Yalmaz.jpg

یەڵماز گوینەی وەك نووسەر

بەكر شوانی

یڵماز گوینەی (1937 - 1984) زیاتر وەك ئەكتەر و دەرهێنەر ناسراوە، بەڵام ئەو هاوكات ئەسپی خۆی لە بواری نووسینیشدا تاو داوە و كۆمەڵێك ڕۆمان و سیناریۆی نووسیوە. گوینەی ساڵی 1971 یەكەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی (ئەوان بەسەرشۆڕی مردن) بڵاو دەكاتەوە و ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٧٢ خەڵاتی یەكەم خوولی "خەڵاتی ئۆرهان كەمال بۆ ڕۆمان" وەردەگرێت و ئەوە دەبێت بە یەكەم و دوایین خەڵات كە گوینەی لە بواری ئەدەب و نووسیندا وەری دەگرێت. ڕۆمانەكە لە هەمان ساڵدا سەرلەنوێ چاپ دەكرێتەوە و وێنەی هاوپێچ بەرگی یەكەمی ئەو چاپەیە. وەشانخانەی "ئیتهاكی" سەرەتای ساڵی 2017 هەمان ڕۆمانی لە چاپێكی نوێدا خستەوە بەردەستی خوێنەرانی توركیزمان.

یڵماز گوینەی لەسەر بەرگی پشتەوەی چاپە كۆنەكانی ڕۆمانی "ئەوان بەسەرشۆڕی مردن" دەنووسێت:

"ساڵی 1956 بە بیانووی ئەوەی لە وتارێكمدا 'پروپاگەندەی كۆمونیزیمی'م كردووە، برامە بەردەم داواكاری گشتی و دواتر لەسەر ئەو وتارە سزای ساڵ و نیوێك زیندانیكردن و شەش مانگ دوورخستنەوە و بێبەشكردنم لە مافە گشتییەكانم بە درێژایی تەمەن بەسەردا سەپێندرا. من، لە واتا زانستییەكەیدا هیچ زانیارییەكی شایەن بە باسم دەربارەی كۆمونیزم نەبوو. هەوڵم دا ڕەوشی خۆم بە ڕوونترین شێوە بۆ داواكاری گشتی ڕوون بكەمەوە. گوتم كەسێك تاكە یەك كتێبی ماركس و ئەنگلس و لێنین و ڕابەرانی تری شۆڕشی نەخوێندبێتەوە، چۆن دەبێت بە 'كۆمونیست'؟ ئەو گوتی: 'ئێمە دەزانین ئێوە چین و دەبن بە چی.' ڕۆمانی 'ئەوان بەسەرشۆڕی مردن' بەرهەمی كاری شەو و ڕۆژی شازدە مانگی سەر قەرەوێڵەیەكی تەنیشت دیوارێكی شێداری قوڵترین گۆشەی قاوشی سیاسییانی گرتووخانەی نەوشەهیرە. مێزێكی بچووكم هەبوو كە هیچ كاتێك لەسەر قەرەوێڵەكەم نەمهێنایە خوارەوە و لە كاتی نووستندا دەمخستە ژێر پێیەكانمەوە. زۆربەی كات بەخەیاڵ ئەو مرۆڤانەم دەبینی كە دەربارەیان دەمنووسی و بەردەوام لە هزرمدا لەگەڵیان دەژیام. پاش ئەوەی لە 23ی حوزەیران لە تاراوگە گەڕامەوە، بەدوای هەلێكدا گەڕام بۆ بڵاوكردنەوەی ڕۆمانەكەم لە ڕۆژنامەیەكدا، بەڵام سەركەوتوو نەبووم. ساڵی 1966هاوڕێیەك ویستی چاپی بكات. ئەو سەردەمە ئەكتەرێكی سینەمایی بەناوبانگ و درەوشاوە بووم و ناوم 'چیركین قرال – پاشای دزێو' بوو."


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە