Mazhar_ibrhamy.jpg

کاریگەریی ئایدیۆلۆجی لەسەر بەسووژەبوونی تاکی کورد لە پێوەندی لەگەڵ زمانی دایکیدا

مەزهەر ئیبراهیمی – ماستەر – سنە

خوێندنەوەی ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی بەپێی چەمکە ڕەخنەییەکانی ئاڵتوسێر

 

 کورتەی وتار

وتاری بەردەست، پەرژاوەتەسەر پرسی زمان لە باکووری کوردستان و کارتێکەرییئایدیۆلۆجی لەسەر ڕەوتی بەسووژەبوونی تاکی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زمانی دایکیدا. بەم پێیە، ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی نووسینی شەنەر ئۆزمەن، بەگوێرەی چەمکە ڕەخنەییەکانی «ئایدیۆلۆجی»، «دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت» و «سووژە» لە تیۆریی لویی ئاڵتوسێر، خوێندرایەوە.لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات دەسەڵاتی تورکیا هاوکات لەگەڵ سەرکوتی فیزیکی، لە ڕێگەی دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانەوە، پێڤاژۆی پەراوێزخستنی زمانی کوردیی پێشخستووە. چوار دەزگای چالاکی هاودەستی دەوڵەت لەم پێوەندییەدا، ماڵبات، خوێندنگە ودامەزراوەی ئایینی و میدیایین، کە توانیویانە لە چێکردنی سووژەی ملکەچدا سەربکەون. ئەم سووژانە، هاوکات لەگەڵ کردەی ئایدیۆلۆجیک، لە ڕێی بەکارهێنانی سەرکوتەوە، زۆرترین ئاستەنگیان بۆ سووژە سەربزێوەکان چێکردووە. پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان، وەک سووژەیەکی زمانپارێز، ملکەچی ئایدیۆلۆجیی زاڵ نابێت؛ بۆیە دەکەوێتە بەر هەڕەشە ولە کۆتاییدا بە دەستی سووژەیەکی فریودراوی دەزگای ئایینی دەکوژرێت. سووژە گوێڕایەڵەکان، لە ژێر کاریگەریی هەر دوو جۆر دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکدا هەڵسازراون؛ بەڵام دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان باڵادەستترن و توانیویانە سووژەی دەستاژۆی زمانی بە سەرکەوتوویی چێ-بکەن؛ بە جۆرێ کە، سووژەکان بۆخۆیان، «ئازادانە» ڕەوشی داسەپاو بەرهەم دەهێننەوە. بەگشتی، کەشی زاڵی ئەم ڕۆمانەبریتییە لە ئایدیۆلۆجی، بەرخۆدان، ناهومێدی و دۆڕان. بەڵام، سەرەڕای ئەمانە، پەشیمانیی بکوژ لە کوشتنی سەرلەهەنگ (پاڵەوانی سەرەکی)و فامکردنی ڕاستیی ڕوانگەکانی ئەو لە کۆتایی دەقەکەدا، ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی ڕەوتی بەرەنگاری.

وشە سەرەکییەکان:زمانی کوردی، باکووری کوردستان، پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی، ئایدیۆلۆجی، دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت، سووژە، ئاڵتوسێر

 

١-دەستپێک: پرس و بابەت، گرنگی و جەستەی لێکۆڵینەوەکە

دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ئێتنیکی، فەرهەنگی، زمانی و ئایینیی پێکهاتە جۆربەجۆرەکان، بەردی بناغەی شەڕ و ململانێ و پاکتاوی هەمەلایەنەی لە ناوچەکەدا دانا. بەرهەمی ئەم سیستەمە نوێیەی ڕۆژئاوا بۆ گەلە پەراوێزخراوەکان،چەوسانەوە و هەڕەشە و هێرشی بەردەوام بووە بە مەبەستییەکسانسازی و سڕینەوەی ناسنامەی جیاوازیان. لەم نێوەدا زمان وەک هێمانێکی گرنگی پارێزەری فەرهەنگ و پێکهێنەری سوبژێکتیڤیتە بە شێوەی سیستەماتیک کراوەتە ئامانج. زمان ئەستوونی سەرەکیی ناسنامەی ئەم گەلانەیە وترازانی ئەم ئەستوونە بە واتای لێکترازانی پارچە پێکهێنەرەکانی ناسنامەیانە. زمانی کوردی، وەک نموونەیەکی بەرکەوتووی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن، لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە هەڕەشەی دەوڵەت-نەتەوەی تورک، فارس و عەرەبی لەسەر بووە؛ بە چەشنێ کە مامۆستا ئەمیر حەسەن‌پوور سیاسەتی ئەم دەسەڵاتانە بە «زمانکوژی» ناودێر دەکات (لە شێخولئیسلامی، ٢٠١٨: ٢١٩).

وڵاتی تورکیا بە درێژایی ئەم سەد ساڵە تاقیگەیەکی گەورەی سیاسەتی زمانکوژی بووە.لە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانی، واتە ساڵی ١٨٧٦دا، زمانی تورکی لە دەستووری بنەڕەتیدا بوو بە زمانی فەرمی و پەروەردەیی و زمانی کوردی بۆ مەبەستی فێرکاری قەدەغەکرا (چیچەک، ٢٠١٣: ٤). پاش هەڵوەشانەوەی سیستەمی خیلافەت و دامەزرانی دەوڵەتی کەمالیستیلە ساڵی 1923 و پەسندکردنی دەستووری نوێ لە نیسانی 1924دا، زمانی تورکی بوو بە زمانی ڕەسمی و یاسایی و هەموو دانیشتووانی تورکیا بە تورک دانران (خۆشناو، 2018: 113). بە وتەی سەیدۆ ئایدۆگان (٢٠١٤: ١٠٢) «ل ترکیایێ کوردی هەتا سالا ١٩٩١ێ ژی ژ بنڤە قەدەغە بوو و باندۆرا ڤێ قەدەغەیا زمانی هەتا سالا ٢٠٠٢ان ژی دەوام دکر». بەگشتی، دامەزرێنەرانی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیالەو کاتەوە بناغەی پاکتاوکارییان دانا و دوای سەد ساڵ هێشتا دەسەڵاتدارانی ئێستا هەندێک جار لە وتەکانیاندا حاشا لە بوونی کورد و نیشتمانێک بە ناوی کوردستان لەو وڵاتەدا دەکەن.

ئاتاتورک، وەک دامەزرێنەری ئەو دەوڵەتە، بە خاپاندنی نەتەوەکانی تر و بە کەڵک-وەرگرتن لە توندوتیژی و هێرشی سەربازی، دروشمی«یەک نەتەوە، یەک زمان»ی داسەپاند و ناوەندە زانستییەکانی مووچەخۆریشی هاودەنگ لەگەڵ ئەو، نکۆڵییان لە بوونی زمانەکانی تر کرد، یان هەموویان کردنە ژێرلقی زمانی تورکی. بەم جۆرە وشەگەلی وەک کورد، کوردی و کوردستانیان سڕییەوە؛ کوردانیان بە تورکی شاخی، تورکی ڕۆژهەڵاتی و تەنانەت  تورکی کورد ناودێر کرد و ناوی شاخ و چۆم و شار و گوندەکانیان هەموو گۆڕی (باراک، ٢٠٠٢: ٧٤). سیاسەتمەداران کە نەیاندەتوانی واقعی بەرچاو، واتە جەماوەرێکی زۆری ناوچەیەکی بەرینی جوگرافیایی و زمانەکەیان بشارنەوە، دواجار زمانی کوردییان بۆ بیست وشە دابەزاند و گوتیان بێجگە لەم بیست وشەیە، ئەوانی دیکە هەموو لە زمانەکانی دەوروبەرەوە وەرگیراون. ئینجا هەر کەسیش بە ئەم «زمانە بیست وشەییە» قسەی بکردبایە، بەرەوڕووی جەزا و جەریمە دەبوووەوە (چیچەک، ٢٠١٣: ٣، ٦، ١٤).

جیا لە قەدەغەی ئاخافتن،بەتوندی ڕێگری لە نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێب و بڵاڤۆک کراوە؛ بە چەشنێ کە لە ماوەی نێوان ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٦٥ تەنیا دوو کتێبی کوردی بڵاو بووەتەوە. پاش ئەم ڕێککەوتەش تا ساڵی ١٩٧٩ ژمارەی کتێبە چاپکراوەکان لە بیستی تێنەپەڕاندووە. لە ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٩ توندوتیژی پەرەیسەند و تەنانەت یەک کتێبیش چاپ نەکرا. لە ساڵانی دواتردا، لەگەڵ ئەوەی بڵاوبوونەوەی کتێبی کوردی وردەوردە زیادی کرد، هاوکات قۆڵبەست‌کردن، ئەشکەنجە و تەنانەت تێرۆریش زۆرتربووەوە و لەو ماوەیەدا نووسەرانی ناوداری وەک مووسا ئەنتەر و مووسا دێنیز هاتنەکوشتن.هەروەهاش، بەپێی ڕاپۆرتی«ئەنجومەنی ڕۆژنامەوانانی هاوچەرخ»، لە ماوەی نێوان ١٩٩2- ١٩٩6دا چواردە چالاکی بواری ڕۆژنامەنووسیی کوردی تیرۆر کران. هەر ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بۆ کوژرانی چواردە هەواڵنێر تەنیا لە ساڵی ١٩٩٣دا دەکات (مالمیسانژ، 2006: ٢٢-١٨).

لە ساڵی ١٩٩١دا، دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی چوونەڕیزی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و هەروەها لەبەر چالاکی و بەرخۆدانی کوردانی زمانپارێزی باکوور، قانوونی قەدەغەی ئاخافتنی کوردیی هەڵوەشاندەوە و دوای یازدە ساڵ، واتە لە ٢٠٠٢دا، هەندێک چاکسازیی سنووردار ئەنجام دران. بەم پێیە، بەبێ ناوهێنان لە زمانی کوردی، ڕێ بۆ فێرکاریی ئەم زمانە لە ناوەندە تایبەتەکاندا و هەروەها بۆ وەشانی کوردی لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆندا کرایەوە. هەروەها وەک ژێرلقێکی«زمانێن زیندی»، بەشی کوردی لە زانکۆکانی مێردین، دێرسیم، بینگۆل، وان، سێرت، دیاربەکر و مووش دامەزرا. لە ساڵی٢٠١٢- ٢٠١٣شدا وانەیەکی بژاردە، کەوتە نێو پێڕستی وانەکانی خوێندنگا دەوڵەتییەکانەوە (چیچەک، ٢٠١٣: ٢٣-٢١).

سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، دۆخی زمانی کوردیلە نێو جەماوەردا نەک هەر بەرەو باشی نەچووە، خراپتریش بووە؛ بە جۆرێ کە ئێستا زمانی کوردی بۆ پڕانی گەنجان و بۆ زۆربەی زۆری زارۆکان زمانێکی نائاشنا و نەزانراوە (١٤٢). ئەم ڕاستییە بۆ تاکی دەرەوەی کەشی ئایدیۆلۆجیکی تورکیا و باکووری کوردستان ڕوونتر و هەستپێکراوترە؛ واتە ئەگەر کەسێک بۆ یەکەم جار سەردانی ئەوێ بکات، بویەرێککە زۆر سەرنجی ڕابکێشێت، بەتورکی-ئاخافتنی زۆرینەی کوردانی ئەوێیە لە بازاڕ و تەنانەت نێو ماڵاندا. کەوابووبە سەرسامییەوە دەپرسێت: بۆچی شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەل لەگەڵ زمانی دایکیاندا ئاوەهایە؟

لێکۆڵینەوەی بەردەست، بۆگەیشتن بە وڵامی ئەم پرسیارە، ڕۆمانێکی باکووری کوردستان، بەگوێرەی چەمکە ڕەخنەییەکانی «ئایدیۆلۆجی»، «دەزگای سەرکوت و دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانی دەوڵەت» و «سووژە و ڕەوتی بەسووژەبوون» لە تیۆریی لویی ئاڵتوسێر  (١٩١٨- ١٩٩٠)، بیرداڕێژی مەزنی فەرەنسی، تاوتوێ دەکات. لەم ڕێگایەوەدەیەوێت شێوەی مامەڵەی دەسەڵات و کوردانی باکوورلە هەمبەر ئەم پرسە گرنگەدا شرۆڤە بکات. بۆ ئەم مەبەستە، پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی نووسینی شەنەر ئۆزمەن، وەک نوێنەری جڤاکی کوردیی ئەم پارچەیەی کوردستان، دەپشکێنرێت و هۆکارە بەرچاو و شاراوەکانی ئاسمیلە و خۆئاسمیلەکردن و بەرهەمهێنانەوەی ئەو بارودۆخە ڕووندەکرێنەوە.

شیاوی باسە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدا بوون، تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە گۆشەنیگای تیۆریی ڕەخنەیی ئاڵتوسێرەوە نەیڕوانیوەتە ڕۆمانی کوردی و ڕەوشی زمانی کوردی؛ بۆیە نموونەی هاوشێوە، بە مەبەستی بەراورد و تاوتوێکردن نەدۆزرایەوە. گەرچی سەبارەت بەم ڕۆمانە، چەند نڤیس لە ماڵپەڕ و گۆڤارەکاندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام پێوەندییان بەم بابەتەوە نییە و لێرەدا بەسەرناکرێنەوە.لە درێژەی وتارەکەدا، پاش ناساندنی ڕوانگە و چەمکە ڕەخنەییەکانی بیرمەندی ناوبراو، لە ژێر ڕووناکیی ئەم تیۆرییەدا دەقی باسکراو دەخوێنرێتەوە.

٢-چوارچێوەی تیۆریک

٢-١- بنەما هزرییەکانی تیۆریی ڕەخنەیی لویی ئاڵتوسێر 

ڕەخنەی مارکسیستی بە کەڵک‌وەرگرتن لە ڕا و بۆچوونی بیرداڕێژانێک وەکوو میخایل باختین، ئانتۆنیۆ گرامشی، لویی ئاڵتوسێر، میشێل فوکۆ، واڵتێر بێنیامین، پیێر ماشێری  و بێرتۆلت برێشت  گەشەی کردووە و چەندین لقی لێجیابووەتەوە. ڕەخنەگرانی ئەم ئاقارە«دەخوازن بزانن ئەدەبیات چۆنچۆنی دەتوانێت وەک هێزێک بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، یان جەخت-کردنەوە لەسەر ڕەوشی ئامادە یان ژی جێگیرکردنی کار بکات» (کلەیگز، ٢٠١٥: ١٧٦). بەگوێرەی ڕوانگەی برێشت، بێنیامین و ئاڵتوسێر، «ئەدەبیات جۆرێک لە ئایدیۆلۆجییە کە لە بیچمگەلی تری ئایدیۆلۆجی و هەروەها لە ژێرخانی ئابووری، تا ڕادەیێک سەربەخۆیە»(١٧٨).

ئاڵتوسێر، وەک یەکێک لە کاریگەرترین بیرمەندانی ئەم ئاقارە، بە سوودوەرگرتن لە بنەمای هزریی مارکس و بە پێداچوونەوە و ڕەخنەلێگرتنی، بووە پێشەنگی تێپەڕین لە بیری مارکسیزمی نەریتی و بەدیهێنەری تێڕوانینێکی نوێ بۆ پێوەندییەکانی نێوان دوو چینی سەردەست و بندەستی کۆمەڵگە. ناوبراو هەروەها لە بن باندۆری فێردینان دێ سوسور، زمانناسی ناسراوی سویسری و بیرداڕێژ و پەرەپێدەری تیۆریی پێکهاتەخوازی (بنیاتگەری) و کلۆد لێڤی شترۆس، مرۆڤناسی بەناوبانگی فەرەنسی، خۆی لە ڕێچکە فکرییە باوەکانی مارکسیزم ڕزگار کرد و لەسەر هەمان بنیات، دەلاقەیەکی نوێی بەسەر دنیای فەلسەفە و ڕەخنەی فەرهەنگی-ئەدەبیدا کردەوە.

بەپێی نێرینی سوسور، دیاردەی زمان سیستەمێکە لە یەکەکان کە گرنگێتیی هەر کامیان لێکەوتەی پێوەندیی ئەو یەکەیە بە یەکەکانی ترەوە (فرێتێر، 2013: 46). شترۆس بە گواستنەوەی ئەم ڕوانگەیە بۆ مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی و هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە مۆرفۆلۆجیی ڤلادیمیر پرۆپ، نیشانی دا کە دەکرێت دابونەریت و دیاردە مرۆییەکان، بە هەمان شێوەی سوسور تاوتوێ بکرێن (بێرتێنز، 2003: 86). بەم پێیە ئاڵتوسێر دەنووسێت:«ئەگەر مارکسیزم بەباشی بناسین، بۆمان دەردەکەوێت کۆمەڵگە سیستەمێکە لە پێوەندییەکان؛ سیستەمێک کە هەر هێمانێکی تەنیا لە پێوەندیی لەگەڵ هێمانەکانی تردا فام‌دەکرێن» (٤٨). ناوبراو، لەپێناو پێناسەی ڕاستی کۆمەڵگەدا، بیری هیومانیستیی خۆڕزگارکەری و خۆبڕیاردەرییمرۆڤ و هەروەها ڕەهاخوازیی ئابووریی و بەهەندوەرنەگرتنی ڕەهەندەکانی تری جڤاکی دایەبەر ڕەخنە و تیۆرییەکی هێنایەگۆڕێ کە ڕەخنەگران دەیخەنە چوارچێوەی مارکسیزمی پێکهاتەخوازانەوە. لێرەدا هەندێک چەمک و زاراوەی گرێدراوی ئەم تیۆرییە، کە بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە کەڵکیان لێوەردەگیرێت، دەناسێنرێن وواتایان ڕوون دەکرێتەوە.

 

٢-٢-چەمکە ڕەخنەییەکانی ئاڵتوسێر

٢-٢-١-ئایدیۆلۆجی

ئایدیۆلۆجی چەمکێکی بنەڕەتیی بۆچوونە ڕەخنەییەکانی مارکس و ئێنگلس-ە، بەڵام ئەوان بە شێوەی تەکووز و ڕێسامەند شرۆڤەیان نەکردووە. ئەم زاراوەیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٧٩٦دا لە لایەن کابانیس دێستوت دێ تراسی فەرەنسی و هاوڕێیانیەوە  و لە ژێر ناوی تیۆریی ئایدیاکان هاتەگۆڕێ (مەدەدی، 201٧: ٣١٥). مارکس و ئێنگلس ئەم چەمکەیان بۆ مەبەستێکی جیاواز و بۆ پێناسەی پێوەندیی چینەکانی کۆمەڵگا و شرۆڤەی هۆکارەکانی چەوساندنەوەی زۆرینەی خەڵک لە لایەن کەمینەیێکی خاوەن کەرستەی بەرهەمهێنانەوە بەکارهێنا. مارکس هەر بە لاوی پێیوابوو «ئایدیۆلۆجی بریتییە لە کۆمەڵێک ئایدیا کە بەسەر بیری تاک یان کۆمەڵێک مرۆڤدا زاڵن» (ئاڵتوسێر، 1971: 106).

ئاڵتوسێر بە پەرەدان بەم چەمکە، تیۆرییەکی نوێی هێنایە نێو گۆڕەپانی ڕەخنەوە، کە وەک کاریگەرترین و پڕبایەخترین دیاریی ئەو بۆ لێکۆڵینەوە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان ناوی لێدەبرێت (فرێتێر، 2013: 104). بە وتەی بێرتێنز (٢٠٠٣: ١١٧) «شێوەی شیکاریی ئاڵتوسێر، چۆنیەتیی کارکردنی ئایدیۆلۆجیی لە وێژەدا پیشانداین». ئایدیۆلۆجی، بەگوێرەی لێکدانەوەی ئەم بیرمەندە، خاوەن دوو ڕەهەندی گرنگە؛ یەکەم، لە چەندین بیچمی ڕەنگاوڕەنگدا خۆی دەنوێنێت و دووەم، دەربڕی هەڵوێستی چینایەتییە. ناوبراو بە سەرنجدان بەم وتەیەی مارکس کە دەڵێت «ئایدیۆلۆجی مێژووی نییە» و هەروەها بەپێی ڕوانگەی فرۆید کە پێی-وایە «ناخودئاگا ئەبەدییە»، لە واتای گشتیدا ئایدیۆلۆجی بە واقعێکی نامێژوویی و ئەبەدی و هەرماو دەزانێت، واقعێک کە لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە. ئەڵبەت مەبەستی لە وشەی «ئەبەدی»، بابەتێکی ئەوپەڕ مێژوو و ئەوپەڕزەمان نییە، بەڵکوو بەو واتایە لەبەرچاوی دەگرێت کە بە شێوەی تایبەت لە سەرتاسەری مێژووی بیچمبەندیگەلی کۆمەڵایەتیدا ئامادەیە (ئاڵتوسێر، 1971: 10٨-10٧). ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە «ئەوەی مرۆڤەکان لە ئایدیۆلۆجیدا بۆخۆیانی وێنا دەکەن، ڕەوشی واقعیی بوونیان نییە، بەڵکوو پێوەندییانە لەگەڵ ئەم ڕەوشەی بوونیان کە لە ئایدیۆلۆجیدا وێنا دەکرێت»(١١٢). بەگشتی، «ئایدیۆلۆجی بریتییە لە ڕەوتی گوتار، وێنە و ئایدیاگەلێک کە لە هەموو کاتێکدا دەورەیان داوین، لە نێویاندا لەدایک بووین، گەورە بووین و تێیاندا دەژین و تێدەفکرین و دەجووڵێینەوە» (فرێتێر، 2013: 107).

ئەم بیرمەندە بایەخی زۆر کەم بە بەرگری دەدات و وەهای دەبینێت کە لەم بارودۆخەدا ئەوەی کۆنترۆڵی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی مرۆڤی لە بن دەستدایە و هەموو بوون و ژیانی تەنیوەتەوە، هەمیشە و لە هەموو شوێنێکدا و لە گشت ئاستێکدا، ئایدیۆلۆجییە و ئەوەی دەیدۆڕێنێت چینی بندەستە و بەرگری و بەربەرەکانێ ئاکامێکی ئەوتۆی نابێت. بەم بۆنەوە زۆربەی ڕەخنەگران بە کەسێکی ڕەشبینی دەزانن و تیۆرییەکەی بە ڕەشبینانە وەسف دەکەن. ئەڵبەت، بۆچوونە ڕەخنەییەکانی ناوبراو و تێکۆشانی لەپێناو ناسین و ناساندنی ئایدیۆلۆجی، پیشاندەری باوەڕیەتی بە بەرگری و هێزی بەرەنگاربوونەوە.بۆخۆشی پێی-وایە«لە ڕێگەی تێگەیشتنی ڕەخنەییانە لە ئایدیۆلۆجییەوەیە کە گەل ئاگاداری خەباتی چینایەتی دەبێت و ئامرازی ڕووخاندنی ئایدیۆلۆجیی چینی خاوەن دەسەڵات بەدەست دەهێنێت» (لە پەین، 2000: 77).

٢-٢-٢- دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت 

ئاڵتوسێر بە کەڵکوەرگرتن لەم وتەیەی مارکس، کە دەڵێت «ئەگەر لە بیچمبەندییەکی کۆمەڵایەتیدا، هاوکات لەگەڵ بەرهەمهێنان، هەلومەرجی بەرهەمهێنان بەرهەم نەهێنرێتەوە، ئەو بیچمبەندییە کۆمەڵایەتییە ساڵێکیش دەوام ناهێنێت» (1971: 85)،هەوڵی ڕاڤەی پێوەندییەکانی نێو کۆمەڵگا و هەلومەرجی بەرهەمهێنانەوە و ئامراز و ڕێکارەکانی دا. بەرهەمهێنانەوە لە ڕێگەی کڕینەوە دەستەبەر دەبێت؛ کڕینی کەرستە و ئامێر و هەروەها کڕینی هێزی کار کە لە ڕێی پێدانی حەقدەستەوە دابین دەبێت. بەڵام بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار  تەنیا لەم ڕێگایەوە ناکرێت و پێویستەمرۆڤەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەرکەکانیان ئامادەی بەکارهێنان بکرێن. ئەم ئەرکە لە دنیای ئەمڕۆدا کەوتۆتە ئەستۆی سیستەمی خوێندن و پەروەردە. ئەم سیستەمە مرۆڤی پسپۆڕ و کارامەی گونجاوی هەموو بەشەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان پەروەردە دەکات، بەڵام ئەمە تەنیا مەرج نییە و بەردەوامیی پرۆسەکە گرێدراوی بەرهەمهێنانەوەی پێوەندییە ئامادەکانی ئەم ڕەوتەیە.

ئاڵتوسێرڕەوتی ئاڵۆزی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی نادادپەروەری و چەوسانەوەی هەمەچەشن لە کۆمەڵگەدا، بۆ دەزگاکانی سەر بە دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە. ئەو لە وتاری «ئایدیۆلۆجی و دامودەزگای ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت»دا کە لە کتێبی لنین و فەلسەفە و وتارەکانی تردا (١٩٧١) بڵاو بووەتەوە، بۆ دەوڵەت دوو چەشن دامەزراوە لەبەرچاو دەگرێت کە یەکیان دەزگای سەرکوت و ئەوی دیکەش کۆمەڵەدامەزراوەیەکن بە ناوی دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانی دەوڵەت.بەپێی نێرینی ئاڵتوسێر، ئەم دوو جۆر دەزگایە لەپێناو تاقە ئامانجێکدا چالاکی دەنوێنن: ئامانجی درێژەدان بە دەسەڵاتی چینی سەردەست بەسەر چینی بندەستدا. دەزگا ئایدیۆلۆجییەکانی دەوڵەت بریتین لە: «دەزگای ئایینی، دەزگای پەروەردە و فێرکاری، دەزگای ماڵبات و خێزان، دەزگای قانوونی، دەزگای سیاسی، دەزگای سەندیکایی، دەزگای تایبەت بە هەواڵ (ڕۆژنامە، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن و هتد) و دەزگای فەرهەنگی (ئەدەبیات، هونەرە جوانەکان، وەرزش و هتد)» (ئاڵتوسێر، ١٩٧١: ٩٦).

دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان بە شێوەی نەرم و هەستپێنەکراو ڕەگی دەسەڵاتی زاڵ لە نێو کۆمەڵگادا قایمتر و قووڵتر دەکەونەوە و بەردەوام پێوەندیی چەوسێنەرانەی نێوان چینی سەردەست و بندەست بەرهەم دەهێننەوە. لە لایەکی ترەوە، دەزگای سەرکوت ئەرکی سەپاندنی زۆرەملێیانەی دەسەڵات بەجێ دەگەیەنێت ولە کاتی پێویستدالەپێناو پاراستنی هێز و دەسەڵاتی چینی باڵادەستدا دێتە مەیدان و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەم چینە و ئایدیۆلۆجییەکەیان دەکات. دەزگای سەرکوتی دەوڵەت لەمانە پێکدێت: حکومەت، سوپا، پۆلیس، دادگا، زیندان و هتد. ئەمانە لە کاتی پێویستدا، سەرکوت و توندوتیژی بەکار دەهێنن؛ ئەگەرچی لەوانەیە سەرکوتکردن یان فۆرمی فیزیکی لەخۆ نەگرێت (ئاڵتوسێر، لە مەدەدی، ٢٠١٧: ٣٣٩).

ئەم دوو جۆر دامودەزگایە هەندێک جار و لە کاتی پێویستدا، شێوەی جووڵانەوەی یەکتر بەکار دەهێنن. ئاڵتوسێر لەم بارەوە دەڵێت، دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان، بە زۆری و لە پێشدا، پشت بە ئایدیۆلۆجی دەبەستن و سەرکوت لە پلەی دووەمدایە و بە شێوەی نەرمونیان و تەنانەت هێمایین جێبەجێ دەبێت؛ بۆ نموونە ئاماژە بە سانسۆر دەکات.  لە بەرامبەردا، دەزگای سەرکوتی دەوڵەت به هەردوو شێوە هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام جەختی لەسەر هێز و هەڕەشە و توندوتیژییە (ئاڵتوسێر، ١٩٧١: ٩٨).ئەم دەزگایانە تەواوکەری یەکدین و بۆشاییەکانی یەکتر پڕدەکەنەوە. بە واتایێکی تر، هەرکاتێک دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان سەرنەکەون و تاک یان کۆمەڵێکیان بۆ دەستەمۆ نەکرێت، هێزی سەرکوتی دەوڵەت دێتە هانایان و هێزی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاک و کۆمەڵە لادەر و لاڕێیانە دەخاتەگەڕ و دەنگە نۆرمتێپەڕەکان کپ دەکات.

٢-٢-٣- سووژە و ڕەوتیبەسووژەبوون

سووژە و چۆنیەتیی بەسووژەبوونی تاکەکان، لە مژارە گرنگەکانی بەرباسی ئاڵتوسێرە. سووژە دوو واتای باوی هەیە، یەکیان بە واتای مرۆڤی خاوەن زەینییەتی ئازاد و بەرپرسیاری کار و کردەوەکانی خۆیە و ئەوی دیکەش بوونەوەرێکی بێبەش لە ئازادی و ملکەچی دەسەڵاتێکی سەرترە، کە تەنیا لە هەڵبژاردنی ملکەچیی خۆیدا ئازادە. ئاڵتوسێر بە سەرنجدان بە ئەم دژوازییە دەنووسێت: «تاک وەک سووژەی (ئازاد) لێپێچینەوەی لێدەکرێت تا (ئازادانە) خۆی بخاتە بن فەرمانی سووژەی مەزنەوە و دوایە (ئازادانە) ملکەچیی خۆی هەڵبژێرێت و لە ئەنجامدا بە تاقی تەنیا کارگەلی خۆپاوانکەری خۆی تێپەڕێنێت. سووژەکان تەنیا بە هۆ و لە بۆ ملکەچبوون، بوونیان هەیە» (لە مەدەدی، ٢٠١٧: 370). واتە، هۆی هەبوونی سووژەکان ئایدیۆلۆجییە و لە ناخیدا دەژین و ئەوەی پێیان دەکریت تەنیا ملکەچی و خۆڕادەستکردنە.

کاتێک تاکەکان بەر شاڵاوی ئایدیۆلۆجی دەکەون و بەگوێرەی ڕێساکانی دەجووڵێنەوە، ئەودەم دەبن بە سووژەی ئەو ئایدیۆلۆجییە. سووژە، لە ڕاستیدا، بەرهەمی ئایدیۆلۆجییە، کە بە هۆی دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان و لە بن چاوەدێریی دەزگای سەرکوتی دەوڵەتدا هەڵدەسازرێت. تاکەکان بە مەبەستی پاراستنی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی بارودۆخی جێگیر، دەبێ بتوانن ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیان بەباشی تێپەڕێنن. ئەم کارە لە ڕێگەی لێپێچینەوەی ئایدیۆلۆجیکەوە دەستەبەر دەکرێت. لێپێچینەوە کاتێک ڕوودەدات کە سووژەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئایدیۆلۆجییەوە بانگ دەکرێن یان لێپێچینەوەیان لێدەکرێت. ئاڵتوسێر لەم بارەوە دەنووسێت:

ئایدیۆلۆجی بە شێوەی «ئاواڵگری» و هەڵبژاردنی سووژە لە نێو تاکەکاندا «ئەرکەکەی تێدەپەڕێنێت» (ئایدیۆلۆجی هەموو تاکەکان دەکات بە ئاواڵی خۆی)، یان لە لە ڕێگای ئەو پێڤاژۆیەوە کە بە بانگکردن یا لێپێچینەوە ناودێرم کردووە، تاکەکان بۆ سووژە «دەگۆڕێت» (ئایدیۆلۆجی هەموو تاکەکان دەگۆڕێت). دەکرێت لێپێچینەوە بە ئاساییترین کاری ڕۆژانەی پۆلیس وێنا بکەین، واتە لەم دێڕانەدا: «ئەهای، تۆ!». (ئاڵتوسێر، ١٩٧١: ١١٨).

ئەگەر ئەم دیمەنە لە کۆڵانێکدا ڕووبدات، تاکی بانگکراو ئاوڕ دەداتەوە و بەم جۆرە دەبێت بە سووژە و واتای ئەوەیە ئەو کەسە دانی بەوەدا ناوە کە ئەوەی بانگکراوە خۆیەتی، یان دەکرێ بڵێین خۆی لەو لێپێچینەوەیەدا ناسیوەتەوە و بەسووژەبوونی خۆی لە چوارچێوەی ئەو ئایدیۆلۆجییەدا پشتڕاست کردووەتەوە. کەوابوو، لێپێچینەوەی سەرکەوتوو کاتێک ڕوودەدات کە سووژە بۆی دەرکەوێ ئەو بانگە لە ڕاستیدا ڕووی دەمی لە ئەوە. ئەگەر لێپێچینەوە سەرکەوتوو بێت، تاک وەک سووژە گیرۆدەی ئایدیۆلۆجیدەبێت. ئەم نموونە خەیاڵییە سادەیە بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەیە، ئەگەرنا لە واقعدا، لێپێچینەوە و بەسووژەکردن بەم بەپێی ڕووداوگەلی یەک‌بەدوای‌یەکی لەم چەشنە ڕوونادات.

دەسەڵات بە چێکردنی سووژەی گەورە و تاقانە و بە کەڵکوەرگرتن لە کردەی ئایدیۆلۆجیکی لێپێچینەوە تاکەکان گیرۆدە و ملکەچی خۆی دەکات. تاکەکان وەک سووژەگەلی بچووک، هەردەم هەوڵی دەستەبەرکردنی جێگە و پێگەی سووژەی گەورە دەدەن، کەچی هەموو هەوڵێکیان بێئەنجامە و دەستکەوتیان تەنیا خۆبەدەستەوەدان و هاوکاریی چینی سەردەستە لەپێناو دەستەبەربوونی ئامانجەکانی ئەواندا. سووژە بچووکەکان، لە بن کاریگەریی ئایدیۆلۆجیدا، چارەنووسی خۆیان بە چارەنووسێکی سروشتی و ئاسایی دەبینن و گریمانەیان ئەوەیە هەموو شتێک هەر بەو چەشنەیە کە دەبێ هەبێت. کەوابوو، وەک بەشێک لە سیستەمێ کە لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕێکدەخرێت، بەردەوام بەرهەم دێنەوە و هەموو هێز و وزەیان، بەپێی ئەخلاق و ویژدان، بۆ گەڕاندنی چەرخی مەکینەی دەسەڵات پێشکەش دەکەن.

لێکەوتەی ئایدیۆلۆجی، سووژەی دڵخوازە. سووژەی دڵخواز، سووژەی گوێڕایەڵە و لە بەرامبەر لێپێچینەوەی بەردەوامی ئایدیۆلۆجیدا بەبێ کێشە خۆی بەدەستەوە دەدات. ئەم سووژەگەلە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگە پێکدەهێنن. لە بەرامبەردا، سووژەگەلی سەربزێو لە ڕەوتی لێپێچینەوەدا خۆ بەدەستەوە نادەن و ملکەچی ئایدیۆلۆجیی زاڵ نابن. سووژە سەربزێوەکان، بە پێچەوانەی سووژە دڵخوازەکان، کە شێلگیرانە لە پێشبڕکێی ملکەچکردندا بەشداری دەکەن، بە سانایی مل نادەن و سەر دانانەوێنن؛ بۆیە دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنیان ناچار دەبێت دەمامکی دلۆڤانی لەسەر ڕووی فڕێ بدات و پەنا بباتەبەر دەزگای سەرکوت و توندوتیژیی فیزیکی.

٣-خوێندنەوەی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی بەگوێرەی چەمکە ڕەخنەییەکانی ئاڵتوسێر

٣-١- ئاوڕێکی گشتی

رۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی(٢٠١٠) دووەمین ڕۆمانی شەنەر ئۆزمەن(١٩٧١-)، نووسەری چالاک و بەهرەمەندی باکووری کوردستانە.هاشم ئەحمەدزادە (٢٠١٥: ١٣٧) ناوی ئەم نووسەرە دەخاتە پاڵ ناوی کەسانێک وەک محەمەد ئوزون، حەلیم یووسف، ژان دۆست و حەسەنێ مەتێ و بە «رۆماننووسێن پڕهێژا و باش» دەیانناسێنێت.ڕۆمانی بەرباس لە چوار سەربەشی «دەستپێک، ئیمان، زمان، ڕامان» و بەشێک بە ناوی «ژێرنۆتێن نەقەدیایی» پێکهاتووە، کە ڕوونکردنەوەی هەندێک لە ڕووداوەکانە. ڤەگێڕی بنبەشی یەکەم، مەراسیم-ە کە سەرەتای ئاشنابوونی لەگەڵ پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان، واتە سەرتاج و هەروەها تێکچوونی نێوانی لەگەڵ ئۆندەر-ی مامۆستای دەگێڕێتەوە.لە درێژەدا گێڕەوەیەکی هەمووشتزان، کە خودی سەرتاج-ە، لە زاری کەسی سێیەمەوە دەپەرژێتەسەر چیرۆکی بێبڕانەوەی ژیانی خۆی. ئەم بەسەرهاتانە لە هەژدە بنبەش پێکهاتوون و هەرجارەو باسی قۆناغێکی ژیانی پاڵەوانی سەرەکیدەکات؛ لە بیرەوەریی سەردەمی منداڵی و ماڵبات و قوتابخانە و کارتێکەریی خاڵۆی شۆڕشگێڕی و ڕەوشی نالەباری کوردان و پاشان مامۆستایەتی و پێوەندیی لەگەڵ عەلی عوسمانی خوێندکارییەوە بگرە هەتا دەمی تێکچوونی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ مەراسیم و دۆخی ناخۆشی تەنیایی و بیرەوەرییەکانی شۆڕش و ناسینی دوکتۆر سارین-ی دەروونناس و پاشان وەرگرتنی خەڵاتی چیرۆکنووسی و بانگهێشتکردنی بۆ ئەڵمانیا و هتد، دەگرێتەوە. بنبەشی کۆتایی ڕۆمانەکەش، گێڕانەوەی چۆنیەتیی کوشتنی سەرتاج-ی «چەپگەر» و «لەدینلادەر»ە بە دەستی عەلی عوسمان-ی خاپێنراوی مەلا ئیدریس و هاوبیرانی و هەروەها پەشیمانی و ڕق و قینی ناوبراو لە هاندەران و فەرمانپێکەرانی.

پاڵەوانی سەرەکی، سەرتاج کاران، ئەندامی بنەماڵەیەکی هەژار و «بێ ئێڵ و عەشیرە»ی «تاخی ژێر»ی شاری «هەزەخ»ی باکووری کوردستانە. لە تایبەتمەندییەکانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی، شێوەی ناساندنی سەرلەهەنگە کە هەرجارەو بە پاشناوێک و بەپێی ڕەوشی دەروونی یان بارودۆخی دەوروبەر وتێڕوانینی کەسانی ترەوە وەسف دەکرێت؛ بۆ نموونە،«سەرتاجێ ئەڤیندار»، «سەرتاجێ سەرهشک». هەروەها پاش تەڤلیبوونی بە شۆڕشەوە، ناوی دەبێتە «شۆرەش» و دیسان بەپێی ئەو ڕەوشەی تێدایە، پاشناوێکی دەخرێتەسەر؛ بۆ وێنە، «شۆرەشێ باوەری‌پۆلا» و «شۆرەشێ رەخنەگەر». ئەم ڕۆمانە، لە ڕاستیدا، تێکەڵەیەکە لە گێڕانەوەی ژیانی سەرتاج، وەک کەسایەتییەکی جیاواز و هەستیار لە هەمبەر ڕەوشی داسەپێندراوی دەردۆریو، گێڕانەوەی بیرەوەرییە تاڵەکانی لە بیچمی چیرۆکێکدا کە بۆخۆی نووسەرەکەیەتی و، هەروەها خەون و خولیا و خەیاڵە تێکەڵپێکەڵەکانی وەک مرۆڤێکی تووشبووی شیزۆفرێنیا. نەخۆشیی دەروونیی سەرتاج، کە بۆ خەمی تێکچوونی ژیانی هاوبەش، بندەستیی و بێمافیی نەتەوەکەی، زمانبڕاوی، هەژاریی کتێبخانەی کوردی، نەزانیی گەل و قۆڵبەستکران و ئەشکەنجەدرانی دەگەڕێتەوە (ئۆزمەن، ٢٠١٠: ٨٨-٦٧،١٢١)، لە زەینی ئاڵۆز و، شڵەژاویی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانیدا و هەروەها لە هەستکردنی بە بوونەوەرێکی نائاسایی بە ناوی «پیرا نا» و قسە و دەمەقڕە لەگەڵیدابەباشی نوێندراوەتەوە. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە، گەرچی هەندێ جاروەک خەون و خەیاڵەکانی سەرتاج و هەندێ جار وەک چیرۆکێکی نووسراوی ناوبراو خویا دەبن، بەڵام بەتەواوەتی ڕاستیی کۆمەڵگای باکوور دەخەنەڕوو و واقعێک پیشان دەدەن کە بۆ مرۆڤی کورد نائاشنا نین و هەموویان ئەزموون کراون.

٣-٢- ئایدیۆلۆجی، دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانی دەوڵەت و ڕەوتی بەسووژەبوون لە ڕۆمانی بەرباسدا

وەک گوترا، ئایدیۆلۆجی ئەو هێزە شاراوەیەیە کە سەرتاسەری ژیانی مرۆڤەکان و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیانی تەنیوەتەوە و ئەوان نەخوازراوانە لەپێناو بەرژەوەندیی چینی چەوسێنەر و چەوساندنەوەی خۆیاندا کاری بۆ دەکەن. ئاڵتوسێر هەوڵی داوە بە یارمەتیی زانست و هێنانەگۆڕی فەلسەفەی ڕووناکیبەخشی خۆیلایەنە شاراوەکانی ئایدیۆلۆجی و شێوە ڕەنگامەکانی داگیرکردنی زەینی تاک ئاشکرا بکات. لە ڕۆمانی بەردەستدا ڕەنگدانەوەی ئەم ڕەوشە بەتۆخی دەبینین. پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان بە ئاوڕدانەوە لە بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی دەڵێت:

ئەو دەم و دەورانێن خوەزی پێئانینان دابهوریبوون چووبوون. تەڤی کو دیا وی ب کوردی ژ وی رە دگۆت کو «ئەم ترکن»، ب تەڤی کو مامۆستەیێن وی ب ترکی وی رە دگۆتن کو «تورکون تورکتەن باشکا دۆستو یۆکتور» (ژ بلی ترکان تو دۆستێ ترکان نینە)، دیسان ژی چێنەدبوو. خەلەتییەکە مەزن د وان گۆتنان دە هەبوو لێ ئەو ب سەر ڤە نەدبوو. (ئۆزمەن، ٢٠١٠: ٦١).

     سەرتاج بەم جۆرە باسی بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی و ڕوانگەی دایکی و مامۆستاکانی دەکات. ئەوەی هەمیشە و لە هەموو شوێنێکدا بە گوێیدا دەدرێت و لە گوێیدا دەزرینگێتەوە، جەختکردنەوەیە لەسەر تورکبوون. بەڵام لەگەڵ گەورەتربوونی، لەو شتانەی لە بنەماڵە و خوێندنگە فێریان بووە دەکەوێتە گومانەوە. هۆکاری ئەم گومانەش، زیاتر، محەمەدی خاڵۆیە کە شۆڕشگێڕێکی تەڤگەرێکی مارکسیی کوردییە و کارتێکەریی زۆری لەسەر بیر و ڕوانگەیدا هەیە. یەکێک لە بیرەوەرییە تاڵەکانی سەردەمی منداڵیی سەرتاج کە بۆ یەکەمجار دەروونی بریندار دەکات، کوژرانی خاڵۆیە بەدەستیهێزەکانی دەوڵەت و دوایە شین و گریان و کوتانەسەرماڵ و هەڵشێواندنی کەلوپەلەکانیان.

لە پاردەقی سەرەوەدا، کاریگەریی ئایدیۆلۆجی زۆر قووڵ و بەرچاوە؛ بە چەشنێ کە دایکی سەرتاج کە خوێندنگە نەچووە و لەو ڕێگایەوە زمانی نەبڕاوە و وشەیەکیش تورکی نازانێ، وەها چاوی لەڕاست ڕاستییەکان بەستراوە، بەزمانی کوردی باس لە تورکبوونیان دەکات. ئەڵبەت نابێ دەوری دەزگای سەرکوتیش لەبیر بکرێت. دەسەڵات بە سوودوەرگرتن لە ڕێوشوێنی جۆربەجۆر، لەوانە توندوتیژیی فیزیکی و ڕاستەوخۆ یان هێمایین و ناڕاستەوخۆ، ئایدیۆلۆجی بە هەموو قوژبنێکدا بڵاو دەکاتەوە و لە هەموو مێشکێکدا جێگیری دەکات. ئەمبارودۆخە بۆ هەڵسوکەوتی سیاسیی پاش شەستەکان دەگەڕێتەوە کە بە شێوەیەکی توند هەوڵی تواندنەوەی ناسنامەی کوردییان دەدا؛ بە جۆرێ کە جێبەجێکارانی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن بە پێداگرییەوە لە ڕاپۆرتەکانیاندا داوایان دەکرد«کو دڤێ دەولەت هینی کوردان بکە کو ئەو نە کوردن، لێ ترکن» (چیچەک، ٢٠١٣: ١٢).

دەوڵەت لە ڕێی ئامێری وەک ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و بە یارمەتیی کارگێڕان و بانگەشەکارانی ئایدیۆلۆجی، ماڵبەماڵ دەگەڕێ و مێشکەکان داگیر دەکات؛ بە جۆرێک کە پێداگرتر لە ئەندامانی چینی باڵادەست، لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئەواندا و بۆ ملکەچی و چەوساندنەوەی زیاتری خۆیان بەکاریان دەهێنێت. بە وتەی بۆردیۆ (2008: 26) تەلەڤیزیۆن زۆرترین دەرفەتی فۆرمدان بە بیری بەشێکی گەورەی خەڵکی لەبەرەستدایە و بە زەقکردنەوەی ڕووداوی بێ‌بایەخ، سەرنجی جەماوەر لەسەر ڕووداوە گرنگەکان  هەڵدەگرێت و لەباتی ئەوەی کاتەکانیان بۆ دەستخستنی زانیاری سەبارەت بە مافە دیمۆکراتیکەکانیان تەرخان بکەن، بۆ شتی پووچ و کەمبایەخ بەفیڕۆی دەدەن.

     جیا لە هەڵوێستی دایکی سەرتاج، کە پیشاندەری ڕۆچوونی ئایدیۆلۆجیی چینی باڵادەست بە ناخی زەینی تاکە بندەستەکاندایە، مامۆستاکان، وەک کارمەندانی دەوڵەت، کارگێڕ و پەرەپێدەری ئایدیۆلۆجین و منداڵان بە جۆرێک پەروەردە دەکەن کە ڕەوشی داسەپاو وەک واقعی نەگۆڕی ژیانیان لێکبدەنەوە. دەزگای فێرکاری، منداڵە تورکەکان وەها ڕادەهێنن کە تورکبوونیان بە واتای سەرتربوون، هۆی شانازی و هۆکاری پێشکەوتن بزانن. لە بەرامبەردا، چەواشەکارانە، لە مێشکی منداڵانی کورددا ئەم ئایدیایە دەچێنن کە کوردبوون بە واتای دوژمنایەتیی شارستانییەت و هێمنی و پێشکەوتنی وڵاتە و کورداندەبێت نکۆڵی لە زمان و ناسنامەی خۆیان بکەن و ملکەچی ئایدیۆلۆجیی نەتەوەی سەردەست بن تاکوو دەوڵەت مافی ژیانێکی تورکانەیان بداتێ.

بەپێی ڕوانگەی ئاڵتوسێر، هەموو ئەو دەزگایانەی کۆمەڵگایان پێکهێناوە، بە حکوومی و ناحکوومییەوە، لە بنەماڵە و قوتابخانە و مزگەوتەوە بگرە هەتا ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و هونەر و وەرزش و ئەدەبیات، لەپێناو پاراستن و پەرەدان و جێگیرکردنی ئایدیۆلۆجیی زاڵدا کار دەکەن. لێرەدا دیسان کاریگەریی ئایدیۆلۆجی لەسەر ئەندامانی بنەماڵە دەبینین:

ئوو مەسەلەیا ئەسل و فەسلێ مالباتێ، کۆک ورەهێن باڤێ من و یێن دیا من، یەکی موهاجر و یەکا کورد، ناخوە چما باڤێ من دگۆت، «بیز تورکوز کیزیم» (کچەکەم ئێمە تورکین) و هەر جارا کو وی دگۆت، «بیز تورکوز کیزیم»، ئەتا من دبوو پزۆت و دوو ژ قولۆز دبوو. وێ ژی ئا خوە دگۆت ب قیرەقیر و ل دیا من ڤەدگەریا، دگۆتێ ب گری، «تو چما خەبەر نادی دایێ؟ چما نابێژیێ کو هوون ژ دێیەکە کوردن؟ ما نە ئەسل دێ‌یە...؟» لێ دیا منارەبەن دەنگێ خوە نەدکر، نە ژ باڤێ من رە، نە ژی ژ قیزا خوە یا مەزن رە، نەدگۆت «ئەرێ» یان «نا»، سەرێ خوە بەرا بەر خوە ددا و ب حالێ خوە دە دپۆنژی. (ئۆزمەن، ٢٠١٠: ١٩).

     ئەم دێڕانە بیرەوەرییەکانی مەراسیم-یان لەخۆگرتووە. مەراسیم لەگەڵ یاسەمین-ی خوشکی و هەروەها دایک و باوکیدا لە ئەنقەرە دەژین. باوکیان «موهاجر» و دایکیان کوردە. مەراسیم دوایی دەبێتە هاوژینی سەرتاج-ی کوڕەدۆستی خوشکەکەی و وەک خۆی دەڵێت، «من ئەو ژ کەزیکورا یاسەمینێ ڤەدزیبوو» (١٠).یاسەمین، بە پێچەوانەی مەراسیم، زمان و نەتەوەی خۆی بەلاوە گرنگە و هەمیشە بەرپەرچی هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی باوک و خوشکی دەداتەوە. لێرەدادۆخی پێوەندیی نێوان ئەندامانی ئەم خێزانەدەبینین.

بنەماڵە وەک یەکێک لە دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانی دەوڵەت، ئەندامانی خۆیدەکاتە ئامانجی ئایدیۆلۆجی زاڵ و لەپێناو دەستەبەربوونی بەرژەوەندییەکانی چینی سەردەستدا بەکاریان دەهێنێت. باوکی مەراسیم، وەک هێزی باڵادەستی خێزان، بە دووپاتکردنەوەی ئایدیای «ئێمە تورکین»، دەیەوێت هاوژین و کچەکانیشی وەها لێبکات باوەڕی تەواو بەو ئایدیایەی دەسەڵات بهێنن، کە لە تورکیا، تەنیا یەک نەتەوە و یەک زمان بوونی هەیە، ئەویش نەتەوەی تورک و زمانی تورکییە. هەوڵەکانی ئەو سەبارەت بە مەراسیم سەرکەوتوو بووە، بەڵام یاسەمین لە دژی هەڵوێست دەگرێت و دەیەوێت ورەی بەرەنگاربوونەوە لە دایکیشیدا بورووژێنێت؛ کەچی کاردانەوەی دایکی، تەنیا بێدەنگی و گریانە.

دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان هەمیشە و لە هەموو شوێنێکدا بە شێوەی نەرم و هەستپێنەکراو کار ناکەن و هەندێ جار وەکوو دەزگای سەرکوت، لە توندوتیژیش کەڵک وەردەگرن. هەڵسوکەوتی دایکی یاسەمین ئەم گوتەیە پشتڕاست دەکاتەوە. گریان و بێدەنگیی ئەو لە هەمبەر پرسیارەکانی یاسەمین کە بە گریانەوە داوای کاردانەوە و بەدرۆخستنەوەی وتەکانی باوکی لێدەکات، نیشانەی دەستەوەستانی و ناچارییە، دەرخەری توندوتیژییەکە کە بە سەریدا داسەپاوە و بە ناچار ملکەچی کردووە. بەڵام ملکەچییەکەی لەبەر باوەڕی بەو گوتەیە نییە، بەڵکوو زۆرەملێیانە و بەپێی سەرکوتە. بندەستیی ئەم ژنە کوردە دوولایەنەیە، واتە لە لایەکەوە وەک ژن و لە لایەکی ترەوە وەک کوردێک ڕەتدانەوەی گوتەی مێردەکەی بۆ نالوێت؛ بۆیە بێدەنگی و گریان هەڵدەبژێرێت. ئەم دۆخە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی دایکی سەرتاج کە بەزمانی کوردی جەختی لەسەر تورکبوونی خۆی دەکردەوە. لەودا دووانەی سەرکوت-ئایدیۆلۆجی سوژەی دڵخوازی دەوڵەتی دروست کردبوو، کەچی لەم نموونەیەدا سەرکوتی ڕووت و ڕاستەوخۆ دەنگی سووژەی بندەستی کپ کردووە.

سووژەی دڵخواز، پێناسەی تاکی ڕۆچووی نێو گێژاوی ئایدیۆلۆجییە.ئایدیۆلۆجی لە ڕێگای دەزگاکانیەوە، بە بانگکردن و لێپێچینەوەی تاکەکان، ڕەوتی بەسووژەکردن بەڕێوە دەبات و سووژەش بۆخۆی ئەرکی خۆچەوساندنەوە و گەشەدان بەم ڕەوتە جەغزئاسایە بەردەوام بەرهەم دەهێنێتەوە. هەندێ تاکی دەگمەنیش هەن کە ملکەچی ئایدیۆلۆجیی زاڵ نابن و لە دژی هەڵوێست دەگرن. ئەمانە سووژەی سەربزێون؛ بەو واتایە کە لەباتی ملکەچی، سەر بەرز دەکەنەوە و بەرگری دەکەن. لەم ڕۆمانەدا گەلێک سووژەی ملکەچ و هەندێک سووژەی سەربزێو وەبەرچاو دەکەون. لە پاردەقی خوارەوەدا، مەراسیمدەڵێت:

قەت ژ بیرا من ناچە. ئێڤاریەکێ، سەبا وێ پەیڤا نەبخێر -چما کو من نەدگۆت گەلێ کورد- ب پێسیرا من گرتبوو و هەتا کو گۆتنێن خوە یێن یەکوودەرب نەقەداندبوون ژی، زوو ب زوو بەرنەدابوو؛ «هەر گاڤا تو ب وی زمانی خەبەر ددی و ژ کوردستانێرە دبێژی رۆژهلاتا باشوور، یەکسەر پێشکێشکەرێرەوشا هەوایێ یێ کو هەر ئێڤار پشتی نووچەیێن مشت پرۆپاگاندا دەردکەڤە پێش بینەران، تێ بەر چاڤێن من...». ب هەمان شێوەیێ، وێ نیقاش ب باڤێ منرە ژی دکر، نەخاسم د نووچەیێن شەهیدان دە. (ئۆزمەن، ٢٠١٠: ١٩).

     مەراسیم و یاسەمین لە زانستگەی شاری مێرسیندا دەخوێنن. یاسەمین، کەسێکی بەهەڵوێستە و لە هەمبەر زوڵم و زۆری دەسەڵاتدا هەستیارە و هەردەم لە پێوەندیی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و زمانیدا بە توندی ڕووبەڕووی باوک و خوشکی دەبێتەوە و هێرش دەکاتە سەر ڕا و ڕوانگەیان. مەراسیم، کە دواتر دەبێتە هاوسەری سەرتاج، دوای ماوەیەک نێوانیان تێکدەچێت و پاش ماوەیەک پیکەوەژیانی پڕمشتومڕ، لێکدادەبڕێن. یەکێک لە هۆیەکانی ناکۆکییان، نیشتەجێبوونیان لە هەزەخ و بەگشتی، کوردستان بوو کە ئەو بە «وەلاتێ تەرۆریستان» ناوی لێدەهێنا و هەردەم داوای لە شووەکەی دەکرد بڕۆنە شوێنێکی تر؛ چونکە بە وتەی ئەو،«هەرێمەکە نەحلەتکری‌یە، ب تالووکەیە، هەررۆژ ب دەهان مرۆڤ ل وێ تێن کوشتن، تێنرەڤاندن، تێن شێلاندن، تووشی تەجاوزێ دبن، دبن قوربانا تەرۆرێ»(٥٢).

     بەگوێرەی چەمکە ڕەخنەییەکانی ئاڵتوسێر، مەراسیم نموونەی سووژەی ملکەچی ئایدیۆلۆجیی زاڵە. ئەو لە بن کاریگەریی دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانی ماڵبات، خوێندنگە، زانکۆ و میدیادا، بە زمانی خۆی قسە ناکات و خۆ لە بەکارهێنانی وشەی«گەلی کورد» دەبوێرێ و بە «نەبخێر» وەسفی دەکات. هەروەهاش، بەو جۆرەی یاسەمین دەڵێت، وەک نووچەبێژی ڕەوشی هەوا، بە «کوردستان» دەبێژێت «ڕۆژهەڵاتی باشوور». مەراسیم، کە بەپێی پەروەردەی ئایدیۆلۆجیی زاڵ دەئاخفێ و دەفکرێت، نەک هەر هەست بە هەڵەبوونی گوتە و نێرینەکانی خۆی ناکات، بەڵکوو باوەڕی قورس و قایمیشی پێیانە و پێداگرییان لەسەر دەکات. ناوبراو ئەم هەڵوێستانە بە هی خۆی دەزانێت و سەرچاوەیان لە ئاوەزی ئازاد و بڕیاردەری خۆیەوە دەبینێت؛ کەچی لە ڕاستیدا، ئەو تەنیا سووژەیەکی کارامەی ئایدیۆلۆجیی زاڵە کە بەرسڤی ئەرێنیی بە لێپێچینەوەکان داوەتەوە و ڕەوتی بەسووژەبوونی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە. بۆیە، بۆخۆشی لە ڕاگرتنی پەردەی ڕەشی ئایدیۆلۆجی لە پێش چاوانی خۆیدا بەشدارە و بەم پێیە، گرنگی بە زمانی دایکیی خۆی نادات و پێی قسە ناکات و بەردەوام وانە پێڕاهاتووەکانی ئایدیۆلۆجی دووبارە دەکاتەوە و سەرلەنوێ بەرهەمیان دەهێنێتەوە. باوکیشی نموونەی ئەم جۆرە سووژانەیە و بەرکەوتەی چەواشەکاریی دەوڵەتییە و چێکەری زەینییەتی بەلاڕێدابراوی کچەکەشیەتی.

لە بەرامبەردا،یاسەمین نموونەی سووژەی سەربزێوە؛ بەو واتایە کە ئایدیۆلۆجیی زاڵ نەبووەتە بەشێکی ناسنامەی و بە پێچەوانەوە بەرەوڕووی دۆخی داسەپێندراو دەبێتەوە و دەبێتە بەرهەڵستکاری سووژە دەستاژۆکان. جارێکیان ناخۆشیی ڕەوشی ژیانی کوردان دەبێتە مژاری گەنگەشەی یاسەمین و خوشکەکەی و لە گۆشەنیگای مەراسیمەوە دەبیسین کە، «هەر جارا کو مژار دهات سەر وان مرۆڤێن شەرپەزە، وێ ب سەرێ گۆتنێ دگرت و دبر ب سیاسەتا شەری ڤە گرێ ددا و وەک بەردەڤکێ وان خەبەر ددا»(١٨). ئەو گەرەکیە چەوتیی تێگەیشتنی خوشک و باوکیدەربخات و سووچ و تاوانی دەسەڵاتدارانیان بۆ ئاشکرا بکات، بەڵام چ ئاکامی نابێت و ئەمە دەبێتە هۆی تووڕەیی و بەرپەرچدانەوەی توندی. بۆیە، لە دژی هەڵسوکەوتی چەوسێنەرانەی باوکی، وەک نوێنەری خاپێنراو و پەرەپێدەری ئایدیۆلۆجیی زاڵ، هەڵوێست دەنوێنێت وهەڕەشەی تەڤلیبوونی بزووتنەوەی دژەدەوڵەتی لێ-دەکات؛ «ژ وێرۆژا کو ژ باڤێ من رە گۆتبوو: "ئەزێ دەڤ ژ هەر تشتی بەردم و هەرم بگهیژم وان" و پێ ڤە، باڤێ من بووبوو یەکی دن»(٢٠).

لە نێو بازنەی ئایدیۆلۆجیدا، «ئەویدی بەردەوام داوای کاری زیاتر لە سووژە دەکات و ئەمیش دەیکات. هەر وەک چۆن ناسنامەی سووژه به زۆری له لایەن خودی ئایدیۆلۆجیکەوه بەڕێوه دەچێ، هەر به هەمان شێوەش خودی ئایدیۆلۆجیک بۆخۆی کۆیلەی دەستی ئەویدیی گەورەی دەرەکی یان ناوەکییه» (سەجادی، ٢٠١٦: ٩٩). مەراسیم سووژەیەکی بچووکە کە هەردەم دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە پێگەی سووژەی گەورە. ئەو گرنگی بە ناسنامەی خۆی نادات و هەموو هەوڵێکی بۆ خۆتورکاندنە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە حاشا لە کوردبوونی خۆی دەکات، بەردەوام هەر وەک بندەستێک سەیر دەکرێت. وەک سەرتاج دەڵێت، «ئەز چ ب خوە، چ ب روویێ خوە، چ ب دەنگێ خوە، چ ب دەڤۆکا خوە، چ ب هەڤۆکا خوە بکم ژی، نابم یەک ژ وان» (ئۆزمەن، ٢٠١٠: ١٢٠). کەواتە، «چەندی ئەز شێوەیێ ئاخافتنا خوە بگوهەرینم... ئەز هەر ئەزم، دیسان جاهیل و نەزانم، دیسان دژمن و نەیارم، دیسان تەرۆریستەکی بێئەیارم د چاڤێ وان دە» (هەمان). «کەواتە بەردەوام دابڕان و بۆشاییەک هەیە لە نێوان سووژەی بچووک و گەورەدا، بە چەشنێ کە سووژەی بچووک هەرگیز ناتوانێت مۆرکی سووژەی گەورە لە لایەن ئایدیۆلۆجییەوە لەخۆ بگرێت» (سەجادی، ٢٠١٦: ٩٥). یاسەمین هەمیشە خوشکی لە پێوەندییلەگەڵ مامۆستای وێژەی تورکییەکەی بە ناوی ئۆندەر، ئاگادار دەکاتەوە و پێی دەڵێت «تو ژی دەمیرباشێ ئۆندەری» (ئۆزمەن، ٢٠١٠: ١١)؛ واتە،  تۆ وەک کەلوپەلی نووسینگەکەی وایت و دوای ماوەیەک ڕادەستی ئەرکدارێکی ترت دەکات. هەر وەهاش دەبێت و ئۆندەر پشتی ماوەیەک چێژلێوەرگرتن، وازی لێدەهێنێت.

ئۆندەر و مەراسیم هێمای دوو لایەنی سەردەست-بندەست و پیشاندەری پێوەندیی نێوان سووژەیەکی دەسەڵاتداری خاوەنبەرژەوەندی و سووژەیەکی ملکەچیبێدەسەڵاتە. ئەم ڕاستییە لە بەشداریی ئۆندەر لە پەنێلێکی ڕێکخستووی ئا.د.د (کۆمەڵەی ڕامیاریی ئاتاتور‌ک‌پارێز)دا بەرچاوە(١٧). هەروەها بەکارهێنانی پاشناوی «پاشا» بۆ ئۆندەر، ئاماژەیە  بۆ باڵادەستیی ناوبراو. کاتێک مەراسیم باس لەخۆبەدەستەوەدان و پێبەخشینی کچێنی خۆی دەکات،پێوەندیی چەوسێنەرانەی نێوانیان بە باشترین شێوە دەنوێنرێتەوە: «کێف کێفا وی بوو گاڤا ب هەستێن مێرەکی ب‌سەرکەتی کنجێن خوە ل خوە کربوو. ئەز بێ‌لەپت و لڤ مابووم د قادا شەری دە، بێ‌دەنگ و بێ‌حس، نەچار و شکەستی» (١٨). ئەمدیمەنە، وێنەیەکی نێو ئاوێنەی ڕوو لە جیهانی واقعە کە شێوەی مامەڵەی سووژەی دەسەڵاتدار لەگەڵ سووژەی تەنانەت دەستەمۆ و دڵخوازی خۆیمان پیشان دەدات. لە بەرامبەر ئەم ڕەوشەدا، سەرتاج، وەک سووژەیەکی سەربزێو و نادڵخوازی دەسەڵات، ئاواتە وەدینەهاتووەکانی بەم چەشنە وێنا دەکات:

بەلێ، وەلاتەک هەبوو ب ناڤێ کوردستانێ و ئەو ل مەزنترین باژارێ وی وەلاتی ژ دایک بووبوو، ل باژارێ ئامەدا قەدیم. ئامەد کو سۆرگولا کوردستانێ بوو، ئەو هەلبەستەکە قەوی، مێژوویەکە خوەراگرتی ورابردوویەکە سەرگەڤەز بوو، بەری کو ببە کریستال و ئەلیف-لام-میم. وی دایکەک و باڤەک وەلاتپارێز هەبوو، خوەندا و تێگهشتی. ناڤێ دایکا وی زارشیرینێ، ناڤێ باڤێ وی ژی میرۆ بوو... دو خوشک (هەڤۆک و رەڤۆک) و دو برایێن وی یێن ژێ بچووکتر (سەردەست و کاوا) هەبوون و ئەو ژی درێیا دێ و باڤێ خوە دە بوون. ژخوە ناڤێ وی ژی نە سەرتاج بوو... ناڤێ وی، ناڤێ کو باڤێ وی لێ کربوو فەرهەنگ بوو. فەرهەنگ ناڤەکی ب کوردی بوو و گەلەکی لێ دچوو.رۆژا کو ژ دایک بووبوو، فەرهەنگنووسەکی ناڤداری کورد ل سەر داخوازا باڤێ وی هین ئەو ل زانینگەهێ، د گوهێ وی یێراستێ دە دوسەد پەیڤێن «مێ»، د گوهێ وی یێ چەپێ دە ژی دوسەد پەیڤێن «نێر» ژمارتبوون ژ فەرهەنگا خوە یا دەوڵەمەند. ئەو هین د بیست و چار سالیا خوە دە بوو و ب تەشویقا باڤێ خوە، وی دەست ب نڤیساندنا کورتەچیرۆکان کربوو، بێگومان ب زمانێ خوە یی ڕەسەن. (١١١- ١١٢).

ئەم دێڕانە بەشێکن لە جیهانی خەونەکانی سەرتاج، کە ئێستا لەبەر شڵەژاویی دەروونیی لە بن چاودێریی پزیشکدایە. ئەو لە وڵامی پرسیارەکانی دوکتۆر سارین-دا، ڕاستی و خەیاڵی لێتێکدەچێت و ژیان و چیرۆکە ناتەواوەکەی و خەونەکانی تێکەڵ دەکات. سەرتاج کە کوڕی زەکیە و فەتحی پۆستەچییە و لەگەڵ برایەکی ئاوەزناتەواوی گەورەتر و خوشکێکی چکۆلەتریدا بە هەژاری لە گەڕەکی ژێرینی شاری هەزەخدا دەژین، لە دنیای خەونەکانیدا لە کوردستانێکی ئازاد و خوەدی ماف و زمان و لە نێو ماڵباتێکی تێگەیشتووی نیشتمانپەروەردا گەورە بووە و ئێستا نەک چل ساڵان، بەڵکوو بیست و چوار ساڵیەتی و بە هاندانی باوکی، بە نووسینی چیرۆک بە زمانی دایکییەوەسەرقاڵە. ناوبراو لە دنیای واقعیشدا، بە پێچەوانەی زۆرینەی زۆری هاوزمانەکانی، ئەوینداری زمانی کوردی و ئاواتەخوازی گەشەسەندنی نووسین بەم زمانەیە. ئەم هۆگری و هیوایەی لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆ نموونە لە گەشتەکەیدا بۆ ئاڵمانیا، کە وەک نووسەرێکی سەرکەوتووی کورد بانگهێشت و خەڵات دەکرێت، ڕۆمانەکەی عەرەبێ شەمۆ لە خۆی جیا ناکاتەوە و تەنانەت لە کاتی خواردنەوەدا لە پێش چاویەوەیە (١٤٦، ١٤٩، ١٥٤، ١٥٨). یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچوونی دەروونی و تووشبوونی بە شیزۆفرێنیا، وەدینەهاتن ئەم ئاواتانەو بە پێچەوانەوە سەرکوت-کردنیانە؛ بۆیە، لە خەیاڵیدا دیسان سەرهەڵدەدەنەوە.

لە دنیای خەونەکانی سەرتاجدا سووژەی گوێلەمستی ئایدیۆلۆجیبوونی نییە. ئەو ناوی فەرهەنگ-ە و ئەندامی ماڵباتێکی خوێندەوار و تێگەیشتووە و باوکی دوکتۆرای فەلسەفەی هەیە. ناوی هەرهەموویان کوردییە و زمانی کوردی بۆ دایک و باوکی گرنگە؛ بە چەشنێ کە تەنانەت لە جێی بانگ، دووسەد پەیڤی نێر و مێی کوردییان بە گوێچکەیدا داوە. پەروەراندنی ئەم خەیاڵانە لە مێشکی سەرلەهەنگی ڕۆمانەکەدا، کە کەڵکەڵەی زمانی دایکی و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردیی هەیە، نیشانەی هیوابڕاوییەتی لە ڕووی واقعیی ژیان؛ واقعێک کە تێیدا کوردی ئاخافتن، لە ڕوانگەی نەیارانەوە وەک تاوان و لە چاوی یارانەوە وەک دواکەوتوویی سەیر دەکرێت؛واقعێک کە تێیدا کوردان شێلگیرانەتر و چالاکتر لە کارگێڕان و بەڕێوەبەرانی دەزگای سەرکوت و ئایدیۆلۆجیکی دەوڵەت، پێشبڕکێی بڕینی زمانی خۆیان بەڕێوە دەبەن؛ واقعێک کە تێیدا ئامانجی سەرتاج و هاوڕێیانی، ڕزگارکردنی باژاری ئامەد و هەموو «باژارێن تارستان»(١٣١) و بڕیاری وی «ڤەنەگەران هەتا ئازادیا وەلات» (١٠٠) بوو؛ کەچی نەک هەر سەرکەوتنی بە دواوە نەبوو، بێهیوایی لە شۆڕش و دژایەتیی لێ-کەوتەوە؛ تا ئەو جێگایەی نەک هەر خەڵکەکە، تەنانەت پشیلەکانیش ڕقیان لە وشەی شۆڕشە (١٣٢).

پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمان، لە کاتی منداڵیدا، لە ژێر کارتێکەریی دەزگای ئایدیۆلۆجیکی قوتابخانەدا ڕەوتی بەسووژەبوونی بەرەو تەکاموڵ و تەواوبوون دەچوو؛ لە جەژن و ڕێوڕەسم و ڕێپێوانە دوڵەتییەکاندا بەشداری کردبوو، ئاڵای هەڵگرتبوو و «مینا لەشکەرەکی رەپوتەپ مەشیابوو، وی ژی ب قیرین گۆتبوو؛ "نەموتلو تورکووم دیەنە!" (خوەزی ب بتەختەوەرییا وی/وێ یێ/یا کو دبێژە ئەز ترکم) و چما ئەو نە "موتلو" (بەختەوار) بوو بۆ خوەدێ!؟)»(٦٠). ئەو لە خۆی و دەوروبەر و حەقیقەتی شار و وڵاتەکەی بێئاگا بوو؛ «وەلاتێ کو ب تەنێ د چەند کتێبێن کەڤنارا و یاساغ دە و ب شێوەیا هەلبەستێ هاتبوو گۆتن کو، کوردستانە» (٥٤). بەڵام خاڵۆی، دەبێتە بەربەستێک لە بەرامبەر ئایدیۆلۆجیی زاڵدا و شوێن لەسەر زەینی دادەنیت. دوایەش بە خوێندنەوەیکتێبو هەروەها دیتنی بارودۆخی خەڵک و هەڵسوکەوتی دەسەڵات لەگەڵیان، گومان لە واقعی نوێندراو دەکات و تێدەکۆشێت خۆی لە کۆتوبەندی ئایدیۆلۆجی ڕزگار بکات. ئاوەهایە کە لەگەڵ گەورەبوونی، لە ڕاوێژی باوک و دایک و مامۆستاکانی لەمەڕ تورکێتی و بەختەوەری دڕدۆنگ دەبێت و لە دژیان سەرهەڵدەدات.بۆیە بە تاوانی سەربزێوی و ملکەچنەکردن، لە لایەن دەسەڵاتەوە وەک سووژەیەکی نافەرمان دێتەناسین و سەرکوت دەکرێت.

سەرتاج، هاوکات لەگەڵ ملنەدانی بە ئایدیۆلۆجیی زاڵ و گوێنەدانی بە لێپێچینەوەی دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان، وەک سووژەیەکی سەربزێوی تەنیای نێو گەلێک سووژەی دەستاژۆی دەوروبەری، دەبێتە ئامانجی هێرش و هەڕەشەی سووژەگەلی دەمارگرژی لایەنگری دەسەڵات، بە تایبەت ماڵبات و مزگەوت و خوێندنگە. نموونەی هەرە بەرچاوی سووژەی دەستەمۆی سەر بە ماڵبات، مام و مامۆژنین، کە هەمیشە و تەنانەت دوای کوژرانی خاڵۆی، دەم لە خراپەوتن و گاڵتەپێکردنی داناخەن و بە «سەرهشک، بێ‌عەقڵ، خاپێنراو و خەیاڵپەرست»ناوی دەهێنن(٥٧، ٨٢). سەرتاج ئەم بێڕێزییانە قبووڵ ناکات و لەگەڵیان بەشەڕ دێت؛ بۆیە، «دەست ب پرۆپاگاندایەکە قرێژ کربوون لە دژی وی، هەتا ب وێ کو چووبوون ئەمنیەتێ و ئیخبارا وی کربوون» (٨٣). کارتێکەریی دووانەی سەرکوت-ئایدیۆلۆجی لەسەر ئەندامانی بنەماڵەکەی بە جۆرێکە کە باوکی لە گەورەترین ژووری ماڵەکەیاندا وێنەیێکی گەورەی ئاتاتورکی هەڵواسیوە(38).

پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان، خولیای شێوەکاری و نیگارکێشان بوو؛ کەچی لەبەر ناچاری و زۆرلێکردنی باوکی، دەستبەرداری دەبێت و لە خوێندنگەی زانستە ئایینییەکانی «ئیمام خەتیبدا» دەبێت بە مامۆستا. ناوبراو بە باوکی دەڵێت: «تو ب دەستێ خوە کورێ خوە رێ دکی ناڤ میلیتانێن چاڤسۆر!ئەز و دین، ئەز و ئیمام خەتیب!؟»(٣٥). ئەو سەرەڕای ئەم هەلومەرجەی تێی کەوتووە، هەوڵ دەدات نەکەوێتە بەر کارتێکەریی لێپیچینەوەکانی دەزگای ئایینی؛ بۆیە نوێژ ناکا و ڕۆژوو ناگرێت و بەگشتی خۆی لە پراکتیس و کردەئایینییەکان بەدوور دەگرێت. ناوبراو وەکوو سووژەیەکی خۆلادەر لە ئایدیۆلۆجیی زاڵ، بە فامکردنی هەماهەنگیی و هاوئاراستەیی دەوڵەت و مزگەوت، لە کۆمەڵگەیەکی نغرۆی ئایین و لیپاولیپی سووژەی ملکەچی ئیمانتەوەردا، هەوڵی خۆدەربازکردن دەدات و ئەم ململانێیەی بە درێژایی ڕۆمانەکە بەردەوامە. جاریش وایە ترس و گومانی بەسەرداسەپێنراوی ماڵبات و قوتابخانە لە ناخیدا سەرهەڵدەدەنەوە و پەلکێشی لای قورئانەکەی عەلی عوسمان-ی خوێندکاری دەکەن، کە وەک دیارییەک بۆی هێنابوو (٦٨، ٨٩، 137)؛ کەچی کەڵکەڵەی زمانی کوردی دایدەچڵەکێنێت؛ چاو لە کتێبخانەکەی دەکات و بە بینینی ژمارەی کەمی کتێبە کوردییەکان، دەڵێت«هینا ژی کێمن» و بیر لە چیرۆکە دواڕۆژنادیارەکەی خۆی دەکاتەوە کە هێشتا نەیتوانیوە تەواوی بکات (75). ملکەچنەبوونی سەرتاج بۆ ئەم دەزگایە و گرنگیدانی بە پرسی نەتەوە و زمان و هەروەها بەرخۆدانی لە هەمبەر سووژە دەستەمۆکاندا، بەرەوڕووی شیری تیژ و دوو فاقی سەرکوت و ئایدیۆلۆجیی ئایینیی دەکاتەوە و لە کۆتاییدا بە هاندانی بناژۆخوازانی ئایینی،بە دەستی عەلی عوسمان-ی خوێندکارودواتر هاوڕێیدەکوژرێت.

 

٤- ئەنجام

ڕۆمانی پێشبازیا چیرۆکێن نەقەدیایی نموونەیەکی باشی پیشاندەری ڕەوشی کوردان و هەروەها زمانی کوردییە لە باکووری کوردستاندا. وەک دەزانین، لەم پارچەیەدا، نزیکەی سەدەیەکە زمانی کوردی پەراوێزخراوە و تەنانەت زۆرجاریشبەرەوڕووی سیاسەتی زمانکوژی بووەتەوە. لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەدا هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی دەزگای سەرکوتی دەوڵەت لەم پێوەندییەدا دەبینرێت، بەڵام، هەروەها کە ئاڵتوسێر جەختی لەسەر دەکاتەوە، توندوتیژیی ئاشکرا تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت ئامانجەکان دەپێکێت و بەردەوامیی ڕەوشی ئامادە و بەرهەمهێنانەوەی پێوەندیی چەوسێنەرانەی نێوان دوو لایەنی سەردەست و بندەستی کۆمەڵگە، پێویستیی بە هێزێکی شاراوە و هەستپێنەکراوە، کە ئەویش ئایدیۆلۆجییە. وەک لەم ڕۆمانەکەدا بەتۆخی ڕەنگیداوەتەوە، دەوڵەت لە ڕێی دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانی بنەماڵە، قوتابخانە، مزگەوت و میدیاوە ڕەوتی لێپێچینەوەی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بردووە و سووژەی ملکەچ و دەستاژۆی وەهایچێ کردووە، کە دەمارگرژتر لە کارگێڕانی ئایدیۆلۆجیی زاڵ، بە مەبەستیپاکتاوکردنی زمانی خۆیانشێلگیرانە تێدەکۆشن وبەردەوام هەلومەرجی داسەپاو بەرهەم دەهێننەوە.

لە بەرامبەر زۆرێک سووژەی ملکەچدا، نموونەی سووژەی سەربزێویش دەبینین کە ملکەچی ئایدیۆلۆجییزاڵی دەسەڵاتداران نابن و داوی دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکان دەپچڕێنن و گوێ بە لێپێچینەوەکان نادەن؛ بۆیە، دەوڵەت مۆرکی ئاژاوەگێڕیان لە نێوچاوان دەدات و لە ڕێی دەزگای سەرکوتەوە و بە یارمەتیی دەزگائایدیۆلۆجیکەکاندەنگیان کپ دەکات. پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمان، وەک سووژەیەکی سەربزێو، هەوڵی پاراستن و پێشخستنی زمانی خۆی دەدات؛ بەڵام بە هۆی ئەشکەنجەی دەزگای سەرکوت و دەزگا ئایدیۆلۆجیکەکانی سەر بە ماڵبات، ئایین و فێرکارییەوە تووشی شڵەژاویی دەروونی دەبێت و لە کۆتاییدا بە دەستی سووژەیەکی خاپێنراوی دەزگای ئایینیدەکوژرێت. بەسەرهاتی سەرتاج، ئەو ڕوانگەیەی ئاڵتوسێرمان بیر دەخاتەوە کە لە ململانێی نێوان سووژە و ئایدیۆلۆجیی زاڵدا، ئەوەی هەمیشە سەردەکەوێت،ئایدیۆلۆجی و چینی خاوەن ئایدیۆلۆجیی زاڵە. ئەڵبەت لەم ڕۆمانەدا سەرتاج، ئەگەرچی سەری لە ڕێی ئامانجدا دەچێت و بەدەستی خوێندکارێکی خۆی دەکوژرێت، بەڵام بە سەرنجدان بەوەی بکوژەکەی لە کۆتاییدا لە بن کاریگەریی بیر و بڕواکانی ئەودا، تەمی ئایدیۆلۆجیی پێش چاوی دەڕەوێتەوە و ڕووی ڕەشی هاندەرانی بۆ ئاشکرا دەبێت،دەتوانین بڵێین پەشیمانی و تێگەیشتنی ناوبراو نیشانەی بەردەوامیی بیری بەرهەڵستکارانەی پاڵەوانی سەرەکی و نەکوژانەوەی پشکۆی بەرخۆدانە.

سەرچاوەکان

Kurdî:

Barak, Weysî. “Siyasetên Zimannasîyê û KurdîI”.Li Konferansali ser Zimanê Kurdî.Koln: Weşanên Komkar, 2002, rr. 62-87.

Çîçek, Cuma. Zimanek Çima Tê Qedexekirin?: Polîtîkayên Zimanî û Rewşa Kurdî li Tirkiyeyê ji Înkarê Ber bi Nasînê. Stenbol: Peywend, 2013.

Ozmen, Şener.Pêşbaziya Cîrokên Neqediyayî. Stenbol: Lîs, 2010.

Seydo Aydogan, Îbrahîm. Guman 2: Wêjeya Kurdî û Romana Kurdî. Stenbol: Rûpel, 2014.

English:

Althusser, Louis. “Ideology and Stete Ideological Appartus” in Lenin and Philosophy and Other Essays.Trans. Ben Brewster. New York: Monthly Review Press, 1971.

Malmisanij, M. The Past and the Present of Book Publishing in Kurdish Language in Turkey.Next Page Foundation, 2006.

کوردی:

ئەحمەدزادە، هاشم. جێهانی ڕۆمان. سلێمانی: ئەندێشە، ٢٠١٥.

ناوخۆش، سەلام. "لینگویساید و دیالێکتی کرمانجی باکوور لە قۆناغی کۆلۆنیالەوە". ڕامان، ژ. 250 (5/ 3/ 2018)، لل. 1١٥-1٠٩.

سەجادی، بەختیار."زمان و ئایدیۆلۆجیا: هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتۆر بەختیار سەجادی". ئامادەکردنی سامان درەفش. گۆڤاری بیر و هزر، ساڵی ٤، ژ. ٨ و ٩)گوڵانی ٢٠١٨)، لل. ١١٥-١٠٦.

---. "خودی ئایدۆلۆجیک وەک بەڕێوەبەری ناسنامە". گۆڤاری بیر و هزر، س. ١، ژ. ١(خاکەلێوەی ٢٠١٦)، لل. ١٠٠-٩٧.

شێخولئیسلامی، جەعفەر. "زمانناسیی کۆمەڵایەتی لە نووسینەکانی د. ئەمیر حەسەنپووردا". دەروازە، ژ. ٢ (نیسانی ٢٠١٨)، لل. ٢٢١-٢٠٠.

 فارسی:

برتنز، یوهانس ویلم. نظریهی ادبی. ترجمهی فرزان سجودی. تهران: آهنگ دیگر، ٢٠٠٣.

بوردیو، پیر. دربارە تلویزیون و سلطەی ژورنالیسم. ترجمە ناصر فکوهی. تهران: آشیان، 2008.

پین، مایکل. بارت، فوکو، آلتوسر. ترجمە پیام یزدانجو. تهران: نشر مرکز، ٢٠٠٠.

فرتر، لوک. لویی آلتوسر. ترجمه امیر احمدی آریان. چاپ دوم. تهران: نشر مرکز، ٢٠١٣.

کلیگز، مری. درسنامهی نظریهی ادبی. ترجمهی جلال سخنور، الاهه دهنوی و سعید سبزیان. چاپ دوم. تهران: نشر اختران، ٢٠١٥.

مددی، مجید. لویی آلتوسر:علم و ایدئولوژی. پژوهش، گزینش و برگردان مجید مددی. تهران: نیلوفر، ٢٠١٧.


ئەم بابەتە 86 جار خوێندراوەتەوە