Adonis.jpg

سه‌ره‌تاكان

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

سه‌ره‌تاى شیعر

…. روتبونه‌وه‌یه‌كه‌، ته‌رمى وشه‌كان ده‌دۆزێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ گه‌ردونه‌ و ده‌ژاكێ.

ئاگرى خۆم ون كردووه‌.

زمانم، زمانێكى تره‌،

هه‌نگاوه‌كانم: چیتر هه‌نگاوه‌كانم نین.

 

سه‌ره‌تاى زمان

ئه‌م شاره‌ چیتر،

نه‌ ئاسۆیه‌ و نه‌ خولگه‌.

پێویسته‌ بناغه‌ دانێین تاوه‌كو بیبینین،

ببینین تاوه‌كو بیبینین:

به‌ ته‌ماشایه‌ك كه‌ هێشتا كۆرپه‌یه‌.

به‌ زمانێك كه‌ هێشتا شاراوه‌یه‌.

 

سه‌ره‌تاى جیاوازى

شیعر له‌ شێوه‌ى منداڵێك چووه‌ بالكۆنى عه‌ره‌ب:

له‌و ساته‌دا خۆر ده‌پشكوت،

(با) ش مژۆڵه‌ پێغه‌مبه‌ریه‌كه‌ى ده‌سڕیه‌وه‌.

له‌ نێوان ده‌نگم و ئه‌م فه‌زایه‌دا، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ك نییه‌/

ئایا سۆزم وه‌ك سۆز نانوێنێ و هاوارم له‌ هاوار ناچێ؟

له‌ نێوان من و ڕه‌گه‌كانمدا ،

له‌ نێوان من و ئاماده‌گیمدا هیچ شتێك نییه‌:

بێجگه‌ له‌و ده‌ماره‌ باریكانه‌ نه‌بێ له‌ جه‌سته‌ى ئه‌بجه‌دیه‌تدا.

 

سه‌ره‌تاى عیشق

عاشقه‌كان زامیان خوێنده‌وه‌/ زاممان نوسى

عاشقه‌كان زه‌مه‌نیان نه‌خشاند،

وێنه‌ى كاتمان كێشا:

روخسارم ئێواره‌یه‌، مژۆڵه‌كانت سپێده‌ن.

هه‌نگاوه‌كانمان خوێن و سۆزن.

وه‌ك ئه‌وان/

هه‌ر چه‌ند جارى له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستن/ ده‌مانڕنن.

ئه‌وینیان فڕێ ده‌ده‌ن و فڕێمان ده‌ده‌ن:

وه‌ك گوڵێك بۆ (با).

 

سه‌ره‌تاى شێتى

ئه‌و كاته‌ى (با) ى تۆ هه‌ڵیكرد و

دارستانه‌ فراوانه‌كه‌ى ئه‌وى هه‌ڵماڵى،

گوتى: مردن شێوه‌ى په‌پوله‌ى هه‌یه‌ و

سێكس روخسارى شێتى.

ئه‌وه‌تا، ئێستا ئه‌وه‌ى پۆشیوه‌ كه‌ بۆ سه‌ربڕین ده‌پۆشرێت،

سبه‌ینێى، دوێنێیه‌ و

له‌ پێڵویدا:

مه‌وداى/ چه‌قۆ و و غوبارى وشه‌كانه‌.

 

سه‌ره‌تاى رێگا

شه‌و كاغه‌ز بوو،

ئێمه‌ش مه‌ره‌كه‌ب:

- (وێنه‌ى روخسارێكت كێشا، یان به‌ردێك؟)

- (وێنه‌ى روخسارێكت كێشا، یان به‌ردێك؟)

وه‌ڵامم نه‌دایه‌وه‌.

وه‌ڵامت نه‌دایه‌وه‌/ عاشق بووین،

بێده‌نگیمان: رێگه‌ى نییه‌.

وه‌ك ئه‌وینمان: رێگه‌ى نییه‌.

 

سه‌ره‌تاى ژوان

ژن و پیاوێك،

تیایاندا: ناى و نوزانه‌وه‌ به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن.

باران و غوبار، به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن/

دار و په‌ردوو به‌رده‌بنه‌وه‌ و

زمانى كوژاوه‌، داده‌گیرسێ.

هه‌ورى داهاتوو له‌ كوێیه‌؟

له‌ كوێیه‌ ده‌فته‌رى غه‌م؟

پرسیار ده‌كه‌م و

چاوه‌كانت ونن و روخسارت پرسیار نابیستێ.

منیش له‌ ئه‌وپه‌ڕى شه‌ودا، عاشق ده‌بم،

تاوه‌كو ده‌ست پێبكه‌م و بڵێم:

به‌ یه‌ك گه‌یشتن،

ژن و پیاوێك.

پیاو و ژنێك.


ئەم بابەتە 55 جار خوێندراوەتەوە