Ahmad_ayad1.jpg

بە داخەوە، دۆراس ئەم چیرۆکە ناخوێنێتەوە

ئەحمەد ئەیاد محەمەد- کەرکوک

 

(ئەدەبیات گەمە نەبوو، بۆ من بووە ڕێگەیەک بۆ بەرگری لە بەرامبەر سەختی و گازندە و شۆڕش و هەڵهاتن لە هەلومەرجی تاقەتپڕووکێنی من بۆ ژیان).

"ماریۆ بارگاس یۆسا" لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا.

***

 لە فڕۆکەخانە دابەزیوم، فڕۆکەخانەیەکی هەندێک کۆن، جانتایەکی قەبارە گەورەی ڕەنگ قاوەیی بە دوای خۆمدا ڕادەکێشم، جانتاکە پڕە لە جلی ڕەنگاوڕەنگی ڕۆژهەڵاتی، کەمێک هارمۆنی. خەڵکی تریش دەبینم جانتا بە دوای خۆیاندا ڕادەکێشن. زۆر نا، دنیا کەمێک ساردە، هەر کەمێک، هەوا و بۆنی جل و پێست و قیر تێکەڵبوون، ڕەنگە جانتاکەیش ئەمەی پێ خۆش بێت! سەگێکی قاچ کورتی تووکن بە دوای خاوەنەکەیدا دەڕوات، خاوەنەکەی پێ دەچێت یەکێک بێت لە مرۆڤە ئەسکەندەنافییەکان. دروستر ئەو سەگە سەگی ناو کتێبەکەی (فریدیج دیوزمان)ـم بیر دەخاتەوە. سەگەکانی وڵاتی من بەختێکی وایان نەبوو، کەمێک بچنە مێژوەوە و باس بکرێن، بەهەرحاڵ، میژوو خۆی درۆیەکی ساردە بۆ نووسینەوە. ئەم شارە سیخناخە بە شتە سەیرەکان، شتە سەیرەکان بە من چی، منێک بە جانتایەک و کۆڵێک ئازار و هەندێک فیکری چەپەوە هاتووم بۆ ئەوەی بزانم براکەم چۆناوچۆن خۆی کوشت.

ئێرە شوێنی خۆکوژی نییە، نازانم مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەم فەڕەنسایەدا خۆی بکوژێت، خۆکوژی پەیوەندی بە شارەوە نییە، مێژووی خۆکوژی زۆر لە شار قەدیمتر و ڕیشەدارترە. ئەوەتا مرۆڤەکان بەسەر شەقامەکەدا دەڕۆن و پێدەکەنن، وادەزانم هەر بەڕاستی پێدەکەنن. کەسێک دەبینم وا هەست دەکەم مارگرێت دۆراسە و دەمەوێت پێی بڵێم، مەڕۆ با جگەرەیەک بە یەکەوە بکێشین و هەندێک باسی (سێکسواڵێتی) بکەین، دوای تێدەگەم دۆراس ئەو دەڵەقۆڕە مردووە. ساڵانێکە مردووە. منێک کە نیشتیمانی نیم، کەچی نیشتیمان خەریکە ئازارم دەدات، کۆڵان و بازاڕ و خانووەکانی نیشتیمان ئازارم دەدەن، شۆستە و پارک و ترافیکەکانی ئازارم دەدەن، درەخت و گوڵی لاتەنیشتی ڕێگاکانی و گەرمای ناو پاسەکانی ئازارم دەدەن.

 جانتاکەم ڕادەکێشم، چاوم بۆ یەکەمجار دەچێتە سەر سکەی قیتار، ڕاکشاو تا ناکۆتا، مێژووی سکەکە دیار نییە سەر بە چ سەدەیەکە، بەڵام لە فیلمەکانەوە دەزانم قیتار مێژوویەکی جوانی هەیە. قیتارەکە بە سەرنشینەکانییەوە دەمباتەوە لای ئەو دێڕەی کافکا، کە دەڵێ: "کاتێک قیتار تێدەپەڕێت، تەماشاکەران مات ڕادەمێنن." مات ڕادەمێنم، جانتاکە بە دەستمەوە شل دەبێت، سەرم پڕ دەبێت لە ئەندێشە و وەک ئەوەی سکەکەی خەمگین تەماشام بکات و شتێکم لە شکڵی یاداشتدا بۆ بگێڕێتەوە، نایگێڕێتەوە. سکەی قیتارەکان کەس گوێیان لێ ناگرێت، بە سەرنشینەکانیشەوە! دواجار وەک ڕۆژهەڵاتییەکی ئەوسەری هەسارەیەکی تر، تەماشای دیارنەمانی قیتارەکە دەکەم، وەک دواماڵئاوای دەمەوێت دەستێک هەڵبڕم، دەستم قورس دەبێت و بۆ یەکەمجار بە قسەم ناکات، ئەو دەستەی دەیانجار نامەم پێ نووسیوە و خاکەنازم پێ گرتووە و پەڕەی سەدان ڕۆمانم پێ هەڵداوەتەوە، ئێستا بە قسەم ناکات و ناتوانێت دەلالەت لە ڕۆیشتینی قیتارە خەمگیەنەکانی ئێرە بکات. لە پڕ زەینم دەچێتە سەر ڕۆمانە قەبارە بچووکەکەی (بوهومیل هرابل) (قیتاری وردی چاودێریکراو)، لە قیتارەکەی بوهومیلدا، باسی سەربازە ئەڵمانییەکان دەکات، لە جەنگەوە دەگەڕێنەوە و لە فارگۆنەکانەوە تەماشای دەرەوە دەکەن، حەپەساون. سەربازەکان هەمیشە کە لە جەنگەوە دەگەڕێنەوە دەحەپەسێن، لە سەربازەکانەوە تێدەگەم، جەنگەکانی دونیا تەنها بۆ خەڵەتاندنی ئەوانی ترە! ئەگەر سەربازی نەبووایە نیوەی ئەم زەوەییە بێ ئیش دەبوو. بۆیە قسەکردن لەسەر جەنگەکانی دونیا جۆرێکە لە گووخواردن... بە جانتاکەمەوە بە تەنیشت سکەکەدا تێدەپەڕم.

دەگەمە شەقامە ڕاقییەکان و بیر لەوە دەکەمەوە بگەمە نۆرماندی. هەواکەی کەمێک باراناوییە، ئاسمان دوور تەماشام دەکات، ڕەنگە من دوور تەماشای ئاسمان بکەم، نازانم. باڵەخانەکان چوون بە یەکدا، براکەم لە یەکێک لە باڵەخانەکانی نۆرماندی خۆی کوشتووە، باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی. سەیرە مرۆڤێک لە باڵەخانەیەکی شەش نهۆمیدا، بە دەم جگەرە کێشانەوە، خۆی هەڵدەدا و باوەش بە هەوادا دەکا و بە زەوییەکەدا دەکەوێت، قورس و قایم، تەپ دەکەوێت، خوێن دەکەوێتە سەر شەقامەکە. ڕەنگە براکەم بەربووبێتەوە! ئەو بەردەوام جگەرەی بچووکی مارلیبۆرۆ لە توێی پەنجەکانیدا بوو، ئەو پەنجانەی دەیانجار کوپی قاوەی گرتبوو، خۆشەویستی پێ گۆڕیبووەوە، دەستی میلینای پێ گرتبوو، پەنجەکانی وەزیفەیان زۆربوو.

میلینا تووشی نەخۆشی شیزۆ بوو، لە ئوتوبانێکی درێژدا جاکوارێک شێلای، میلینا سەگێکی بچووکی هوسکی هەبوو، سەگەکەی زۆر بێتاقەت بوو، براکەم چووبووە لای پۆلیس و ویستبووی هەرچۆنێک بێت، سەگەکەی بێنێتەوە باڵەخانەکەی خۆی، دوایی براکەم بیری لەو هەموو پلیکانەیە کردبووەوە، پەشیمانبووەوە، جارێکیان باران بوو، شایەد دەنگی براکەم تێکەڵ بە بارانەکە بوو، گوتی: "سەگەکەی میلینا حەز بە پلیکانە ناکات." نازانم لە خۆیەوە گوتی یان چی، سەگەکەی ناوی تیلۆ بوو. شکڵێکی زۆر سەیر و عەنتیکەی هەبوو. دەزانم سەگ لەم وڵاتانەدا بەختێکی باشی هەیە و تیلۆیش یەکێکە لەو سەگانە، شایەد سەگێکی زەینی بوو، بۆ هەتەهەتایە وەک نۆستالیژیایەکی شکاو لام دەمێنێتەوە. سەگ بە عادەتی خۆی، وەک هێڵێکی تۆخی زەینی دەتوانێت لە سەری مرۆڤدا بمێنێتەوە. حەز دەکەم وەک خوێنەرێک سەگێکی نوستوو لەسەری هەمووتاندا هەبێت و خاوەندارێتی بکەن.

هێشتا ماندووم و بەشێک لە پڕووکان و ئازاری خۆکوژی براکەم، جەستەی گرتووم. تەکسەیەک ڕادەگرم و هەروا بە ئیشارەت و یەک دوو وشەی قەڵەوی فەڕەنسی و شۆفێری تاکسییەکە تێدەگەیەنم. لە تەکسەیەکەدا بیر لە ڕووباری ڕاین دەکەمەوە، جارێک براکەم لەگەڵ میلینا و تیلۆ چووبوونە قەراخ ئەو ڕووبارە و تێر ماچی یەکتریان کردبوو، بە بەرچاوی تیلۆ و باڵندە و ئەو هەموو مرۆڤەوە ماچی یەکیان کردبوو، زۆر ئیرۆتیکیانە لە یەک ئاڵابوون. بەردەوام میلینا تەماشای فیلمە ئیرۆتیکەکانی دەکرد. لە فیلمەکانەوە فێری هونەری ڕامووسان و ماچ و سەمای بالییە بووبوو. دوای لە قەراخی ڕووباری ڕاینەوە چووبوونە کافەشۆپێک و قاوەی ساردیان خواردبووە و جگەرەیان کێشابوو، میلینا جگەرەی تفت و توندی دەکێشا، بە قسەی میلینا ئەوان بە خێزانی جگەرەی توندیان دەکێشا، ڕۆشتبوونە ماڵەوە پڕ بە سکیان فینگەر و کنتاکیان خواردبوو. بەردەوام خواردنی لە قوتونراویان دەخوارد، شەوێکیان نازانم ئەستێرە بە ئاسمانەوە بوو یان نا، براکەم گوتی، بە ئاسانی لەگەڵ ئاو و هەوا و خواردنی ئەم وڵاتە حیزەدا ڕانایەیت، پێکەنیم. ئەو شەوە دەنگی زۆر تەڵخ بوو، قسەکانی باش نەدەگەیشتن، قسەکانی کەمێک دەمەین. باسی ئەوەی کرد cv)) ناردووە بۆ کارگەیەکی ماست، دەیگوت: کارگەکە چەند سەعاتێک لە باڵەخانەکەوە دوورە، دەیگوت؛ ماست ئەوە دێنێ ئەو هەموو ڕێیەی بۆ ببڕی، پێکەنیم. دوای چووە کارگەیەکی دروستکردنی پێڵاوەوە.

 لە تەکسەیەکەدام، دەمەوێت شتێک بە شۆفێرەکە بڵێم، زمانم لەگەڵم نایەت و گیر دەبێت و لە پاڵ کلتوور و شارستانی و زمانێکی خەریبەدا لەوپەڕی ناچاریدا دەوەستێت. دیسان بیر لە قیتارەکە دەکەمەوە، بیر لە دۆراس دەکەمەوە بە تایبەت چیرۆکی (La Pute de la cote normande) سۆزانییەکەی کەناری نۆرماندی. ئەو ژنە لە چیرۆکەکانیدا زۆر جوان باسی کچە فەڕەنسییەکان دەکات، باسی ئەو ژنانە دەکات بێدەنگ بێدەنگ بە شاقەمەکانی پاریسدا تێدەپەڕن و خەونی گەورەیان نییە و بە هەندێک مەیکەئەپی کاڵەوە خۆیان و شۆستە و هەوای ساردی ئەم وڵاتە دەبڕن. بیر لە هەمەنگوەی دەکەمەوە ساڵانێک لێرە ژیاوە، ئەو باس لە شەقامی (نۆتخ- دام- دو- شوم) و باسی کافە (کلۆسخێ دی لیلا) دەکات، من نا خۆی دەڵێ: یەکێک بووە لە کافە هەرەباشەکانی فەڕەنسا، باسی ڕیستۆرانتی (نیگخ دو تولوس) دەکات، ئەو پیرەپیاوە زۆر جوان باسی ڕۆژانی پاریس دەکات، بەهەرحاڵ، خۆزگە ئەو پیرەپیاوە، هەمەنگوەی، ئاوها خۆی نەکوشتایە، خۆی کوشت.

خەریکە سەرم لە جامی ئۆتۆمۆبێلەکە بێنمە دەرەوە، تەماشای بەیانیانی ئەو کچانە بکەم شۆستەکانیان پڕ کردووە لە وجودی مۆدێرنە و کاپیتالیزم. کچەکان بە جانتا و پێڵاوەکانیانەوە بە شۆستەکاندا نا، بە مندا تێدەپەڕن. دەمگرن و لە خۆیاندا نوقمم دەکەن. چاوم ڕۆژهەڵاتییە و تەماشاکردنم بوعدێکی نێرانە و پۆڕنۆییە، چاوم ستراب و پێست و گۆشتیان دەبڕێت و نیگام لە قژیاندا جێدەمێنێت. کچەکان وەک پەڵەهەوری مەییو لە چاومدا جێدەمێنن. لە ترافیکێک دەوەستین، ئۆتۆمۆبێلەکانی ئەوبەری شەقامەکە دەڕۆن، شۆفێرەکە پەنجە دەنێت بە ڕادیۆکەدا، لە ڕادیۆکەدا وشەی (Mourir) دەبیستم. دوای دەچێتە سەرگۆرانییەکی پۆپ، وادەزانم لە گۆرانییەکەدا دەیان کچی پێست تەنکی فەڕەنسی دەورەیان داوە. لە ترافیکەکە دەڕۆین و بە ئەدرەسەکە دەگەمە ئەو باڵەخانەی براکەم خۆی تێدا کوشت. جانتاکە دادەگرم و تەزوویەک بە گیانمدا دیت و قاچم شل دەبیت. مرۆڤەکان بە لامدا تێدەپەڕن و هیچ ناڵێن و تەماشام ناکەن، بۆ یەکەمجار لە بەردەم خۆم و خوا و خەڵکیدا هەست بە تەنهایی دەکەم. ئێستا دەزانم تەنهایی ڕۆیشتنە بۆ شارێکی تر و زمانێکی تر و دوورگەیەکی تر. تێدەگەم نیوەی شاعیرانی دونیا درۆیان کردووە باسی تەنهایی ئەوانەیان کردووە، تەنهایی ڕاستەقینە لە تێکستدا نییە، لە هەقەتدا تەنهایی ڕاستەقینە ئێستای منە!

 تەماشای باڵەخانە شەش نهۆمییەکە دەکەم و جگەرەیە پێدەکەم دووکەڵەکەی هەڵدەمژم، باڵەخانەکە هی سەردەمێکی کۆنە و براکەم دەیگوت، چەندجار نۆژەن کراوەتەوە. پەنجەرەکان بەسەر شەقامە قەرەباڵەخانەکەدا دەڕوانن، پەنجەرە عاجز و باڵەخانە عاجز و دیوار عاجز. باڵەخانەکە پڕە لە مرۆڤی جۆرارجۆر. پێستی جۆراوجۆر. دینی جۆرارجۆر.

بە پلیکانەکاندا سەردەکەوم، بیر لە تیلۆ دەکەمەوە سەدانجار بە قاچە بچووکەکانیەوە بەم پلیکانەدا سەرکەوتووە و دابەزیوە. بیر لە میلینا و قژە درێژەکەی، براکەم و نوکتە و بۆینباخە ڕەنگاوڕەنگەکانی.

نهۆمی یەکەم، ژنێک خەریکە بە پشیلەکەیەوە.

نهۆمی دووەم، هەندێک فیلتەری جگەرە و قوتوویەکی کۆکاکۆلا بەسەر پلیکانەکانەوە کەوتوون.

نهۆمی سێیەم، پیاوێک بە چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخێکی زیرەیی بەرەوڕووم دێت، هیچ ناڵێت، هیچ ناڵێم.

نهۆمی چوارەم، ژووری براکەم.

جانتاکە دادەنێم و جلە ناهارمۆنییەکانم دادەکەنم. چاوم دەچێتە سەر وێنەیەک، وێنەکە بە دیوارەکەوە جێماوە، حەز دەکەم براکەم لە وێنەکە بێتە دەرەوە، لە وێنەکەدا میلینا پێدەکەنێت، کۆمەڵێک کەس لە دواوەی وێنەکەوە دەرچوون، کەمێک ئەولاتر تیلۆیە و تەماشای کامێراکە دەکات، ئەوەندە جوان تەماشای کامێراکەی کردووە هەر مەپرسە. وێنەیەکی تر بە دیوارەکەوەیە وێنەیەکی ئیرۆتیکی نیمچەڕووتی ڕەش و سپییە، کوڕەکە لە وێنەکەدا دەمی بردووە بۆ لاڕوومەتی کچەکە، دەستیکی کوڕەکە لە پشتەوە لەناو قژی کچەکەدا ئاڵاوە و دەستەکەی تری لە دواوە چووتە سەر کەمەری کچەکە، کچەکە بە ستیانێکی مارۆنیەوە هەردوو دەستی لە ملی کوڕەکە ئاڵاندووە و کەمێک پێدەکەنێت و تەماشای ئاسمان دەکات. ئاسمان لیرە زۆر دوورە، ئاسمان.

دەچمە باڵکۆنەکە کورسییەکی کۆنی لێیە، باران دەبارێت، دەستێک بە دیواری باڵکۆنەکەدا دێنم و پەنجەکانم بە دیوارەکەوە جێدەمێنن و باران دەبارێت، لە باڵکۆنەکە هەندێک فیلتەری جگەرەی مارلبۆرۆ دەبینم و باران دەبارێت... شتێک وەک سەرما دەچێتە گیانمەوە، ڕێک ئەو شوێنەیە براکەم خۆی لێوە هەڵداوە، نا، ڕەنگە بەرەوە بووبێت، یان چی، نازانم. تەنانەت پۆلیسەکانیش نازانن، پۆلیسەکان هەمیشە ناوێکی تازە لە مردن دەنێن. تەماشای خوارەوە دەکەم، شۆستەکە هیچ خوێنێکی پێوە نییە! بەڵام وێنەیەکی براکەم لە سەرمدا بە هەندێک خوێنەوە بە شەقامەکەوە لکاوە و لێنابێتەوە، بۆ ئەبەد لێنابێتەوە...

 


ئەم بابەتە 177 جار خوێندراوەتەوە