Yashar_kamal.jpg

وتوێژی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ لەگەڵ یەشار کەمال

جەم ئەرجیەس - و. لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ، وەی لۆ لۆ

ڕادیکاڵ: لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆک کۆمار سەبارەت بە کێشەی کورد ئاماژەی بە 'دەرفەتێکی مێژوویی' کرد. ئێستا کە سەرۆک کۆماریش ئەمە بە 'سەرەکی ترین کێشەی تورکیا' وەسف دەکا، ئاخۆ کاتی چارەسەرکردنی مەسەلەکە هاتووە؟

یەشار کەمال: سەرۆک کۆمار نیازپاکە. کێشەی کورد، سەرەکیترین کێشەی تورکیایە. کێشەی کورد، کێشەی هاوچەرخیی تورکیایە. کێشەی کورد، کێشەی دیموکراسیی تورکیایە.

لە کاتی دامەزراندنی کۆمار بە دواوە، چاوی بەڕێوەبەرانی دەسەڵات بە ڕووی کوردەکان هەڵنەهاتووە. لە خوارووی ئەنادۆڵ، بوونەوەرانێک خەوتوون بەڵام جار نا جارێ بە تیر و کەوان لە خەو ڕادەبن. کە ئەوان هەستن، هەڵبەت بە هەیبەتەوە هەڵدەستن. ئەو بوونەوەرانە دەکوژن، ئەوانەی ناشیانکوژن، بە پیر و مناڵەوە بۆ غوربەت دووریان دەخەنەوە. هێشتا باس له‌وه‌ ده‌كرێ کە دەستەڵاتدارانی ناوچەکە دەڵێن لە دێرسیم شتێکی وەک مرۆڤ بوونی نییە و پێدەکەنن، دەڵێن لەم چیایە شتێک نییە لە مرۆڤ بچێ و شادی دەردەبڕن. دەڵێن کارت‌کورتەکان چوونە کوێ و بزەیان دێ.

ئێستا ئیتر سەرۆک‌کۆمار بە تەنیا نییە. مرۆڤایەتی لەگەڵیەتی. ئەو بەڕێوەبەرانەی ئاگایان لەمە نییە، وا هەست دەکەن ئەویش وەک خۆیان وایە.

وێڕای ئەوەی سەرکردەی گەورە مستەفا کەماڵ ئاتاتورک ڕێگە نیشاندەر بووە، بەڵام بەڕێوەبەران ڕێگەیان نەبینیووە. ئەوانەی تورکیایان هێناوەتە دۆخی ئەمڕۆ، زیاتر و زیاتر له‌م پێناوه‌دا هەوڵ دەدەن. ئەمانە کێن، چ کەسانێک نەتەوەیەکیان گەیاندۆتە دۆخی ئێستا؟ کەس نازانێ ئەمانە کێن. سەرباری هەموو شتێ، تورکیا بە دیموکراسی شاد دەبێ. سەرۆک‌کۆمار، هێز و ورەی بەو کەسانە بەخشی کە نایانەوێ لە تورکیا شەڕ هەبێ. ئەم هێزە تا دێ گەورەتر دەبێ. هەروەها تا دێ زۆرینەی نیازپاک، پەی بە ڕاستییەکان دەبا.

تورکەکان و کوردەکان هیچکات خوازیاری ئەوە نەبوون لێک دابڕێن. هیچ هێزێکیش ناتوانێ لێکیان داببڕێ. ناحەزان کە زۆر باش ئەمەیان بۆ دەرکەوتووە، لە شەرمان ڕادەکەن و لە شوێنێک دەگەڕێن داڵدەیان بدا. وەک چاوەڕوان دەکرێ، ئەستەم نییە. گەلێکی وەک گەلی کورد، بە سانایی دەتوانی ڕۆڵەکانی شاخی بێنێتە خوار. لە مناڵی حەوت ساڵە ڕا بگرە تا پیری حەفتا ساڵە، کەس نایەوێ برا و ڕۆڵەکانیان، لە هیچ هەلومەرجێکدا گیان لە دەست بدەن. گەلی کورد ئاشتی دەوێ. من کوردەکان دەناسم. لە زمانی کوردیدا دەستەواژەیەک هەیە دەڵێ، کوردەکان لە پێناو قسەکەیاندا سەر دادەنێن، بەڵام پاشەکشە ناکەن. جا لە هەر کەس کە پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، بپرسی هەر ئەوەیە.

ڕادیکاڵ: هەندێک وڵاتی ئەوروپایش هەن کە کێشەی هاوشێوەیان هەیە. ئەوان ئەم مەسەلەیەیان لە ڕێگەی مافە 'فەرهەنگی و سیاسییەکانەوە' چارەسەر کردووە. ئایا چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پێڤاژۆی یەکێتی ئەوروپا دەبێ؟

یەشار کەمال: لە وڵاتانی ئەوروپا کەمینە هەن. ئەمانە ساڵانێکی درێژ لەسه‌ر خاكی خۆیان مانەوە، شەڕیان کرد، هەرەسیان هێنا، سەرکەوتن. كه‌ كاتی خۆی هات، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵاته‌كانیان پێكهاتن، به‌ مافی زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان گه‌یشتن. نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاو كاتالانه‌كانن. سه‌د ساڵ له‌گه‌ڵ ئیسپانییه‌كان شه‌ڕیان كرد و دواجار له‌گه‌ڵ ئیسپانیا پێكهاتن و یه‌كیان گرت. ئێستا كاتالانه‌كان زۆر به‌خته‌وه‌رن. له‌گه‌ڵ ژۆردی پووژۆلی سه‌ركرده‌ی ئه‌فسانه‌ییاندا چه‌ند سه‌عاتێك قسه‌مان كردووە. له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی باسی ئاشتی كرد. سه‌رۆكیش وه‌ك گشتیان دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر بوو. ئاشتی بۆ هه‌ر دوو گه‌لیش، كامه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ی باوه‌ڕپێنه‌كراوی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. ئه‌وان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیان گه‌یشتن. زمان و فه‌رهه‌نگێك كه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ ئیسپانیا به‌ڵكوو فه‌رهه‌نگی دونیای ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ و گه‌له‌ك مرۆڤی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندووه‌، له‌ نیگاركێشدا كه‌سانی وه‌ك خوان میرۆ، تاپیێس و دالی، له‌ بیناسازیدا هی وه‌ك گاودی، بۆفیل، له‌ مۆسیقاشدا ئالبەنیز، كاسال، كابال و كاره‌راس.

هاوڕێیه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی كاتالان كه‌ دواتر ناسیم، ده‌یگوت ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ ئیسپانیامان دابڕن، ئێمه‌ هه‌مدیس په‌نا بۆ چیا له‌ مێژینه‌كانمان ده‌به‌ینه‌وه‌. خۆزیا زمانی ئێمه‌تان زانیبا و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كاتالان قسه‌تان كردبا، ئه‌وانیش هه‌مان ئه‌و شتانه‌یان پێ ده‌گوتن.

كاتالانیا له‌ سه‌د ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه‌ هه‌رێمی هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ئیسپانیا بووه‌ و ئه‌مڕۆكه‌ش هه‌ر وایە.
یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوڕا نییه‌. هی وا هه‌ن توركیایان خۆش ده‌وێ و هی وا هه‌ن ڕقیان لێیه‌تی. به‌ڵام توركیایه‌كی دیموكرات ده‌توانێ بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا یارمه‌تیده‌ر بێ.

كێشه‌ی كورد ڕووداوێكه‌ هێزی توركیای له‌ دونیادا ڕزاندووه‌. یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌ری له‌وه‌ سووڕماوه‌ كه‌ بیست میلیۆن كه‌س له‌ مافه‌كانیان بێبه‌ش كراون و، توركیا دیموكرات نه‌بووه‌. نازانن چ بكه‌ن. ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاش له‌ دیموكراسی ده‌سله‌مێنه‌وه‌. له‌ وڵاتێكی دیموكرات، نه‌ك گه‌لێكی نزیك بیست میلیۆنی، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت نابێ كه‌سێكیش له‌ مافه‌ مرۆییه‌كانی بێبه‌ش بێ.

گه‌لۆ بۆچی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌حاند هه‌ر شتێك یارمه‌تیی توركیا نادا. سه‌ره‌ته‌قه‌ی لێ ده‌رناكه‌م. ئاخۆ ده‌یانه‌وێ توركیا له‌ دیموكراسی بێبه‌ش بێ. له‌ كاتێكدا دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ر له‌هه‌ر شتێك خوازیاری سه‌قامگیركردنی دیموكراسیی ڕاسته‌قینه‌ له‌ دونیا به‌ گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی بوون. یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ مرۆڤایه‌تی هیوایه‌كی گه‌وره‌ بوو.

ڕادیکاڵ: كه‌ خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی چاندی و هونه‌ریی سه‌رۆك كۆماریتان وه‌رگرت، گوتتان `هه‌ر گه‌لێك كه‌ له‌ ئەنادۆل ده‌ژی ده‌بێ زمانی دایكی به‌كار بێنێ. به‌ زمانی دایكی په‌روه‌رده‌ ببینێ، كتێب بنووسێ و فیلم دروست بكا`. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئه‌مانه‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤن، ئاخۆ داننان به‌م مافانه‌، كێشه‌كه‌ له‌ كۆكه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كا؟

یەشار کەمال: سه‌یركه‌ برام، فیكر و زمانی من یه‌كه‌ و چیم له‌ مێشك دابێ ده‌یهێنمه‌ زمان. له‌م بۆچوونانه‌مدا، ڕه‌نگه‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی مرۆڤه‌ گه‌وره‌كانی سه‌رده‌مدا بم. هه‌رچی بێ، ئه‌م بیر و بۆچوونانه‌، هه‌م بۆ چاخی مه‌ و هه‌م بۆ وڵاته‌كه‌مان ڕاستیی حاشاهه‌ڵنه‌گرن.

هەر لە تافی گەنجێتیمەوە گوتومە دونیا باغچەیەکە بە هەزار گوڵەوە، به‌ڵام دەزانین دونیا باغچەیەکە پڕ لە گوڵی لە ژمار نەهاتوو. هەروەها لە گەنجێتیمەوە بەردەوام گوتومە دونیا باغچەیەکی فەرهەنگییە بە هەزار گوڵەوە. به‌ڵام دەزانین دونیا باغچەیەکی فەرهەنگییە بە گوڵی لە ژمارنەهاتووەوە. ئەگەر لە دونیادا، لە فەرهەنگێک داببڕێین، لە ڕەنگێک، بۆنێک و دەوڵەمەندییەکی دونیا بێبەش دەبین.

بە درێژایی مێژوو، فەرهەنگەکان بەردەوام شانبەشانی یەکتری گەشەیان سەندووە، کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبووە و یەکتریان پتەو کردووە. شارستانییەتەکان و فەرهەنگەکان، تا ڕۆژی ئەمڕۆش، قەت زیانیان بە یەکتری نەگەیاندووە. یەکتریان لەناو نەبردووە.

ئەنادۆڵ خاکێکی فرە فەرهەنگ، فرەزمان و فرەئایین بوو. چونکە ئەنادۆڵ هەم دەریای سپی، هەم میزۆپۆتامیا، هەم قەفقازیا و هەم دەریای ڕەش بوو. فەرهەنگەکانی ئەنادۆڵ، بە درێژایی مێژوو، بەردەوام یەکتریان پتەو کردووە. ئەگەر لە سەردەمی پێش زایینەوە، تەنیا بڕوانینە کەنارەکانی ئیجەی ئەنادۆل، دەبینین چەندە فرەزمان و فرەکولتوور بووە. ئەم فەرهەنگانەن کە فەیلەسووفەکانی میللەت، هۆمێرۆس و دەیان شاکاری دیکەیان ئافراندووە و بوونەتە چاوگە بۆ فەرهەنگی مرۆڤایەتی.

ئەمڕۆکە لە ئەنادۆڵ، گەلەک فەرهەنگ، هەر لە سەردەمی کۆمار بە دواوە، سەرباری هەموو قەدەغە و قەدەغەکارییەکان، هه‌ر چۆنێك بێ ژیاون. لە ئەنادۆڵی فرەکولتوور، فەرهەنگی تورک ویستی تەنیا زمان و فەرهەنگی خۆی بسەپێنێ و سەرجەم زمان و فەرهەنگەکانی قەدەغە کرد. لەگەڵ هەوڵدان بۆ مۆدێڕنیزەکردن، سامانە خۆجێیەکان، ئەو ئاریشانه‌ی سەرچاوە فەرهەنگییەکانیان لەسەر پێ ڕاگرتبوو، ئەنیستیتۆکانی گوند و ماڵەکانی گەل خاپوور کران.

بەمجۆرە زمان و فەرهەنگی تورکیش لاواز بوو. بۆ نموونە، ئازادبوونی فەرهەنگ و زمانی کوردی کە بەردەوام یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئەنادۆڵیان پێکهێناوە، فەرهەنگ و زمانی تورکیشی دەوڵەمەند کردووە. دیارە فەرهەنگی تورکیش، دەوڵەمەندییەک بووە بۆ فەرهەنگی کورد. زمانەکانی چەرکەس، لاز، زمانەکانی دیکەی قەفقازیا، عەڕەبی، سووریانی، ئاشووری هەم یەکتریان ژیاندووە و دەوڵەمەند کردووە، هەمیش سوودیان بۆ زمانی تورکی و کوردی هەبووە. فەرهەنگەکانی ئەمڕۆی ئەنادۆڵ، هەر وەک فەرهەنگەکانی کۆن لەو ناوچەیە کە ببوونە چاوگەی کولتووری مرۆڤایەتی، ئەگەر وەک پێشوو سەرچاوە و ئیلهام نەبووبن بۆ فەرهەنگی مرۆڤایەتی، ئەوا یارمەتییەکی بەرچاویان داوە.

کە نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغە کرا، کوردەکان ناچار مان پەنا بۆ ئەدەبیاتی زارەکی بەرن، ئەفسانە، گۆرانی، شین نامە و چیرۆکی گەورەیان خوڵقاند. هێزی وشەیان لە ئەدەبیاتی زارەکیدا تاقی کردەوە و گەشەیان بە هونەری جادوویی دا. ئەمڕۆکە، تەنانەت زۆر ڕۆشنبیری کورد لەمە بێئاگان. فۆلکلۆرێکی وەها ڕیشەداکوتراو و تۆکمە نەنووسراوەتەوە. ئەمڕۆ لە زانکۆکانی تورکیا، ئەنیستیۆی زمان، فلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردیمان نییە. بە هەموو شێوەیەک سەلمێنراوە کە سەقامگیرکردنی دەوڵەتێکی یەک فەرهەنگی، دژ بە هەر چەشنە دەوڵەمەندییەکی تورکیایە. ئەنادۆڵ، موزاییکی فەرهەنگەکانە. هەم گەورەبوون و هەم دەوڵەمەندبوونی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەمەندیی زمان و فەرهەنگەکانی ئەنادۆڵ. بێبەش هێشتنەوەی تورکیا لەم دەرفەتە گەورانە، وڵاتی خستۆتە دۆخی ئەمڕۆوە و لە لایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتی کردۆتە دێوزمەیەکی سەیر و سەمەرە.

ئاخۆ تورکیا وڵاتێکی دیموکراتە یان دیکتاتۆڕانە بەڕێوە دەچێ؟ ئەوانەی وڵاتیش بەڕێوە دەبەن، سەریان لەم مەسەلەیە دەرناچێ. دەسەڵاتێکی بێ سەرە و بەرە. هەموو شتێک تێکەڵ پێکەڵە. لەم نێوانەدا، کوردەکان لەپێناو زمان و فەرهەنگی خۆیاندا خۆڕاگری دەکەن. دەسەڵاتیش دەڵێ ئێوە داوای سەربەخۆیی دەکەن. دەڵێ ئەگەر ئازادیی زمان و فەرهەنگتان پێ بدەن، ئەوا سەربەخۆیشتان دەوێ. بەمجۆرە چەندین ساڵە بە کرێتی و گەمارییەکی باوەڕپێنەکراو، شەڕێکی بێ واتا درێژەی هەیە.

بە هۆی ئەم شەڕەوە، تورکیا زامی گەورەی بەر جەستەی کەوت. ئەو دەسەڵاتەیش کە پێمان وایە دیموکراتە لە تورکیاش بریندار بوو. نازانێ چ بکا و بچێتە کوێ. لەم نێوەڕاستەدا گیری کردووە.

دیموکراسی وڵامدەرەوەیە. دیموکراسی دەبێ بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێ. سەرجەم دیموکراتە ڕاستەقینەکانیش، جا لە کوێ بێ گرنگ نییە، دەبێ هەرچییەکی لە دەستیان بێ بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری پیادەبوونی دیموکراسین و لەپێناو دیموکراسیدا خەبات دەکەن، درێغی نەکەن.

دەبێ ئەوەش بڵێم من پرەنسیپێکی نەگۆڕم هەیە، بنیادەم بەردەوام گەشبینە. حەزی مرۆڤ بۆ ژیان، شتێکی نەمرە. پێشم وایە مرۆڤەکانی وڵاتەکەم کە لەسەر ئەم خاکە بەشکۆ فەرهەنگییە دەژین، هەر بەم شێوەیە نامێننەوە، ئەم خاکە فەرهەنگییە پڕ پیت و بەرەکەتە سەرلەنوێ دەبووژێتەوە، دواجار بە دیموکراسی ڕاستەقینە دەگەین و لە ڕێگەی خەبات بۆ دیموکراسی لە دونیادا، یارمەتیی گەلانی دیموکراتیی وڵاتەکانی دیکە دەدەین.

ڕادیکاڵ: باسی ئەوەتان کرد 'کوردەکان لەپێناو زمان و فەرهەنگەکەیان خۆڕاگری دەکەن. دەسەڵاتیش دەڵێ ئیللا و بیللا، ئێوە داوای سەربەخۆیی دەکەن.' پێویستە زیاتر لەمبارەوە بدوێین؛ هەندێک پێیان وایە پەروەردە بە زمانی دایک و مافە فەرهەنگییەکان، ڕێگە لەبەردەم جیابوونەوە خۆش دەکەن. ئێوە لەمبارەوە چۆن بیر دەکەنەوە، ئاخۆ بۆی نییە ئەگەرێکی وا وە ڕاست گەڕێ؟ ئەگینا ئەم گوتارە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟

یەشار کەمال: هەموو ئەم قسانەی ئێوە لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە، بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ. هەوڵ و تەقەڵای مرۆڤە دیموکراتەکان و تەنانەت گیان بەخت کردنیان بۆ ئەم مەبەستەیە. لە وڵاتە دیموکراتەکان، ناڵێن ئەم مافە لە دەرەوەی دیموکراسییە. وەک ئێمە مافەکانی گەلێکی بیست میلیۆنی پێشێل ناکەن. ئاخۆ کوردەکان سەرجەم مافەکانی شارۆمەندییان ڕانەپەڕاندووە؟ جگە لەوانەی شاخ، گەلۆ هەر کوردێک ئەرکەکانی شارۆمەندی بەجێ نه‌هێناوه‌؟

ڕێگەی گەیشتن بە دیموکراسی، تەنیا چیاکان نین. مرۆڤ وەک چۆن داگیرکاریی لە ڕەگەوە نەهێشتووە، وەهاش نادادپەروەری لە بنەوە دەسڕێتەوە. بۆ ئەمەش پێویست بەوانەی شاخ ناکا. هەم ئەوانەی شاخ و هەم دەسەڵاتداران دەبێ ئەمە بزانن. ئەگەر ئەمڕۆ وەک سەردەمانی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا بوایە، ئەوروپا دەبووە ناوبژیوان و هەر لە ساڵانی سەرەتادا ئەم شەڕەی لە گۆڕێ نەدەهێشتەوە. ئەگەر بەڕێوەبەرانی تورکیا بە چاوێکی وەها دوژمنانە سەیری کورەکانیان نەکردبا، ئەم شەڕە دیسان لە ساڵانی سەرەتاوە کۆتایی دەهات. چونکە گەلی تورک و گەلی کورد هەزار ساڵە بە شێوەیەکی برایانە شان بە شانی یەکتری دەژین. پاش دەسپێکردنی شەڕ، لە شەڕڤانەکان زیاتر هەڵیانکوتایە سەر گەل. لاپەڕەی ڕەشیان بە مێژووەوە لکاند. وەک بڵێی کوردەکان هەزار ساڵ برا نەبوون، دوژمن بوون، وەک بڵێی ئەوان شەڕی ڕزگاریخوازییان پێکەوە نەکردبێ.

زمانە دایکییەکان، چۆناوچۆن تورکیاپارچە دەکەن، ئاخۆ لازەکان، چەرکەسەکان، ئاشوورییەکان، عەڕەبەکانی ئادانا، مێرسین، هاتای، ئوورفا و سیرت یاخود کوردەکان کە هەزار ساڵە لەگەڵ تورکەکان دەژین، تورکیا پارچە دەکەن؟ ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن گەلۆ دۆستی تورکیان؟

من ئەوەندەی بە بیرم بێ بە هیچ کەسم نەگوتووە خاین بە نیشتیمان، تێنەگەیشتم مرۆڤێک چۆن خیانەت بە نیشتیمانەکەی دەکا. ئەوانەی دەڵێن تورکیا پارچە دەبێ، بۆچی ئەم درۆیانە دەکەن؟ هیچ تێناگەم خەڵک چۆن بڕوا بە درۆکانی ئەوانە دەکا.

بیر لە شتی خراپ خراپیش دەکەمەوە. گوێی شەیتان کەڕ بێ، تۆ بڵێی ئەمانە بۆ شەڕی نێوخۆیی ئەم جیابوونەوەیەیان نەهێنابێتە گۆڕێ. سەریان دای لە بەرد. ئەوان هەزار ساڵە لە ناو ئافاتدا ژیاون، لەبەرامبەر ئافاتەکاندا لە برایەتی دانەبڕاون. لەمەوبەدواش هیچ هێزێک لە یەکتریان دانابڕێ.

بەسە بەسە بەسە ڕۆڵە گەنجەکانمان لە دەست دەچن.

کوردەکان چ ویست و داخوازییەکیان هەیە، کەم کەس هەیە ئەو پرسیارە بکا. لە کاتێکدا ئەمە شادەماری مەسەلەکەیە و کەم کەس هەیە خۆی لێ بدا. هیچکەس لە ماوەی ئەم هەشتا ساڵەدا، بە گوێرەی پێویست هەڵوەستەی لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە. هەڵدەستن و دادەنیشن دەڵێن جیاخوازی. کوردەکان جیاخوازییان گەرەک نییە. لە ویست و داخوازییەکانیان ڕا دیارە کە نایانەوێ جیا ببنەوە. هەمووان دەزانن کوردەکان چییان گەرەکە. دەزانن بەڵام دەڵێن ئەگەر داخوازییەکانیان بەدی بێنین، داوای جیابوونەوەمان لێدەکەن. دەزانن ئەمە درۆیە. لەپێناو ئەم درۆیانەدا، ئەم هەموو ساڵە شەڕ کرا و لەم پێناوەدا هەمدیس ڕۆڵەکان ڕەوانەی مەرگ کران. کێ لە وڵاتەکەمان دەتوانێ بۆ دایکانی شەهید، بۆ باوک، برا، خزم و کەس و کارەکانیان هۆکارەکانی ئەمە باس بکا، کێ، کێ.

ئه‌ی ئابووری و هەژاری لە وڵاتەکەمان. چی بەسەر ئەو خاکە پڕ پیت و بەرەکەتانەی ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵ هات، با پسپۆڕەکان لەمبارەوە لێکۆڵینەوە بکەن، بزانن چییان بۆ دەردەکەوێ. با بزانن ئاخۆ ئاژەڵداری هەر برەوی هەیە. مرۆڤەکان بە نرخی گیانیان پەنایان بۆ قاچاغچێتی بردووە. لەکاتێکدا ئەم خاکە، مەکۆی شارستانییەت بوو. شارستانییەتە گەورەکان بەردەوام لە خاکە بە پیتەکاندا گەشەیان سەندووە. ئێستا ئەم خاکانە مردوون. ئەم شەڕە گەلانی ئێمەی پەرێشان کردووە.

ئەی جەردەوانەکان. ئاخۆ لەم چاخەدا، دەوڵەتێکی دیكه‌ی هاوشێوەی ئەم دەوڵەتە پێویسته‌، ئاخۆ دەتوانێ لە ژێر باری ئەم شورەییەدا سەری خۆی بەرز بکاتەوە؟ ئەم دەوڵەتە، دەوڵەتی ئەم گەلە بە شەڕەفەشە. دەوڵەتێك نابێ جاشی هه‌بێ. ئه‌وانه‌ی مناڵەکان، گەنجەکان، ژنەکان و بەساڵاچووەکان ده‌كوژن، ده‌ڵێن 'ئه‌گه‌ر پێ نه‌زانرابا دەمانگوت پەکەکە ئەوانی کوشتووە.' بەشێک لەوانیش جەردەوان بوون. هەر کەسێ دەبێ با ببێ، ئاخۆ دەتوانی لە ژێر ئەم بارە قورسەدا شانت بەرز بکەیتەوە؟ لەبەرامبەر ئەم ئیشە سەیرەدا هەموومان بێدەنگ بووین. کێ ئێمەی بێدەنگ کرد؟

ڕادیکاڵ: ئاخۆ کوردەکان ئەو ئەرکەی لەپێناو ئاشتیدا بکەوێتە سەر شانیان، بە جێی دێنن؟

یەشار کەمال: کوردەکان بە درێژایی ئەو ساڵانە چییان ویست و ئێستا چییان گەرەکە؟ ئەگەر ئەم دەرفەتەش لە کیس بدەین، کوردەکان چ دەکەن؟ ئەگەر چینی ڕۆشنبیری تورکیا و دونیا پێشیان پێ نەگرن، چ دەکەن؟ نازانرێ لەمڕۆ بەدواوە چ دەکەن. باشە ئەگەر پەکەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گۆڕی نەمێنێ، چ دەکەن، لە ئێستاوە زەحمەتە بزانی بە گوێڕەی کات و سەردەم چ دەکەن.

لێرە بەدواوەی با له‌ نیشتیمانپەروەرانی لایەنگری شەڕ بپرسین، لایەنگرانی شەڕ هەموو شتێک لە هەموو کەس باشتر دەزانن، تا ئەو شوێنەی بەرژەوەندی خۆیان بر دەکا. دژ بە هەموو شتێکن تا ئەو کاتەی بەرژەوەندی خۆیان لە برەودا دەبێ. کوردەکان پێشتر لە لۆزان هاواریان کردووە کە 'ئێمە کەمینە نین'، لە هەشتا ساڵ لەمەوپێشیشەوە هەروا دووپاتی دەکەنەوە و دەڵێن ئێمە کەمینە نین بەڵام دەسەڵاتداران گوێیان لەم هاوارانە نەبووە. ئێستاش گوێیان لێ نابێ. لەکاتێکدا دونیا گۆڕاوە، لە زۆر وڵات تەنانەت کەمینەکانیش بە سەرجەم مافە مرۆییەکانی خۆیان گەیشتوون.

ئه‌م ڕۆژانه‌ كورده‌كان زیاتر له‌ جاران هاوار ده‌كه‌ن. ئێمه‌ كه‌مینه‌ نین. هه‌ر شتێك بين، ئه‌م وڵاته‌ پارچه‌ نابێ. باجه‌كه‌ی چی ده‌بێ با ببێ، له‌تی ناكه‌ین.

کەسێک نەیەوێ ببیسێ، گوێی لەمەش نەبووە و نابێ. من لەچاو ئێوە خۆشبینم، بەردەوام گوتومە نووسەرێکی گەشبینم. هەر ئەمنیش گوتومە بنیادەم لە بێ هیوایی هیوا دەخوڵقێنێ. متمانەم بە مرۆڤەکانی وڵاتەکەشم هەیە. شانبەشانی دونیا، ئەوانیش دەگۆڕدرێن.

 


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە