Nama.jpg

نامە دەربارەی توندوتیژی

وەرگێڕانی: مستەفا قەسیم

نامەی یەکەم پاریس 1932

پاش ئەوەی ئاڕتۆ مانیفێستی شانۆکەی بەناوی توندوتیژی بڵاودەکاتەوە.. وشەی توندوتیژی لێکەوتەیەکی نێگەتیف و خراپی لێدەکەوێتەوەو هەموان بە مانای خوێن و بریندارکردن و کوشتن لێکی دەدەنەوە. لەکاتێکدا.. ئاڕتۆ پاش قوڵبوونەوەو گەڕانەوە بۆ سەرچاوە یەکەمینەکانی زمان، بیر لە بەکاربردنی وەها وشەیەک دەکاتەوە و لەوێوە دایدەبڕێت لەومانا باوەی کە هەمووان بیری لێدەکەنەوە. ئەمنامەیە نامەی یەکەمە لەو زنجیرە نامەی کە ئاڕتۆ وەک ڕونکردنەوە لەسەر شانۆکەی لە ساڵی 1932دا نووسیوێتی.

 سایتی گەلاوێژ بەمەبەستی زیاتر بایەخدان بە هونەری شانۆ بڵاوی دەکاتەوە. ئەم نامەیە لە کتێبی "شانۆو هەمبەرەکەی" وەرگیراوە کە لەلایەن بەڕێز مستەفا قەسیم ەوە لە فەڕەنسییەوە کراوە بە کوردی

 

 هاوڕێی ئازیز، ناتوانم لەسەر مانیفێستەکەم ڕونکردنەوەتان پێبدەم، ڕەنگە ببێتە مایەیی ژاکاندنی دەربڕینی ئەوەی کە دەتوانم بیکەم، هەڵوێستە کردنە بە شێوەیەکی کاتی، لەسەر ناونیشانی شانۆکەم، شانۆی توندوتیژ و هەوڵبدەم پاساو بۆ هەڵبژاردنی ئەو ناونیشانە بهێنمەوە.

 

سەبارەت بەو توندوتیژییە، مەسەلەکە پەیوەندی نە بەسادیزم و نە بە خوێنەوە نییە، لانی کەم بەدیاری کراوی پەیوەندی بەمانەوە نییە.

من بە شێوەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو ترسناچێنم. وشەی توندوتیژی دەبێت بەمانا فراوانەکەی وەری بگرین. نەک بەو مانا ماتڕیاڵی و بریندارکەرەی کە بەشێوەیەکی باو دەدرێتە پاڵی. من داوای مافی پچراندنی پەیوەندی دەکەم لەگەڵ مانای باوی زمانوتێکشکاندنی پەیکەرەکەی بە یەکجاری و هەڵگرتنی تەوقی سەر گەردنی؛ دواجاریش داوای گەڕانەوە بۆسەرچاوە بنەڕەتی و مانا ڕاستەقینەکانی زمان دەکەم کە لەمیانەی بەکار هێنانی دەستەواژە ئەبستراکتەکانەوە هەمیشە چەمکە کۆنکرێتییەکان دێننەوە یاد.

 زۆر چاک دەتوانین وێنای تووندوتیژی پەتی بکەین بەبێ ئازارو ئەشکەنجەی جەستەی ئەگەر بە شێوازی فەلسەفی بدوێین و بڵێین: ئەوا لە گۆشەنیگای هزرەوە توندوتیژی مانای سەختی ڕەقی دەگەیەنێت. پیادەکردن، بریاری حەتمی، جەبرگەرایی و ڕەهایی دەگەیەنێت. حەتمیەتی فەلسەفی هەرە باو لە دیدگای بوونی خۆمانەوە وێنەیەکە لە وێنەکانی توندوتیژی.

 بەهەڵە واتای سەختیەکی خوێناوی بەوشەی توندوتیژی و بەڵێکۆڵینەوەی بێپاساو و خاڵی لە بەدیی فیزیکی دەبەخشین.

 سەرداری ئەسیوپی کەمیرە بەزیوەکان بە گالیسکە دەگوازێتەوەو کە کۆیلایەتییان بەسەردا دەسەپێنێت، لەحەزێکی هیوابڕاوەوە بۆ خوێنڕشتن ئەوکارە ناکات.

توندوتیژی هاومانای خوێن ڕشتن و لاشەی شەهید و دوژمنی لەخاچ دراو نییە شوبهاندنی توندوتیژی بەئازارو ئەشکەنجە لایەنێکی بچوکی کێشەکەیە. لەنێو ئەوتوندوتیژییەی پیادە دەکرێت جۆرێک لە جەبرگەرایی باڵا هەیە کە خودی جەلادی ئەشکەنجەدەریش ملکەچی دەبێت و لەکاتی پێویستدا دەبێ بڕیاری بەرگەگرتنی بدات.

 توندوتیژی پێش هەرشتێک بەرچاوی ڕونە، بەڕێوەبردنێکی بەزەبرە،ملکەچکردنە بۆ پێویستی. توندوتیژییەک نییە بەبێ ئاگامەندی، بەبێ جۆرێک لە ئاگامەندیی پیادەکراو. ئەوە ئاگامەندییە کە ڕەنگی خوێن بەهەموو کردارەکانی ژیان، بەوردەکارییە توندوتیژەکانی دەبەخشێت. لەبەر ئەوە، ئاشکرایە کە ژیان هەمیشە واتای مەرگی کەسێک دەگەیەنێت.


ئەم بابەتە 36 جار خوێندراوەتەوە