کۆمەڵە چیرۆکی ژاوەژاو براوەی خەڵاتی نووسیار لە بواری رۆمان بڵاودهكرێتهوه.
وا بڕیاره بهمنزیكانه لە مەراسیمێکی تایبەتدا کۆمەڵە چیرۆکی ژاوەژاو له نوسینى (جێگر بهختیار) براوەی خەڵاتی نووسیار لە بواری چیرۆك بڵاوبكرێتهوه.
ئهم بهرههمه یهكێكه لهو بهرههمانه كه پلهیى یهكهمى خەڵاتی نووسیارى بۆ کتێبی یەکەم بۆ ساڵى 2020 خولی محەمەد عومەر عوسمان (ژەنەڕاڵی پایز)، بهدهستهێناوه،
ئەم خەڵاتە خهڵاتێكى ساڵانهیه بۆ (3) سێ دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی له بوارهكانى (شیعر، چیرۆك و رۆمان).
لهبارهی بردنەوەی ئەم خەڵاتە جێگر بەختیار دهڵێت:
''بوون بە براوەی خەڵاتی نووسیار خۆشترین و باشترین ڕووداوی ژیانم بوو. چێژی ئەو سەرکەوتنە تەواوی ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەمساڵی لەبیر بردمەوە.
چاپکردن و بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێب بۆ ھەر نووسەرێکی لاو کارێکی دژوار و تاقەت پڕوکێنە. کاتێک لە پێشبڕکێیەکی وا براوە دەبیت تێدەگەیت ھێشتا ھیوا ھەیە تا ھەنگاو بنێیت بەرەو باڵاتر. ھێشتا کەسانێک ھەن پشتت بگرن و ھانت بدەن تاکو سەرکەوتن بەدەست بھێنیت. ئەو خەڵاتە وەکو ڕێژنەیەک بەسەرم داباری ھێزی بەردەوام بوونی لەناخمدا زیندوو کردەوە. بەرھەمی ھەرنووسەرێک وەک کۆرپەلەی خۆشەویستە لەلای. خەڵاتی نووسیار مژدەی لەدایکبوونی نۆبەرەی من بوو.
هەروەها لە بارەی کۆمەڵە چیرۆکی ژاوەژاو وتی: ''کۆمەڵە چیرۆکی ژاوەژاو بەرھەمی سێ ساڵ نووسینمە کە پێکھاتووە لە دوانزە چیرۆک. بە سووژە و تەکنیک و فۆڕمی جیا نووسراون. ھەڵقوڵاوی ئەندێشە و ئازارەکانی کۆمەڵگان. میراتگری نەھامەتی و ناخۆشیەکانی ژیانن.''
بەشێک لە هۆکاری هەڵسەنگاندنی دادوەر ڕەئوف بێگەرد' :
''کۆمەڵە چیرۆکی (ژاوەژاو) چەند کورتە چیرۆکێکی هونەریی لەخۆ دەگرێت کە دەتوانین بەگشتی لە بابەتی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، هونەریی، سێکسدا دەستنیشانیان بکەین. نووسەر بە زمانێکی پوختی دوور لە درێژدادڕی و بێزارکەر بابەتەکان دەگێڕێتەوە. فەزای چیرۆکەکان لەگەڵ ستایلی نووسین و وێنە و تەکنیک و فۆرمەکانیاندا گونجاون.
ئەو چیرۆکانەی نزیکن لە واقیعەوە، لەگەڵ ئەوانەیاندا کە خەیاڵی ڕووتی نووسەر و بەمەنەلۆژ دەربڕاون، هاوتەریب دەڕۆن و هاوسەنگیی خوێنەر تێک نادەن.''
جێگر بەختیار: لە دایکبوی قەزای شەقڵاوە لە ساڵی ١٩٩٤ ئێستا نیشتەجێی گوندی هرۆپ لە شارۆچکەی ڕانیە. خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆمە لە بواری ئایتی. چیرۆکەکانی لە زۆربەی ماڵپەڕ و پاشکۆ کەلتوورییەکان بڵاوکردۆتەوە.