Shady.jpg

ئۆلیسی جەیمز جۆیس

خۆرخە لویس بۆرخیس - و. لە فارسییەوە: شادی نیکخا

 ھەموو لاپەڕەکانی ڕۆمانی ئۆلیس، تەژین لە جۆرێک ڕاستیی ڕەھا و پێداگر

 من یەکەم موسافیری ئیسپانیم کە پێم ناوەتە کەناراوەکانی ئۆلیس، مەڵبەندێکی شکۆداری کەوینەکراو، کە بەرلەمە "والێری لاربروود" بە وردبینیی ئەندازیارێکی داڕشتنی خەریتە، لە نووسینە بە ئەژمارەکانی خۆیدا، هێمای بۆ داناوە.

بەم حاڵەوە، ئەوەی کە من باسی دەکەم، هێشتا بازدانە بەسەر سنوورگەلێکی سەرسەخت و تێپەڕدا. باسی هەموو ئەو شتانەتان بۆدەکەم کە منەتبارم پێیان. ستایشێکی سوپاسگوزارانە لە تاریکوڕوونێکی تێکتەنراودا. وەکو گێڕانەوەی ئەو گەشتیارانەی زەمەنی کۆن، کاتێک وڵاتە تازەدۆزراوەکانیان بۆ بیاباننشینەکان وەسف دەکرد. چیرۆکگەلێک سەبارەت بە ئامازۆنەکان و ئیمپراتۆرییەکان. تێکەڵاوێک لە ڕاستی و ئەفسانە.

دانی پێدا دەنێم کە من هەموو رێگاکەمم، لەم ٧٠٠ لاپەڕەیەدا بەڕوونی نەبینییەوە. دانی پێدا دەنێم کە تەنیا پارچە پارچەیەکی بەر من کەوت و ئەوەندەی کە تائێستا پێی گەیشتووم، نەترسی و ڕەوابوونێکی دڵنیاکەرەوەیە لە هەموو لێدوان و زانیارییەکانی ئێمە، سەبارەت بە شارێک کە بەبێ هیچ مەبەستێک، پێوەندییەکی نزیکانە، هەموو شەقامەکانی دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بیهێنێتە ناو واقیعێکی بەرھەستەوە.

جەیمز جۆیس ئیرلەندییە. ئیرلەندییەکان لە دورگەی بەریتانیادا، بۆ سەرکێشی و یاخیگەری ناسراون. ئەوان کەمتر لە خزمە لۆردەکانی خۆیان، گوێیان بە ڕێسا و ڕێزمانی زمان دا. کەمتر نیگای خۆیان بۆ ساف و بریکەدارکرنی مانگ تەرخان کرد. کەمتر بەھرەیان بۆ کردنەوەی نھێنیی ڕووبارە تێپەڕەکان لە دێڕی ھۆنراوە خەماوییەکاندا تەرخان کرد. نووسینی ئینگلیزی، بەتوندی لەلایەن ئەوانەوە ھێرشی کرایەسەر و بە پڕکێشییەکی کافرانەوە، لقوپۆپی چڕی ڕەوانبێژیی ئەدەبییان، تەفروتوونا کرد. "جاناتان سویفت"، تێزابێکی داڕزێنەر بوو بۆ ھەموو ھیوای سەرخۆشانەی مرۆڤایەتی. "ماگرۆمگاس" و کاندیدی "ڤۆڵتێر" ھێندە لە نێھیلیزمی تاقەتپڕووکێنی نووسینەکانی ئەو بێبایەختر نییە. "لۆرێنس ستێرن"، بە ڕێکارێکی ھاروھاجانە، ڕۆمانی لە بگرەوبەردەی چاوەڕوانییەکانی خوێنەر ڕزگار کرد و ئەو ڕێگاھەڵەکردنە لاڕێیە، ھەمان ئەو شتەیە کە بووە ھۆی ناوبانگی گشتگیری ئەو. "بێرنارد شاو"، زمانخۆش و ڕووخۆشترین نووسەری ریالیستی سەردەمی ئێمەیە، بەڵام جۆیس؛ سەبارەت بە جۆیس! دەتوانم بڵێم ئەو بێپەردەبێژی و ڕوونبێژیی بوێرانەی ئیرلەندیی پێگەیاند.

ژیانی ئەو لە کەشوهەوا و سەردەمێکدا بوو، کە لەسەر ‌هێڵی ڕێکەوت دەچووە پێشەوە، هەرچەند کەمیی زانیاریی من، نەختێک کورتی دەکاتەوە. ئەو لە ساڵی ١٨٨٢ لە "دوبلین" لەدایک بوو؛ لە بنەماڵەیەکی خانەدانی ئیمانداری کاسۆلیکدا. لە قوتابخانەی "ژۆزیئیت"ـەکاندا خوێندی، ئێمە ئەوە سەبارەت بەو دەزانین کە لە کولتووری کلاسیکی شارەزا بوو و تاڕادەیەک ئیسکۆلاستیک(زانستی قوتابخانەیی– ئەکادیمی)یشی دەناسی، چونکە ئەوەی بە لاتین نووسیویەتی، هەڵەیان تێدا نییە. بە سەرنجدان بەوەی کە ئەو بە وڵاتانی ئەورووپیدا گەشت و سەفەری دەکرد، منداڵەکانی لە ئیتالیادا لەدایک بوون. ئینجا ئەوەی کە ئەو شیعری هەستیاریی دەنووسی؛ هەروەها کورتەچیرۆک و ڕۆمانێک بەقەدەر کلێسەی گشتی، مەزن و خاوەن شکۆ، کە هاندەری نووسینی ئەم دەقەشە.

ئۆلیس بەشێوەیەکی جیاواز دەدرەوشێتەوە، وادەردەکەوێت کە ژیان لە فڕۆکەیەکی یەک کەسیدا تێدەپەڕێت. بە بێ هیچ پلیکانەیەک کە ڕۆحی ئێمە لە جیهانی بەرهەستەوە هەڵبکێشێت بۆ شانۆیەکی ناو خەیاڵ؛ لە خەونگەڵێکی پڕهەوەسی ناخۆوریای تاکەکەسیی پیاوێکەوە، بۆ هاتووچۆی بەنۆرەی خەونەکان لە ناخۆوریای کۆمەڵدا. بۆچوون و گومان، بەدگومانی، بیرۆکەی خێرا، بیرەوەری، هزری تەمبەڵ و خاووخلیچک، و سەرەنجام، بەدەستهێنانی چێژێکی ئارام کە هەمان تایبەتمەندیی جیاوازی ئەم کتێبەیە. ھەرچی کە دەکەوێتە بەرچاو، بەچەشنێکی ئاشکرا، نادیارە. ئەم لێکئاڵانەی خەون و ڕاستی، دەکرا بە باشی رەزامەندیی "شۆپنهاور" و "کانت" ببزوێنێت. ستایلەکانی پێشوو نەیاندەتوانی پێوەندییەک لەنێوان لێک جیاکردنەوەی خەون و ڕاستیدا دابمەزرێنن. ڕەوابوونێک بەھۆی زنجیرە ڕێکەوتە جێگیرەکانەوە لە ژیانی رۆژانەدا. هەموو ئەو شتانەی کە لە خەونێکەوە بۆ خەونێکی دیکە، ئیتر بوونیان نامێنێێت. بەپێی ئەمەی دووهەم، بوون و جیاکردنەوەی خەونەکان لە ڕاستی، شتێکە زیاتر لە چوارچێوەی ڕەهای گریمانە دیاریکراوەکان لە وشیاریدا. ئەو بە وردبینییەکی وەستایانە، ژیان و جیهانی خەونەکان، لە لاپەڕەکانی کتێبەکەدا کۆدەکاتەوە بەچەشنێک کە ژیانی ڕاستەقینە و خەونەکان لە لاپەڕەکانی کتێبەکەدا یەک دەگرن و ئەوەی کە بەپێی نەریت، پێی دەوترێت جیهانی وا‌قیع، لە ڕیگای ئەو لاپەڕانەوە کە هەڵیان دەدەینەوە و لەنێوان خەونگەلێکی سست و تێپەڕەوە، بە بەردەوامی دەخوێنرێتەوە.

ئیستا باشترە ئەو بابەتە بێتەوە بیرمان کە "گۆستاو سپیلێر" بە ڕوونی سەبارەت بە زەینی مرۆڤ باسی دەکرد: "پێوەندیی نێوان بینینی ڕاستەقینەی دیمەنێکی بەرهەست و وێناکردنی هەمان دیمەن و دواجار دووبارەکردنەوە و دروستکردنەوەی بەردەوامی. ئەو بابەتەکە بەم جۆرە چارە دەکات کە هەرسێکی ئەمانە، ڕاستین و بەقەدەر یەک، لە جەو داگیر دەکەن.

وەک ئەوەی کەسێک بتوانێت داری زەیتوونی "مینڕوا" ببینێت کە سێبەری ئارامی خۆی بە جوانی بەسەر ئۆلیسدا دەکات بە سابات. من ناتوانم هاوشانێکی ئەدەبیی دیکە بێجگە لە "داستۆیۆڤسکی"، ئەویش لە دوانووسینەکانی پاش "تاوان و سزا"یدا، بۆ ئەم مەبەستە بدۆزمەوە. کەواتە وەرن با ئەم پەرجووە تاک و بێوێنەیە ستایش بکەین.

جۆیس لە گەڕان و دۆزینەوە بێسنوورەکانیدا، لە بچووکترین وردەکارییەکاندا، کە بێچم بە ناخۆوریا دەدەن، ڕەوتی زەمەن دەوەستێنێت تا بە ڕواڵەتێکی کەویکراو و نەیارەوە، بیکات بە ملدانێکی پڕگێچەڵ لە شانۆیەکی ئینگلیزیدا. ئەو ملدانەی کە ژیانی پاڵەوانەکان لە حەساری تەسکی خۆیدا کۆنترۆڵ دەکات، واتە ڕەوتێکی بەدەسەڵات لە کاتژمێرە پڕ سەرسامییەکاندا.

ئەگەر شێکسپیر ئیستعارەکانی بەچەشنێک بەکار ھێنا کە ساڵەکان، وەک پاشەکەوتی ناو کاتژمێری زیخی بگەڕێنێتەوە بۆ دواوە و کەڵکیان لێوەربگرێت، جۆیس بە ڕێگایەکی لاڕێ، تەنیا ڕۆژی پاڵەوانی کتێبەکەی، بە شێوەیەکی پێچەوانە، لەناو رۆژە بێئەژمارەکاندا، بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکات. (من باسی ئەو چەندین خەونووچکەی نیوەڕۆیان لەم نێوەدا ناکەم.)

ھەموو لاپەڕەکانی ڕۆمانی ئۆلیس، تەژین لە جۆرێک ڕاستیی ڕەھا و پێداگر. ڕاستییەک نەک لە جۆری نیوەچڵی کەسانێک کە لە دونیادا، تەنیا کارکردی ئابستراکی زەین و ترسی ڕوولەپەرەی زەین، لە بێدەرەتانی لە ھەمبەر مەرگدا، دەبینن و، نەک لەو جۆرەی دیکەی ڕاستییەکانیش، کە لە ڕیگای ھەستەکانەوە درکیان پێدەکەین؛ بەڵکو مەبەست ئەو ڕاستییەیە کە گۆشتی جەستەمان (واتە غەریزەکانمان) لەگەڵ شەقام و مانگ و چاڵ، دەخاتە لای شانی یەکترەوە.

کاراکتەرەکانی ئەم کتێبە، دووچەشنەن و بێقەراریی ئەوان بۆ ناسینی کەون، سەرساممان دەکات، نەک تەنیا لەبەر ھەبوونیان، بەڵکو لەبەر جێگیربوونیان لەم جیھانە تایبەتەدا. شوێنێک کە دەروازەکانی، وشەکانی، کارتەکانی یاری و کارەبایی، لە خەرمانەیەکی تاریکیی شەودا پێچراونەتەوە. لە ھیچ کتێبێکی دیکەدا، (ڕەنگە جگە لە نووسینەکانی گۆمز دۆ لە سرنا) ئێمە ڕاستیی شتەکان بەم چەشنە سەقام و پتەوییە نابینین. ھەموو شتێک شاراوەیە و بە ئامادەبوونی دەنگەکان دەردەکەون و خوێنەر لە رێگادا دەخەنە تەک خۆیان. دۆکوینسی، (وتارنووسی ئینگلیزی) دەڵێت بۆ جۆیس ئەوەندە بەس بوو کە ناوی ئەفسەرێکی ڕۆمی لە خەونەکانی خۆیدا بھێنێت، بۆ ئەوەی خەیاڵاتێکی بزوێنەر، لە ئاڵا شەکاوەکان و سوپایەکی پڕ زاق و بریق، بخاتە خۆنواندن. جۆیس لە وەرزی پانزەی کتێبەکەیدا، دیمەنی قەحبەخانەیەکی کەلاوە دەنەخشێنێت و تێیدا سەدان بابەت و ئایدیای دژواز، خەڵکێکی زۆربڵێ و رێکەوتە نامومکینەکان، لە تەنیشت یەکدیدا دادەڕێژێت. من بابەتەکە گەورە ناکەمەوە و ئەمە ڕێک وایە.

جۆیس لە کتێبی ئۆلیسدا، ڕۆژێک لە ژیانێکی مودێرن دەخاتەڕوو و تێیدا چیرۆکگەلی جیاجیا کۆدەکاتەوە کە لە ناخدا، لە ڕووداوەکانی ناو کتێبی ئۆدیسە دەچن.

ئەو میلیۆنێرێکە خاوەن ملیۆنان وشە و ستایل. جگە لە دەنگە سەیروسەمەرەکانی کە لە زمانی ئینگلیزیدا کەڵکیان لێوەرگیراوە. بازرگانییەکەی ئەو (کاری ھونەری وەک بازرگانی) تا ھەر شوێنێک کە شەمێلەی ئینگلیزی شین دەبێت، تەشەنای کردووە. لە سکەی زێڕی کاستیلیی ئیسپانی و دراوی برەوداری جوولەکەوە بگرە تا دوناری ڕۆمی و سکە کۆنەکانی دیکە، لە پێنووسە بەھێزەکەیدا، ھەموو زانستی ھێرمێنۆتیک بەدی دەکرێت. ھەر چیرۆکێکی، شانۆیەکی نواندن و دەرکەوتنی یەکێک لە شیوازە شاعیرانەکان و وشە تایبەتەکانی ئەوە. یەکێکیان بە ستایلی بەراوردکردن نووسراوە و یەکێک پرسیار و وەڵامە و ئەوی دی، گێڕانەوەیەکی درێژەدارە. لە دوو چیرۆکیدا، شێوازی تاکبێژیی بێدەنگیی بەکار ھێناوە کە ستایلێکی کۆن، بەڵام دەرنەکەوتووە و لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، لەگەڵ ھزری کاراکتەرەکاندا ئاشنا دەبین و ئەمە ھەمان ئەو ستایلەیە کە وەک جۆیس بە "والێری لاربود" (نووسەری فەڕەنسی) دەڵێت، لە ستایلی "ئیدوارد جێراردین"ی فەڕەنسییەوە وەریگرتووە. لەلای ئەم گەپوگاڵتە ناڕێکەدا و لەنێوان پەخشان و ھۆنراوەی ڕازاوە و گەپوگاڵتەی بەتوانجی قەحبەخانەییدا، جۆیس پێکھاتەی جیددی و وردی لاتینیش بەکار دێنێ ڕێک وەک دیالۆگەکەی نێوان کابرای میسری لەگەڵ مووسادا.

جۆیس، ڕەقە وەک ڕەقیی پۆزەی کەشتییەک و گشتییە (جیھانییە) وەک جەمسەرنوێنی دەریاوانی. دە ساڵ پێش ئێستا (1942) ڕەخنەگرێک توندتر و باشتر لە من کتێبەکەی جۆیسی شرۆڤە کرد و ئێمە ھێشتا لە خوێندنەوەی چێژ وەردەگرین. من ئەوەندە خۆویست نیم کە بمەوێت ئۆلیس ببەم بۆ شاری نیۆکۆین (شارێکی گەورەی ئارژانتین) و لە سووچێکی تەریکدا، دەست بکەم بە خوێندنەوەی. بەڵکو دەمەوێت لاسایی وشە ڕیزدارانەکانی "لۆپ دۆ ڤێگا" (شاعیر و شانۆنامەنووسی ئیسپانی) سەبارەت بە "گۆنگۆریا" (شاعیر و قەسیدەبێژی ئیسپانی) بکەمەوە و سەباەت بە جۆیس بڵێم: لە ھەر رێگایەکەوە بۆم بکرێت، ھەمیشە بەھرەی داھێنانی ئاسمانیی ئەو خانەدانزادە، ستایش دەکەم. سەری ڕیز نەوی دەکەم و بە ھەموو تێگەیشتنمەوە و بە ھەموو خاکەڕایی و بڕوای ستایشکەرانەم و ھەموو ئەوانەشەوە کە نەمتوانی لێی تێبگەم، باسی دەکەم.

 

1952


ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە