Sarok1.jpg

ماکرۆن لە سەردانى خانمى بەرەبەیاندا

سەردانى ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆلاى هونەرمەندى گەورەى لوبنان فەیروز هەر زوو کاردانەوەى بەداواى خۆیدا هێنا و مێدیاکانى جیهان بە بایەخەوە لە سەردانەکەیان روانى، چونکە سەردانەکە لەکاتێکدایە لوبنان لەنێو هەڵچوون و گرژی و تەنگژەی قورسی ئابووری و خراپى دۆخی سیاسیی خۆیدایە، بەڵام ماکرۆن بە خواردنەوەی قاوەیەک لەگەڵ فەیروزدا درێژەى بەگەشتەکەیدا لە لوبنان.

ماکرۆن لەیەکەم ئێوارەى گەیشتنى بۆ بەیروت و راستەوخۆ رویکردە ناوچەی ئەنتڵیاس لە باکووری لوبنان، بۆ ئەوەی لە ماڵێکى پڕ لە وێنەى هەڵواسراوى هونەرى قاوەیەک لەگەڵ فەیروزدا بخواتەوە و هەر لەوێش لەبەردەمی ماڵەکەی فەیروزدا بۆ رۆژنامەنوسان دوا، ئەم سەردانە بەدەر لە سیاسەت رێزێکی بێئەندازە بوو لە هونەر و فەیروزى هونەرمەند.

مێدیاکان کاتێک باس دەهاتە سەر فەیروز هەمیشە باسیان لەوە دەکرد، کە تەندروستى یەکجار خراپە و تواناى هیچ لێداونێکى نییە و هەمیشە بەبێ دەنگى مابویەوە، بەڵام ئەم سەردانە هەموو ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردە و دەریانخست هێشتا هونەرمەندە (85) ساڵەکە تەندروستى زۆر باشە، چونکە لە دیدارەکەدا جگە لە باسی سیاسی و مرۆیی، فەیروز و ماکرۆن زۆر قسەی خۆش و نوکتەیان گێڕاوەتەوە، بەڵام خەمى لوبنان بەتەواوى بە روخسارەکانى فەیروزەوە دیار بووە و هەمیشە باسى گەلەکەى بۆ سەرۆک کردووە.

ئەم دیدارە بەدەر نەبووە لە گۆڕینەوەى دیارى بۆ یەکترى، ماکرۆن مەدالیای شەرەفی بە پلەی (کۆماندۆر) بە فەیروز بەخشی، لە بەرامبەردا فەیرووزى هونەرمەند تابلۆیەکی هونەری پێشکەشى ماکرۆنکرد، ئەم دیارەى ماکرۆن بۆ فەیروز بووە سێهەمین دیارى سەرۆکەکانى فەڕەنسان بۆى.

فەیروز لە چەند دێرێکدا:

 ناوی تەواوى: نیهاد رزق وەدیع حەداد.

لە رۆژى 20/11/1934 لە گوندی دەبیە لە ناوچەی شوفی شاخاوی  بەیروت لە دایکبووە.

یشەى هونەرى: گۆرانیبێژ و ئەکتەر و موزیسیان.

لە ساڵى 1940 بەشدارى لەکارى هونەریدا کردووە.

چەندین نازناوى پێبەخشراوە، لەوانە: شاژنى گۆرانى عەرەبى، یاسەمینى شام، بولبولى خۆرهەڵات، سیمبولی خەمەکانی لوبنان.....


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە