Nwsyar_xalat1.jpg

براوەى خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم راگەیەندرا

دواىە ئەوەى لە ماوەى رابردوودا بڵاوکراوەکانی نووسیار، خەڵاتى بۆ کتێبى یەکەم لە ساڵى 2020 راگەیاند و ساڵى یەکەمى خەڵاتەکەشى بەناوى خولی محەمەد عومەر عوسمان (ژەنەراڵی پایز) ناونا و چەندین نوسەر تیایدا بەشداربوون، خەڵاتەکان راگەیەندران.

لە راگەیەاندروێکى نووسیار داهاتووە، کە (نەوەرەس محەمەد) توانیویەتى ببێتە براوەی خەڵاتی نووسیار لە بواری شیعر بۆ کۆمەڵە شیعری (شقارتە)، هەروەها براوەی خەڵاتی نووسیار لە بواری چیرۆک بۆ (جێگر بەختیار) بووە بۆ کۆمەڵە چیرۆکی (ژاوەژاو)، کۆتا خەڵاتیش بۆ براوەى رۆمان بووە کە (کیاکسار ئەحمەد) بۆ ڕۆمانی (بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە) خەڵاتەکەى بەدەستهێناوە.

بەپێى مەرجەکانى نوسیار کە پێشتر رایگەیاندبوو، خەڵاتی یەکەمین کتێب بۆ ئەو نووسەرانە دەبێت، کە یەکەمین کتێبیان بڵاودەکەنە و خەڵاتەکەش ئەو نووسەر و شاعیرانە دەگرێتەوە کە پێشتر هیچ کتێب و بڵاوکراوەیەکیان نەبووە لە هەرسێ بواری (رۆمان، چیرۆک و شییعر)، سەبارەت بە  مەرجی بەشداربوونیش هاتبوو، ئەم خەڵاتە جەخت لەسەر بەرهەمی گەنجەکان دەکات کە پێشتر هیچ کتێبێکیان بڵاونەکردۆتەوە، تەنها ئەو بەرهەمانە وەردەگیرێت کە بەزمانی کوردی نووسراون، پێویستە تەمەنی بەشداربوو لە نێوان (20) بۆ (35) ساڵ بێت، هەورەها پێویستە لەسەر هەر بەشداربوویەک بەرهەمەکەی بە کوردییەکی پەتی و ڕەوان نووسی بێت و ڕەچاوی رێزمان و خاڵبەندی کوردی کردبێت و لەسەر ئەمانە خاڵ کۆدەکرێتەوە و دەبێت بەشێک لە هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەکی تایبەت و پسپۆڕ، بۆ هەر بوارێک کاری هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەکان دەکات.

بەپێى مەرجەکانى نوسیار، براوەی یەکەمی هەر ژانرێک، تێکڕای بەرهەمەکەى بۆ چاپ دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە، هەروەها لە مەراسیمێکی تایبەتدا بەرهەمەکەى بڵاودەکرێتەوە و بڕوانامەی ڕێزلێنانى پێدەبەخشرێت، ئەمە جگە لەوەى هۆکاری هەڵبژاردنی بەرهەمەکانیش بۆ هەر بوارێک رووندەکرێتەوە.

نووسیار لە چەند دێرێکدا:

لە هەوڵێکی نوێ و لەژێر ئەو کەلێنە زۆرەی دونیای چاپ و بڵاوکردنەوەدا، (نووسیار) هەوڵدەدات ببێتە دەروازەیەک بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە چەندین زمانی جیهانی. ئەم خانەیە دەبێتە پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و چەندین کتێب بە زمانی کوردی و زمانەکانی تر بڵاودەکاتەوە، هەروەها جەخت لەسەر کاری وەرگێڕانیش دەکات لە زمانەکانی تر بۆ کوردی و بە پێچەوانەوە.

خانەیەکی سەربەخۆیە و تەنها ئامانجی گەیاندنی ڕۆشنبیرییە و ئیشکردنە لە سەر بەدەرخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز و دونیای جوانییەکان.وەک کارێکی نوێ بڵاکراوەکانی”نووسیار” هەڵدەستێت بە دابینکردنی ژمارەی پێناسەی هەر کتێبێک کە بە ژمارەی ISBN ناسراوە یان ژمارەی نێودەوڵەتی کە نووسینگەی تایبەتی خۆی هەیە کە سەر بە ڕێکخراوێکی نێودەڵەتییە بە سپاردن و پێدانی ئەوژمارەیە، هەتا لە زۆربەی تۆڕەکانی نێت یان فرۆشگاکانی کتێب و کتێبخانەکان کتێبکە پێناسەی خۆی هەبێت. بڵاوکراوەکانی نووسیار لە ئێستادا ئەو کۆدەی دەستەبەر کردووە لەلایەن سەنتەری کتێبخانەکانی دانیمارک و هەروەها کتێبەکانی نووسیار لە ئەرشیفی کتێبخانەی شاهانەی دانیمارک پارێزراو دەبن.


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە