Orhan_Pamuk1.jpg

چۆن خۆم لە هەندێک کتێب ڕزگار کرد

ئۆرهان پاموک - لە ئەڵمانییەوە: پێشەوا فەتاح

لە ماوەی دوو بومەلەرزەکەی نۆڤێمبەری ساڵی ١٩٩٩، کە چەقەکەیان لە (بۆلو) بوو، دیواری بەشێک لە کتێبخانەکەم لەناکاو کەوتە زرمەوکوتە و لەبەر خۆیەوە دەیناڵاند. لەو ساتەدا من لەپشتەوە لەسەر جێگاکەم پاڵکەوتبووم و بە کتێبێک بە دەستمەوە لە جۆلانێی گڵۆپە ڕووتەڵەکە ورد دەبوومەوە. ئەوەی کە کتێبخانەکەم تووڕەیی خۆی خستبووە پاڵ تووڕەیی بومەلەرزەکە، ئەوەی کە خۆی کردبووە وتەبێژی ئەو هەژاندنە، ئەوەی کە یاخی بووبوو، لەلایەکەوە ترساندمی، لەلایەکی دیکەشەوە تووڕەی کردم، لەبەرئەوەی وام هەست دەکرد خیانەتم لێکرابێت. لە بوومەلەرزەکانی زووشدا هەمان هەستم هەبوو. ئیدی من بڕیارم دا کتێبخانەکەم سزا بدەم.

بەو چەشنە لە ماوەیەکی کورتدا بە بێباکییەکی سەیرەوە دووسەدوپەنجا کتێبم هەڵبژارد و تووڕمدان. کتێبەکانم بەبێ هیچ دوودڵییەک هەڵدەبژارد – وەک سوڵتانێک کە بە پەلە ئاپۆڕایەکی گەورە لە خەڵک تەیدەکات و ئەو ژێردەستانە دیاری دەکات، کە دەبێت سزا بدرێن، یاخود وەک سەرمایەدارێک کە بە پەنجە کۆمەڵە کارمەدنێک هەڵدەبژێرێت کە دەبێت دەربکرێن. ئەوەی کە من سزام دەدا، ڕابردووی خۆم بوو، سزادانی ئەو کارە بوو کە من لە گەڕان و هەڵبژاردن و کڕین و گواستنەوە و هەڵگرتن و خوێندنەوەدا کردبووم، دواجاریش سزادانی ئەو وەهمانە بوو کە لە خوێندنەوەی کتێبەکانی داهاتوومدا تووشم دەبوون. وەکو دواتر پەیم پێبرد، لەگەڵ ئەو کارەدا پتر وام هەست دەکرد خۆم لە بارێک ڕزگار بکەم وەک لەوەی سزایەک بەجێبهێنم.

ئەو هەستە خاڵێکی باشی دەستپێکە بۆ وەسفکردنی پەیوەندی من لەگەڵ کتێب و کتێبخانەکەمدا. چونکە حەزدەکەم شتێک سەبارەت بە کتێبەکانم بڵێم بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆم لە فشەوفاڵی ئەو جۆر خەڵکانە دوور ڕابگرم، کە بەو کارە دەیانەوێت ئەوە زەق بکەنەوە کە چەند کەسانێکی تایبەت و ڕۆشنبیر و شازن لەکاتێکدا باس لە خۆشەویستی خۆیان دەکەن بۆ کتێب، یاخود ئەم و ئەو شتی دەگمەنیان لە پراگ، لە دووکانێکی ئەنتیکواری چکۆلانەی ناو شەقامێکی چەپەکدا دۆزیوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خۆ بادانە، ئەو تەسەنوع و خۆنمایشکردنەی ئەو مشتە کتێب دۆست و ئەرشیفکارانە شانبەشانی ئەو کارە بێ خەیاڵە مامناوەندیانەی ڕۆژانەی ئێمە لەڕاستیدا تەنها حورمەت لەمندا بەرامبەر ئەوان دروست دەکات. دواجار من لە وڵاتێکدا دەژیم کە تیادا نەوەک نەخوێندنەوەی کتێب بەڵکو خوێندنەوەی وەک سەیروسەمەر، وەک نیشانەیەک لە نەخۆشی و نابەختەوەری تەماشا دەکرێت. بەڵام بۆ من مەسەلە ئەوەنییە باس لە خۆشەویستی خۆم بۆ کتێبەکانی ناو کتێبخانەکەم بکەم. کورتترین ڕێگا بۆ ئەوەی لەو تووڕەییە چیرۆکێک دروست بکەم، ئەوەیە کە بەیادی خۆمی بهێنمەوە، چۆن و لەبەچی خۆم لە کتێب ڕزگار دەکەم.

خۆ یەکێک لە مەبەستی دانانی کتێبەکانمان لە کتێبخانەدا بۆ ئەوەیە نمایشیان بکەین، تاوەکو ئەو هاوڕێ و دۆستانەی، کە دەمانەوێت سەرنجیان ڕابکێشین، بیانبینن. هەر بۆیەش کارێکی زۆر ژیرانەیە، ڕێکیان بخەین و کتێبگەلێک حەشار بدەین یاخود دووریان بخەینەوە، کە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت لەلای ئێمە ببینرێن. ئێمە بە کۆمەڵ کتێب تووڕ دەدەین بۆئەوەی کەس پێنەزانێت کە ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو شتە بێمایانەمان بە هەند وەرگرتووە. ئەو حەسرەتە پتر لەنێوان منداڵی و باڵخ بوون، باڵخبوون و گەورە بووندا بڵێسە دەدات. براکەم هەمیشە کتێبەکانی منداڵی خۆی دەدا بە من کاتێک شەرمی دەکرد کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خوێندوونییەوە، گۆڤارەکانی تۆپی پێش – بەندی گۆڤارەکانی نادی فەنەرباهچە – ئەمە گار هات و ئەوسات منیش هێشتا بەلامەوە گرنگ بووبان. بەو چەشنە بە بەردێک دوو چۆلەکەی دەکوشت.

من خۆشم بەو جۆرە خۆم لە دنیایەک ڕۆمانی تورکی ڕزگار کرد، لە دیوانی ترسناک و کتێبی کۆمەڵناسی چەند بەش، لە ڕۆمانی سۆڤییەتیی کۆن، کاری مامناوەندی ئەدەبی گوند و گۆڤاری گروپی چکۆلانەی چەپڕەو، کە من کۆمدەکردنەوە وەک ئەرشیفکارێکی ناو (کتێبی ڕەش)م؛ ئەو کتێبانەش کە هەندێک جار دەبێت سووک و ئاسان بیانکڕم و بیانخوێنمەوە: کتێبی زانستی زۆرفرۆش، خۆ بەسەر هەڵدانی لەو جۆرەی کە دەڵێت ڕێگای من بەرەو سەرکەوتن، یاخود کاری پۆرنۆگرافی بێ وێنەشم لەبەر ئەو هۆکارانە سەرەتا بەرەو بنمیچی شاردراوەی کتێبخانەکەم ڕاوناوە و پاشان تووڕم داوە. لەپشت ئەو بەختەوەرییە ڕووکەشییەوە کە هەستی پێ دەکەین کاتێک کتێبێک فڕێدەدەین، ناڵەی قوڵ خۆیان حەشارداوە کە لەسەرەتادا بەدی ناکرێن. ئەوەی کە ئێمە لە شکۆی دادەشکێنین، لەڕاستیدا ئەو کتێبە نییە کە ئامادەگیی لە کتێبخانەکەماندا هەراسانی کردووین – دانپێدانانی سیاسی، وەرگێڕانی خراپ، ڕۆمانی بازاڕیی، ئەو شیعرانەی کە هەموویان لەیەکدی دەچن. ئەو گرنگییەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان داومانە بەو کتێبە و بەشی ئەوەی کردووە پارە خەرج بکەین تاوەکو بیکڕین، چەندین ساڵ لە کتێبخانەکەماندا هەڵیبگرین و تەنانەت کەمێکیشی لێ بخوێنینەوە. لەڕاستیدا کتێبەکە شەرمەزاری نەکردووین، بەڵکو خۆمان، چونکە بەو چەشنە بە هەند وەرمانگرتووە.

بەمەش دەگەین بە بابەتە ڕاستەقینەکەمان: بۆ من کتێبخانەکەم سەرچاوەیەکی شانازی نییە، بەڵکو سەرچاوەی مەللولیی و تووڕەییە. بێگومان جارناجاریش خۆم دەدەمە دەست ئەوەی تەماشای کتێبەکان بکەم، پەڕەیان لێ هەڵبدەمەوە، بەشێکیان لێ بخوێنمەوە، کتومت وەک ئەو خەڵکانەی کە شانازی بە خوێندەوارییەکەی خۆیانەوە دەکەن. لە تەمەنی گەنجیمدا دەمهێنایە پێش چاوی خۆم کە لە ساڵانی دواترمدا چۆن وەک نووسەر لەپێش کتێبەکانی خۆمدا سنگ دەردەپەڕێنم. ئێستاش غەمبارم لەبەرئەوەی ئەو هەستە مەللولم دەکات، کە من ژیان و پارەم خستووەتە ئەو بەرگانەوە، وەک بارهەڵگرێک کە کتێبفرۆشەکانم وەرگرتوون و هەڵمگرتوون. ئەوەی زۆر لەسەر شانم قورسترە ئەوەیە کە (ئالودە) یان بووم. حەزم دەکرد ئەو هەستی نیشتمانەی، کە کتێبخانەکەم دەمداتێ، بە کتێبگەلێکی زۆر کەمترەوە بوایە. دەشێت لەگەڵ تەمەنمدا هەر بێتو کتێب زیاتر تووڕ بدەم، لەبەرئەوەی دەمەوێت باوەڕ بە خۆم بهێنم کە ئێستا گەیشتووم بەو داناییەی، کە مرۆڤ لە خاوەنی کتێبخانەیەک چاوەڕێی دەکات، کتێبخانەیەک کە لە کتێبی خوێنراوە پێکهاتووە. بەڵام هێشتا کتێب لەوە زیاتر دەکڕم وەک لەوەی فڕێێ دەدەم. گەر یەکێک لە کتێبخانە مەزنەکانی جیهانی زەنگینی ڕۆژئاوا بە ئاسانی لەبەردەستدا بایە، ئەوا کتێبخانەکەی خۆم چکۆلانەتر دەبوو. بۆ من لێرەدا کێشەکە ئەوە نییە خاوەنی کتێبی باش بم، بەڵکو لە توانامدا بێت کتێبی باش بنووسم.

ئەوەش سەروکاری لەگەڵ ئەوەدا هەیە کە مرۆڤ دەستی بە کتێبی باش بگات کاتێک پێویستی پێ دەبێت. هێندە هەیە خوێندنەوەی ڕاستەقینە لەوەدا خۆی نابینیێتەوە مرۆڤ پەیتا پەیتا و بەئاگاوە زەین و چاوی بە تێکستەکەدا بخشێنێت بەڵکو لەوەدا کە بە تەواوی ڕۆحییەوە خۆی ڕادەستی بکات. هەر بۆیەش لە ژیانماندا عاشقی ژمارەیەک کتێبی سنووردار دەبین. باشترین کتێبخانە لەو ژمارە کتێبە سنووردارە لە یەک دڵپیسە پێکهاتووە. دڵپیسییەکەش لەنێوانیاندا سەرچاوەیەکە بۆ نووسەرەکە. فلۆبێر لە ناهەق نەیگوتووە، گەر مرۆڤێک دە کتێب بە زەینێکی تیژەوە بخوێنێتەوە، ئەوا زانایەکی گەورەیە. هەر لەبەر ئەوەشە کە خەڵکی دەرەقەتی تەنانەت ئەوەش نایەن، کتێب کۆدەکەنەوە و شانازی بە کتێبخانەکەیانەوە دەکەن. چونکە من لە وڵاتێکی بێ کتێب و بێ کتێبخانەدا دەژیم، لانی کەم دەتوانم بیانوویەک بهێنمەوە: ئەو دوانزە هەزار بەرگەی کتێبخانەکەی من سەرچاوەی پێویست و بنەڕەتی کارەکانمن.

لە ناویاندا ڕەنگە دە یان پانزە کتێبم خۆشبوێت، بەڵام بەڕاستی عاشقی کتێبخانەکەم نیم. وەک دیمەن، وەک مۆبیلیات، وەک کەڵەکەبوونی تۆز و هەم وەک بارێکی مادی بەهیچ شێوەیەک هەستم بۆی ناجووڵێت. ئەوەی لەڕاستیدا بەختەوەرم دەکات ئەوەیە کە دەستم بە ناوەڕۆکی ئەو کتێبانە دەگات و دەتوانم هەرکاتێک بمەوێت بیانخوێنمەوە – وەک ئەو خانمانە وان کە لە خەیاڵیشماندا دەتوانن هێندە بەختەوەرمان بکەن، چونکە هەر کات ئامادەن لەگەڵمان بنوون.

چونکە من لەو ئالوودە بوونە دەترسم، هێندەی لە خۆشەویستی دەترسم، هەر تاکە هۆیەک کە دەیدۆزمەوە بۆ ئەوەی خۆمیان لێ ڕزگار بکەم – بێگومان مەبەستم لە کتێبەکانە – شادمانم دەکات.

لە دە ساڵی ڕابردوودا هۆیەکی دیکە پەیدا بووە کە من لە تەمەنی گەنجیمدا هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات. ڕیزێکی درێژ لە نووسەری بە تەمەن، کە من بە گەنجی کتێبەکانیانم دەکڕی، کۆدەکردەوە و بەڵێ تەنانەت دەخوێندەوە، چونکە بتەوێت و نەتەوێت (ئەدیبانی وڵاتی من) ن، لە ساڵەکانی ڕابردووەدا بەشێک وزەی خۆیان لەوەدا خەرجکردووە بیسەلمێنن ئەو کتێبانەی کە من نووسیوومن، چەند خراپن. سەرەتا خۆشحاڵ بووم بەوەی کە چەند بە هەند وەرمدەگرن. ئێستاش خۆشحاڵم بەوەی بۆ کزکردنی کتێبخانەکەم هۆیەکم هەیە ئازیزتر لە بوومەلەرزە. بەو چەشنە و بە خێراییەکی زۆرەوە ئەو ڕەفانەی بۆ ئەدەبی تورکی تەرخان کراون، لە کتێبی ئەو نووسەرانە بەتاڵ دەکرێن کە تەمەنیان لەنێوان پەنجا و حەفتادایە و لە لەدایکبوونیانەوە ژیانێکی فاشل ژیاون، نیمچە سەرکەوتوو، یەکڕەنگ، مامناوەندی، نێر و سەر ڕووتەڵن.

سه‌رچاوه‌:
Orhan Pamuk
Der Blick aus meinem Fenster
Betrachtungen

 


ئەم بابەتە 70 جار خوێندراوەتەوە