Danaz.jpg

زێگاری غروبی من

داناز عەبدولڕەحمان

وەک گیایەکی نوستوو،باران بێداری کردمەوە.

سەرم پڕ بوو لە پرسیاری دوور و درێژ

وێنای گوڵدانێکی شوشە،کەوتمە بەردەم ڕەشەبا،

پڕ بووم لە شکان.

زەمەن چەشنی بەرازێ، بەناو کۆشی کێڵگەکاندا

کوێرانە پێی دەخستە سەر عومرم.

چەشنی ئاسکێکی ترسنۆک،بەناو کۆشی باخچەکاندا 

سنگی گوڵەکانی دەشێلام.

ساڵەکان لە ڕۆژمێری تەمەندا،وەک دیوارێکی کۆن سەفتە بون.

وەک دێڕی گرنگی ناو کتێبەکان،خەتیان بە ناو چاوانمدا هێنا..

گۆچانێک لە شێوەی پرسیار،توند دەستی گرتم.

پیری بە جووتێ پێڵاوی زستانەوە

پێی خستە نێو ژوورە گەرمەکانی عومرەوە.

من لەتاو بێ ئەمەکی ساڵەکان دەستم خستە سەرشانی مەرگ!

بە درەختە شکاوەکانی عومر،تابووتێکم بۆ خۆم دروست کرد.

لەبەر ساردی ئەدگارەکان

عومرم لەناو کوورە زەمهەریرەکاندا دەسوتا.

ڕۆژگار کڵاوێکی بەفرینی خستە سەرم.

پایز بەگۆرانییەکی شیک بەهاری کوشتم.

چەشنی بەلەم..

پشتم لە ڕۆخی دەریاکاندا زیاتر کووڕ دەکردەوە.

وەک جەنگاوەرە ماندووەکان لەناو خۆمدا ڕامدەکرد.

لە پەنجەرەی باخیرە کۆنەکانەوە خۆم دەمبینی

لە تاقی ماڵەکەمدا مۆمی خەفەت دەسووتا.

ماشێنەکەم پڕ بوو لە گۆرانی غەمگین.

لۆکە لەکێڵگەکانەوە دەخرایە سەر برینم.

کەچی خوێنی برینی من،بەهیچ شتێ نەدەگیرسایەوە..

من لەترسی سێبەری خۆم

خۆم چەماندەوە بۆ ماچ کردنی خۆشەویستەکەم.

 

لە دوورەوە خۆم دەبینی،تەرمێک بووم بەسەر سنگی ئاوەوە،

لەنزیکەوە دەمڕوانییە سەرانگوێلکەکانی مێژوو

پڕ بووم لە کەوتنی قورس،وەک هەنجیرە کرمنەکانی مزگەوت باڵندەکان سنگیان هەڵدەدڕیم.

وەک کورسسە تەنیاییەکانی باخچە..

کەس دەستی نەدەخستە سەرشانم،وەک چەلۆیەکی شکاوا کەس باوەشی بۆ نەدەکردمەوە.

 

من، مۆسیقایەکی ماندوو بووم

خێراتر بەناو ڕەشەباکاندا گوزەرم دەکرد.

سیمای بایەکی تەزیو، قاچم خستە ناو کوورە گەرمەکانەوە.

وەک نەورەسە سپییەکان، کەوتمە ناو هێلانە ساردەکانەوە.

وەک هەورێکی گریاو، لەسەر باڵی ئێوارە مردوەکان گۆرانیم دەوت، وەک پشیلەیەکی ڕەش، لە زوڵمەتدا بینایم دەشاردەوە.

وەک پەپولەیەکی پایزی بە داڵغەی بەهارێکەوە

دەچوومەوە بەردەم ماڵی "با".

من لە ڕۆژگارەکاندا ون بووم و لەشەوگارەکاندا 

بەدوای سێبەری خۆمدا دەگەڕام.

 

لە ژێر پێی جەنگاوەرەکاندا

ماڵم وەکو جوتێک پێڵاو لەترسدا بەجێهێشت!.

وەک پاڵتۆیەکی تەڕ، نیشتمانم دا بەکۆڵمدا و دوور ڕۆیشتم

چەترێکم خستە سەر سەری خۆم و ئاسمانم لەخۆم شاردەوە.

 

دڵی شکاوم..خستە سەر کەشتییەکی لەرزۆک و

توند دەستی بێ متمانەی ئاوم گرت.

ئەوە من بووم بەشێکم لە ئاودا خنکا و بەشێکم لە جەنگ کوژرا و بەشێکم لە خۆمدا مرد و بەشێکم لە نیشتماندا جێما.

 

وەک کۆترێکی شپرزە، گۆرانیەک لە قوڕگم گیرا و 

بە باڵ شکاوی کەوتمە باوەشی هێلکە ساردەکانەوە.

بە گوللـەی پێکەنینێکی سەخت زامدار بووم.

فڕینم مرد و باڵم دایەوە بەزەوی.

خوێنم تنۆک.. تنۆک، بەسەر چاکەتی سپی ئاشتیدا ڕژا.

وەک هێلانەیەکی تەزیو بێ ئامێز مامەوە.

لە ناو زەریا توڕەکاندا نیشتمانم بە دڵێکی بریندارەوە لێکەوت و بێ نیشتمان مامەوە.

گوێم لە دەنگی سەکسیفۆنی پاشاکان بوو

بەدەم گۆرانی کوشتنمەوە

شەونمیان لە باخچە سەوزەکاندا دەخواردەوە.

گوێم لە تەپەی دەنگی پێی سوڵتانەکان بوو

پێیەکانیان دەخستە فەخفوری شاهانەی سەر خوانەکانمان

من گوڵدانە شکاوەکانم هەڵدەگرتەوە و دەمخستنەوە سەر سنگی خۆم.

 

لەژێر چڵکی نینۆکەکانم گوڵی خوێنینم دی.

گڵی سوری خۆشەویستیم بردەوە بۆ ناو گەرووی باغ.

گۆرانییە کوژراوەکانم بە ئومێدێکی ساردەوە سپارد.

دەستم خستە سەر دڵی کەمانچەیەکی بریندار.

تەم و خەوشی سەر ڕووی پەنجەرەکانم

بە باڵە شکاوەکانی ئومێدێکەوە سڕی.

دەنکە مروارییەکانی عومرم

وەک لاشەیەکی مردوو بەخاچێکی شکاوەوە هەڵواسی.

خەیاڵم لە بولێڵێلیەکی شیندا، فڕییە سەر گومەزی مزگەوتێک.

 

لەسەر ڕووی گیا ساردەکان ئاورنگم دەخواردەوە.

نیشتمانم وەک پرچێکی درێژ خستەوە پشت گوێ!.

دەستەکانم ساردەکانم خستەوە پشت سەری خۆم و

گۆرانی غەمگینیم بۆ "با"دەگوت.

ئاراستەی شەپۆلەکان کەشتییەکانیان لێ ونکردم،

ماڵ بوو بە یەکەم پێگەی غەریبی!.

کەوتمە ناو پشکۆ سورداخکراوەکانی غوربەت.

بەناو زێگاری شەوە ڕەشەکاندا بەدوای چاوێکدا دەگەڕام..

وەک درەختێکی پیر، لەناو دڵی کورە گەرمەکاندا دەسووتام.

بە دارە وشکەکانی ئومێد، تابووتێکم بۆ نیشتمان دروستکرد.

بەلەمی خۆزگەکانم، کەوتنە ناو باوەشی دەریایەکی شین.

خۆم لە ناو خۆڵی خاکێکی تردا دۆزییەوە..

 

من وەک کاروانچیەکان. لەشەوە مۆرەکاندا تاریکیم خۆشویست. وەک گوڵە گەنمێک نوشتامەوە بۆ پیرۆزی خودا

کەچی خۆم لە نوێژێکی ئێوارەدا لێ ونبوو.

لە کڵێسەکان،سروودی ئاشتیم بۆ جەنگاوەرەکان دەخوێند

تا درەختە ترساوەکان گریان نەیانکوژێت!.

لە مزگەوتەکان پەنجەرە کوژاوەکانی شەوگارم

بە ڕووی تریفەکاندا کردەوە.

تا چاویلکەی ڕۆشنایی بخەمەوە سەر دۆزینەوەی خۆم.

چەشنی ماسییەکی مردوو، لەسەر ڕووبارێکی لیخندا ڕاکشام.

تا پەلی ژیان ڕاکێشمەوە ناوخۆم..

وەک پەپولەیەکی شەکەت، خۆم دەکێشا بە پەنجەرەی ڕووناکیدا،لەسەر ڕووی گڵۆپە گەرمەکان بۆ ساردی ژیان دەسوتام.

گوێم لە دەنگی فرتەی نەورەسەکانی سەر شانی خۆم بوو

بە جووتێ باڵی شکاوەوە خۆیان دەنوساند بەهێلانەکانیانەوە..

گوێم لە پاسارییەکانی ناو ناخی خۆم بوو

لە ترسی ڕاوچییەکان، هێلکەکانیان دەخستە دەریاوە..

گوێم لە تاوسە ڕەنگاو ڕەنگانی باخچە بوو

بەدەم ئازارەوە جنێویان بە نیشتمان دەدا.

لە فڕینی باڵی پەپوولەکاندا بەخەبەر هاتم

بەدەم زیکرەوە لەسەر سنگی گوڵەکاندا دەمردن.

 

بەسەر پشتی ئاوەوە گوزەرم کرد، وەک لاوە شکاوەکان

بە خێرا سەوڵم لەتەنیشت بەلەمەکاندا لێدەدا

تا زووتر بگەمە باخچەیەکی ئازاد.

 

قەهری نیشتمانم، لە جانتاکی قوماشدا توند پێچا.

تا چاویلکە تەڵخەکەم، بە سروودی ئازادی بسڕم.

بەدەم فڕکردنی قاوەیەکی تاڵەوە، بەرەو ماڵێکی شیرین ڕامدەکرد.

قوڵایی ئاسمانەکان دەگەڕام تا کتێبی خۆشنودی بخوێنمەوە.

تا ئایەتەکانی خودا بخەمەوە بەڕووناکی.

تا پەلکە زێڕینە بکەمەوە بەیاری مناڵی، وەڵامی هەموو پرسیارەکانم بە سوتاوی لە کێڵگەکاندا بەجێمان.

 

من، لە تاو مەراق و دۆزەخی ئەو جەنگاوەرانە ڕامکرد کە کێڵکەیان دەسوتان 

لەداخی مەراقی ئەو گوللانە هەڵهاتم کە بروسکەیان لە تاریکی شارڕێکاندا دەکوشت.

من لەداخی ئەو حەکیمانە ڕامکرد کە خۆڵەمێشیان بە هەتوانی بەهەشت دەفرۆشت.

کە کتێبی فریشتەکانیان، بەدەستی ئەهریمەن دەخستە ڕەفەی کتێبخانەکانمانەوە.

 

لۆکەی هەموو کێڵگەکانم، لەداخی برینە هەوکردوەکانی خۆم سووتاند، من لە داخی ستایشی ئەوانەدا کوژامەوەکە گۆرانییان بۆ تاریکی دەوت.

من لەداخ ناشیرینکردنی بەهەشتی خوا هەموو باخچە سەوزەکانم بردوە بۆ دۆزەخ.

وەک عارفێکی تارژەن، گۆرانی و زیکرەکانم

دەبردەوە بۆ ماڵی خوا

"با"گۆرانییەکانی دەبردم بۆ دوور.

بە ئاوێنە شکاوەکانی حوزن دەتریقامەوە

گڵم دەخستەوە ئینجانە شکاوەکانی عومرەوە

تا سکم دەئێشا بە مێژوو پێدەکەنیم.

تا قاچم هێزی هەبوو لە جوگرافیا ڕامدەکرد.

 

وەک نامەکانی شۆڕش نە دەگەیشتمە شوێنی خۆم

من لەخۆمدا ونبووم و تەڵاقم لە ناونیشان وەرگرت.

وەک گۆرانیەکی قاچاغ بە شاڕێکاندا بێ دەنگ کرام.

وەک گۆزەیەکی دەگمەن لە سوچی ماڵێکدا داندرام.

وەک بەلەمە یاساغەکانی سنوور بەبۆنی تەرمەوە دەگەڕامەوە بۆ کەنار.

من لە ناو ئەو ڕەشەبا وردانەی شەوگار

چنگێ ڕووناکی زمڕودم لە ماڵی خوا دزی 

تیشکەکانم ڕاکێشانەوە بۆ شارێکی تاریک..

جووتێک پێڵاوی شیکم خستە سەر پێی قاچەکانی ئایندە.

ئەنگوستیلەیەکی خۆشنودیم، خستە ناو قامکێکی کۆڵ.

بەم ڕۆحە قەرەباڵغ و کوژاوەمەوە، تەفسیری تەنیایی خۆم دایەوە گۆڕ. جگە لە تروسکە و شەمعی سەرگۆڕەکان 

هیچم لێ دیار نەبوو..

وەک نابینا دەستم دەخستە سەر ڕومەتی تابلۆکان.

تەفسیری ڕۆیشتنی ئاوم بۆ گریانی مانگ دەکرد.

حیکایەتی کوشتنی گوڵم دەبردەوە بۆ باغ.

دەستی درەختم دەگرتەوە بۆ نزیک ماڵی ئاو..

قاچی ساردم، دەخستە سەر پشتی لمە گەرمەکان

گەڵاکانی پایزم دەگەڕاندەوە، حەوشەی بەهار.

لە ڕووبارە درێژەکاندا سێبەری خۆم 

لە تەنیشت قەوزەکانەوە دەبینی.

وەک دارێکی سەوز سەرم، لە نزیک کوورە گەرمەکان بوو.

وەک سرودی جەنگەکان پڕبووم لە خوێن.

 

لەو گوڵە زیندوانە دەچووم، کە لەناوچنگی عاشقەکاندا

بۆنی دڵبەرانەیان لێدەهات، ئێستاش لە سەرسنگی گۆڕەکان کرمە ڕێز بوون.

"من"بەرەو باخچەیەکی ڕووناکتر ڕامدەکرد

کەوتمە گێژەنی شارێکی تاریک! زمانم بەرەو ناشوێن هەڵهات.

ناونیشانم دیسانەوە بوو بە نامەیەکی نادیار!

لە تەنیشت خۆمەوە گۆڕێکم بۆ تەنیایی هەڵکەند.

تابووتێکم خستە سەر شانی خۆم و

بە هەردوو دەست، گڵم دەخستە سەر گۆڕی خۆم.

لەناو دەریا قووڵەکاندا مروارییە شکاوەکانم کۆکردەوە.

لەکتێبخانەکاندا خۆڵم دەخستە سەر تەرمی وشە.

لە تەنیشت گۆڕی ئەدەبەوە بغوردم دادەگیرساند.

لەناو سنگی کتێبەکاندا بۆ پەیڤە مردووەکان دەگریام

هەموو ڕێگاکان لای من دەچوونەوە نزیک گۆڕێک.

 

من دەگریام، چەشنی ئەو ئاسکانەی کە فیشەکێکی ورد

دەچووە لاشەیانەوە، کراسی سپی نیشتمان، پڕ بوو لە خوێنی ڕژاوی من بە ناحەق.

"با"گالیسکەی عومری بەبەرچاومەوە ڕاکێشا، تا نزیکی گۆڕ.

گۆڕەکان بێ زێوان، تەنیایی خۆیان دایە ڕۆشنایی مانگ.

گرێی پرسیارە ئاڵۆزەکان کەوتنەوە ناو زمانم.

ترسام سەرم وەک شلیلەیەکی ئاڵۆز ئەو سەری خۆی نەدۆزێتەوە.

شەوێک دوورتر لەخۆم هەڵهاتم، وەک کەروێشکێکی ترسنۆک

وەک ڕەشەبا بەناو دەمی شمشاڵێکدا ڕاکشام

وەک گوزەری تیشکێ بەناو شارێکی تاریکدا ڕۆیشتم

چەشنی فیشەکێکی گەرم لە ڕۆژێکدا چوومە ناو میهری دڵێکەوە.

مەرگ لە دێڕێکی ساردا ناونیشانی بۆ نوسیم

لە سەر ڕوومەتی خۆی، جێی ماچێکی سووری بەجێهێشت..

ئەوە دوا گۆرانیی من بوو، لە تەنیشت مانگ و فڕندەکان

ئەوە دواهەمین جێ پەنجەی من بوو 

بەسەر شوشەی پەنجەرەکانی نیشتمانەوە.

من لە کێڵگەیەکی ڕەنگ پەڕیوی زەردا مردم و

دەستەکانم پڕ کرد لە گڵی سەر گۆڕی خۆم.

بۆنی بغورد و ئەرخەوانی پاشاکان، لەپەنجەرە ئاوەڵاکانەوە دەهات.

دایکم لەناو ماڵێکی بێ پەنجەرەدا نزای بۆ گەڕانەوەم دەکرد

من بیری خۆمم دەکرد لەناو دڵێکی تاریکدا.

 

* زێگار واتا شەونخونی


ئەم بابەتە 234 جار خوێندراوەتەوە