د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، له پهیامێكى پیرۆزبایدا له بیست و سێههمین فێستیڤاڵى گهلاوێژ پهیامێكى ئاراستهى بنكهى روناكبیریى گهلاوێژ كرد، كه ئهمهى خوارهوه دهقى پهیامهكهیه:
بەناوی خودای ئەفرێنەری خوڵقێنەر
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ
بەڕێزان بەرهەمدارو بەهرەمەندو بەشدارو ئامادەبووانی بیست و سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ
بەڕێزان ئەنجومە داگیرساوەکانی درەوشاندنەوەی ئاسۆ..
بەناوی پارێزگای سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان و شاری داهێنەری ئەدەبیی جیهان و شاری پێکەوە ژیانی ئاشتییانەوە، پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆمانتان پێشکەش دەکەین، ئومێدمان سەرکەوتنی ئەم فێستیڤاڵەیە، کە بووەتە پردو پایەیەکی بەهادارو پتەوی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیات و یەکێکە لەو چالاکیانەی ماکی ڕەسەنایەتیی و قوڵایی مێژوویی و شارو شارستانێتی پارێزگاو وڵاتەکەمانی پێ دەناسرێتەوە.
ئەم فێستیڤاڵە لەم کاتەدا کە کۆرۆنا سەردەمەکەی بەناوی خۆیەوە ناوناوەو هەموو مرۆڤایەتیی و گەردوونی بەئامانج گرتووە، کارێکی گەورەیە کە نەهێڵین نائومێدی و ترس و مەرگ تەنگ بە مرۆڤایەتیی هەڵبچنن، دەرفەتێکی لەبارە بۆ بەخۆداچوونەوەو دواندنی نەست و ڕێکخستنەوەی هەستەکانمان لەچوارچێوەیەکی شایستانەی ئەدەبیدا، بەجۆرێک کە وەک ئایین، ئەفسانە، ئایدۆلۆژیاو ئەندێشە، ئەدەبیش بێباک بەرامبەر زەمان و زەمینە وەک پەیک و پەیامێکی ئینسانیانە بە هەموو ژانرە ئەدەبیی و ناوەڕۆکە جیاجیاکانیانەوە، دەبنە ڕوناکایی ڕێگاو بە ڕابردوو ئێستاو ئایندەمانەوە دەبەستنەوە.
دەخوازم ئەم فێستیڤاڵەو بەرهەمە پەسەندکراوەکانی، بیروڕاو تێڕوانین و ڕامانە جیاوازەکانی، کۆتایی بە وتارە تیژو زبرو توندەکان بێنن، زەمینەی ڕێزگرتن لە ڕای یەکترو قبوڵکردنی جیاوازییەکان بخوڵقێنن، نەک تەنها بیروڕاو بڕوامان بەڵکو باوەڕی تەواومان بەوە هەیە هیچ فیکرێک یاساغ و کوفر نییە، بەڵکو تێڕوانینی کەسێکە لەو گۆشەنیگایەی کە دیمەن و دەوروبەرو دنیاو گەردونی پێ دەبینێ، هەرکات توانیمان گۆشەو سوچ و ئاراستە جیاوازەکانی ئەو دیمەنانە پیشانی بەرامبەر بدەین، یا زەمینەیەکی لەبارو ئازادمان بۆ بینین زامنکرد؛ ئیتر دیمەن و دنیابینییەکانیش بەهۆی پیشاندان و بینینی نوێوە دەگۆڕێن.
پارێزگای سلێمانی، پارێزگاریی لە بیری ئازادو ڕاو دەربڕینی ئازادو ئەفراندن و گەشەی فیکریی و ئەدەبیی و مەعریفیی و ڕۆشنبیریی و کەلتورییەکان دەکات.
خوازیارین، فێستیڤاڵی گەلاوێژ سەرکەوتووانە بەشێکی پشتیوان و دانەبڕاو بێت لە کارنامەی سەرخستنی ئەم ستراتیژە مرۆییە نیشتمانییە گەردونیەماندا.
پیرۆز بێت بیست و سێیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ..
وشەتان بە گەوهەر و تروسکایی ئومێدتان بە ئەختەری خۆر بێت..
گیانی کاکە ئاسۆ عومەرو شەهیدان و هەموو بەهرەمەندان و ئازادیخوازانی ئەم نیشتمان و گەردونە ئاسودە بێت..
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٢٠ ئەیلولی ٢٠٢٠