەدەبیات و کاروچالاکی مەدەنی و سیاسی لە پێناو پەردە هەڵماڵین بێت لە نادادپەروەریی و نایەکسانی لە کۆمەڵگەکەیدا. دەروێشیان لەو دەگمەن نوسەرانی وڵاتەکەی بوو کە تاکۆتایی ژیانی بە وەفابوو بەرانبەربیروباوەڕی. جگە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و باری ئابووری خراپی  خێزانەکەی و بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەکەی،  ئەوەی وایکرد دەروێشیان ببێتە یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین نوسەرە بەر پرسیارەکانی ئێران و ناوچەکە، ناسینی سەمەد بێهرەنگی و سیمین دانیشوەر و جەلال ئالی ئە حمەد و چەندین نوسەرو ڕۆشنبیری دیارئەو رۆژگارەبوو.

 بیهرەنگیش کوڕی خێزانێکی هەژاری تەبرێزیی بوو لە زانکۆی تاران، وەک دەروێشیان زمان و ئەدەبیاتی فارسی و دەخوێند و دانیشوەرو ئالی ئەحمەد بەیەکیان دەناسێنن و جگە لەوەی وەک مامۆستا لە زانکۆ وانە بەم دوولاوە کوردو تورکە دەڵێنەوە، ماڵەوە شیان دەبێتە جێگایەکی تربۆ پێگەیاندن و ناسینی زیاتری مانای نوسین و بەر پرسیارێتی. هەرلەو قۆناغەدایە چەند جارێک دەروێشیان دەستگیردەکرێت و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت، بیهرەنگی گەڕاوەتەوە گوندەکانی ئازەربیجان و لە ژێرچاودێری بەردەوامی ساواکدایە و چەندجارێک لە سەربیرو بۆچونەکانی دووردەخرێتەوە و بەردەوام پەروەردە سزای دەدات و لەم گوندەو بۆ ئەو گوندو هیچ کات نایەڵێن سێ ساڵ لە گوندێک وانە بڵێتەوە.

 دەروێشیان لە گوندەکانی کوردستان دۆخێکی خراپتر لە بێهرەنگی هاوڕێی دەبێت و چەندجارێک دەکرێتە بەندینخانەوەویەکەمین چیرۆکەکانی لە بەندیخانەدا دەنوسێت وهەرلەوێش لەناو دەچن . پاش بڵاوبونەوەی یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی، ساڵی ١٩٧٤(لەم هەرێمەدا) جارێکی تر بەلکێشی بەندیخانە دەکرێتەوە و بەفەرمی نوسین و بڵاوکردنەوەی لێ یاساغ دەکرێت. دووەم کۆمەڵە چیرۆکی بەناوی خوازراوی لەتیف تەڵخستانی یەوە،  بەناونیشانی ئابشوران بڵاودەبێتەوەو وەک یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی، پێشوازییەکی زۆری لە لایەن خوێنەران و ڕەخنە گرانەوە لێدەکرێت و لەماوەیەکی کەمدا چەندینجار بە تیراژی بیست هەزار نوسخە یی چاپ دەکرێتەوە. لەپاش دووهەم کتێبەوە بە هۆی چاودێری بەردەوامی ساواکەوە بەرهەمە کانی بەچەند ناوێکی خوازراوی ترەوە بڵادەکاتەوە.  ئازارو نەداری و نادادپەروەریی و ستەمکاری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەروێشیان دەکاتە نوسەرێکی بەرپرسیارو بەدەرلە نوسینی وتارو چیرۆک بۆمنداڵان و گەورە ساڵان و دەرکردنی گۆڤاربۆمنداڵان و مێرمناڵان ، کارو چالاکی مەدەنی و سیاسی دەکات. گەرچی هیچ کاتێک  نەبوو بە ئەندامی هیچ گروپ و حزبێکی چەپی بە ڵام هەمیشە وەک نوسەرێکی بەرپرسیارو خەباتگێڕێکی سۆسیالیست مایەوەو وەفاداربوو بەرانبەر بەو ڕێبازە. ترسی ڕژێمی شاهەنشاهی لە کەسانێکی وەک دەروێشیان و بیهرەنگی و ئەو جۆرە نوسینە، کە ڕاستگۆیانەو بێ هیچ سانسۆرێک و بە زمانێکی کاریگەر، نادادپەروەری و گرفتە کۆمەڵایەتی وئابوری و سیاسییەکان دەخاتەڕوو.

کاریگەری لەسەرزۆرترین چین و توێژی کۆمەڵگە دادەنێت لە ئاگادار کردنەوەوهوشیارکردنەوە یان لەو دۆخەی خۆیان وهانیشتیمانییەکانیان تیایدادەژین. ئەو باوەڕی بەو ڕوانینەی کامۆ هەبوو کە دەڵێت:" ئەوکەسەی ئازادی لێ زەوت کردویت هەر ئەویشە نانە کە تی زەوتکردووە".

ڕیالیستی ڕەخنەگرانەی دەروێشیان لەکۆی بەرهەمەکانیدا سلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو چە شنە لە ئەدەبیاتی هەڵبژارد بۆ گەیاندنی  بیرو هزری بە تاکی کۆمەڵگەکەی ، کە زۆرترین کەس هەست بە بەرپرسیارێتی بکات بەرانبەر بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافە مەدەنییەکانیان. ڕەنگە زیادە ڕەوی نەبێت گەر بڵێم هیچ نوسەرێکی ئێرانی هێندەی دەروێشیان  نوسین و کۆڕو سیمینارو بابەتی جۆراوجۆری دەربارەی ئازادی و سانسۆرو ناداد پەروەریی و مافەکانی مرۆڤ نە نووسیوەو بە شێوەیەکی پراکتیکی  خەباتی نە کردوەونە جەنگاوە لە پێناویدا. لە بەرهەمەکانیدا بۆ منداڵان( ئاگر لە کتێبخانەی منداڵاندا، کەی دەگەڕێتەوە کاکەگیان، گوڵتەڵاو کڵاشە سوورە، ڕەنگینە، ڕۆژنامەی دیواری قوتابخانەکەمان ، هەوری ڕەشی هەزارچاو ) کە دڕێژە پێدەرێکی بەوەفای ڕێگاو ڕێبازی سەمەد بیهرەنگی بوو، تا چیرۆک و ڕۆمانەکانی بۆ گەورەساڵان،  وەک کۆچیرۆکی لە نەداراوە، تا دارا و  ڕۆمانی  سەڵەهەورینەکان و ڕۆمانی بەندی ١٨،  ئەدەبیاتێکی بەپرسیارانەو ئاگایی بەخش و ڕەخنەگرانەیە. لە کۆی بەرهەمەکانیدا کاریگەری ئەفسانەو فۆلکلۆر بەشێوەیەکی گشتی دەبیندرێت و زۆر بە جوانی لەو بوارەدا کاری کردوە، بەتایبەتیش ئەفسانەو فۆلکلۆری کوردستان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆخۆشەویستی نوسەر بۆ ئەوبوارانە کەماوەی زیاتر لە چڵ ساڵ ئەفسانەی کۆکردوەو لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نوسیوە و چالاک ترین کە س بوو لەو بوارەدا، تا ئەو جێگایەی لەگەڵ بڵاو بونەوەی هەواڵی مەرگی دا، ڕۆژنامەیەک بە مانشێتی گەورە دەنوسێت:" ئەفسانەی ئێران بێ باوک کەوت".

ئەزموونی ژیانی مامۆستایەتی لە هەژارترین گوندەکانی کوردستان ومنداڵی و مێرمنداڵی لە هەژارترین و پەراویزترین کۆڵانەکانی کرمانشانداو ئەزموونی ساڵانێکی زۆری بەندیخانە، ناوەڕۆکی گشتی بەرهەمەکانی پێکدەهێنن. ساڵە هەورینەکان، بەندی ١٨، کەی دەگەڕێیتەوە کاکە گیان، ئارەزووەکاغەزەییەکان و دەیان چیرۆکی تری بەوردی ئازارو ئەشکەنجەدانی ناوبەندیخانەکانی ئێران نیشان دەدەن. ئەگەر بزورگ عەلەوی یەکەم چیرۆکنوسە کە بە دامەزرێنەری ئەدەبیاتی زیندانی دابنێین ، دەروێشیان دیارترین و کاریگەر ترین نوسەری هاوچەرخە لە بواری ئەدەبیاتی زیندان نوسیوێتی.هەرئەمەش هۆکارێک بووە ڕژێمە سیاسییەکانی ئێران بەردەوام گرفتیان هەبێت لەگەڵ نوسینەکانیداو ساڵانێکی زۆربەشێکی زۆری بەرهەمەکانی لە پاش چاپ  قەدە غە کراون، لەوانەش هەشت ساڵی سەرکۆماری ئەحمەدی نەژاد بەشی هەرەزۆری بەرهەمەکانی قەدەغە کران. زۆر لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامە نوسان و نوسەرانی ئێران، چی لە سەردەمی شادا ،چی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە بەندیخانەکاندا و لە ژێر گوشاردا تەوبەیان کردو ناو نران( تەواب) و پاشگەزبوونەوە لە بیروباوەڕو بۆچونە کانیان .

دەروێشیان لەبەرهەمەکانی دا ئەمەی لەبیر نە کردوەو بە جوانی تۆماری کردوە. بەرپرسیارێتی بەرانبەربەمرۆڤ و ئازادییەکانی وخەبات کردن لە پێناوئازادی بیروڕادەربڕیندا، دەروێشیانی کرد بە ئوستوورەیەک لە ژیاندا بە نەمریی بگات و تاکۆتایی تەمەنی تەسلیمی گوشارو زەڕو زۆرو نەبێت. چەندین ساڵ سەرۆکی نوسەرانی ئێران بوو، ئەوساڵانەی هەمووان  بە ساڵانی زێڕینی ناوەندی نوسەرانی ئێرانی دەزانن، ساڵانێک چەندین شەهیدیان لە پێناو بەرگری لە ئازادی و یەکسانی و مافەڕەواکانی گەلانی ئێراندا بەخشی و هەرگیزپاشەکشیان نەکرد لەو ویست و داواکانیان. ئەوەی دەروێشیانی کردبەونوسەرەی خۆشەویستی هەمووان بێت وکاریگەری لەسەر چەندین نەوە دابنێت و هەمووان بە سمبولی بەرگری و ڕاستگۆیی و تەسلیم نەبوونی بزانن، تەنیا نوسینی چیرۆک و ڕۆمان ، کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوە لە ئەفسانە ، ڕەخنەی ئەدەبی و وتاری سیاسی و کۆمەڵاتی نەبوو. ڕاستگۆیی و نەترسان و هەڵوێستی ئازایانە و خۆنەویستانەی بوو. تەنانەت دەساڵی کۆتایی ژیانی وپاش ئەوەی توشی  جەڵدەی مێشک بوو، ماوەی دە ساڵ بەسەر(ویلچر) عەرەبانەوە بوو، لەبارێکی ئابووری زۆرخراپدا تا ئەو ڕادەیەی پارەی دەرمان و دکتۆری نەبوو، هاسەرەکەی ڕۆڵی دکتۆری بۆ دەدی لەماڵەوە! هەر ئەوەش بویە هۆی ئەوەی ڕۆژبە ڕۆژ لاواز تر و بێت و بەرەو مەرگ بڕوات، بەودۆخەشەوە هەرگیز بێدەنگ نەبوو، گەردەستی قەڵەمی نەدەگرت، بە گفتوگۆلەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا گفتوگۆی دەکردو بە توندترین شێوە گوشاری سەرژیانی نوسەران و هاوڵاتیانی  وڵاتەکەی مەحکوم دەکردو هێزەئەمنییەکانیش چەندین جار بەعەرەبانەکەی و لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەیان بردن و هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد چی تر دۆخی تەندروستی لە بەرچاوناگرن و زیندانی دریژخایەنی بۆدادەنێن. زۆر نوسەرهەن لە ژیاندا بە نەمریی دەگەن و مەرگی فیزیکییان سەرلە نوێ لە دایکبوونەوەیانە، زۆر نوسەریش هەن لە ژیاندان و مردوون.

 دەروێشیان لە چەشنی یەکەمیانە، ئەو بۆ هەمیشە لە دۆنادۆن دایەو بەردەوام لەدایک دەبێتەوەوهاوشێوەی خۆی بەرهەم دێنێتەوە.


ئەم بابەتە 47 جار خوێندراوەتەوە