Awat.jpg

فەلسەفەی دێرین (پێشەکییەکی زۆر کورت)

ئاوات ئەحمەد سولتان

ڕەنگە نوسینی پێشەکییەکی کورت بۆ فەلسەفەی دێرین یان بۆ فەلسەفەی یۆنانی، خۆی کارێکی هاندرانەنەبێت. کەلتورێک بەو فراوانی و دەوڵەمەندییە، چۆن دەشێت پێشەکییەکی کورتی بۆ ئامادە بکرێت!

- زیاتر لە هەزار ساڵی خایاندووە.

- نزیکەی چوارسەد فەیلەسوفی لەخۆ گرتووە.

- زیاتر لە سەد قوتابخانەی جۆراوجۆری هەبووە.

- هەزاران کتێب و نامەی هەیە.

ئەمە ئەو تەحەدایەیە کە ژولیا ئاناس (ئەزمونی نزیکەی ٤٠ ساڵ وانەوتنەوەی هەیە) قبووڵی کرد و تێشیدا سەرکەوتوو بوو. ئەو لە سەرەکیترین دەرگاوە چۆتە ژوورەوە: مشتومڕ و دایالۆگ و قسەکردن و ڕاگۆڕینەوە. بەشی هەرە زۆری ئەم فەلسەفەیە لە چوارچێوەی وتوێژکردن و دایالۆگکردندا دەسوڕێتەوە، جا خۆی لە شێوەی دایالۆگدا بێت، یاخود دایالۆگ بێت لەگەڵ نوسینەکانی دیکە.

ئەم کتێبە مێژووی فەلسەفە نیە، واتە جگە لە زانیاریی خێرا هیچی وامان لە بارەی قوتابخانە فەلسەفییەکان و ژیانی تایبەتی فەیلەسوفانەوە پێ ناڵێت، بەڵکو خودی فەلسەفەیە، واتە فەلسەفاندنە. ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەرگومێنتەکاندا کۆمان دەکاتەوە، بیرکردنەوەو ئەرگومێنتەکانی قوتابخانە فەلسەفییەکان و فەیلەسوفە تاکەکانمان پێ ئاشنا دەکات. کتێبێکە خۆمان فڕێ دەداتە ناو گەرمەی مشتومڕەکانەوە، لەم کتێبەدا تۆ ناتوانیت وەک سەیرکەر، وەک خوێنەرێکی ڕاگوزەر مامەڵە بکەیت.

نوسەر سودی لەو خاسییەتەی مرۆڤەکان وەرگرتووە کە "هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان فەیلەسوفن."

نەسکی یەکەم: مرۆڤەکان و دڕندەکان

لێرەدا دەیەوێت بمانباتە جێگایەک لێوەی سەیری خودی خۆمان بکەین؛ ئەم کارەش لەتوێی یەکێک لە پرسە گرنگەکانی فەلسەفی یۆنانییەوە دەکات: پەیوەندیی نێوان ئاوەز و سۆزەکان، کارەکەش لەتوێی دیمەنێکی شانۆییەوە دەکات (تۆڵەکردنەوەی میدیا)

نەسکی دووهەم: بۆچی کۆمار بخوێنینەوە

ئەم نەسکە زۆر گرنگە بە تایبەتی بۆ ئەوانەی پەشداریی خوێندنەوەی دایالۆگەکانی ئەفلاتون دەکەن، کە زیاتر لە دەهە و نیوێکە مامۆستا فاروق ڕەفیق بەڕێوەی دەبات. ڕاستییەکەی کتێبەکانی من، هەندێکیان نەبێت، هەموویان لە خزمەتی ئەم کارەدان، کە بە بڕوای من هیچی کەمتر نیە لەو کارەی کاتی خۆی ئەفلاتون لە ئەسینا دەیکرد، ئەگەر جیاوازییەک هەبێت ئەوەیە ئێمە ئێستا کەسانی وەک سۆڵۆن و پێریکلێسمان نیە، بەڵکو کەسانی وەک کریتیاس و ئەڵسیبیادێسمان هەیە. هەروەها جیاوازییەکی تریش هەیە: ئەوسا سۆکرات تۆمەتبارکرا بە دروستکردنی کەسانی وەک کریتیاس و ئەڵسیبیادێس، ئێستا کریتیاس و ئەڵسیبیادێس تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی خەریکین سۆڵۆن و پێریکلێس دروست دەکەین. بێگومان تۆمەتەکەی سەرەتا نادروست بوو، بەڵام ئەمەی ئێستا بە تەواوەتی دروستە.

کۆمار لە سەردەمە جیاجیاکاندا و بە شێوازی جۆراوجۆر خوێنراوەتەوە، ئاگادارییەکی باشمان لەبارەی ئەو خوێندەوانە پێدەدات.

بۆچی کۆمار بخوێنینەوە؟ ئەمە پرسیارێکە لە قووڵایی فەلسەفەدا، دوای ئەوەی لە نەسکی پێشوودا ئاشنای ژمارەیەک لە پرسە فەلسەفییەکان و ئەرگومێنتەکان ئاشنا بووین، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە خۆمان بدەین لەم کتێبە کە ئەگەر گرنگترین کتێبی ترادیسۆنی فەلسەفەی خۆراوایی نەبێت، ئەوە یەکێکە لە هەرە گرنگترینەکان. قوتابخانە فەلسەفییەکان، گومانگەرایی، ماتریالیزم، ڕێگەگەرایی هەریەکەیان لای خۆیەوە خوێندنەوەی تایبەتی بۆ ئەم کتێبە هەیە.

لە کۆمارەوە تێڕوانینێک لەبارەی کۆمەڵگای دادپەروەرەوە پەیدا دەکەین، لە چەندین گۆشەی جیاجیاوە چەمکی دادپەروەریی، ژیانی ئاسودە، پەروەردە، ئابوری و سیاسەت لێکدراوەتەوە. کۆمار کتێبێکە بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە زۆر گرنگە و دەتوانین ژینگەی خۆمانی پێ بخوێنینەوە.

لەکۆماردا، دەستەواژەیەکی تایبەتی دەبینین: دەبێت فەرمانڕەوا پاسەوانی شار بێت؛

نەسکی سێهەم و چوارەم

بە بڕوای من دەبێت ئەم دوو نەسکە دوو جار بخوێنرێنەوە، چونکە پەیوەندییەکی بەتینیان بە خودی خۆمانەوە هەیە، پرسیارەکانی کامەرانی و چۆنێتی بەدەستهێنانی زانین و ڕەوتەکانی گومانگەرایی سەردەمی دێرین، هەتا ئیمڕۆش لەناوماندا وەک خۆیان ماون و هەست دەکەین ڕێک لەگەڵ ئێمەدا گفتوگۆ دەکەن، ئێستاش پرسیارە بنەڕەتییەکە هەر بەهای خۆی ماوەو قابیلی بیرلێکردنەوەیە: بەڕاستی ئایا ئامانجێک هەیە بۆ بوون؟ ئەگەر وەڵامەکەمان بەڵێیە، ئامانجی چیە؟

نەسکی حەوتەمیش پرسیارە ئەنتۆلۆجییەکە بەرزدەکاتەوە: هەمووی بەسەریەکەوە مانای چیە؟ ئێمە بۆچی لێرەین و خەریکی چین؟ ئەو کەلتورە ئەوەندە دەوڵەمەندە، کە ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت بڵێم هیچی وای بۆ ئێمە نەهێشتۆتەوە.
بە کورتی ئەم کتێبە، ژەمێکی فەلسەفییانەی دەوڵەمەندە بەهەموو ئەو ڤیتامین و پرۆتینانەی خۆراکی ئەقڵن، بیرکردنەوە لێرەوە دەست پێدەکات و لە مێژووی خۆیدا هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەو.


ئەم بابەتە 50 جار خوێندراوەتەوە