Didar.jpg

وێنە هەموو شتێکە: دیدارێک لەگەڵ ئەلیخاندرۆ زامبرا

دەیلی بیست - و. لە ئینگلیزییەوە ژوان جەلال


تۆ دەبێت ئەلیخاندرۆ زامبرا بخوێنیتەوە، یەکێک لە نووسەرە گەنجە هەرەگەرموگوڕەکانی ئەمریکای لاتین. ئەو سەبارەت بە چۆنێتی نووسین و هۆکاری کورتیی کتێبەکانی و کردنی کارەکەی بە فیلم، قسە بۆ خوان ڤیداڵ دەکات.

ئەلیخاندرۆ زامبرا دەنووسێت "خوانی ئازیز، هەموو شتێک باش دێتە بەرگوێ. دەتوانم بە ئینگلیزییە لاوازەکەم وەڵام بدەمەوە. بێگومان پێم باشترە بە ئیسپانی بنووسم و باسی خۆم بکەم، بەڵام بەڵێن بێت باشترین هەوڵی خۆم بدەم. ڕەنگە تۆ بتوانیت باقییەکەی وەربگێڕیت؟ من ئێستا دەڕۆم بۆ چیلی و دەتوانین دوای پێنج ڕۆژی تر قسە بکەین."

لە چەند دەیەی ڕابردوودا، چیلی هەندێک لە باشترین و شازترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی بۆ جیهان بەرهەم هێناوە. هەر لە چیرۆکە بریندارکەرەکانی ئیزابێل ئەلەندە و ڕۆبێرتۆ بۆلانۆوە تا شیعرە بەهێزەکانی پابلۆ نیرۆدا، نەتەوەی چیلی مۆرکێکی بۆ خۆی دروست کردووە کە ناسڕدرێتەوە. ئەلیخاندرۆ زامبرا، بە یەکێک لە باشترین ڕۆماننووسە گەنجەکانی گرانتا بە زمانی ئیسپانی هەڵبژێردراوە، هەر هێندە نییە ئیزافەی خستبێتە سەر میراتییە هەمەچەشنەکەی، بەڵکوو ئەو ڕابەریی نەوەیەک دەکات.

لەگەڵ سێ ڕۆمانیدا کە تا ئەمڕۆ چاپ کراون و وەرگێڕدراون بۆ ئینگلیزی، زامبرا بووەتە سەرچاوەی شانازی بۆ چیلی و شوێنەکەی لە جیهانی نامەدا. ئەو لە لایەن جونۆت دیاز و دانیێل ئالارکۆنەوە ڕێزی لێ نراوە. بەناوبانگترین ڕۆمانی ((بۆنسای))، براوەی ٢٠٠٦ی خەڵاتی ڕەخنەگرانی چیلی بووە و شۆرتلیستی ٢٠٠٩ی خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراو بووە. ئۆهـ، لە ٢٠١١شدا نووسەر و دەرهێنەر کریستیان خیمێنێز بە هەمان ناوەوە ڕۆمانەکەی کردووەتە فیلم. ئەم شاکارانە، لەگەڵ کاری تریدا، ئەویان وەک هونەرمەندێک چەسپاندووە، کە بەهرەکانی بەردەوام پاڵ بە سنوورەکانی چیرۆکگێڕانەوەی کاریگەرەوە دەنێن.

تۆ بە شیعر نووسین دەستت پێ کرد، دروستە؟

بەڵێ، وا دەستم پێ کرد. لە تەمەنێکدا منداڵ بووم بە سرووشتی شیعرم بۆ هات. زۆریشم دەخوێندەوە. خۆشبەختانە، من لەگەڵ گەورەبوونمدا بە ڕووی زۆر لە شاعیرە چاکەکانی چیلیدا واڵا بووم؛ بە تایبەتی، خۆرخێ تەیێر، ئینریکێ لین و گۆنزالۆ میلان. بە دڵنییایشەوە نیکانۆر پارای دژەشاعیر. ئەوان هەموویان یەک لە یەک جیاوازبوون، کە من خۆشم لەوە دەهات. هەروەها من کارەکانی ئێزرا پاوەند و ڕۆبێرت کریلی ڕایانکێشابووم.

کەی بوو زیاتر بایەخت دا بە چیرۆکی خەیاڵی؟ کتێبەکانی تۆ زۆرجار وەک پەخشانەشیعر دەخوێنرێنەوە. ئایا تۆ ئاگایانە هەوڵ دەدەیت ئەو سەرەولێژییە شیعرییەیان بدەیتێ؟

ئەو جۆرە شیعرانەی من دەمنووسین لە پەخشانەوە دوور نەبوون. لەهەرحاڵێکیشدا، من هەوڵ دەدەم هێڵی جیاکەرەوە لە نێوان چیرۆکی خەیاڵی و چیرۆکی ڕاستەقینەدا نەکێشم. وەک زۆر لە نووسەرانی نەوەکەم، هەر بە پێویستی نابینم ئەم چەشنە تەعبیرانە پۆلێن بکرێن. بۆ من، ئەوە گرنگە بەیەکیاندا بتوێنمەوە و چۆن بیانەوێت وا بێنە ژیان. بەس بەڵێ، من بە ئەنقەست زۆر بایەخ بە ڕیتم دەدەم. بە قووڵی گرنگی بە چڕی و داڕشتنی ئەو هەستە میوزیکییە لە هەموو دێڕێکدا دەدەم، ئیتر لە ڕۆماندا بێت یان لە شیعردا.

کاتێک دەستم کرد بە کارکردن لەسەر بۆنسای، لە ڕاستیدا خۆم ساز نەدابوو ڕۆمان بنووسم. هەر هێندەم دەزانی کتێبێک هەیە دەمویست و پێویست بوو بینووسم. پێشوەخت ناونیشانەکەم هەبوو. چەند وێنەیەکیشم لە خەیاڵدا هەبوو –پیاوێکی گەنج ئاگاداریی دارێکی بۆنسای دەکات، دەجەنگێت بۆ ئەوەی فۆڕمێکی تایبەتی بداتێ و بێدەنگ کار لەسەر خولیاکەی دەکات. هەمان شت لەگەڵ ((ژیانی تایبەتی درەختەکان)) دا ڕوویدا. عادەتەن سەرەتا ناونیشانەکان و چەند وێنەیەک دێنە مێشکمەوە. وێنەکە دەبێت سەرنجم ڕابکێشێت. وێنەکە هەموو شتێکە.

باسی میوزیکت کرد. فۆڕمە جیاوازەکانی هونەر، وەک فیلم و میوزیک چ ڕۆڵێک لە کاری تۆدا دەبینن؟

ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن. کتێبە تازەکەم –((بەڵگەنامەکانم)) کە هێشتا نەکراوەتە ئینگلیزی- لە ١١ کورتەچیرۆک پێکهاتووە و یەکێکیان بەشێکی لە سایمۆن & گارفەنکڵ-ەوە ئیلهامی وەرگرتووە. هەروەها کارەکانی لیۆ کینتیرۆسی چیلی و کینکس بەرز دەنرخێنم. میوزیک زۆر گرنگە بۆ من. فیلمیش هەروەها.

خەڵک هەمیشە دەیانەوێت لەبارەی "ژیانی نووسەر"ەوە بزانن. ڕۆژێکی ئاسایی تۆ چۆناییە؟

ڕاستی، هەموو بەیانییەک دەنووسم، بەڵام هەموو وەخت چیرۆکی خەیاڵی نا –یادداشتێکم هەیە چەند ساڵە هەڵم گرتووە و عادەتەن لەوێوە دەست پێ دەکەم. چێژ لەو ئازادییە ڕەهایە دەبینم لە سەرەتای هەموو ڕۆژێکدایە. هەستەکانم لەسەر ئەوە دەژین، وابزانم. دوای ئەوە دەخوێنمەوە یان وانە دەڵێمەوە یان بەردەوام دەبم لە نووسین. حەز دەکەم لە یەک کاتدا لەسەر چوار یان پێنج کتێب کار بکەم – چیرۆکی خەیاڵی، چیرۆکی ڕاستەقینە، شیعر. دەزانم هەندێک لەوانە وەک پێویست کتێب نین و ناشبن بە شتێک "بخوێنرێنەوە" یان چاپ بکرێن، بەس جارجارێک شتێک دەردەکەوێت کە من بە شایانی بڵاوکردنەوەی دەزانم. پیاسە دەکەم و زۆر گوێ لە میوزیک دەگرم، سەردانی هاوڕێکانم لە سانتیاگۆ یان هەر کوێیەکی تر دەکەم. ئاگاداریی سەگەکەم و پشیلەکەم دەکەم، ئەگەرچی هەندێجار پێم وایە پشیلەکە ئاگاداریی من دەکات.

جونۆت دیاز بۆنسای بە "لێدەری کوشندە" ناو دەبات. ئەو وەهای وەسف دەکات کە "ناسک و سەیر و سەرەنجامی ئازاربەخشی عەشقێکی ناکامی شکستخواردوو لە چیلیە، لە نێوان ئەو جۆرە خەڵکە خۆ بە زیرەکزانەدا، کە لە جێدا سەبارەت بە گرنگی پرۆست قسە دەکەن." من حەز دەکەم بزانم تۆ چۆن بیر لە پرۆست دەکەیتەوە، کەوا لە کارەکەتدا ئەوت هێناوەتەوە. تۆ کەی پەیت بە نووسینەکانی ئەو برد؟

من کاتێک ١٩ یان ٢٠ ساڵ بووم بە پرۆستم زانی. هەر لە زۆر سەرەتاکەیەوە بێ ئەندازە چێژم لێ بینی. شتێک لە خوێندنەوەیدا هەبوو، بە خەیاڵی من، کە ئێجگار دڵمی وابەستە کردبوو، جۆرێک بێچارەیی لە پەخشانەکەیدا هەبوو، کە سەرنجی منی بردبوو. جاروبار بەشێکم دەبینیەوە و زیاترم لێ دەخوێندەوە. دوای ماوەیەک، دەستم بە هەر حەوت بەرگەکەی ((لە گەڕان بۆ زەمەنی لەدەستچوودا)) ڕاگەیشت. لەوکاتە بەدواوە هەر بەرگەکان دەکەمەوە و بە دەنگی بەرز لە ژوورەکەمدا دەیانخوێنمەوە، بەو شێوازەی خەڵکی ئینجیل دەخوێننەوە.

لە شوێنێک خوێندمەوە کە تۆ سەرەتا لەوە تێنەگەیشتبوویت بۆنسای چۆن دەشێت بکرێتە فیلم. چی لە ڕوئیای کریستیان خیمێنزدا هەیە، کە بڕوای بە تۆ هێنا ئەوە شتێکە دەشێ بکرێت؟

ڕاستی، من یەکەمین فیلمی ئەوم بینی، "فێڵی بینین"، بۆیە دەمزانی ئەو بەهرەی هەیە و خاوەنی شێوازێکی ئۆرجیناڵە. لەگەڵ ئەوەی بە کارێکی سەخت هاتە پێشچاو، من متمانەم بە ڕوئیای ئەو کرد. هەروەها شانازیم کرد بەوەی ئەو ویستی شتێک لە نۆڤێلا بچکۆلەکەی من بکات. گومانی خۆم هەبوو، بەڵام دواجار ئەو سەلماندی من هەڵە بووم. بۆ یەکەمجار فیلمەکەم لە فیستیڤاڵی فیلمی کان بینی و زۆر کاری تێکردم. بە دڵنیاییەوە فیلمەکە جیاوازە لە کتێبەکە و من چێژم لەو جیاوازییە بینی.

نۆڤێلاکانت، ئەگەرچی زۆرینەیان تا ڕادەیەک کورتن، بەڵام ئەو هێزی پتەوی ئەو نۆڤێلایانەیان تێدایە، کە زۆر گەورەتر و درێژترن. ((ڕێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵ)) کەمێک لە بۆنسای و ژیانی تایبەتی درەختەکان درێژتر بوو، بەس زۆر نا. ڕوونی بکەرەوە تۆ چۆن لەگەڵ بیرۆکەی فۆڕم لە کارەکانتدا مامەڵە دەکەیت. ئایا تۆ خۆت وا دەکەیت کتێبی کورت بنووسیت یان خۆیان وا دێنە دەرێ؟

من قەت بیر لە ژمارەی لاپەڕەکان ناکەمەوە، بە هیچ جۆرێک. من تەنیا شوێنی ئەو وێنانە دەکەوم کە دەمەوێت بیانپشکنم و لەوێوە دەڕۆم بزانم چۆن دەردەچێت. تەنێک ڕەشنووس دەنووسم و ئەو تێبینییە سەرپێیانە دەنووسمەوە، کە پێم وایە ڕەنگە سوودیان هەبێت. من لەسەر ڕستە کار دەکەم، دێڕ بە دێر دەڕۆم. بۆ من ئەوە گرنگە سەدایەکی دروستی هەبێت کاتێک بە دەنگی بەرز بخوێنرێتەوە. وەک خوێنەر، من زوو بێتاقەت دەبم. لاپەڕەی یەکەمەکان زۆر دەخوێنمەوە، یەکەم پەرەگرافەکان و یەکەم دێڕەکان، بەر لەوەی بڕیاربدەم بەردەوام بم یان نا. جار هەیە دەشێت قایلبوونم لەسەر ئەوەی چی بخوێنمەوە زەحمەت بێت. عادەتەن ڕۆمانی درێژ هەڵدەبژێرم، کە زۆر لەوانەی خۆم درێژترن. بەس ڕاستییەکەی، هەندێک لە کتێبە خۆشەویستەکانی من نۆڤێلان، بۆیە وای دادەنێم کارەکانی من ئۆرگانیکی بەو جۆرە هاوشێوە دێنە دەرێ. بۆ من، ستراکتۆری کتێبەکانم هەر جارێک لە جارێکی تر جیاوازن. پێم وایە ڕۆمانەکانم زۆر جیاوازن لە یەکتر.

چیلی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە نووسینەکانی تۆدا دەبینێت. تەقریبەن بۆ خۆی وەک کارەکتەرێک دەردەکەوێت؛ ڕابردووی و ئێستای. خۆشەویستی تۆ بۆ وڵاتەکەت بە دڵنیاییەوە دەردەکەوێت. پەیوەندی تۆ لەگەڵ چیلیدا چۆن فۆڕمی داوە بە نووسینەکانت؟

ئەوە زۆر سرووشتییە. چیلی شوێنێکە من هەمیشە ویستوومە تێیبگەم. شوێنێکە من لە هەر شوێنێکی تری دنیا زیاتر بایەخی پێ دەدەم. یانی، من لێرە دەژیم و کار دەکەم. ئەو خەڵکەی بۆ من لە هەمووان گرنگترن لێرەن. من خەیاڵێکی فراوانم نییە، بەڕاستی، بەڵام زاکیرەیەکی باشم هەیە – و زاکیرەیەکی باشی لائیرادییە. تەنانەت کە دەمەوێت بیر لە شتێکی جیاواز بکەمەوە، هەمیشە دواجار ئەو شوێن و خەڵکانەی خۆشم دەوێن ڕێی خۆیان بۆ ناو کارەکەم دەگرنە بەر. ناتوانم لەوە هەڵێم.

 


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە