Hasan_Qzlci1.jpg

حەسەن قزڵچى، ئه‌و پێكه‌نینه‌ى له‌ زینداندا سه‌رى نایه‌وه‌

حەسەن قزڵچى، چیرۆكنوس و نوسەر و وەرگێڕى كورد له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ لە رۆژی 28/9/1985 دواى ئەوەى (10) مانگ لە ژێر شکەنجەی‌ جەستەیی‌ و دەروونی‌ دا دەبێت‌ لە بە ھۆکاری‌ نادیارەوە لە زینداندا کۆچی‌ دوایی‌ ده‌كات و لە ژێر چاودێریی‌ حکومەت تەرمەکەی‌ لە گۆڕستانی‌ بەھەشتی‌ زارای‌ تاران بەخاک دەسپێردراوە.

قزڵچى، لە رۆژى 15/9/1914 لە شارى بۆکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە تەمەنی‌ (6) ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن، سەرەتا لە لای‌ باوکی‌ و دواتر لە لای‌ مامۆستا مەلا ئەحمەدی‌ فەوزی‌ و مەلا ئەحمەدی‌ تورجانی‌ زادە خوێندویەتی‌.

پاش چەند ساڵ‌ خوێندن بۆتە فەرمانداری‌ شاری‌ مھاباد، زۆربەی‌ لایەنەکانی‌ ژیانی‌ شاراوەن، یەکێک بووە لەوانەى رۆڵێکی‌ رووناکبیری‌ و رامیاری‌ باشیان هەبووە لە کۆماری‌ کوردستان، لە سەردەمى لاوێتیدا بە ناوی‌ نھێنی‌ (ژیر) پەیوەندی‌ کردووە بە کۆمەڵەی‌ ژیانەوەی‌ کوردستان.

لە گۆڤارەکانی‌ (کوردستان)، (ئاوات) و (گۆڤارى هەڵاڵە) نوسینەکانی‌ بڵاوکردۆتەوە، لە ساڵی‌ ١٩٤٦ سەرنووسەر و بەڕێوەبەری‌ گۆڤاری‌ وێژەیی‌ و رامیاریی‌ گشتیی‌ (ھەڵاڵە) بووە کە لە بۆکان دەرچووە.

دواى نەمانى کۆماری‌ کوردستان لە باشوورى کوردستان جێگیردەبێ‌، لە ساڵی‌ 1953 بەبیانوی‌ ئەوی‌ خەڵکی‌ عێراق نیە لەلایەن رژێمی‌ بەعسەوە تەسلیم بە ئێران کراوەتەوە، بەڵام لە دەرفەتێکدا خۆی‌ لە دەستی‌ پۆلیسی‌ ئێران رزگار دەکا و خۆی‌ دەگەیەنێـەوە شاری‌ ھەڵەبجە و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ دەبێ‌، دواتر دەچێتە شارى بەغدا، لەدواى ئەوەى لەشارى بەغدا جێگیر دەبێت دواتر دەچێتە  وڵاتی‌ بولگاریا و لەوێ‌ لە رادیۆی‌ پەیکی‌ ئێران دەبێتە بێژەری‌ ھەواڵی‌ رامیاری‌ بە زمانی‌ کوردی‌.

دواى رووخانی‌ رژیمی‌ پاشایەتی‌ ئێران، لە ریزەکانی‌ حیزبی‌ توودەی‌ ئێران وەک سەرنووسەری‌ رۆژنامەی‌ (مردم) کە بە کوردی‌ دەردەچوو کاری‌ کردوە.

لە ساڵی‌ 1983 لە تەمەنى (70) ساڵى جارێکى دیکە دەگیرێت و زیندانى دەکرێتەوە .

زمانەکانى کوردى، فارسی‌، تورکی‌، بولگاری‌ و عەرەبی‌ زانیوە ودەیان بابەتی‌ ئەدەبی‌ لە زمانەکانی‌ فارسی‌، تورکی‌، بولگاری‌ و عەرەبی‌ وەرگێڕاوە بۆ زمانی‌ کوردی‌.

کۆمەڵێک بەرهەمى چاپكراوى هەیە، لەوانە:.

- ئاشتیخوازیی‌ لادێیی‌ و پەیمانی‌ دوولایی‌، بەهاوبەشى لەگەڵ عەبدولڕەحمانی‌ زەبیحی‌، بەغداد، 1959.

- پێکەنینى گەدا، کۆمەڵە چیرۆک، به‌غداد، 1972.

- تیۆری‌ ئەدەبی‌، وەرگێڕان لە بولگارییەوە.

- زاراوەی‌ سیاسی‌ کۆمەڵایەتیی‌ وەرگێڕان.

- کورتە چیرۆکەکانی‌ ئەنگیل کارالچیڤ، وەرگێڕان لە بولگارییەوە.


ئەم بابەتە 96 جار خوێندراوەتەوە