23232323.jpg

بەرهەمەکانی بیستوسێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ

 لێکۆڵینەوە- چیرۆک- شیعر

ئەیلولی 2020

فێستیڤاڵی گەلاوێژ وەك سیمایەكی دیار و بۆنەیەكی گرنگی ڕووناكبیریی، ماوەی بیستودوو ساڵە بە هەوڵ و كۆششی ڕێكخەران و بەشداربوان، پێگەیەكی گەورە و دیار و لەبەرچاوی لە ڕەوتی چالاكییە ڕووناكبیرییەكاندا بەرجەستە كردووە. ئەدیبان و ڕووناكبیران لەگەڵ نزیكبوونەوەی فێستیڤاڵدا هەواڵی چۆنێتی بەڕێوەچوونی دەرپرسن و خۆیانی بۆ ئامادە دەكەن، ئەوەش لەو مێژووە پرشنگدارەوە سەرچاوەی گرتووە كە فێستیڤاڵی گەلاوێژ توانیویەتی لە چەند ساڵی رابردوودا تۆماری بكات.

ناكرێت ئەوە لەیاد بكەین كە هەمیشە و بە بەردەوامیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ زەمینەیەكی ئازاد و لەباری بۆ دەركەوتن و نواندنی توانا و داهێنانی نووسەران فەراهەم كردووە، لە سونگەی ئەو ڕاستییەشەوە دەركەوتن و ناساندنی چەندین قەڵەمی لاو، گەواهیی ئەوە دەدەن كە ئەم فێستیڤاڵە ئەو زەمینەیەی بۆ ڕەخساندوون، كە بتوانن توانا و بەرهەمی خۆیان بخەنە بەردەم نووسەرانی بەئەزموون. چەند نووسەرێکی لاو هەبوون و لە ڕێگەی ئەم زەمینەیەوە کە ئێمە ڕەخساندوومانە، خەڵاتیان پێ بەخشارە و دواتر پەرەیان بە توانای خۆیان داوە و بوونەتە ناوێکی دیاری ناوەندی ڕۆشنبیری لە بوارەکەی خۆیاندا. لە ڕێگەی لیژنەکانی هەڵسەندگاندنەوە، دیسان ئەم فێستیڤاڵە وایکردووە، کە چەند نەوەیەکی جیاواز بە یەکتری ئاشنا بکەین و لە یەکدی نزیک بکەینەوە. زۆرجار ڕەنگە نووسەرێکی لاو نەتوانێکی بەرهەمەکەی بخاتە بەردەست نووسەرە بە ئەزموونەکان، یان ڕەنگە هەندێک لەو نووسەرە بەئەزموونانەش، بەرهەمی نووسەرانی نەناسراو نەخوێننەوە، بەڵام کاتێک لەم بۆنەیەدا ئێمە ئەو دوو نەوەیە پێکەوە کۆدەکەینەوە، ئەو دەرفەتە دەبێتە سەرەتایەک بۆ ناساندن و خوێندنەوەی بەرهەمەکانی یەکدی. ئەوەش دەبێتە نزیكبوونەوەی نەوەكان و ئاگاداربوون لە بەرهەم و ڕوانینی یەكدی.

ئەمساڵ بۆ بیستوسێهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ (١٩٧) بابەتمان لە (شیعرو چیرۆك و لێكۆڵینەوە) بەدەست گەیشت، ئەمە جگە لە بەرهەمی بادینان كە بەتایبەت لەلایەن لیژنەیەكی جیاوازەوە هەڵسەنگێنراوە. دوای ئەوەی بابەتەکانمان بەدەست دەگات، ناوی نووسەرەكانیان لادەبەین و کۆد بۆ بابەتەکان دادەنێین، پاشان لێژنەکانی هەڵسەنگاندن لە ڕێگەی لیژنەیەکی نهێنییەوە دەستنیشان دەکەین و بابەتەکانیان بۆ دەنێرین. تا ئەوکاتەی هەر کەسە و هەڵسەنگاندنی خۆی تەواو دەکات و بۆمان دەنێرێتەوە، هیچ یەکێک لە لیژنەکان یەکتری ناناسن. کاتێک ناونیشان و کۆدی بابەتەکان دەنێرنەوە، ئەوکاتە بۆ هەر سێ بوارەکە ئەندامانی لیژنەکان بەیەکدی دەناسێنین. ئەو لیژنانەش بە نهێنی کاردەکەن و ئەو نووسەرانەی کە بابەتیان ناردووە، نازانن کە لیژنەکان کێن.

دەمانەوێت لەوەش دڵنیاتان بکەینەوە، کە بە هیچ شێوەیەك لە لایەن بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژەوە، دەست ناخەینە كاروباری لیژنەكانەوە و ئەوان بەتەواوی سەربەخۆن لە بڕیارداندا و لیژنەکانی ئەو چەند ساڵەی ڕابردووش دەتوانن گەواهی ئەم ڕاستییەمان بۆ بدەن.

ئەوەی لەبەردەستاندایە پەسەندكراوی ئەو بەرهەمانەیە كە ڕەوانەی فێستیڤاڵ كراون و ئەوەی هەیە ئاست و توانای ئەوانەیە بەشدارییان كردووە. لە هیچ كاتێكیشدا ڕێگە لە نووسەر و ڕووناكبیران نەگیراوە بۆ بەشداریكردن و هیچ سانسۆرێك لەسەر هیچ ناوێك و هیچ بابەتێك دانەنراوە و بەردەوام گەلاوێژ دەروازەیەكی واڵا و مینبەرێكی ئازاد بووە بۆ نووسەران و هەرچییەكیان ویستبێت وتویانە و نووسیویانە. ئێمە واڵاكردن و زمینەسازیی ئەو مینبەرە ئازادەمان لەدەستدایە، لە ئێوەش ڕوانینی نوێ و داهێنان و گفتوگۆی لۆژیكی و جددی چاوەڕوان دەكەین، بەوەش دەتوانین پێكەوە برەو بە گفتوگۆ و فراوانكردنی ڕوانین و ئاڵوگۆڕی بیروڕای ئازادانەی خۆمان بدەین.

له‌ سبێنێوه‌ یه‌كه‌ یه‌كه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى به‌شداربوو له‌ قێستیڤاڵ رۆژانه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، چاوه‌ڕوان بن...

 


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە