Najib.jpg

نەجیب مەحفوز، نوسه‌رى گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كان

نەجیب مەحفوز، ئه‌و رۆماننوس و نوسه‌ره‌ى هه‌موو گه‌لان حه‌زیان ده‌كرد، ئه‌و ناسنامه‌ى گه‌له‌كه‌ى ئه‌وان بوایه‌، چونكه‌ كاتێك به‌رهه‌مه‌كانى ده‌خوێنیته‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت بۆ هه‌موو گه‌ل و چین و توێژێكى نوسیوه‌، نەجیب مەحفوز، كه‌ ناوى تەواوى (نەجیب مەحفوز عەبدولعەزیز ئیبراهیم ئەحمەد)ه‌، له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ لە 30/8/2006 لە تەمەنى (94) ساڵى بە نەخۆشى لە شارى جزیرە کۆچى دوایى کرد،  لە رۆژى 11/12/1911 لە شارى قاهیرە لە دایکبووە.

نەجیب مەحفوز لە قۆناغى خوێندنى ئامادەیدا گرنگی زۆرى بە ئەدەبی عەرەبی داوە، هه‌ر لە تەمەنى خوێندکاریدا کاریگەری نوسەر (حافز نەجیب) بەسەرەوە بووە، لە ساڵى 1919 کاتێک تەمەنی (8) ساڵ بوو شۆڕشی میسرى بەرپا بوو، شۆڕش کاریگەریی گەورەی لەسەری دانا و بووە یەکەم ئەزموون لە هەستی نیشتیمان پەروەریدا ، کە دواتر بە قوڵی لە نوسینەکانیدا ڕەنگی دایەوە .

لە ساڵی 1930 لە زانکۆی قاهیرە وەرگیراوە بۆ تەواوکردنى خوێندنى بەکالۆریۆس، دوو ساڵ دواى ئه‌وه‌ كه‌ خوێندكارى به‌شى فه‌لسه‌فه‌ بووه‌ له‌ ساڵى 1932 دەستى نووسین کرد و لە ساڵی 1934 بڕوانامەی بەکالۆریۆسى لە فەلسەفە وەرگرت.

دواى تەواوکردنى خوێندنى بەکالۆریۆس درێژەی بە خوێندنی ماستەر لە فەلسەفەدا، بەڵام دوای ساڵێک وازی هێنا بە مەبەستی زیاتر گرنگی دان بە نوسین ، لە ساڵی 1938تاکو ساڵى 1945بە سکرتێری پەرلەمان لە وەزارەتى ئەوقاف دامەزراوە.

لە ساڵى 1988 خەڵاتى نۆبڵى ئەدەبى وەرگرتووە، بووە بە یەکەمین عەرەب، کە براوەی ئەم خەڵاتە بووە، بە هۆی ئەوەی بەردەوام باسی کێشەی کۆمەڵگە و ئازارەکانی کردوە و ڕێبازی واقعی هەڵبژاردوە، زۆرترین خوێنەری هەیە و زۆربەی شاکارەکانی کراون بە فیلم یان دراما،چەندین ڕۆمانی بەناوبانگ و وەرگێڕاوی بۆ سەر زمانە زیندووەکانی جیهان.

لە ساڵی 1994هەوڵی تیرۆرکردنی درا کە بە چەقۆ لە ملیان دا، ئەم هەوڵە شکستی هێنا و ڕزگاری بوو، بەڵام زیانێکی گەورە بەر لای ڕاستی کەوت کە کاریگەریی نەرێنی هەبوو لەسەر کارەکانی کە ڕۆژانە لە چەند خولەکێک زیاتر توانای نوسینی نەبوو، به‌داخه‌وه‌ لە ساڵى 2004 بەهۆى نەخۆشى لە نوسین و کارى ئەدەبى دورکەوتۆتەوە.

دواى کۆچى دوایشى خانەی بڵاوکردنەوەی زانکۆی قاهیرە، خەڵاتی ساڵانەى نەجیب مەحفوز بۆ ئەدەبى راگەیاندووە، کە هەر ساڵەى خەڵاتەکە دەدرێت بە ئەدیبێک.

چەندین بەرهەمى وەرگێردراون بۆ سەر زمانى کوردى لەوانە:

- داستانی ڕەش و ڕووتان

- کۆڵانی میدەق

- سواڵکەرەکە

- ڕێگە

- جەنابى رێزدار


ئەم بابەتە 61 جار خوێندراوەتەوە