yalmaz_gona.jpg

یەڵماز گۆنا، باوکی سینەمای کوردی

ئەمڕۆ (36) سى و شه‌‌ش ساڵ بەسەر کۆچى دوایى یەڵماز گۆنا ئەکتەر و دەرھێنەر و نووسەری کوردتێدەپەڕێت، پاش چەند ساڵێک ژیان لە دورە وڵات سەرئەنجام لە  ڕۆژی یەکشەممە 9/9/1984 لە تەمەنى (47) ساڵى بە نەخۆشى شێرپەنجە لە پاریس کۆچى دوایى کردووە.

گۆناى لە 1/4/1937 گوندی (قنجە)ی شارى ئەدەنەى باکورى کوردستان لە دایکبووە  و ئەکتەر و دەرھێنەر و نووسەرێکی بەناوبانگی  کورد بووه‌‌ و بە باوکی سینەمای کوردی دائەنرێت، نازناوی (گۆنای) هەڵبژاردووە بۆ خۆی کە واتاکەی (هەژار) دەگەیەنێ.

لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ خوێندنی یاسا و ئابوری تەواوکردووە، لە تەمەنی 21 ساڵی دەستی کرد بە کاری سینەما کردووە، له‌کۆتایی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه‌ چۆته‌ نێو دنیای ئه‌ده‌ب و سه‌ره‌تا به‌شیعر و چیرۆک ده‌ستی پێکردووه‌.

لە ساڵی 1958 لە ئەستەنبۆڵ دوو گۆڤاری بە ناوەکانی (یوران و دوروک)ەوە دەرکردوە، لە ساڵی 1961 بۆ (18) مانگ زیندانی کرا لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕۆمانێکی (کۆمۆنیستانە).

 له‌‌ ساڵى 1961 یەکەم چیرۆکی خۆی  بەناوی (گەردنە لێک ئاڵاوەکان)ەوە نووسیوە و لە ساڵی 1965دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی فیلم.

پاش ئەوەی لە زیندان رایکردووە رووی کردۆتە وڵاتی فەڕەنسا، به‌هۆی باشی فیلمه‌کانییه‌وه‌ (17) حەڤدە خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌، دیاترینیان خه‌ڵاتی فیستڤاڵی کان بوو بۆ فیلمی (رێگا) له‌ ساڵی 1982.

فیلمه‌کانی ده‌بڕی ئازارو مه‌ینه‌ته‌ییه‌کانی گه‌له‌که‌ی بووه‌، کۆی فیلمەکانی یەلماز گۆنای دەگاتە 119 فیلم.. بە دەرهێنان و سیناریۆ و نواندنیشەوە، لەوانە: (ڕووباری سوور، بەرخە ڕەشەکە، بکوژە قوربانییە، شای شاکان، سەید خان، گورگە برسییەکان، پیاوێگى ناشیرین، ڕانەکە، ژانە بینراوەکان، سبەینێ دوا ڕۆژە، باوک، ڕێگا، ئەسپ ژن سیلاح، فیشەک کارم تێناکا، ناوم کەریمە، پیرە نوری، سەید خان، گورگە برسیەکان، هیوا، هەدەفی زیندوو، عوسمان پیادە، عیبرەت، قاچاخەکان، بێ هیواکان، بکوژەکان، سبەی دوا ڕۆژە ، ئازار، شیوەن، هاوڕێ، ئەندێشە، داماوەکان، دیوار و .... هتد)

بەر لە کۆچى دوایى کردنى وەسییەتنامەیەکی نووسی و جەستەی خۆی سپاردە (کۆمەڵەی کوردی)ی لە پاریس بۆ ئەوەی ئەوان مامەڵەى پێوە بکەن.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە