anfala.jpg

چیرۆكێكى ئەنفال دەكرێتە فیلمێكی سینەمایی

لەلایەن كۆمانیایەكی بەناوبانگی فیلمسازی جیهانییەوە چیرۆكی بەسەرهاتی ڕاستەقینەی (تەیمور، تاكە منداڵی ڕزگاربووی كۆمەڵكوژی ئەنفال) دەکرێتە فیلمێکی سینەمایی.

 ئالان هەمووان، پرۆدیسۆرێكی فیلمسازی كورد لە واڵى تایبه‌تى خۆى له تۆڕی کۆمەڵاتیی فەیسبووك نووسیویەتی: "خۆشحاڵم بەوەی دوای چەند ساڵ كاركردنم لە چیرۆكی بەسەرهاتی ڕاستەقینەی (تەیمور، تاكە منداڵی ڕزگاربووی كۆمەڵكوژی ئەنفال)، دەرئەنجام لەبەرواری 28/9/2020 لە پێشبڕكێیەكی نێودەوڵەتیدا كەسەدان چیرۆكی نەتەوەكان تیایدا پێشكەش كرا، پاشان لەلایەن كۆمەڵێ پرۆدیسەر و سكریپت رایتەری بە ئەزموون خۆشبەختانە چیرۆكی تەیموور بەیەكەم چیرۆك هەڵبژێردرا بۆ فیلمێكی سینەمایی درێژ".

ده‌قى نوسینه‌كه‌ى وه‌كخۆى:

هەوڵێکی زۆر، ئەنجامێکی باش وهەنگاوێکی نوێ لە سینەمای کوردیدا

بۆ یەکەم جار چیرۆکێکی ئەنفال پەسەند بکرێت بۆ فیلمێکی سینەمایی درێژ لەلایەن گەورە کۆمانیایەکی بەناوبانگی فیلمسازیەوە

خۆشحاڵم بەوەی دوای چەند ساڵ کارکردنم لە چیرۆکی بەسەرهاتی ڕاستەقینەی (تەیمور، تاکە منداڵی ڕزگاربوی کۆمەڵکوژی ئەنفال)، دەرئەنجام لەبەرواری ٢٨/٩/٢٠٢٠ لەپێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا کەسەدان چیرۆکی نەتەوەکان تیایدا پێشکەش کرا، پاشان لەلایەن کۆمەڵێ پرۆدیسەر وسکریپت رایتەری بەئەزمون خۆشبەختانە چیرۆکی تەیمور بەیەکەم چیرک هەڵبژێردرا بۆ فیلمێکی سینەمایی درێژ (بڕوانە هاوپێچ)، لەلایەن کۆمپانیای بەناوبانگ Raindance بڕوانە www.raindance.org کەبنکەی سەرەکی لە لەندەنە وبنکەکانی تریان لەزۆربەی ووڵاتانی دنیا هەیە لەوانە (لۆس ئەنجلس، تۆرنتۆ، بەرلین، پاریس، هتد،،،). شایەنی باسە چوار لە چیرۆکەکان هەڵبژێردرا ولەناویاندا چیرۆکی تەیمور یەکەمین بو، بۆئەم مەبەستەش وەکو پرۆدیسەری فیلمەکە بەمەبەستی هەنگاوەکانی داهاتو بۆبەرهەمهێنانی فیلمەکە بانگهێشی تایبەت کراوم بۆ بیستوهەشتەمین فیلم فیستڤاڵی نێودەوڵەتی رایندەنس 28th Raindance film festival لە لەندەنی پایتەخت، (ئەگەر ئەم ڤایرۆسە شومە ڕێگر نەبێت).

هیوادارم بتوانم خەونی خۆم وهەموو تەیمورەکان وهاوڕێ هونەرمەندەکانم بەدیبێنم کەچەندین ساڵە باس لەوە ئەکەین چۆن فۆرمی ئەنفال بکرێتە فیلمێکی سینەمای.

لە کۆتایشدا زۆر سوپاس بۆ هەموو هاوکارە خۆشەویستەکانم وخەمخۆرانی کەیسی ئەنفال بەتایبەت خودی کاک تەیمور خۆی وکاک عارف قوربانی وکاک عەبدوڵا كه‌ریم مه‌حمود ومام پۆڵا وکاک عومەری ئەنفالستان.


ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە