Hama_mantk.jpg

بۆ ئەم چیرۆکانە خەڵاتیان برد؟

حەمە مەنتک*

 

هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنمان وەکوو لێژنەی چیرۆک لە بیستوسێهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا، بیرمان لەوە کردەوە ئێمە بە شێوەیەکی جیاواز کار بکەین. وەکوو لە وتاری لێژنەدا گوتمان دوای فێستیڤاڵ بە وتارێک هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو چیرۆکانەی خەڵاتیان برد دەخەینەڕوو. بە ئامانجی ئەوەی لە کن هەمووان ڕوون بێتەوە پێوەرەکانی ئێمە چی بوونە. دواجار کاک جەبار جەمال غەریب پێشنیازی کرد هەر کەس لە ڕاست خۆیەوە تێڕوانین و بۆچوونی خۆی بنووسێت، هەر ئەوەیشمان بە زانستیتر زانی، چونکە نەدەکرا بۆچوونی هەرسێکمان لە یەک وتاردا بخەینەڕوو.

سەرلەهەوەڵ دەمەوێ ئەوە بەرباس بدەم، لەم ساڵانەی دوایییدا جۆرێک، یان فۆرمێک لە چیرۆک لەناو چیرۆکی کوردیدا بووەتە جێی بایەخی چیرۆکنووسان و خوێنەرانی چیرۆک. ئەو فۆرمەی بە چیخۆفی ناسراوە. دەبێ ئەوەیش بڵێین ئەم فۆرمە ڕاستەوخۆ بە کاریگەری دەقەکانی چیخۆف نەهاتووە، بەڵکوو لە ڕێی ئەدەبی فارسییەوە بووە. بەڕۆژ ئاکرەیی بە چاپە کوردییەکانی هەردوو کۆچیرۆکی "ئێمە لێرەین" و "شتێک لەم دەوروبەرە" کاریگەرترین چیرۆکنووسێکە لە بە هەڕمێنکردنی ئەم فۆرمەی چیرۆکنووسین، بێگومان ئەویش بە کاریگەری چیرۆکنووسی نێوداری فارس هۆشەنگ گوڵشیری. دوای بەڕۆژ چیرکنووسانی وەکوو شاڵاو حەبیبە، بەختیار حەمەسوور و سیروان کەریم و... پتر بایەخی پێدەدرێت. ئەم فۆرمەی چیرۆکنووسین تاکوو ئێستایش جێی بایەخە، جا هەتا کەی بڕ دەکات و خۆی دەسەپێنێت ئەوە دیار نییە. لەم وتارەدا بنەما و لایەنە هونەرییەکانی ئەم مۆدێلەی چیرۆک بە توێژینەوە لەو سێ چیرۆکەی خەڵاتیان بردووە دەخەمەڕوو.

هەر سێ چیرۆکی: "بەداخەوە دۆراس ئەم چیرۆکە ناخوێنێتەوە"، "دوو خولەک و پەنجا و سێ چرکە بە کاتژمێرەکەی دەستم" و چیرۆکی "پەنجە" و تەنانەت چیرۆکەکانی دیکەی وەکوو تالیا و باخچەی پۆستالەکان هێندێک پنتی هونەری نووسینی چیرۆک کۆی دەکردنەوە، بەڵام لە هێندێکیاندا ڕێژە هونەرییەکە پتر بوو لەوانی دیکە.

یەکێک لەو پنتانەی هۆکاربوو بۆ هەڵبژاردنی ئەم چیرۆکانە، ئەوەیە یەک ڕستە، یان کارەکتەرێک بە تەنێ لە زەینی ئێمەدا نەمایەوە. مەبەستمان لە ئێمە وەکوو خوێنەرە. ئەم چیرۆکانە کۆی ڕستە و کارەکتەرەکانی لە زەیندا دەمێننەوە. واتە خوێنەر ناتوانێت ڕستەیەکی تایبەت، یان کارەکتەرێک هەڵبژێرێت، چونکە هەموو بنیات و توخم و ڕستەکانی پێوەندییان بە یەکەوە هەیە. واتە ناتوانین ڕستەیەکی زیادە، یان کارەکتەرێک لەو شەقامەی بەسەریدا دەڕوات جودا بکەینەوە. کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکانە لەسەر بنەمای ئەنجامدانی کردەوەی باش، یان خراپ دانەڕێژراوە، تاکوو بڵێین ئەم کارەکتەرە ئەم کردەوە باشە، یان خراپەی ئەنجامداوە و لە زەینماندا بمێنێتەوە، بەڵکوو کۆی چیرۆکەکە لە زەینی خوێنەردا دەمێنێتەوە. لە چیرۆکی "بەداخەوە، دۆراس ئەم چیرۆکە ناخوێنێتەوە"، کارەکتەر دەیەوێ خۆکۆژی بکات، بەڵام کردەی خۆکۆژییەکە لە یەک شوێن ئەنجام نادرێ، چەندین شوێن پێشنیاز دەکرێن، تا لەناو باڵەخانەدا، باڵەخانە وەک جێیەک و دەرکەوتەکەیەکی دنیای مۆدێرن، کە لەمڕۆدا، لە دەیان دەقی گێڕانەوەیی و تەنانەت سینەماشدا، جێکەوتە بووە، خۆی دەکوژێت، خۆکوژییەکە بەهانەیە بۆ باسکردنی چەندین ڕووداو و باسی دیکە. ئەم پنتە لە چیرۆکی "پەنجە"دا کەمتر کاری لەبارەوە کراوە، چیرۆکی "پەنجە" هێندەی دەیەوێ سادیەت و ماشۆسیەت لە چیرۆکەکەدا ڕەنگ بداتەوە، ئەوەندە خەریکی لایەنی تەکنیک نابێت، بۆیەیش زۆر شتی کردووە بە قوربانی سادیەت. دیارە ئەمەش خاڵێکی جەوهەرییە، لە چیرۆکدا ناتوانرێت هەموو ڕەگەزەکان بە یەک ئاراستە ببرێنە پێش، بەڵکوو فۆکەس و ڕووناکیی لەسەر ڕەگەزێکە و زەق دەکرێتەوە.

سادەترین دابەشکاری بۆ بنیادی چیرۆک بریتییە لە سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی، ئەم دابەشکارییە بۆ هەقایەت و ئەفسانە و چیرۆکی کلاسیک تەواوە، بەڵام لە چیرۆکی نوێدا دەگۆڕێت بۆ دۆخی جێگیر، دۆخی ناجێگیر و دۆخی جێگیر، بەڵام دۆخی جێگری یەکەم لەگەڵ هی کۆتایی جیاوازە. مەبەست لە دۆخی جێگیر (یەکەم) پێش سەرەتا و دەسپێکی گێڕانەوەیە، واتە کاتێکە هێشتا هیچ ململانێیەک ڕووینەداوە. دەمەوێ بڵێم ئەو گێڕانەوە کرۆنۆلۆجیەی لە چیرۆکی کۆندا هەیە لەم چیرۆکانە تێکشکاوە، بەو واتایەی نا، کە چیرۆکەکە بۆ نموونە لە ناوەڕاستەوە بۆ کۆتایی و ئینجا بۆ سەرەتا، یان بە هەر شێوەیەکی دیکە بێت، بەڵکوو ئەوەی پێیدەڵێن پنتی ڕووداو، یان پنتی ترۆپک لەناو چیرۆکەکە پەرت دەبێت. واتە لە چیرۆکەکاندا پنتی ترۆپک ئەوە نییە، کە ڕووداوی چیرۆکەکە بگاتە ئەوپەڕی ململانێ و ئاڵۆزی، بەڵکوو لە هەر شوێنێک خوێنەر هەستی بە دەنگی ترپەی دڵی بکات، ئەوێ دەبێتە پنتی ترۆپک. واتە لە کۆی چیرۆکەکاندا لە یەک جێدا ڕووداوەکان ناگەنە پنتی ترۆپک، بەڵکوو لە چەندین جێدا ئەمە ڕوودەدات. لە "بەداخەوە، دۆراس..."دا خوێنەر لە چەندین شوێنی چیرۆکەکەدا ترپەی دڵی خێراتر دەبێت، لە فرۆکەخانە، لەسەر سکەی قیتار، لە باڵەخانەکە، لە تاکسیدا بەردەوام خوێنەر لەو جێیانەدا دەڵێ ئێستا نا ئێستا خۆی دەکوژێت. لە "دوو خولەک و پەنجاو سێ چرکە..."شدا، کە هەناسەی نۆڤلێتێک لە نێوان دێڕەکانیدا دێت و دەچێت، پێش دەسپێکردنی ڕووداوەکان، لە ساڵی ١٩٨٥دا پێشەکیسازییەکی کردووە و لە چەندین جێدا خوێنەر لەگەڵ کارەکتەر و بوشڕەدا دەژیەت.

زمان لەم چیرۆکانەدا بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، بە دەگمەن وشەیەک دەدۆزیتەوە بە خەسار چووبێت، یان زیاد بێت. زمانێکی گوشراو و چڕ. زمانەکە بوار ناهێڵێتەوە بۆ قسەی زیادە. ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ زمان فۆرمێکە لە چیرۆکەکانی چێخۆف، ڕیمۆند کارڤەر، سالینجەر و هەمینگوەی و زۆر چیرۆکنووسی دیکەدا بەدی دەکرێت. وەسف بە دەگمەن بەرچاو دەکەوێت، چونکە ڕەوتی گێڕانەوە ناوەستێت و خوێنەر ناتوانێت پشییەک بخواتەوە. لە "بەداخەوە دۆراس..."دا کاتێک وەسفی فڕۆکەخانە دەکرێت، بە ڕستەی فڕۆکەخانەیەکی هەندێک کۆن کۆتایی بە وەسفەکە دەهێندرێت. واتە خوێنەر شتەکانی بۆ وەسف ناکرێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بەر شتەکان، ڕووداوەکان، کارەکتەرەکان دەکەوێت. خوێنەر لەگەڵ ڕووداو و کارەکتەرەکاندا تێکەڵ دەبێت، چونکە زمانی چیرۆکەکە هێندە چڕە بواری ئەوە نادات وەسف ڕەوتی گێڕانەوە خاو بکاتەوە. کارەکتەرەکان کە دەپەیڤن وەکوو خۆیان دەپەیڤن. هەوڵنادەن ڕستە و وشەی جوان و بە باقوبریق بڵێن، بەڵکوو وەکوو خودی خۆیان قسە دەکەن. واتە زمانێکی عامیانەیە، زمانی نوخبە و ستاندارد نییە. لە چیرۆکی "پەنجە"دا کاتێک کارەکتەر قسە دەکات، هیچ سانسۆرێک لەسەر قسەکانی نییە، ئەخلاق، دابونەریت و ئایین ڕێگر نابن لە چۆنیەتی قسەکردن. لە "دوو خولەک و پەنجا و سێ چرکە..."دا بوشڕە وەکوو کچێک قسە دەکات، کچێک دەیان گرفت و ئازاری هەیە. بۆیەیش ڕاستەکان کورتن. زوو زوو بەر پنت دەکەوین و کۆتایی ڕستەکان یەخەمان دەگرێت. لە ڕووی هونەری چیرۆکنووسیەوە دوو سوودی هەیە، یەکیان ئەوەیە مۆسیقا و ڕیتمێک لەناو ڕستەکاندا دروست دەکات، هاوکات خوێنەر هیلاک نابێت و کەمترین وزە بۆ خوێندنەوە مەسرەف دەکات.

ناونیشان وەکوو دەروازەی یەکەمی دەق، لە ڕووی هونەرییەوە دەتوانێت لایەنی ئێستێتیکی و هونەری دەق پتر بکات. لەو فۆرم و ڕەوتە چیرۆکنووسیەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، ناونیشان دەبێتە خاسیەتێکی دیاری ناسینەوەی ئەم ڕەوتە چیرۆکنووسیە، هەمان کات دەبێتە پنتی جوداکەرەوەی ئەم ڕەوتە لە ڕەوتی پێش خۆی. ئاشکرایە لە چیرۆکی ساڵانی هەفتا و هەشتا و تەنانەت نەوەدی سەدەی ڕابردوو، ناونیشان هێندە جێی بایەخ نەبوو، بۆیەیش دەبینین ناونیشانی زۆربەی چیرۆکەکان یەک وشە بووە، هەوڵدراوە چیرۆکەکە ڕەنگدانەوەی ئەو ناونیشانە یەک‌وشەییە بێت. بەڵام لەم ڕەوتە نوێیەی چیرۆک ناونیشان تەواو گۆڕینی بەسەردا دێت. ناونیشانی چیرۆک، لە وشەیەک پترە، بەڵکە زۆر جار دەبێتە ڕستەیەکی درێژ، یان چەند ڕستەیەک. "بەداخەوە، دۆراس ئەم چیرۆکە ناخوێنێتەوە"، "دوو خولەک و پەنجا و سێ چرکە بە کاتژمێرەکەی دەستم" وەکوو لایەنی هونەری ناونیشانناسی هۆکارێک بوون بۆ هەڵبژاردنی ئەم چیرۆکانە بۆ خەڵات، جودا لە چیرۆکی "پەنجە"، کە لەم پنتەوە لاوازتر بوو لە دووەکەی پێشتر. چیرۆکەکان ڕێک لەبارەی ناونیشانەکەوە نین، بەڵکوو ناونیشانەکە گوزارشت لە کۆی فەزای چیرۆکەکە. بۆ نموونە هەموو ڕووداوەکانی چیرۆکی "دوو خولەک و پەنجا و سێ چرکە..." کراوە بە بەهانەیەک بۆ گێڕانەوەی زۆر ڕووداوی دیکە. ئەم قسەیەم بۆ چیرۆکی "بەداخەوە، دۆراس..."یش هەر دروستە، چونکە چیرۆکەکە لەبارەی دۆراسەوە نییە و مەبەست لێی ئەوە نییە دۆراس چیرۆکەکە ناخوێنێتەوە، بەڵکوو مەبەست لێی فەزایەکی دۆراسیانە لە چیرۆکەکەدا هەیە.

هەموو ئەم پنتە هونەریانەی سەرەوە باسم کردن، بۆ سێ چیرۆکەکەی دیکەیش هەر دروستن، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر. کۆتا پەیڤم ئەوەیە ئەم سێ چیرۆکە لە کۆی ٦٨ چیرۆکدا خەڵاتیان بردووە، نەک ئەوەی باشترین چیرۆکی ساڵ، یان چیرۆکی کوردی بن. ڕەنگە لێژنەیەکی دیکە دابندرێت بۆ هەر ٦٨ چیرۆکەکە، ئەوا چیرۆکی دیکە خەڵات ببەن، چونکە پێوەرەکان بە گوێرەی هەر ئەندامێک دەگۆڕێن. تەنانەت لەناو لێژنەی چیرۆکی ئەمساڵی فێستیڤاڵیشدا بۆچوونگەلی جودامان لەبارەی هێندێک لە چیرۆکەکان هەبووە، ئەوەیش چتێکی زۆر ئاسایییە، چونکە پێوەری هونەریی چیرۆک لە کن من لەگەڵ یەکی دیکەدا جودایە و ئەو پێوەری لە کن من جێی بایەخە و بە پنتی ئێستێتکی دەقەکەی دادەنێم، لە کن یەکێکی دیکە ڕەنگە پێوەرێکی لاوەکی بێت.

 

* ئەندامی لێژنەی چیرۆک لە بیستوسێهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ

 

 

 

 


ئەم بابەتە 67 جار خوێندراوەتەوە