Postachy.jpg

ئەمشارە پۆستەچی تێدا نییە

ئەمشارە پۆستەچی تێدا نییە، ناونیشانی دیوانێکی نوێی، شاعیر ئیبراهیم هەورامانییە، ڕەوشت محەمەد دیزاینی بەرگی کردووە، لە چاپخانەی کارۆ چاپکراوە.

وا بڕیاره‌ رۆژى شه‌ممه‌ 3/10/2020 لە کتێبخانەی هەژار موکریانی لە شارى هەڵەبجە به‌ ئاماده‌بونى نوسه‌ر مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی بۆ بکرێت.

خالید فاتیحی سەبارەت بە دیوانە نوێیەکەی ئیبراهیم هەورامانی نوسیویه‌تى:

"ئەمشارە پۆستەچی تێدانییە، ناونیشانی کۆمەڵە شیعرێکی تازەی شاعیری دیار ئیبراهیم هەورامانییە. شاعیر وەک هەنگ بەداوای هەڵاڵەی وشەدا دەگەڕێ و تابلۆی شیعرەکانی پێدەنەخشێنێ. دێوانەئاسا کەژ و کۆساران دەگەڕێ و گوڵەوەچنێی گوڵە بۆنخۆشەکان دەکا و دەیانخاتە ناو کەشکۆڵی شیعرەکانی. لە کانیاوی وشە ڕەنگاڵییەکان دەخواتەوە هەتاکو تاسەی تینوێتی خوێنەرەکانی پێبشکێنێ. هەورامانی خودان ستیلێکی تایبەت بە خۆیەتی شیعرەکانی کورت و پڕ مانان هەرئەوەشە وایکردووە لەشاعیرەکانی دیکە جیاوازبێ. هەوڵدەدات بە کورترین کۆپلە شیعر جوانترین تابلۆی شیعری وێنابکات."

ئەو ساڵەی،

تۆ لەداییک بوی بەهار بوو.

هەر بۆیە،

وەرزێکی جوانە!

مردن،

هەمان،

شێوەی سێبەرەکەی تۆی هەیە.

لەکاتی ڕۆشتندا!

چاوەڕێی،

هاتنی تۆین.

من و

خۆشبەختی پێکەوە!

سپێتی،

مووی سەرم.

نیشانەی پیریم نییە.

بۆ هەر ڕۆژێک لەدووری تۆ.

تاڵێ،

لەمووی سەرم سپی بووە!

ئیبراهیم هەورامانی له‌ چه‌ند دێرێكدا:

- له‌ ساڵى 1963 لە شارى هەڵەبجە لە دایکبووە.

- له‌ ساڵى 1984 یەکەمین شیعری لە گۆڤاری ڕەنجی کرێکاردا بڵاوکردۆتەوە.

ـ ئەندامی کارای یەکێتی نووسەرانی کوردە.

ـ ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و فیدراسێونی رۆژنامەنووسانی جیهانە.

ـ دوو کۆمەڵە شیعری بەناوت " اكسر وحشة من ليالي امي، حكايات مسافر " لەلایەن ئەحمەد سەلام ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی.

ـ کۆمەڵە شیعری " تناترین مرد دنیا" لەلایەن سهیل سخن، نسیم مروت جو وەرگێڕدراوە بۆ زمانی فارسی.

ـ خاوەنی زیاتر لە (25) کتێبی چاپکراوە.


ئەم بابەتە 55 جار خوێندراوەتەوە