Bwrhan.jpg

دەر و دراوسێى کوردستان بڵاودەکرێتەوە

ساڵۆنى کوردستانى نوێ کۆڕێک رێکدەخات بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەى کتێبى (دەر و دراوسێى کوردستان) بۆ نوسەر و رۆژنامەنوس (بورهان شێخ رەئوف).

وا بڕیارەى رۆژى شەممە 5/9/2020 کاژێر (6)ى ئێوارە لە ساڵۆنى رۆژنامەى کوردستانى لە مەراسیمێکدا چاپکردنی کتێبی (دەر و دراوسێى کوردستان) لە نوسینى نوسەر و رۆژنامەنوس (بورهان شێخ رەئوف) بە ئامادەبونى نوسەر بڵاوبکرێتەوە.

کتێبەکە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانى رۆژنامەى کوردستانى نوێ و لەم ساڵدا چاپکراوە.

نوسەر لەساڵێ 1969 لەگوندی کێلەبەرزەى شارۆچکەی سەنگاو لەدایکبووە، لەسالێ 1984 ئامۆژگاى پێگەیاندنى مامۆستایانی لە شارى سلێمانی تەواوکردوە، خاوەنی دەیان وتار و لێکۆلێنەوەیە لە رۆژنامە و گۆڤارەکانى کوردستان.

ستران عەبدوڵڵا پێشەکى بۆ کتێبەکە نوسیوە، بەم شێوەیەى خوارەوە:

کوردستانی نوێ بە هاوپەیمان  و  هاوکارە دڵسۆزەکانییەوە ماوە  و  گەشە دەکات. ئەمە وانەیەکی هەستپێکراوە لە تەواوی وێستگە جیاجیاکانی ئەم رۆژنامەیەدا، بەڵام بەتایبەتی تریش لە وێستگەی ئەم چەند ساڵەی تەنگژەی کوردستان لە دەورانی شەڕی داعشەوە تا شەڕی قوتی خەڵکی لە کێشمەکێشی بودجە  و  موچە لەنێوان هەرێمی کوردستان  و  بەغدادا. تەنگژەی داعش عیراقی تەنییەوە، بەڵام بەشە دارایی  و  ئابوورییەکەی هەر بۆ کوردستان پەڕییەوە. رۆژنامە  و  میدیاش زوو پەسیوی تەنگژە داراییەکە دەیانگرێتەوە، چونکە گونجاکترینن لە چاو دامەزراوەکانی تری حزب  و  سیاسەت لە کوردستان.

لەم وێستگەیەدا هیمەت  و  هەیبەتی هاوکاری  و  پشتیوانی دەردەکەوێت. نووسەرەکانی هاوکاری کوردستانی نوێ لە دۆسێیە سیاسییەکەدا بە پەرۆش  و  هیمەتێکی چۆنایەتییەوە هاتنە کۆڕی پشتیوانی  و  بەشدارییەوە. شێخ بورهان شێخ رەئوف (بورهان رەئوف) هاوکارێکی بە ئەمەکی رۆژنامەکەمان بوو  و  بووە، لەم وێستگە باسکراوەدا.

(دەر ودراوسێ) گۆشەیەکی دەستوبردی کاک بورهان بوو کە جگە لە هەفتانەییەکەی خەسڵەتی دڵنیایی  و  جێگیری رووماڵکردنی پێ بەخشین بە جۆرێک ئەوی ستافی کوردستانی نوێ فریای نەدەکەوت لە رووماڵکردن  و  بەسەرکردنەوەی بارودۆخی عیراقی  و  ئیقلیمی (دەر و دراوسێ).ی شێخ بورهان دەیکرد. ئەمە وەک تەواوکاری  و  ئاوێتەبوون  و  بۆ سەندنەوەیەکی هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ خێزانی رۆژنامەکەدا. هاوئاهەنگی رۆژنامەوانی  و  رووماڵی (دەر ودراسێ) وا بوو کە کۆی دیمەنی عیراقی  و  ئیقلیمی بگرێتەوە. لەبەر ئەوە گۆشەکە زوو جێی خۆی لە لاپەڕەکانی رۆژنامەکە  و  لە لاپەڕەکانی دڵی خوێنەراندا کردەوە.

کەم هەفتە هەبوو (دەر و دراوسێ) نەدەبووە ماددە  و  کەرەستەش بۆ میدیاکانی تر، بەتایبەتی تەلەفزیۆنەکان کە یان لە پەخشەکانیاندا وتارەکەیاخود دەخوێندەوە یان نووسەری وتاریان بۆ بەرنامە  و  بەشداری بانگدەکرد.

ئەمە بەڵگەیەکی بەرجەستەیە لەسەر سەرکەوتوویی گۆشەکە  و  نووسەرەکەی.

(دەر و دراوسێ) تا ئێستاش بەردەوامە  و  ئەمی لەم کتێبەدا بڵاو بۆتەوە بەشی یەکەم  و  گوڵبژێرێکە لە کۆی ئەوانەی بڵاو بۆتەوە. بە پێکەوەیی  و  کتێبیشی یەکێتی بابەت دروست دەکات  و  بەشدارێکی چاک دەبێت لە پەرەپێدانی رەوتی شرۆڤەی سیاسیی لە رۆژنامەنووسی کوردیدا.

هاوکارە خۆبەخشەکانی وەک کاک بورهان لەبەر دڵسۆزی  و  هیمەتیان شایانی ئەوەن بەرهەمیان بەکۆ  و  بە تاک کتێبخانەی رۆژنامەوانی سیاسیی لە کوردستان ئاوەدان بکەنەوە. ئێمە وەک ماڵباتی کوردستانی نوێ لەم کایەدا خۆشحاڵ دەبین  و  حەزیش دەکەین بێ دەرێغیش بین، ئەوەندەی پێمان دەکرێت.

لە کۆتاییدا پیرۆزبایی لە کاک بورهان دەکەین  و  بە هیوای بەرهەمی داهاتووین.


ئەم بابەتە 116 جار خوێندراوەتەوە