Bakr_ali.jpg

بەکر عەلى، گوڵە سورەکەی حامیە

لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆ لە 1/9/1994 بەکر عەلى، شاعیر و نوسەرى کورد کە ناوى تەواوى (ئەبوبەکر عەلى)ە لە تەمەنى (26) ساڵى لە شارى سلێمانى تیرۆکرا، لە رۆژى 19/6/1968 لە خێزانێکى هەژارلە گەرەکی کانێسکانى شاری سلێمانی لە دایکبووە، بەهۆى هەژارى و کارکردن تاکو پۆلی دوەمى ناوەندى خوێندوە.

لە ساڵی 1987 بەتۆمەتی هێنانی پێشمەرگە بۆ ناو شار دەستگیر دەکرێت و دوای چوار مانگ ئەشکەنجە و ئازار ئازادی کراوە، لە ساڵی 1989 دوو جارى دیکە لەلایەن ڕژێمى بەعس دەستگیر دەکرێت و دوای ماوەک ئەشکەنجەدان ئازاد دەکرێتەوە، لە هەمان ساڵدا دووبرای لەبەر ئەوەی پێشمەرگەى یەکێتى بوون لە شاخ لە زیندانی ئەبوغرێب لەسیدارە دەدرێن، هەر بەهۆى ئەمەشەوە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی بۆ باشوری عێراق دوور دەخرێنەوە، هەڵسوراوێکی چالاکی یەکیتی بێکاران بووە.

لە ساڵی 1993 کۆشیعریکی (34) لاپەریی بەناوی (ئەو شەوانەی لە پرچەکانت رەشترن) بڵاوکردۆتەوە، لە ساڵى 1994 یەکەمین دەقی شانۆی بەناوی تریشقەکان نوسیى لە شارى هەڵەبجە پێش دوومانگ لە شەهیدکردنی پێشکەشیکرد.

تا لە ژیاندا بوو (25) دەقی شیعری نوسیووە، سەرنوسەری گۆڤاری خاک و خۆل بووە، لەناو خەڵکیدا بە گوڵە سوورەکەی حامیە ناسراو بوو، لەبەر ئەوەی زۆر خۆشەویست بوو لەناو چینی هەژار و ڕەنجدەران بەتایبەتێش لەناو خەڵکی حامیە کە هەموویان هەژار بوون، لە ساڵی 1994 بووتە نوێنەری خەڵکی حامیە بۆ ناڕەزایەتی و وەستانەوە دژی بڕیاری ڕوخاندنی خانوەکانی ئەو ناوچەیە و کردنی بەپاڕک.

جەندین شیعر و دەقی شانۆی نووسیەوە، دوای شەهید کردنی چەند شیعرێکیتری بڵاوکراوەتەوە.


ئەم بابەتە 109 جار خوێندراوەتەوە