Dwlbary_mn.jpg

بنووسە، پیری دڵم...

باوان

دولبەرم، دوای رۆژێکی دوورو درێژ وا دانیشتووم ووشەکانم بژار دەکەم، کامیان ناسکە و کامیان لەسەر زووبان شیرینە، کامیان زیاتر دڵی گەرمکردومەتەوە، ئەمشەو بژاریان دەکەم و داڵغەی تۆمە..کامیان شایەنیی بوون، ئەویان هەڵدەبژێرم و وەک وردە سەربازی گوێڕایەڵ مەدالیایەکی مۆر دەخەمە سەر سنگیان و دەینێرمە خزمەتت، دەینێرمە خزمەتت تا چیت بوێ ببن بەوە، ببنە شنەی فێنکی دەروون یان باوەشی گەرم، ببنە ملوانکە، ماچ، تەوقەی پرچت یان بریسکەی چاوەکانت.. ئەمشەو ووشەکانم دەنێرم وەک گەردی ئەستێرە لەسەر جوانیت پەرش بدەن، دولبەرم ئەمشەو یەک یەکی پیتەکان شەیداتن.. هێزێك تەنیوەتە دەست و پەنجەم، نازانم گوڵت بۆ بێنم یان بۆت بنووسم؟

زوو ڕۆشتیت و دەرفەتی ئەوەت نەدام یادەوەرییەکانی خۆمت بۆ باسبکەم، بۆت باسبکەم کە رۆژگارێکە خۆم لەبەردەم ماڵێکی کۆندا دەبینمەوە، بێ ئەوەی ئاگادار بم پێیەکانم بەرەو ئیسکانم دەبەن، لەبەردەم دار هەنارێکدا ڕادەوەستم هەستەکانی منداڵیم بە جارێك تەوژم دەهێنن. یادەوەری هەڵماتێنی کۆڵان و تۆپ تۆپێنی نێو قوڕاوی حاوییەکە... هەر ئەو کات بوو یەکەم وانەی خۆشەویستیم لە ژیاندا وەرگرت، بۆ یەکەمجار کە زانیم نەبوونی خۆشەویستی مرۆڤ دەخاتە چ دۆزەخێکەوە. ئەو چەند رۆژە دایکم لە باوکم تۆرابوو و ماڵەکەی بە جێهێشت.. دولبەرم، هەتیویم بە چاوەکانی خۆم بینی و زانیم بێ دایکی چ ئازارێکە، لەو منداڵییەدا من زوو گەورە بووم، زۆر زوو ئازارم چەشت. باوکم دڵی دایەی ئێشاند و دایە ماڵەوەی بەجێهێشت، بڕوا بکە هەرچەند باوکم خۆی توند و پیاوانە دەردەخست بەس هەستم پێدەکرد چەند پەشیمانە، چۆن شەوان بەدەم گریانەوە خەوی لێناکەوێت و تا بەیانی لە جێگەکەیدا دەخولێتەوە... بەیانیان جلی بۆ جیا دەکردینەوە و بیجامەی زناری دەدایە من و بلوسی منی لەبەری نەی دەکرد، دەمبینی چۆن دەناڵێنێ و لە ڕووی نایە هاوار بکات، دەمبینی باوکە چۆن ئازارەکانی خۆی دڵۆپ دڵۆپ وەك پەرداخە بیرەکەی هەڵدەدات و دەیخواتەوە.

دایکی ڕامەی برادەرم دەهات و دەیگووت" بۆ وا بێتاقەتی؟ چ بووە باوانم؟ دایکت نابینم؟" دەمزانی دایکی ڕامە هەست بە بێتاقەتییە منداڵانەیەم دەکات و منیش هەوڵم دەدا وەك باوکم پیاوانە بم و نیشانی نەدەم هیچ بووە، دەمگووت "نەنکم نەخۆشە، ماوەیە دایکم ئاگای لێ دەبێت و یەك دوو ڕۆژی دیکە دەگەڕێتەوە"، دولبەرم پیاوەتی ئێمە بە بەرگەگرتنی دڵشکانەوە وابەستەیە، چەند دڵمان بشکێ و هیچ نەڵێین پیاوترین، چەند ئازار لولمان بدات و فززە نەکەین ئازاترین.. چەند پێوەرێکی دڵرەقانەیە.

دایکی من گەڕایەوە ماڵەوە و هەموو برینەکانی ساڕێژکرد و تەنها یادەوەرییەکی تاڵ مایەوە لە دەروونمدا، بەداخەوە ڕامەی برادەرم هێندەی من خۆشبەخت نەبوو و دایکی زۆر زوو ماڵئاوایی لە دونیاکرد، ڕامەی بەستەزمانیش لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی وادا ژیری بەرگەی نەگرت و هۆشی لەدەستدا و لەو ساڵەوە شێت بوو... ئەوکات پێش ئەوەی بتناسم و کاتێک لەگەڵ وەستا کارم دەکرد ئێواران سەردانیم دەکرد و ساردی فانتام بۆ دەکڕی.

هەرچیم پەیدا کرد تا بیدەم بە ماڵە سادەکەمان لە سایەی کارکردنەوە بوو لەگەڵ وەستادا. وەستا، پیاوێکی تەمەن کەمێک هەڵکەوتووی ڕۆژهەڵاتی بوو، هەرگیز بێ جگەرە نەمدیبوو. تەنانەت لە کاتی چا خواردنەوەشدا لێوەکانی دەرنەدەکەوتن لەبەر سمێڵە زلەکەی. هەرکە پێکەوە کارمان دەکرد گۆرانی دەگووت و بلۆکی لە تەنیشت بلۆک دادەنا.. هەرکە دادەنیشت، نتقی لەخۆی دەبڕی و جگەرەی دەکێشا..

وەستا تاکە کەس بوو لە دڵ پڕیمدا گوێی بۆ ڕادەدێرام، کە بێزار بوومایە جگەرەی دەدامێ.. دەیگووت "گوێی مەدەرێ کاکە، هەرچی بێ ژیان هەر کۆتایی دێ"... دڵنەواییەکەی وەستا هیچ نەبوون جگە لەوەی کە ناڕاستەوخۆی پێی دەگووتم لالۆ دەبێت ئەو سەگوسەگبابیە ڕاکێشی تا دەتۆپیت.. تێیدەگەیشتم... بەیانی تا ئێوارە کارمان دەکرد، شەممە تا پێنجشەممە بلۆکمان دادەنا.. هەینی دەچووینە چایخانەی مەستان و ماملێ گۆرانی بۆ دەگووتین، هەموویان بە برا بانگیان دەکردم و چام دەخواردەوە و جگەرەم دەکێشا.. تەمەنم بیست و چوار ساڵان بوو، ئەوکات هێشتا شەوان نەدەهاتمە دیدەنیت و هێشتا نەتدەناسیم تا بمکەیتە ئەستێرەی خۆت و گوێ بۆ چیرۆکەکانم ڕادێری.

نازانم بۆ تۆ، بەڵام من هەرگیز لە هەژاری تێنەگەیشتم، وەستا ڕۆشتەوە بۆ ئێران و منیش هەموو عەسرانی هاوینی دوو هەزار و چواردە لە خەبات لە ژێر دار سنەوبەرێکی حیزدا چاوەڕێ بووم یەکێ بێت و بڵێ دە هەزار دینارت پێ دەدەم بلۆکم بۆ بگوازەرەوە، کرێکاریم بۆ بکە یان دیوارێکم بۆ بڕووخێنە... سەیرم لێدەهات لەو کاتانەدا من دەبووایە جوڵەی خۆم لەگەڵ جوڵەی خۆر و زەوی ڕێکبخەم و کەم کەم بەدوای سێبەری دارە ووشک هەڵاتووەکان بڕۆم تا گەرما هێزم لێ زەوت نەکات، هێندەی دەروێشێك لەگەل جوڵەی فەلەکدا هەماهەنگ بووم، بڕوام پێبکە بێزار بووم لەوەی هێندە کات لە تەماشا کردنی ئوتومبێلی خەڵکیدا بەسەر بەرم و سەرم ڕاست و چەپ بکات و چاوەکانم لەگەڵ هەموو تایەیەکدا بخولێنەوە و لەبەر خۆوە ئایەتی (ئیننەڵاهە هوەلرەزاق زولقوەتی المەتین) بڵێمەوە.. دەمتوانی هەموو ئەو کاتانە لەگەل تۆ بەسەر بەرم و لەدەستم چوون.

دڵنیام لەو دنیاش بیرت ماوە و پێدەکەنیت کاتێك بیر لەو ڕۆژە دەکەیتەوە کە هەردوو قۆڵ لە قۆڵی یەک پێمان نایە مۆڵێکی گەورەی فێنکەوە، کام عەرەبانەیەی لە گشتی گەورەتر بوو نامە ژێر دەستەکانم و تۆش بەدەم پێکەنینە گەورەکانتەوە قۆڵت توند گرتبووم (چەندت بیر دەکەم)، پاڵم دەنایە عەرەبانەی دەستم و دەمهاژوو بە نێو ڕەفە هەزار ڕەنگییەکان. نازانم بیرم نایە ئەو بازاڕە کەسی تری تێدا بووبێت، هەر من و تۆ بووین.. قاقا پێدەکەنین و گاڵتەمان بە خۆمان دەکرد، هەرچی ڕەنگەکەی زەق و سەرنجڕاکێش بووایە فڕێمان دەدایە عەرەبانەکەوە، چوار قووتو دۆشاو هەریەک لە جۆرێ، شامپۆی بانیۆ و نەعلی نێو ماڵ، بۆنی نێو چا و (هەموو نەهامەتییەکانی خۆمان)... هەرچی دڵمان بیبردایە فڕێمان دەدایە نێوی، جار جار دەوەستام و سەیری کاتی بەسەرچوونی شەربەتێکم دەکرد.. لەپڕ وەک مناڵ ڕات دەکێشام و چیرۆکی ئەو کاتەت بۆ دەگێڕامەوە کە جارێکیان شەش پارچە نەستەلەی بە فستقت خواردبوو و دواتر خەوت لێکەوتبوو، ناچار بوون کاتژمێر دووی بەیانی بتبەن بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی گەدەت بۆ بشۆن..

بانگت دەکردم " پیاوەکە، وەرە سەیری ئەو پەنیرە کە ناشرینە، لە سابوونەکەی ماڵی خونچە ئەچێت، ئەها ئەوەی کە هەموو جارێ تووکەکانی دەستی حاجی پێوە بەجێ ئەمێنێ ".

هێندە کاڵای نا بەجێ و زیادەمان هەڵگرتبوو کە وات هەست دەکرد پاڵ بە بەردێکەوە دەنێیت نەك عەرەبانە، بەڵام دڵمان خۆش بوو.. دڵخۆش پێدەکەنین و لە نێو زیندە خەونەکانی خۆمان وون ببووین، گوێمان لێ نەبوو ژیان چۆنە، ڕاستیی شتێکی جیاوازترە یان نا، ئێمە پاڵمان بە عەرەبانەکەی خۆمانەوە دەنا و گاڵتەمان بە پەنیرەکان دەکرد... لای ڕەفەیەک دەبوومە شارەزای هەنگووین و دەمگووت

 " ئەزانی ئەم قووتووە هەنگوینانە هیچی ئەصڵی نین، زۆربەیان لە مەنتیقە سەناعییەکە درووست ئەکرێن، واکسی تیایە!"

و لای دانەیەکی دیکە دەمگووت " باشە سەد جۆری چا بە چی دەفرۆشرێت، ئاخر کێ ئەوەنە تاقەتی هەیە ئەم هەمووە تاقی بکاتەوە؟".

دەزانم، دەزانم.. ڕۆژەکەی ئەو هاوینەمان هێند ڕەنگاو ڕەنگ نەبوو، دواجار دەبوو کۆتایی بێت. هەردووکمان باش دەمانزانی کە ئەمە یارییەکی منداڵانەیە، دڵخۆشییەکی بەریئانەیە و خەونێکە بەو ژیانەی کە هێشتا ناتوانین بژیین. عەرەبانەکەی دەستم قورس قورس و هەستم پێدەکرد ئارەقی ساردی بێ ئومێدی بە پشتمدا دێتە خوارەوە، گومانم لە پیاوەتی خۆم بەخەبەری هێنامەوە لەو خەونە منداڵانەیەم...دەنگی ناخۆشی هەژاری پێی دەگووتم " پارەی ئەم هەموو شتەت لە کوێ بوو؟ "

زلەیەکی قاییمی سەرمایەداری دای لە پەنا گوێم و کاسی کردم، دولبەرم پێکەنینەکانت ڕایانگرتم دەنا من ئەژنۆم شکابوو... گیانێکمان بەوە بوو کە ئێمە دوو گیانین بەڵام دەڵێیت بۆ یەك کراس دووراوین، لێم تێگەیشتیت و زانیت کە تەواو، کە کاتی یارییەکەمان کۆتایی هات و دەبێت بچینە شوێنێکی تر پێبکەنینەکانمان تەواو بکەین.

" پیاوەکە، عەرەبانەکە لە شوێنی دائەنێین و بێدەنگ خۆمان کەمێ مەشغوڵ ئەکەین و یەینە دەرەوە."

دەستت دابووە پسکیتێکی مۆر (تۆ هەمیشە حەزت لە ڕەنگی مۆر بووە)، " هەر ئەم پسکیتە ئەبەین!".

"ئەیبەین" نازانم ئەو ساتەی ئەو ووشەیە لە گەرووم هاتە دەر هەستم بە چی دەکرد. بەڵام دەزانم خۆشترین پسکیت بوو لە ژیانمدا خواردبێتم.

هاوینان بیرخەرەوەیەکی گەلێک بە ئازارە بۆ من، زۆرینەی نەهامەتی و ناخۆشییەکانم لە هاویندا بوون، تەنانەت ڕۆشتنی تۆش دولبەرم لە تەمووزدا بوو... هەموو ئەو شتانەی لە هاویندا فێریان بووم یان حەزم لێیان کردووە هەمیشە چیرۆکێکی ناخۆش و بە ئازارییان لە پشتەوە بوون.

 ژیان هەرگیز ئاسان نەبووە هەمیشە دڵشکانێکی لە هەگبەدا بووە بۆ مە... بۆ نمونە دەزانیت من کەی شەیدای گۆرانییەکانی عەدنان کەریم بووم؟ ئەو کات تەمەنم هەر حەڤدە ساڵان دەبوو، لە نانەوایەك کارم دەکرد و هەموو ڕۆژێک لە چواری بەیانی هەڵدەستام و کوورەم گەرم دەکرد، ئاگرم تاو دەدا و جەهەنمم خۆش دەکرد... ڕێبین بە دیار چرایەکی کزەوە هەویری دەشێلا و هەندێجار سوێن دەخۆم لە داخاندا بۆکسی لە هەویرەکە دەچەقاند و لەبەر خۆیەوە دەیگووت " سەگباب.. بۆچی ژنم بۆناهێنی... خۆ خۆم پارەکەی ئەدەم و تۆ نایدەیت... سەگباب" هەویری بەردەدایە بۆکس و لە دوای تەواو بوون بۆی دەنووست تا خۆر هەڵدەهات... کوورە گەرم دەبوو وەستا دەکەوتە چەپڵە لێدان و هەویری بەردەدایە زلە و کوتە، دەنگی ئاگر و چەپڵەکانی وەستام هەزار ئاوازی دەهاوییە مێشکمەوە، شەپۆلەکانی ئێستایش بە گوێمدا دێنەوە... ڕێبێن ڕادیۆیەکی هەبوون وهەمیشە لەبن باخەڵی بوو، نیوەڕوان دەیکردە سەر گۆرانی و دڵی هەموو موووشتەرییەکانیشی خۆش دەکرد، ئایی ڕێبین! دولبەر دەزانیت ڕێبین دواتر خۆی و کچ و ژنەکەی ویستیان کۆچ بکەن بۆ هەندەران و لە ئیجەدا کچ و ژنەکەی خنکان...

دوای ٦ ساڵ شەوێك لە بەردەم باخی گشتیدا ڕێبینم بینییەوە، چای دەخواردەوە و گوێی بۆ گۆرانییەکی عەدنان کەریم گرتبوو.. جگەرەی دەکێشا و باسی مردنی کچەکەی بۆ دەکردم

" سەرەتا سییەکانی پڕ بوون لە ئاو، قورس، هیلاک، تەڕ، مردوو... ئاو لە هەناوییا، لە خوێنیدا، لە دەمارەکانیدا ئەهاتن و ئەچوون، دەمارەکانی لیزای کچم ئاوساون، ئاو لە ژێر پێستیا، لە ناو گۆشت و ئێسکیشی خووساو، دوو چاوی دەرپەریوو و تۆقیو، پڕن لە ئاو، دەمێک کراوە و هاوارێکی قەتیس، ئەو ڕوومەتەی هەزاران جار پێکەنیوە و چەندین جاریش بە فرمێسک تەڕ بووە ئەوەتا وا ماسی گازی لێدەگرێ، ئەو پێستە نەرمە ورد ورد ئەڕزێتە دەریاکەوە و پڕچی بە نەخشێكی زۆر جوان بە هەموو لایەکی دەریاکە بڵاو بۆتەوە، ئاو لە لووت و گوێ و دەمەوە دەخزانە کاسەی سەرییەوە، مێشکی دەخوسێنن.. هەزاران یادەوەری دڵۆپ دڵۆپ تێکەڵی دەرییا دەبێت، هەزاران بۆن و دەنگ و وێنە و گۆرانی و ماچ و باوەش تێکەڵ بە ئاو دەبن.. ئەوەتا یەکەم ماچ بەدەم ماسییەکەوە، ئەوەتا یەکەم یادەوەری لێخوڕینی پاسکیل سەر ئاو کەوتووە.. بوو بە ئاو، بوو بە دەریا، چ بە ئازارە ببیت بە ئاو..."

فرمێسك لە چاوەکانیدا دەبریسکانەوە و لەبەر خۆوە گۆرانییەکەی دەگووتەوە.. "دەرگەکەتم لێ بکەوە.. ئەم شەو هاتووم... بۆ چنینی چەپکە نێرگزێکی چاوت" و ڕێبین دەگریا.. لەو ساتەوە من عەدنان کەریمم خۆش دەوێت.

دولبەرم تۆش دوو ساڵ دەبێت ڕۆشتوویت کەچی هێشتا عەسران دەچمە سەر ئەو دیوارەی قەڵا کە نزیکی گۆڕستانەکەیە، ئەم عەسرەش لەوێ دانیشتم و سەیری دوونیام دەکرد، ئەو هەموو جوڵانەوەیە، ئەو هەموو جەنجاڵییە بە شەوارەت دەخەن.. بیرم لەوە دەکردەوە گەر بمایتایە ئێستا چیت دەکرد؟ گوێت لە مەهەستی دەگرت؟ داوای چیرۆکت لێدەکردم؟ کتێبێکت دەخوێندەوە؟ لەبەر ئاوێنە سەیری خۆت دەکرد؟ دەزانی رەنگی وەنەوشەییت زۆر لێ دەهات ئەو ساتانەی دڵتخۆش بوو

وەک بایەکی پاییزە دەنگت دەزرنگایەوە لە گوێمدا و لێم توڕە دەبوویت

 "کورە!! بەم سەرمایە تۆ شێتی؟ لەم وێرانە قەڵایە چی ئەکەیت؟"

دواتر، تاریک داهات من وڕێنەکانم کۆ کردەوە و هەر بە پێکەنینەوە وەک بڵێن سەرم لێ تێکچووە، بە کۆڵانە کۆنەکان هاتمەوە، ملپێچەکەم توند کردەوە و کەوتمەوە ڕێ بۆ ماڵەکەمان.. هێدفۆنەکەم کردە گوێم و گۆرانییەکی عەدنان کەریمم خستە سەر، دنیا تاریک بووبوو و ڕەشابەکەش توندتر، کەمێک لەسەر کورسییەکی سەر جادەکە دانیشتم و هەمدیس بە چرپەوە پێت گووتم.

"کورە! بەم تاریکاییە چی ئەکەیت لێرە، ئاخر خوا سەری لێ تێکداوی؟، تۆ تەواو نیت، وەرەوە ماڵەوە خواردنم بۆ کردوویت." هەستم دەکرد لە تەنیشتمەوە بیت.

هاتمەوە بۆ ماڵەوە و چۆڵ و بێدەنگ، سارد و بێ ناز... تۆی لێ نیت و وەك هەموو ڕۆژەکانی دیکە خۆم و قەڵەم و کاغەزەکان.. دەنووسم 'بیرت دەکەم، دەزانیت؟ دەزانی چەند بیرتدەکەم؟'.


ئەم بابەتە 172 جار خوێندراوەتەوە