kamaran1.jpg

ساتێك پێش بیرچوونەوە

لە سوچی ئەو سەری کافتریاکەدا، گەنجێکی ئەسمەری باریکەلە، قژێکی نەرمی ڕەشی بۆ سەرەوە هەڵداوەتەوە، چەند دیوانێکی شاعیرانی کلاسیکی کوردیی و چەند لاپەڕەیەکی نووسراویی لەبەردەستدایە و سەری بەسەریاندا شۆڕ کردووەتەوە. ئەو گەنجە، لەو نووسەرانە دەچێت، کە پاکنووسی دەقەکانیان لە بەیانیانی زوو، لە شوێنە ئارامەکاندا دەکەن. هەرچەندە کافتریاکە، ژاوە ژاوی شاگردەکان و دەنگیی رێککردنی مێزو کورسییەکان و دەنگی بەرزی گۆرانییەکی عەرەبیی، ئەو کەشە ئارامەی نەبوو. بەڵام ئەم دەتوت لەکەشی رۆحی خۆیدایە و لەناو لاپەڕەکانی بەردەستی و جار جار بە قەڵەمەکەشی، خەتی بە ژێر هەندێ لەو دێڕانەدا دەهێنا، کە لەلاپەڕەیەکدا جێی بایەخیی بوو!

ئەو گەنجە، "تەهای کەریمیی"یە. ئەو سیناریست و دەرهێنەرە سینەماییەی لە ماوەیەکی کەمدا، بە بەرهەمە سینەماییەکانی "کوێستانی سپی و هەزار و یەک سێو، باخەوانی نێرگزە جاڕ، بە کرێگیراوی سپی"بوویە جێگەی سەرنجی بینەران و فیلمسازان. ئەم بەیانییە زووەش، چاوەڕوانی هاتنی کەسێکە، کە بەلای ئەم دەرهێنەرە گەنجەوە، ئەو مرۆڤە، پارێزەریی بەشێکی گەورەی ئەدەبیات و زمانی کوردیییە. ئەو کەسە گەنجینەی پاراستنیی زۆرێ لەبەرهەمی شیعریی کلاسیکی کوردیییە!

بەدەم ئەم چاوەڕوانییەوە، سەری هەڵبڕی، مەلایەکی نورانیی، بەژن و باڵا کورت، چاویلکەیەکی گەورەی لەچاودایە و خۆی و جبەیەکی نیللی تۆخ، بە جانتایەکی گەورەی دەستییەوە خۆیکرد بە کافتریاکەدا!

یەکتربینینی نێوان(مەلا عەبدولکەریمیی مودەڕیس و تەهای کەریمیی) ڕوداوێکی سەیر و جێگەی پرسیار و گومانە.! نەک بۆ خوێنەر، تەنانەت بۆ ستافی کافتریاکەش. کەریمیی بەرزە پێ هەڵسایەوەو بە خێرایی بەرەو ڕووی مودەڕیس، ڕۆیشت.. یەکەم شت جانتاکەی دەستی لێگرت و نوشتایەوە هەردوو دەستی ماچ بکات... (دیمەنێک، هەمو ستافی کافتریاکەی بێدەنگکرد و تەنانەت گۆرانییەکەش!) مودەڕیس بە خەندەیەکەوە دەستەکانی خستە پشتییەوەو نەیهێشت ئەو کەریمیی ماچی بکات.. پاشتر دەستیهێنا بەسەری نووشتاوەی کەریمیی و جەستەی بەرزکردەوە!

+مامۆستا گیان، من گەرەکمە فیلمێکی زۆر تایبەتمەند لەسەر پێگەی بەڕێزتان و کۆششەکانتان بۆ زیندووکردنەوەی بەرهەمگەلی شاعیرانی وەک "نالیی و مەحوی و سالم و بێسارانی" و تەواوی شاعیرانی تری کورد سازبکەم. زۆر تەقەلام کردووە، زۆر کەس پشتیوانمە. بنکەی ژین، زۆرێ لە بەرهەم و دەستنووس و کتێبەکانی تۆیان خستووەتە بەردەستم. چەندین هاوەڵ و مورید و قوتابیت، بە شەوقەوە لە فیلمەکەی مندا باسیان لە میهرەبانی تۆ و کۆششە مەزنەکانت دەکەن. لای من گرنگە خۆت، لە زمانی مەزنی خۆتەوە، باس لەسەرهەڵگرتنی "مەولانا خالید و نالیی و حاجی قادری کۆیی و وەفایی"م بۆ بکەیت! باس لە تەکێ و خانەقای مەحوی. باس لە مانا قوڵەکانی شیعر و مەجازی شیعریی بکەیت.. لە ڕەوانبێژیی مەحوی، لە تێڕوانینە قوڵەکانی شیعری مەولەوی تاوگۆزیی.... لە پرسیار و گومانەکانی حەمدی ساحێبقڕان. لە عیشقی مستەفا بەگی کوردیی. لە سەفەری نالیی بۆ حەج و لە ونبوونی دەستنووسەکانیی..

پەڕەگرافێک لە کتێبی (ساتێك پێش بیرچوونەوە -نووسینەوەی دووەم) .


ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە