Blnd_haydary1.jpg

له‌ ساڵرۆژى له‌ دایكبوونى بڵند حه‌یده‌ری شاعیردا

له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ له‌ رۆژى 26/9/1926 بڵند حه‌یده‌ری شاعیرى كورد له‌ شارى هه‌ولێر له‌دایكبووه، شیعره‌كانى به‌زمانی عه‌ره‌بی نوسیوه و بڵاوى كردونه‌ته‌وه‌، خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگاى ئەربیل ئولا تەواو كردووە‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكی ئه‌فسه‌ری سوپای عیراق بووه‌، به‌شێكى ته‌مه‌نى له‌ شاره‌كانى هه‌ولێر، سلێمانى و كه‌ركوك و شاره‌كانى عێراق به‌سه‌ربردووه‌.

هێشتا گه‌نج بووه‌ دایك‌ و باوكی كۆچی دواییان كردووه‌ و كۆچى دوایى ئه‌وانیش كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ژیان ‌و گوزه‌رانی به‌جێهێشووه‌‌ و به‌كاری كرێكاری ‌و عه‌ریزه‌نوسییه‌وه‌ خه‌ریك بووه‌.

له‌پاڵ كاره‌كانى بۆ بژێوى ژیانى خولیای شیعر ‌و ئه‌ده‌ب بووه ‌‌و به‌شێكی كاته‌كانی بۆ خوێندنه‌وه‌‌ و خۆرۆشنبیركردن له‌كتێبخانه‌ گشتییه‌كان ته‌رخانكردووه‌‌ و كتێبه‌ ئه‌ده‌بی ‌و فه‌لسه‌فی‌ و ده‌روونییه‌كانی خوێندۆته‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ لە رۆژى 6/8/1996 له‌ ته‌مه‌نى (70) ساڵى به‌ نه‌خۆشى له‌یه‌كێك‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى شاری له‌نده‌ن كۆچى دوایى كردووه‌.

حه‌یده‌رى خاوه‌نى چه‌ند به‌رهمێكى چاپكراوه‌، كه‌ له‌ خواره‌وه‌ به‌پێى ساڵ ئاماژه‌مان بۆ كردووه‌.

- له‌ ساڵى 1946 له‌ شارى به‌غداد دیوانى شیعرى (خفقة الطين) چاپكردووه‌.

- له‌ ساڵى 1951 له‌ شارى به‌غداد دیوانى شیعرى (أغاني المدينة الميتة) چاپكردووه‌.

- له‌ ساڵى 1961 له‌ شارى به‌غداد دیوانى شیعرى (جئتم مع الفجر) چاپكردووه‌.

- له‌ ساڵى 1965 له‌ شارى به‌یروت دیوانى شیعرى (خطوات في الغربة) چاپكردووه‌.

- له‌ ساڵى 1968 له‌ شارى به‌یروت دیوانى شیعرى (رحلة الحروف الصفر) چاپكردووه‌.

- له‌ ساڵى 1971 له‌ شارى به‌یروت دیوانى شیعرى (أغاني الحارس المتعب) چاپكردووه‌.

- له‌ ساڵى 1972 له‌ شارى به‌یروت دیوانى شیعرى (حوار عبر الأبعاد الثلاثة) چاپكردووه‌.

- له‌ ساڵى 1981 له‌ شارى به‌یروت كتێبى (زمن لكل الأزمنة) كه‌ له‌ كۆمەڵێك وتار پێكهاتووه‌ چاپكردووه‌.


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە