Mahmwdi1.jpg

(غونچەی بەهارستان)ی حوزنی و سەرهەڵدانی گوتاری مێژوونووسانەی کوردی

ئیسماعیل مەحموودی*

حوزنی موکریانی و سەرەتای مێژوونووسی نەتەوە تەوەر

 

پوختەی ڵێکۆڵینەوە:

هەوڵی یەکەم نەسڵی مونەوەرانی کوردی نیشتەجێ«ئەستەمووڵ» و هەروەها مونەوەران و دەسەڵاتدارانی«سلێمانی» بۆنەتەوەسازی لە پێناو دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوە کە لە «حاجی قادری کۆیی»یەوە دەستی پێکرد و تا سەردەمی«جەمعییەتی تەعالیی کوردستان» (١٩٢٢-١٩١٨) و«ئەنجوومەنی ئیستقیلالی کوردستان»(١٩٢٢)درێژەی کێشا، بە سەرکەوتنی «کەمالیستەکان» ورێکەوتنی«لوزان» (١٩٢٣) کۆتایی پێهات.

 بە کۆتایی هاتن و کۆتایی پێهێنانی ئەم هەوڵانە، پرسی نەتەوەسازی و شوناس سازی وەک هەوڵی سەرەکی رۆشنبیران، گواسترایەوە بۆ بواری مێژوونووسی و لەم رووەوە رێگە بۆ سەرهەڵدانی گوتاری مێژوونووسانەی کوردی سازبوو.

ئەم توێژینەوەیە دەیەوێت جگە لە ئاماژەکردن بە رەوتی دەسپێکردنی پرسی نەتەوەسازی و پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەی بەستێنەکانی سەرهەڵدانیگوتاری میژوونووسانەی کوردی، ڕووبەڕووی ئەم پرسیارەش ببێتەوە؛ ئایا دەکرێت «غونچەی بەهارستان»ی حوزنی موکریانی وەک سەرەتای مێژوونووسی نەتەوە تەوەر پێناسە بکرێت؟

ئەم ڵێکۆڵینەوە پێوایە نووسینی مێژوو بە زمانی کوردی، بە ئایینی کردنی خۆشەویستی نیشتمان،رابردووسازی، ستایشی کوردستانی کۆنارا، یادکردنەوە و یادسرێنەوە، عەرەب دژی و تورک دژی و روانێنی ئەزەلی بۆ کورد وەک نەتەوە،سەرەتای سەرهەڵدانی گوتاری مێژوونووسانەی کوردی و بە واتاییەک مێژوونووسی نەتەوە تەوەری کوردییە کە بە نووسینی «غونچەی بەهارستان» لە ساڵی (١٩٢٥) دەس پێدەکات.

وشەسەرەکییەکان:

غونچەی بەهارستان، حوزنی موکریانی، گوتاری مێژوونوسانە، مێژوونووسی نەتەوە تەوەر.

 

پێشەکی:

سەرەتای هەزارەی دووەم لە ساڵژمێری ئیسلامی و کۆتایی سەدەی شانزدەی زایینی لە ساڵژمێری زایینی،سەرەتای دەرکەوتنی «مێژوونووسی کوردی» واتە نووسینی مێژووی تایبەت بە کورد و کوردستانە کە بە شەرەفنامەوە دەس پێدەکات. «شەرەفنامە» یەکەمین مێژووی کوردستانە کە لە ساڵی (١٥٩٦/١٠٠٥) و لە سەر دەستی شەرەفخانی بدلیسی (١٦٠٣-١٥٤٣) نووسراوە.

ڕەوتی مێژوونووسی کوردی پاش شەرەفخان نە تەنیا بۆ چەندین سەدە تووشی پچڕان و دابڕان بوو، تەنانەت تووشی داڕمانیش بوو، بۆ وێنە نزێکی «٢٠٠»ساڵ پاش شەرەفنامە دووبارە مێژوونووسی کورستان لە سەردەستی مێژوونووسانی سەر بە دەسەڵاتی ئەردەڵان دەستیپێکردەوە بەڵام ئەمجارەش نووسینی مێژوو بە زمانی فارسی، ناوچەگەرایی،ستایش و شەرعییەت بەخشین بە دەسەڵاتی سیاسی حاکمانی ئەردەڵان و پەراوێزخستنی خەڵک، مێژوونووسی کوردی تووشی دووپاتبوونەوەی کەم بایەخی مێژوونووسی سونەتی بوو و بە واتایەک مێژوونووسی کورتکرایەوە لە نووسینی ڕووداوە سیاسییەکان، ناوچەگەرایی و شەرعییەت بەخشین بە دەسەڵات و ستایشی دەسەڵاداران و ئەمە لە حاڵێکدا بوو هاوکات مێژوونووسی مۆدێرن و گوتاری مێژوونووسانەی تورکی و فارسی بۆ نەتەوەسازی لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە لە سەرهەڵدان و گەشەسەندنا بوو.

مێژوونووسی سەردەمی ئەردەڵان سەرەڕای هەندێ خاڵی ئیجابی، ئیدامەی هەمان سونەتی ڕووداونووسی پێشوو بوو و تەنانەت بۆ ماوەیەکی دیکەدوبارەمێژوونووسی ناوچەگەرایەنە و سیاسی باوکرایەوە بۆیە لە کوردستانی ئێران هەر ئەم سونەتە مێژوونووسیە واتە مێژوونووسی ناوچەگەرایانە و ڕووداونووسی یەک لەو هۆکارە سەرەکییانە بوو کە ئیزنی بە سەرهەڵدانی گوتاری مێژوونووسانەی کورد نەدا و لەم رووەوە دەکرێت بڵێین گوتاری مێژوونووسانەی کوردی بۆ بەشەکانی دیکە کوردستان لە ژێر کاریگەری کەش و هەوای تازەگەری و ڕۆشنبیری ئەستەمووڵ گوسترایەوە.

ئەستەمووڵ، یەکەم ناوەندی دونیای ئیسلام بوو لە بەر نزیکی و پێوەندی لە گەڵ رۆژئاوا،هەستی بە پێویستی گۆڕانکاری فەرهەنگی و سیاسی کرد و بۆ یەکەم جار هەر لەم شارەشدا، دەنگی نۆێخوازی بە شێوازی رۆژئاوایی سەری هەڵدا.

لە بەر ئەوەی بەشێکی زۆری خاکی کوردسەر بە دەسەڵاتی عوسمانی بوو و هەروەها بە هۆی نیشتەجێبوونی هەندێ کاربەدەستی کوردی سەر بە دەسەڵاتی عوسمانی و گرنگتر لە هەمووی بانگهێشتی میرانی کورد و نیشتەجێکردن و کردنەوەی یەکەم مەکتەبی عەشایەری لە سەر دەستی سوڵتان عەبدولحەمید دووەم (١٩٠٩-١٨٧٦) لە ساڵی (١٨٩٢)، ئەستەمووڵ بوو بە ناوەندی نوێخوازی و مافخوازی خوێندەواران و سیاسەتمەدارانی کورد و هەر لەم شارە یەکەم چینی رۆشنبیرو رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری کوردستان-تەوەر و هەروەها یەکەم ناوەندە کوردییەکان، سەریان هەڵدا. (ئەڵا کۆم، ٢٠٠٥:٥٧).

لە کۆتایی سەدەی نوزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم و پاش سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ویستی چاکسازی و تازەگەری و شوناسخوازی لە نێوان نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و دواتر سەرهەڵدانی گوتاری تورکخوازی لە لایان تورکە لاوەکانەوە لە ساڵی (١٩٠٨)، کوردانی ئەستەمووڵیش کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو گوتارە و یەکەم دەرکەوتەکانی تازەگەری کوردی و لە سەرووی هەموویان بیرۆکەی نەتەوەسازی لەم شارەدا سەریان هەڵدا وئەستەمووڵی کۆتایی سەدەی (١٩) و سەرەتای سەدەی (٢٠) هاندەری هەوڵ بۆ بیرکردنەوەی لە شۆناس و نەتەوەسازی بوو و هەر بەم بۆنەوە و هەر لەو سەردەمەدا و بە کاریگەری لە رۆژئاوا و دەرکەوتەکانی وەک ناسیۆنالیزم، پرسی نەتەوەسازی بەرجەستەکرایەوە.

بەرزبوونەوە ویستی دامەزرانی یەکەی دەوڵەت-نەتەوە لە نێوان نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و هەروەها سەرهەڵدانی شۆناسی نوێ لە رێگەی پەرەسەندنی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم وەک دیاردەیەکی مودێرنی رۆژئاوایی، پێناسەی «میللەت» بە تەواویەتی تووشی گۆرانکاری بوو و چەمکی میللەت لە پێناسەی شوێنکەوتووانی ئایین بۆ سۆز بۆ خەڵک و زەنجیرە قەومی هاورەگەز و هاوبەش و بە واتایەک بۆ ناسینی رۆژئاوایی گۆڕا و لە گوتاری نوێی کوردیشدا کە دەکرێت سەرەتای بۆ حاجی قادری کۆیی بگەرێتەوە ئەم گۆڕانکاریە دەنگیدایەوە و بە واتاییەک دەستەواژە و چەمکی « میللەتی کورد » بوو بە سەرەتای سەرهەڵدانی گوتاری نوێی کوردی و دواتر لە رۆژنامەی کوردستان و یەکەم بازنەی رۆشنبیرانی کورد و هەروەها یەکەم ناوەندە کوردییەکانی ئەستەمووڵ پەرەی سەند و لە ئەنجامدا لە سەرهەڵدانی گوتاری مێژوونووسانەی کوردی کاریگەری بەرچاوی هەبوو.

مەبەست لە گوتاری مێژوونوسانە واتە بە گوتار کردنی مێژوو و لەم دوخەدا مێژوونووس دەیەوێت لە رێگەی مێژوونووسی و مێژوونووسیەوە هەوڵ بۆ دروستکردنی شۆناس سازی و نەتەوەسازی بدات و لێرەوە ئیتر مانای مێژوو لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و هەروەها ستایشی دەسەڵاتداران و شەرعییەت بەخشی بە میرەکان دەگوازرێتەوە بۆ نەتەوەسازی و شوناس سازی لە رێگەی مێژووسازی و ژیاندنەوە رابردوو و کۆنینەسازی و لەم حاڵەتەدا مێژوونووسی دەبێتە گوتار و دیارە ئەرکی سەرەکی گوتار شوناس سازییە و لێرەوە گوتاری میژوونووسانەی کوردی لە پێناو نەتەوەسازی سەرهەڵ ئەدات.

 لەم توێژێنەوەی هەوڵ دەدرێت جیا لە باسکردن لە گوتاری مێژوونووسانەی کوردی وهەروەها گوتارناسی «غونچەی بەهارستان» وەک یەکەم هەوڵی گوتاری مێژوونووسانەی کوردی، تیشک بخرێتە سەر ئەو هەوڵانەی بۆ نەتەوەسازی لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە یان لانیکەم ئۆتۆنۆمی لە ئەستەمووڵ و سلێمانی هاتەئاراوە.

١)یەکەم هەوڵەکانی مونەوەران و سیاسەتمەدارانی کورد لە پێناو نەتەوەسازی

(لە ئەستەمووڵەوە تا سلێمانی):

ئەستەمترین پرس سەبارەت بە کورد لە ساڵی (١٩١٨) ئەوە بوو کە ئایا بە راستی ئەمانە نەتەوەن یان وەک نەتەوە خۆیان پێناسەدەکەن، کورد بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی ئیمپراتۆریا نەیاندەتوانی شانازی بە مێژووی راستەقینە یان ئەفسانەیی خۆیانەوە بکەن (لایان، ١٣٩٥: ٥٧).

دەرکەوتنی دیاردەکانی مودێڕنیتە و ڕەوتی چاکسازی لە عوسمانی بەتایبەت چاکسازی «سەردەمی تەنزیمات» (١٨٧٦- ١٨٣٩)، تێکڕای لە سەر ویستی دەسەڵاتداران و سیاسەتمەداران و بە واتایەکی دیکەلە لایان ناوەندی دەسەڵاتەوە جێبەجێ کرا.

یەک لەو دەرکەوتە بەرچاوانەی ڕەوتی چاکسازی سەر بە دەسەڵات، سەرهەڵدانی چینێکی نوێ لە نێوان کەسایەتییەکانی دەرەوەی دەسەڵات بوو کە خوازیاری ڕیفۆرمی سەرەکی لە بواری حکوومەتداریەتی بە شێوازی ڕۆژئاوایی بوون. ئەم چینە واتە «مونەوەرولفیکران»ی تازەسەرهەڵداوی تورک، نزیک بە (٣٠) ساڵ پاش ڕاگەیاندنی«خەتی شەریفی گوڵخانە» لە سەردەمی تەنزیمات، بە فەرمی بوونی خۆیان وەک یەکەم بەرەی مونەوەرلفیکری تورک لە ساڵی(١٨٦٥) بە دامەزراندنی دەزگای «ئیتیفاقی حەمییەت» راگەیاند(Mardin.2000.11)

 تاقمی مونەوەرولفیکری تازە سەرهەڵداوی عوسمانی، خاوەنغ گوتاری شوناسخوازانەی «توورانی» و «تورکی» بوون و لە ژێر نێوی «جەمعییەتی ئیتحادی عوسمانی» نێوبانگیان دەرکرد (انتخابی.١٣٩٢: ١٢٤-١١٨) هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی چاکسازی و بەرجەستەکردنەوەی گوتاری شوناسخوازیی لە سەردەستی مونەوەر و لفیکرانی تورک و کەمینەکانی دیکەی عوسمانی ئیتر«شاری ئەستەمووڵی ئەو ڕۆژەبوو بە جێگەی کۆبوونەوەی هەموو ئازادیخوازەکانی وڵاتانی عوسمانی لە کورد و عەرەب و ئەرمەن و نەتەوەکانی ئورووپای خوارووی ڕۆژهەڵات»(مەلا کەریم، ١٩٦٠: ١٠) وهەر بەم بۆنەوە«کوردێکی زۆر لە ناوچە و پارچە جیاکانی کوردستانەوە رویان لە ئەستەمووڵ کرد و پێناسەی عەشایەری و ناوچەیی خۆیان خستە لاوە و کەوتنە پشکنینی ئەتنیکی و گەڕان بە دوای بنچینەی نەتەوەییدا» (ئەڵاکۆم،٢٠٠٥: ٨).

بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاوی کورد لە ئەستەمووڵ و پەرەسەندنی گوتاری تازەگەری و زاڵ بوونی گوتاری شوناسخوازی،ئەم دۆخە کاریگەری و کارتێکەری کردە سەر کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە و هەر لەم شارەشدا بوو کە یەکەم بەرەی مونەوەرلفیکریی کورد، واتە سەید عەبدوڵقادر، ئەمین‌عالی بەدرخان، ئەحمەد ڕەمزی، محەمەد شوکری، پیرەمێرد و مەولانزادە ڕەفعەت و لە پێش هەمووشیانەوە حاجی قادری کۆیی سەری هەڵدا.

ئامادەبوونی حاجی لە ئەستەمووڵ هاوکات بوو لە گەڵ سەرهەڵدانی یەکەم بەرەی مونەوەرولفیکرانی عوسمانی لە ئەستەمووڵ (١٨٦٥) و هەروەها سەرهەڵدانی مونەوەرولفیکرانی کەمینەکانی نێو ئیمپراتۆریاکە لە ژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوایی کە کاریگەری بەرچاویان هەبوو لە سەر گوتاری حاجی قادری کۆیی.حاجی قادر بە پێی پێویستیی کۆمەڵگەی کوردی کە کۆمەڵگەیەکی عەشرەتی، نەریتی و شپرز و لەمانەش گرنگتر بێ دەسەڵات و ناشارەزا بوو،زەروورەتی نەتەوەسازی و دەربازبوونی لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی هەست پێکرد و بۆ یەکەمجار، لە لایان ئەوەوە پرسی نەتەوەسازی بەرجەستە کرا.

پاش حاجی هەوڵ بۆ نەتەوە سازی لە لایان مونەوەرانی کوردی ئەستەمووڵەوە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی وەک رۆژنامەی کوردستان(١٩١٢)، ڕۆژی کورد (١٩١٣) هەتاوی کورد (١٩١٣) ژین (١٩١٨) وهەروەها دامەزرانی چەندین رێخراو و ناوەندی وەک « جەمعییەتی تەعاوەن و تەرەقی» (١٩٠٨)، «تەعالی کوردستان» (١٩١٨)، «کۆمەڵەی هێڤی قوتابیانی کورد» (١٩١٢) و بەتایبەت «جەمعییەتی تەعالی کوردستان» (١٩٢٢-١٩١٨) درێژەی پێدرا.

سەرەڕای هەوڵی چەندین دەیەی مونەوەرانی کورد لە ئەستەمووڵ لە رێگەی رۆژنامە و هەروەها دامەزراندنی چەندین رێخراوەی فیکری و سیاسی کە هاوکات بوو لە گەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی قەومی و زاڵ بوونی گوتاری شوناس خوازی و گرنگتر لەوەی هاوکات بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم (١٩١٨-١٩١٤) کە دەرفەت بۆ نەتەوەسازی و دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوە سازکرابوو بەڵام هەوڵی مونەوەرانی کورد بۆ نەتەوەسازی بە راگەیاندنی کۆتایی خەلافەت و سەرکەوتنی کەمالیستەکان لە ساڵی (١٩٢١) و بەتایبەت ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیای نوێ لە ساڵی (١٩٢٣) کۆتایی پێهات.

بە کۆتاییهاتنی خەونی نەتەوەسازی لە ئەستەمووڵ، ولایەتی موسڵ و بەتایبەت شاری سلێمانی بوو بە ویستگەی دووەمی هەوڵ بۆ نەتەوەسازی مونەوەران و سیاسەتمەدارانی کورد، گەڕانەوەی مونەوەرانی سلێمانی نێشتەجێ ئەستەمووڵ بۆ سلێمانی و شکستی عوسمانی و بریاری کۆبوونەوەی قاهیرە لە ساڵی (١٩٢١) ئەو هیوایەی ژیاندەوە کە هێشتا دەرفەت بۆ نەتەوەسازی لە پێناو بوون بە دەوڵەت لە بەشێکی دیکەی کوردستان لە ئارادایەکەواتە پاش کۆتایی هەوڵەکانی یەکەم ناوەندی مونەوەری کورد لە ئەستەمووڵ، بە هۆی رووخانی ئیمپراتۆریا و بریاری زل هێزەکان بۆ دابەشکردنی عوسمانی، رێگە بۆ سەلماندنی نەتەوەبوونی کورد لە ولایەتی موسڵ و ناوچە کوردنیشینەکانی موسڵ خۆشکرا بوو، سەرهەڵدانی شۆرشی شێخ مەحموود، بڵاوکردنەوەی چەندین گۆڤاری وەک تێگەیشتنی ڕاستی (١٩١٨)، پێشکەوتن (١٩٢٠)، بانگی حەق (١٩٢٣) و هەروەها ڕێخراوەی ئیستقلالی کوردستان (١٩٢٠) لەپێناو ناساندنی کورد وەک نەتەوە بۆ دامەزرانی دەوڵەتی کوردی یان ئۆتۆنۆمی و سەلماندنی نەتەوەبوونی کورد دەکرێت وەک بەشێک لەم هەوڵانە تەماشا بکرێت.

هەوڵی ناوەندی مونەوەران و سیاسەتمەدارانی لیوای موسڵ و بە واتاییەکی دروستر ناوەندی سلێمانی لە بڕیاری (٢٣) ئاوریل (١٩٢٣)ی ئینگلیز کە لیوای سلێمانی بە فەرمی وەک بەشێک لە عیراق ناساند، کۆتایی پێهات (مک داول،١٣٨٣: ٣٠١) و هەوڵی دووەم ویستگەش بۆ نەتەوەسازی لە پێناو دامەزرانی دەوڵەتی کوردی لە لایان مونەوەران و سیاسەتوانانەوە تووشی شکست بوو.

پێدەچێت جیا لە هەوڵی ئینگلیز،سێ هۆکار لە بەردەم پرۆژەی نەتەوەسازی و بەنەتەوەکردنی کورد لە سەردەستی مونەوەران و سیاسەتمەدارانی ئەو سەردەمەیدوو ناوەندی ئەستەمووڵ و سلێمانی رۆڵی سەرەکییان هەبووە:

١-١ یەکلانەبوونەوەی خودی مونەوەران و سیاسەتەمدارانی کورد

کورد لە ساڵی ١٩١٤ بۆ عوسمانی شەڕی کرد و درۆشمی سەربەخۆیی کورد، بەرەی سەرکەوتووی شەڕیان خستە نێو زاری کوردانەوە (لایان، ١٣٩٥: ٥٩).

زۆربەی مونەوەرانی کوردی نیشتەجێ ئەستەمووڵ، هێشتا سۆزیان بۆ دەزگای خەلافەت هەبووو خۆیان وەک بەشێک لە دەزگای خەلافەت پێناسە دەکرد و هەوڵی ئەوان لە پێناو چاکسازی بوو تا جیاسازی و نەتەوەسازی، بۆ وێنە رۆژنامەی «کوردستان» بەردەوام رووی لە خەلیفە هەبوو و کوردی بە جیا لە خەلیفە و خەلافەت پێناسە نەدەکرد و تەنانەت رێخراوەکوردییەکان سەرەڕای هەندی ئاماژە بۆ دامەزرانی دەسەڵاتی کوردی، بەس ئەمانیش خۆیان یەک لا نەکردبووە و بە وتەی«ئەمیر کامران بەدرخان»: «زۆربەیان قاچێکیان لە عوسمانی بوو ئەوی دیکەیان لە نێو کوردستان، ئەوان بەس دەیانویست ببنە وەزیر و نەک شتی دیکە» (بزارسلان،١٣٩٨: ٢١٧) و تەنانەت لە دەستەی دامەزرێنەری رێخراوە تورکییەکانیش رۆڵی سەرەکییان هەبوو و لە هەقیقەتدا کوردبوون هێشتا بۆ ئەوان وەک «پرس»ی لێ نەهاتبوو و تەنانەت بۆ زۆربەی کوردپرسی سەرەکی سەلماندنی موسەڵمانییەتی و یەکرێزی و پێوەندی لە گەڵ دەزگای خەلافەتبوو و لێرەوە رەنگە هەق بە «شەریف ماردینی» بێت کە لەو بروایەدا بوو کوردایەتی لە چوارچێوەیەکی مانایی وەک «هاودڵی نەنووسراو» لە هەناوی ئیمپراتۆریا عوسمانی مانا دەکرا (بزارسلان،١٣٩٨: ٢١١).

 بە راگەیاندینی کۆتایی خەلافەت و دامەزرانی دەوڵەتی تورکیای نوێ لە سەر بنەمای نەتەوەی تورک، ئەو کاتەی ئیتر ئەو پێوەندیە پچڕا و کورد هەستی بە جیاوازی و زەروەرتی سەلماندنی نەتەوەبوونی خۆی کرد کە وادیار بوو ئیتر زۆر درەنگ بوو بۆیە بە ناچاری دەستی کرد بە خەباتی چەکداری و لەم ئاراستەیە، شۆڕشی کۆچگیری (١٩٢١) راپەرێنی شێخ سەعید (١٩٢٣) و هەروەها راپەرێنی بەیتی شەباب لە ساڵی (١٩٢٤) دەکرێت لەم سۆنگەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لێرەوە دوبارە هەق بە «ئەمین زەکی» بوو کە پێی وابوو «کەلیمەی جامعیەی عوسمانیلی ئەعسابی قەومییەی هەموومانی تا دەرجەیەک خاوکردبووە» (زەکی بەگ،٢٠٠٦: ١).

١-٢ سەرقاڵ بوونی کاری سیاسی و گرنگی نەدان بە بواری مێژنووسی و فیکری

«کورد ئاگاداری میژووی خۆی نییە» (رۆژی کورد،٢٠٠٥: ٤-١).

هەوڵی سەرەکی یەکەم مونەوەرانی کورد، نەتەوەسازی لە پێناو دامەزرانی یەکەم دەوڵەت-نەتەوەی کوردی و یان لانی کەم گەیشتن بە ئۆتونۆمی بوو و بۆ گەیشتن بەم ئاواتە،زۆرترین هەوڵی مونەوەرانی کوردی نیشتەجیێ ئەستەمووڵ لە بواری سیاسیدا بوو و لەم بوارەشدا بە هۆی ئەوەی مونەوەران هێشتا خۆیان یەک لا نەکردبووە و هەروەها لە بەر ئەوەی لە باتی کاری فەرهەنگی و فیکری زۆرتر سەرقاڵی کاری سیاسی و سیاسی کاری بوون دەرفەتیان بۆ تیۆریزەکردنی پرسی نەتەوەسازی و بە واتایەک بۆ سەلماندنی نەتەوە لە رێگەی مێژوونووسی و گوتاری مێژوونووسانە نەبوو بۆیە قەت نەیانتوانی چینی شارنشین هاودەنگ و هاوڕای خۆیان بکەن و بە واتاییەک جەماوەر ڕاپەرێنن.

هەڵبەت لە بیر نەکرێت نەبوونی مێژوونووسی و گوتاری مێژوونووسانە لە لای یەکەم بەرەی مونەوەران و سیاسەتمەدارانی کورد بە مانای کەڵک وەرنەگرتن لە میژوو بۆ بەرهەمیهێنانی مانا نەبوو (بوز ارسلان،١٣٩٨: ٥١) و تەنانەت جار جاریش هەندێ ئاماژەیان بە گرنگی مێژوودا ئەدا بۆ نمووونە «عەبدووڵا جەودەت» لە ژمارەی یەکەمیرۆژنامەی «رۆژی کورد» لە (١٩١٣) بە وردی باس لە پێویستی مێژوو بۆ کورد و زیانی پەرواێز خستنی مێژوو لای کوردەوە دەکات و پێوایە: «ئەو نەتەوانەی شارەزای مێژوو و داهاتووی خۆیان بە باشی نیین، ناتوانن ببنە خاوەن کیانی سەربەخۆ و هەروەها ئەو نەتەوانەی وا هەست بە بوونی خۆیان ناکەن دەبنە مۆڵکی کەسانی دیکە» (رۆژی کورد،٢٠٠٥: ٤-١).

 بەڵام بەگشتی سەرەڕای هەندێ ئاماژەی مونەوەران و تەنانەت سیاسەتمەدارنی کوردی ئەو سەردەمە بە بایەخی مێژوو وکەڵک وەرگرتن لە سیمبۆلە مێژووییەکان و هاندانی خەڵکی کوردستان بۆ ئاگاداری لە رابردوو و گرنگیدان بە میژووی کوردستان، بەس بە بۆنەی ئەوەی مونەوەران و سیاسەتمەداران خۆیان زۆرتر سەقاڵی کاری سیاسی کردبوو، دەرفەتیان بۆ بیرکردنەوە لە گوتاری میژوونووسانەنەبوو (بوز ارسلان،١٣٩٨: ٥٢) بۆیە قەت نەیاتوانی لەمێژوو وەک ئایدیولۆژیای نەتەوەسازی و هەروەها رێخستنی خەڵکی کوردستان،کەڵکی پێویست وەربگرن.

 

١-٣ بنەمای تایفی و عەشرەتی کۆمەڵگەی کوردی

«نۆئل»: «کورد شپرزتر و پەڕش وبڵاوتر لەوەیە کە لە ئایندەدا بگەنە رێکەوتن» (مک داول، ١٣٨٣: ٢٩٨)

گەڕانەوەی مونەوەرانی وەک «پیرمێرد» و «زەکی بەگ» بۆ کوردستانی «عێراق»، کاریگەری کەش و هەوای فیکری ئەستەمووڵ، شکستی عوسمانی لە ساڵی(١٩١٨)و بۆشایی دەسەلاتی عوسمانی و هەروەها سەرهەڵدانی شێخ مەحموود،زەمینە بۆ نەتەوەسازی هاتەئاراوەو بوونی چەندینرۆژنامە و گۆڤاری وەک، بانگی کوردستان (١٩٢٢) رۆژی کوردستان (١٩٢٢) ئومیدی ئیستقلال (١٩٢٣) و پێشکەوتن (١٩٢٠) ئەم دەرفەتەی بەهێز کردبوو بەڵام لە بەر رێژەی بەرزی نەخویندەواری، کێشەی فەرهەنگی و بنەمای تایفی و عەشرەتی کۆمەڵگەی کوردی ئەو دەرفەتەش ئەنجامی گونجاوی نەبوو چوونکە جیا لە دوخی نەخوێندەواری کۆمەڵگای کوردی«سۆز و هەستی یەکریزی و یەکییەتی زۆرتر بۆ تایفە و عەشرەت بوو تا نەتەوەپەرەستی و نیشتمانپەروەری» (مک داول، ١٣٨٣: ٢٩٨) و بە واتاییەک بنەمای تایفی و عەشرەتی کۆمەڵگەی کوردی ئەو سەردەمە هۆکار بوو بۆ ئەوەی لە ساڵی (١٩٢٣) «ئەدمۆندز» لە ڕاپورتێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوە ئینگلیز بنووسێت: «کێشەی کورد یەکێیتی و یەکدەنگی بۆ سەرۆکایەتی بوو ئەگەر زاخۆ، دهۆک، سلێمانی، کفری و خانەقین پێش ساڵی ١٩٢٣ یەکرێز دەبوون نە بریتانیان نە عیراق و نە هیج وڵاتێکی دیکە نەیدەتوانی بەر بە سەربەخۆیی کورد بگرێت». (هاوس، ١٣٩٥: ٦٥).

بەم وەسفە دەکرێت بڵێین بنەمای تایفی کۆمەڵگەی کوردی،نەبوونەوەی مونەوەران و سیاسی کاری یەکەم بەرەی مونەوەرانی کورد، سێ بەربەستی سەرەکی لە بەردەم هەوڵی نەتەوەسازی مونەوەرانی کوردا بوو بۆیە پاش سەرکەوتنی کەمالیستەکان لە تورکیا و واژووکردنی بریارنامەی لۆزان، هیوای نەتەوەسازی کۆتایی پێ هێنرا و لێرەوە پرسی نەتەوەسازی لە دوو رەوتی شۆڕشی چەکداری و رەوتی مێژوونووسی ئیدامەی پێدرا و بە واتای یەکهەوڵی شکستخواردووی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لە لایان مونەوەرانی کوردەوە لە بواری مێژوونووسی درێژەی پێدرا و پێویست بوو ئیترپرۆژەی بە نەتەوەبوون یان تەنانەت بە دەوڵەتبوونی کورد لە کتێبی مێژویی مسۆگەر بکرێت (بوز ارسلان،١٣٩٨: ٥٢) و هەر لەم ئاراستەیە نووسینی مێژووی «غونچەی بەهارستان» وەک سەرەتای گوتاری میژوونووسانەی کوردی لە سەر دەستی حوزنی موکریانی دەستی پێکرد.

 

٢)گوتاری مێژوونووسانەی کوردی و «غونچەی بەهارستان»

غونچەی بەهارستان لە ساڵی (١٩٢٥) و لە شاری « حەلەب» بڵاو کرایەوە. سەید حوسێن حوزنی حەسەنییان حوزنی موکریانی نووسەری ئەم کتێبە لە ساڵی (١٨٩٣) و لە شاری مەهابادلە دایک بوو (هەتاو، ١٩٥٤: ١٣/١) لە سەردەمی منداڵی لای بابی و خاڵەکانی فێری خوێندن و نووسینی سەرەتایی دەبێت و پاش مەرگی باوکی و بە هۆی باری سەخڵەتی ژیانەوە لە تەمەنی دوانزە ساڵاندا روو لە شارەکانی مەراغە و تەورێز دەکات و لەوێوە دەچێت بۆ «یەرەوان» و دەبێت بە مامۆستای سەرماڵان، پاش ماوەیەک خاڵی دەچێت بە شوێنیدا بۆ ئەوەی بیگەرێنتەوە بۆ مەهاباد بەڵام حوزنی ناگەرێتەوە و پاش دوو ساڵ مانەوە لە یەرەوانی پەێتەختی ئەرمەنستان روو لە تفلێسی پایتەختی گورجیا دەکات و پاش مانەوەیەکی کورت دەچێتە شاری بادکوبە (هەتاو، ١٩٥٤: ١٧-١٦/ ٤).

حوزنی پاش مانەوەیەکی کورت لە بادکۆبەوە دەچێت بۆ ئەستەمووڵ و لەو شارە چوار ساڵ دەمینێتەوە وسەرقاڵی خوێندنی بەرهەمە مێژووییەکان دەبێت و لە رێگەی « مۆرچیتی و خۆشنووسی» ژیانی دابین دەکات و هاوکات بە زمانی فارسی وتار بۆ دوو گۆڤاری «خاوەر» و «چیهرەنامە» دەنووسێت (هەتاو، ١٩٥٤: ١٧/٦).

حوزنی لە ئەستەمووڵ شارەزای کاری رۆژنامەوانی و چاپخانە دەبێت و جیا لەوەش کەش و هەوای ئەو سەردەمەی ئەستەمووڵ کاریگەری لە سەر بیر و هزر و روانینی دەبێت و پاش ماوەیەک روودەکاتە شاری «حەلەب» و لە ساڵی (١٩١٢) سەفارشی چاپخانەیەک لە ئاڵمان ئەدات و پاش سێ ساڵ واتە لە ساڵی (١٩١٥) چاپخانەکە دەگاتە حەلەب و پێدەچێت ئەو کاتە حوزنی تەمەنی نزیکی (٣٣) ساڵ بێت (زەنگەنە، ٢٠٠٢، ٢٥).

حوزنی لە شاری حەلەب یەکەمین بەرهەمی مێژوویی خۆی چاپ دەکات و هەر ئەو ساڵە واتە ساڵی (١٩٢٥)دێتە بەغدا و ساڵی دواتر دەچێتە «ڕواندز» و ساڵی (١٩٣٢) ئیمتیازی رۆژنامە «زاری کرمانجی» و هەروەها لە ساڵی (١٩٣٥) مۆڵەتی دووەم رۆژنامەی واتە رۆژنامەی «روناکی» لە هەولێر دەگرێت و پاش ماوەیەک بە هۆی دوژمنایەتی هەندێ کەسەوە دەگرێتەوە ڕواندز و لەو شارەش دوژمنایەتی بە بیانووی سەیر ژیانی بە تەواوی تاڵ و پر لە ئازار دەکات و بە ناچاری روو دەکاتە کەرکووک و هەولێر و دووبارە ڕواندز و تەنانەت لە ساڵی (١٩٤١) دەسبەسەر دەکرێت (هەتاو، ١٩٥٥: ١-٦/١٩) و دەرنجام بە ناچاری بۆ هەمیشە کوردستان بەجێ دەهێڵێت و روو لە بەغداد دەکات و تا مەرگی لە ساڵی (١٩٤٧) لەوێ دەمێنیتەوە (هەتاو، ١٩٥٥:٨-١/٢٠).

حوزنی پاش نیشتەجێبوون لە کوردستانی عێراق و بە کاریگەری لە کەش و هەوای سیاسی ئەو سەردەمە گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی کە مێژوونووسی، ناوەندی وشیاری نەتەوەییە و لە رێگەی مێژوونووسیەوە دەکرێت بەربەستەکانی بە نەتەوەبوونی کورد بسڕێتەوە بۆیە حوزنی سەرەڕای ژیانی تاڵ و پڕ لە ئێش و ئازاری بەردەوام بوو لە کاری مێژوونووسی و رۆژنامەوانی وەک دوو زەرورەتی سەرەکی نەتەوەسازی.

 حوزنی پرسی نەتەوەسازی و بە نەتەوەنیشاندانی کورد و گەیشتنی کۆمەڵگەی کوردی بە وشیاری نەتەوەیی وەک ئەرکی سەرەکی خۆیپێناسە کردبوو بۆیە تا کاتی مردنی لە بەغداد سەرقاڵی ئەرکی رۆژنامەوانی و هێنانی دیاردەی مۆدێرنی وەک چاپخانە و وێنەگەری و لە سەرووی هەموویان مێژوونووسی بوو و هەقە بڵێین بەڕاستی ئەو پیاوە عاشقی کورد بوو بۆ کورد و لە پێناو کوردا بە داماوی سەری نایەوە (مەزهەر،٢٠٠٢: ١٨٩).

سۆز و عەشقی حوزنی بۆ کورد و هەروەها هەست بە زەرورەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی و پاش شکستی پرۆژەی نەتەوەسازی مونەوەران و سیاسەتمەدارانی کوردی ئەستەمووڵ و سلیمانی، حوزنی هاندا دەرفەتناسانە ئەم پرۆژەیە بگوازێتەوە بۆ بواری مێژوونووسی و بە نووسینی «غونچەی بەهارستان» گوتاری مێژوونووسانەی کوردی دەست پێبکات.

 

١-٢ غونچەی بەهارستان

«تەئریخ حسیات و نەجیبی ئینسان بڵند دەکات... ئینسان لە سەر رێگای تەرەقی و تەواوی بۆ مەنزڵی ئازادی و سەربەستی دەباتە پێشەوە» (حوزنی، ٢٠٠٧: ٥٨).

غونچەی بەهارستان یەکەم کتێبی مێژووی کورد و کوردستانە کە بە زمانی کوردیولە لایان حوزنی موکریانییەوە لە ساڵی (١٩٢٥) بڵاوبووتەوە، غونچەی بەهارستان سەرەڕای هەندێ هەڵەی مێژوویی و گرفتی میتودی، کە تەرخان کراوە بۆ باسکردن لە مێژووی رەگەز، زمان، شارستانییەت و سەلماندنی کۆن بوون و مێژوویی بوونی کورد،سەرەتای مێژوونووسی نەتەوە و تەوەر و دابڕانە لە سونەتی پێشووی مێژوونووسی کە لە راستیدا هەمان ڕووداونووسی و ستایشی بنەماڵە دەسەڵاتدار و میرەکانی کوردستان بوو کە بە زمانی فارسی نووسراوبوون. لە غونچەی بەهارستان مێژوو جیا لەوەی هونەرێکی «زۆر شەریفە» تەنیا «حیکایەتکردن و سەرگوزشتە و چیرۆک» نییە بەڵکوو مێژوو لە ئەساسدا «خۆناسی و ئەویترناسی» (موکریانی، ٢٠٠٧: ٥٧) و بە واتایەک ناوەندی شوناس سازی و پێناسەکردنی شۆناسی نەتەوەییە.

بە پێچەوانەی سونەتی پێشووی مێژوونووسی واتە شەرعییەت بەخشین و ستایشی میرەکوردەکان و هەروەها گێڕانەوەی ڕووداوی سیاسی، کورد و شۆناسی کوردی و ژیانەوەی رابردوو لە پێناو نەتەوەسازی دەبێتە ناوەندی سەرەکی غونچەی بەهارستان.

بەم وەسفە دەکرێت بڵێین بە ناوەندکردنی کورد و کوردستان و پەردەهەڵدانەوە لە رابردوووی کوردستان بە مەبەستی بەمەزن و کۆنارانیشاندانی کورد و نیشتمانی کوردان بۆ یەکەمجار لە غونچەی بەهارستانی حوزنی موکریانییەوە دێتە ناوەندی گوتاری مێژوونووسی کوردی و دەبێتە سەرەتای دەسپێکردنی گوتاری میژوونووسانەی کوردیو بەم بۆنەوە دەکرێت غونچەی بەهارستان وەک سەرەتای گوتاری مێژوونووسانەی کوردی پێناسە بکرێت کە لێرەدا ئاماژە بە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم گوتارە دەکرێت.

١-٣ بە ئایینی کردنی خۆشەویستی نیشتمان

لە گوتاری مێژوونووسانە کە نەتەوە- ناوەندە، گشتگیرکردنی پرسی نیشتمان و سۆز و خوشەویستی بۆ نیشتمان وەک سەرەتای نەتەوەسازی پێناسە دەکرێتو حوزنی لە غونچەی بەهارستان وەک بەرهەمێکی مێژوویی نەتەوە- تەوەر هەوڵ ئەدات مانای نیشتمان و وەتەن لە زێدەوە بگۆڕێت بۆ یانەی هاوبەشی هەموو کوردان و بە واتایەک کوردستان ببێتە نیشتمانی هەموو کوردان و گرنگ تر ئەوەی بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئایینی بە هێنانی حەدیسی «حب الوطن من الایمان» جیا لە بەخشینی شەرعییەت بە خۆشەویستی نیشتمان و بە پیرۆزکردنی، پێش بە بەرهەڵەستی پیاوانی ئایینی لایەنگری گوتاری ئوممەتی ئیسلامی و هەروەها دەزگای خەلافەت دەگرێت و خۆشەویستی نیشتمان وەک ئەرکی ئایینی پێناسەدەکاتو لەمبارەوە دەنووسێت:«لازمە لە سەر هەموو میللەتی کورد و واجیبە و شەرتی ئیمانیانە مەحەبەتی کوردستانیان هەبێ و خۆشیان بوێ و بزانێت (خاک و خۆڵ و رەگی میللەت و شار و دێهات و سنووری وەتەنی،تەئریخ،) شەرتی باوەرێی: هەموو رۆژیک چەند جاران دووبارە باوەڕی تازە بکاتەوە تاکوو ئیمان و دینی نەکەوێتە تەهلووکەوە و ئیمان و ئایینی ڕوو لە شکستەیی نەکا»(موکریانی، ٢٠٠٧: ٥٣).

لە گوتاری نیشتمان ناوەندی حوزنی بە یارمەتی حەدیسی «حب الوطن من الایمان» روانگەیەکی نوێ بۆ نیشتمانی کورد واتە کوردستان پێناسە دەکات و لەو بڕوایەدایە بیر نەکردنەوە لە نیشتمان دەبێتە هۆی ئەوەی دین و ئایین بکەوێتە مەترسیەوە و ئەمە سەرەتای ڕوانگەیەکی نوێیە بۆ نیشتمان کە بە غونچەی بەهارستانەوە دەست پێدەکات کە لە ئەساسدا قودسیەت بە نیشتمان دەبەخشرێت و نێشتمانپەرەوەریی وەک مەرجی ئیمان پێناسە دەکرێت.

٢-٣ یادکردنەوە و یادسرێنەوە

«کورد پیاوی وەک ڕۆستەم داستان و دارا و بەهمەن و جاماسب و زەردەشتیان پێگەیاند تا قیامەت لە تایفی دەهر مەدحیان دەکا. (موکریانی، ٢٠٠٧: ٥٤).

لە مێژوونووسی نەتەوە تەوەر و هەروەها مێژوونووسی ناسیۆنالیستی لە پێناو بەهێزکردنی وشیاری قەومی و هاندان و رێخستنی خەڵک بۆ یەکگرتن و یەکرێزی، بەردەوام یاد لە سیمبۆلە نەتەوەییەکان دەکرێتەوە و تەنانەت بەردەوام سیمبۆل سازی دەکرێت و هەروەها یادی هەندێ سیمبۆلی هاوبەش و ئایینی پەرواێز دەخرێت و بەواتایەک تووشی یادسڕینەوە دەکرێت.

حوزنی موکریانی لە غونچەی بەهارستان دەس بە یادسرێنەوەی سیمبۆلە ئاینییەکان دەکات و پەرواێزیان دەخات و بە پێچەوانە سونەتی پێشووی مێژوونووسی کە بە یادی کەسایەتی ئایینی و ستایش کردنی ئەوانەوە دەستی پێدەکرد ئیتر لە مێژوونووسی نەتەوەتەوەری غونچەی بەهارستان لە کەسایەتی و سیمبۆلە ئاینیەکان یاد ناکرێتەوە و بە واتایەک یادکردنەوەی کەسایەتییە ئایینیەکانی عەرەب وەک سامانی هاوبەشی کلتووری ئیسلامی لە گوتاری حوزنی جێگە و پێگەیان نامێنیت و لە بەرامبەردا یادکردنەوەی کەسایەتییە کوردییەکان وەک ئەولەویەتی نەتەوەسازی بۆ کورد لە غونچەی بەهارستان بەرجەستە دەکرێت.

 حوزنی لە غونچەی بەهارستان چیتر وەک موسڵمانێ قسە ناکات و شانازی بەئیماژ و سیمبۆلە ئایینەیەکانی جیهانی ئیسلامەوە ناکات و هەروەهاپرسی پێوەندی کورد و ئیسلام لە بواری مێژوودا دەخاتە پەراوێزە و بە واتاییەک یادسڕینەوەی دەکات و لە پێناو نیشاندانی جیاوازبوونی نەتەوەی کورد، ئەو پێوەندی و کەسایەتیانە دەسڕێتەوە و لە بەرامبەردا لە پێناوشانازی مرۆڤی کورد یاد لەو کەسایەتی و سیمبۆلانە دەکاتەوە کە تەنیا پێوەندیان بە کوردەوە هەیە و یان بە هی کوردیان دەکات کە لە پێناو نەتەوەسازیی و سازکردنی شانازی بۆ ئینسانی کورد و کۆمەڵگەی کوردی یادکردنەوەیان بە پێویست دەزانێت بۆ نموونە یادی هورمزان پادشای لوڕستان، ئەسفندیار پادشای شەهرەزوور، بەهرام کوڕی فەرخزاد پادشای ئاوربایگان، یەزدی کوردیان، کیانیان، روستەم، کەیکاووس و دارا و.. زیندوودەکاتەوە و دەنووسێت: «کوردستان پیاوی وەکوو توکلە و فەزڵوون و دەیسەم و سەلاحەدینی ئەیووبی و نادر و کەریم خان زەند لە سەڵاتینان هێنا وجوود(موکریانی، ٢٠٠٧: ٩٥-٧٥).

لێرەوە یادسرێنەوەی کەسایەتی و ئیماژە ئاینییەکان و یادکردنەوەی کەسایەتی و ئیماژە کوردیییەکان لە پێناو نەتەوەسازی دەبێت بە بەشێک لە گوتاری غونچەی بەهارستان و بە گشتی رەوتی مێژوونووسی حوزنی موکریانی.

 

٣-٣ بە ئەزەلی زانینی و کۆنینەسازی میللەتی کورد

کورد لە چەند دەهەزار ساڵانەوە تا ئیستا هەر کوردن و خۆیان بە کورد دەزانن وە لە عادات و ژیانی قەومیەتیان دەرنەچوون (موکریانی، ٢٠٠٧: ٦٢).

بە زاڵبوونی پرسی ناسیۆنالیزم و دیاردەی دەوڵەت- نەتەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بە تایبەت سەرەتای سەدەی بیستەم لە کوردستان، مانای «میللەت» وەک چەمکی ئایینی و نەریتیو بە مانای شوێنکەوتووانی ئایین بە کاریگەری لە گوتاری رۆژئاوایی بۆ مانایەکی نائایینی و بەربڵاوتر لە پێناو نەتەوەسازیدابۆ مانای (nation) دەگۆڕێت.

لە گوتاری حوزنی موکریانیش وەک حاجی قادری کۆیی و مونەوەران و سیاسەتمەدارانی کوردی ئەستەمووڵ،جیا لەوەی چەمکی«میللەت » مانای نوێ و نائایینی بەخۆوە دەگرێت و میللەت وەک نەتەوە (nation) پێناسە دەکات بەڵکوو کورد وەک میللەتێکی ئەزلی پێناسە دەکرێت.

لە گوتاری حوزنی میللەت دیاردەیەکی ئەزلی یە و شتێکی نوێ نیە و بە واتایەک لەو گوتارە میللەتی کورد تازە دروستکراو و ساختەکراو نییە بەڵکوو لە ئەزلەوە هەر بووە و کۆن و قەدیمی بوونی کورد وەک میللەت شتێکی تازە نییە و تەنانەت لای حوزنی کاتێ« بەشەر بەتەحوەش لە کوێستانان و سەحرایاندا دەژیان و بە تاڵان و کوشتاری یەک و لە حاڵ بەدەوییاندا ڕایان دەبوارد، کورد بە جووت و چاندن و دانیشتن لە دێهاتدا بە سەریان دەبرد و ڕوو لە بڵندی و پێشکەوتن عادەتیان گرتبووە»(موکریانی، ٢٠٠٧: ٥٤).

حوزنی پێوایە لە کۆنەوە تا ئیستە کورد هەر وەک میللەت بوونی بووە و تەنانەت « پێش لە عەرەباندا بە چەندین هەزار ساڵان لە تەمەددونێکی تەواودا بوون» (موکریانی، ٢٠٠٧: ٦١).

کەواتە بە میللەت بوونی کورد لە گوتاری حوزنی شتێکی ساختەکراو وبەرهەمی بیری مۆدێرن نییە بەڵکوو کورد لە سەرەتاوە تا ئیستە هەر میللەت بووە و ئەم روانگەیە بۆ یەکەمجار لە غونچەی بەهارستان دەنگدەداتەوە.

 

٤-٣ رابردووسازی و ستایشی کوردستانی کۆنارا

«کوردحوکمداران و کۆمەئاباد و جەمشید و کەیانی و ساسانییان لە پێش ئیسلام پێگەیاندوو.(موکریانی، ٢٠٠٧: ٥٤).

حوزنی لە سەر شێوازی مێژوونووسانی نەتەوەتەوەری ئەو سەردەمەو لە پێناو نەتەوەسازیدا بیر لە ئایدیولۆژیای نەتەوەسازی دەکاتە و لەم پێناوەدا دەس ئەکات بە «رابردووسازی»و بە واتایەک ساختەکردنی هەندێ سیمبۆلی کوردی وستایشی کوردستانی کۆنارا و تا رادەیەک ساختەکراو.

دیارە هەست کردن بە مێژووییبوون، سەرەتای هەستبە نەتەوەبوونە و بە واتاییەک هەنگاوی سەرەکییە لە پێناو بەنەتەوەکردن و هەر لەم پێناوەدا حوزنی بۆ نیشاندان و سەلماندنی مێژوویی بوونی کورد، هەنگاوی سەرەکی هەڵدەگرێت.

لە گوتاری غونچەی بەهارستان، کورد خاوەن یەکەم شارستەنییەت، دامەزرێنەری یەکەم سیستەمی پاشایەتی، ئازاترین قەوم، سەرچاوەی رەگەزی عیلام، فارس، بلووچ،ئەفغان و ئەرمەن و هەروەها کۆنترین قەومی دونیا پێناسە دەکرێت (موکریانی، ٢٠٠٧: ٨-٦٢) تەنانەت کورش دامەزرێنەری هەخامەنشییەکان وەک کورد نیشان دەدرێت« میللەتی کورش کە پایتەختیان کەرکووش (کەرکووک) بوو تایفەی کوردن و تەقالید و عادات و ڕەوشتیان بۆ ئەوە شاهیدە ٥-(موکریانی، ٢٠٠٧: ٥-٧٤) و گرنگتر ئەوەی رابردووسازی دەگاتە ئەو جێگەیە کە حوزنی دەنووسێت، لە سەرەتاوە تا هاتنی ئیسلام کورد هەرسەربەخۆ بووە «موئەریخانی رابردوو ئیسپاتبوونی کەلیمەی کورد و میللەتی کورد و زوبان و کوردستان و حکوومەت و ئیستیقلالی کوردستان و ئیدارە و حوکمڕانیان بە هەموو جۆرێک دەکەن (موکریانی، ٢٠٠٧: ٦٨).

پاش رابردووسازی، ستایشی کوردستانی کۆنارا کە بە لای حوزنییەوە سەربەخۆ بووە(موکریانی، ٢٠٠٧: ٧١) و هەروەهاخەڵکی کە خاوەنی باشترین ژیان و رەوشت و بەختەوەریی بووە دەبێتە بەشێک لە گوتاری غونچەی بەهارستان و لەم پێوەندییەدا بۆ دۆزێنەوەی هۆکاری دواکەوتوویی ئیستەی کۆمەڵگەی کوردی روولە تورک و عەرەب دەکات و وەک هۆکاری سەرەکی داڕمانی سیاسی و ئەخلاقی و بە گشتی دواکەوتوویی ئیستەی کۆمەڵگەی کوردی پێناسەیان دەکات.

 

٥-٣ تورک دژی و عەرەب دژی و کوردپارێزی

«کورد ئەوەڵ کەسێکن قانوون و ئایین و قاعیدەیەکیان هێنابووە گۆڕێ. لە نێو تەواوی بەشەردا چاکترینی تەواو ئەدیان و ئایینیان بۆ عەدڵ و بەدادترینی هەموو قانوونیکی ئینسان قەبووڵی کردبوو و نزیکترینی عەقڵ و ئینساف و تەبیعەت بوو کە خێڵ و گەل و قەبایلی دیکە بەکاریان هێنابوو» (موکریانی، ٢٠٠٧: ٥٤).

حوزنی دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و کۆنارا و ئەزلی خاوەن شارستانییەت و ئازا بووە «تەئریخ بۆ ئەو گەواهە و شاهیدە میللەتی کوردی نەجیب و ڕەشید و سەخی و زەکی، ئازاترینی ئەقوامی ئاری یە و... زەوی و ئەرازییان لانکی تەمەدوون و پێشکەوتن و بڵندییە بۆ قەباییلی دیکە» (موکریانی، ٢٠٠٧: ٥٤) و ئەگەرچی ئیستە دواکەتووە دواکەوتوویی بەرهەمی هێرشی تورک و عەرەب و تەنانەت فەرهەنگی عەرەبەو لەمبارەوە دەنووسێت: «بێ موبالەغە تورک بە غەیرەز فەساد و تاڵانگەری و بەد ئەخلاقی و تەوەحوش و جەهل و بێ ئیدراکیان فێری کوردان نەکرد» (موکریانی، ٢٠٠٧: ٩١).

هەر لەمبارەوە ڕای وایە هەرچی شتی خراپە کەوا ئیستە لە نێو کورددا باوە بەرهەمی هاتنی عەرەبە «کورد هەم دین و هەم تەقلید و هەم خورافات و ئەفسانەی جاهیلانی عەرەبیان بە تەواوی قبووڵ کرد و لەو ئەفسانەو خرافاتانەدا ئیشتیهادیان کرد تەوسیعیان نیشیان دا. بەڵکە بە بێ ترس دەڵێم عولەما و مەشایخی کوردان فەنانی ئەفسانە و درۆی خرافاتی نەزانانی عەرەبن و لە سەر ئوسولی نەسڵی ئەو درۆ و ئەفسانە کتێب و حاشیە و تەئلیفاتنکراوە..لاکین هەر وەکو بەحس کرا تا زەمانی دەرکەوتنی ئیسلام، کورد بە موستەقیل لە بن ئاڵای پادشای خۆیاندا دەژیان.»(موکریانی، ٢٠٠٧: ٩٤).

بە ڕای حوزنی کاریگەری کلتووری عەرەب بۆتە هۆی پەرتەوازەی کورد و لەمبارەوە دەنووسێت: «مولاحزە دەکرێت لە ئەوەڵ دەرکەوتنی ئیسلامەوە تا ئەمڕۆ. عەلەما و مونەوەروانی کوردستان بە بوغز و نیفاق و شیقاق وێرانی کوردستان دەکۆشن. وەتەنیان لە زوبان و عادات و تەبایع و ژیان و ئاوەدانی و میللەت و قەومیییەتیان مەحرووم کردن و خستیانە ژێر لێنگی ئەعداوە و لە ئەحواڵ و تەئریخی خۆیان و ئەجدادیان بێ خەبەرکردن.تەئلیفات و نووسین و خدمەتانیان بە زوبان عاداتی غەیری خۆیان دەست پێکرد. بوون و ژیان و هەستی ئازادییان کردە فیدای هێندێک ئەشیای ناچیزە و مەوهوم و خەیاڵی وەتەن و میللەتیان لە دەست دەرخست»(موکریانی، ٢٠٠٧: ٥٥) و هەروەها پیاوانی ئایینی کە زۆرتر خەمی ئایین و خەلافتیان هەبووە لای حوزنی هۆکاری دواکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردین «چوونکە ئەوان ڕۆژێک بۆ تەرەقی و پێشکەوتن و ئاوەدانی و ژیان و زانینی کوردەواری موتەفەکیر نەبوون و نەیانخستە بیرەوە»(موکریانی، ٢٠٠٧: ٩٠).

تورک دژی و عەرەب دژی وەک بەشێک لە گوتاری غونچەی بەهارستان لە پێناو دوو ئامانج و مەبەستی سەرەکیدایە یەکەم جیاکردنەوە کورد لە تورک و عەرەب و تەنانەت فارس«کورد هەر کوردە، نە نیسبەتی لە عەرەب و نە لە تورک و غەیرە دەدرێت. کورد لە چەند دەهەزار ساڵانەوە تا ئیستا هەر کوردن و خۆیان بە کورد دەزنن»(موکریانی، ٢٠٠٧: ٦٢) و دووەم خستنە ئەستووی هۆکاری دواکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردی لە سەر شانی تورک و عەرەب و هەروەها هاندانی کورد بۆ گەڕانەوە بۆ رابردوو و رێزگرتن لە شۆناسی نەتەوەیی خۆیان و لەم پێناوەدا واتە لە رێگەی گوتاری میژوونووسانە دەیەوێت کورد وەک نەتەوەیەکی ئەزلی وجیاواز پێناسە بکات و کۆمەڵگەی کوردی بۆ خوشەویستی نیشتمان و هەستی نەتەوەیی هان بدات.

 

ئەنجام

غونچەی بەهارستان،یەکەم مێژووی کورد و کوردستانە کە بە زمانی کوردیولە لایان حوزنی موکریانییەوە لە ساڵی (١٩٢٥) و بە کاریگەری لە گوتاری نەسڵی یەکەمی مونەوەرانی کوردی نیشتەجێ ئەستەمووڵ و شکستی هەوڵی نەتەوەسازی مونەوەران و سیاسەتمەدارانی کوردی ئەو سەردەمە نووسراوە.

لە ڕوانگەی حوزنی موکریانییەوە، مێژوو تەنیا«حیکایەت و چیرۆک»نییە بەڵکوو «خۆناسی و ئەویترناسی» یەکە مرۆڤ «بۆ مەنزڵی ئازادی و سەربەستی» هان ئەدات (حوزنی، ٢٠٠٧: ٥٨) و بە واتایەک مێژوونووسی، ناوەندی خۆناسی و ئەویتر ناسی و ڕێگەی گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی کۆمەڵگەی کوردییەکە غونچەی بەهارستان بەم ئامانجە نووسراوە.

غونچەی بەهارستان، سەرەتای دابڕانە لەوسونەتە مێژووییە کە مێژوونووسی بریتی بوو لە ناوچەگەرایی، ستایش و شەرعییەت بەخشی بە دەسەڵاتی سیاسی میرانی کورد و هەروەها نووسینەوە ڕووداوی سیاسی بە زمانی فارسی و عەرەبی وپەراوێزخستنی خەڵک و رابردووی کوردستان.

غونچەی بەهارستان سەرەڕای هەندێ هەڵەی مێژوویی و گرفتی میتودی، لە رێگەی بەناوەندکردنی کوردستان و هەروەها بە مەزن و کۆنارا نیشاندانی کورد و نیشتمانی کوردان، دەبێتە خاوەن گوتارێکی نوێ لە رەوتی مێژوونووسی کوردی.

بە ئایینی کردنی خۆشەویستی نیشتمان، رابردووسازی، عەرەب دژی و تورک دژی، ستایشی کوردستانی کۆنارا وروانێنی ئەزەلی بۆ کورد وەک نەتەوە، لە ریزی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی گوتاری «غونچەی بەهارستان»ی حوزنی موکریانییە کە دەکرێت وەک سەرەتای گوتاری مێژوونووسانەی کوردی و بە واتاییەک مێژوونووسی نەتەوە تەوەری کوردی پێناسە بکرێت.

 

سەرچاوەکان:

کوردی:

ئەڵاکۆم، روهات (٢٠٠٥) کوردەکانی ئەستەمبۆڵی کۆن. وەرگێرانی ئەحمەد تاقانە، هەولێر، موکریانی

بدلیسی، شەرەفخان (٢٠٠٦) شەرەفنامە، وەرگیڕانی هەژار، هەولێر. ئاراس.

بدلیسی، شەرەفخان(٢٠٠٧) شەرەفنامە شەرەفخانی بدلیسی. مێژووی میرانی خانەدانی عوسمانی و پادشایانی ئێران و توورانی هاوچەرخیان، بەرگی دووەم،وەرگێڕاوی سەلاحەدین ئاشتی،سلێمانی.ژین

حاجی قادر کۆیی(١٣٩٠)دیوانی حاجی قادر کۆیی، لێکۆڵینەوە و لیکدانەوە سەردار حەمید میران و کەریم موستەفا شارەزا، لە سەر نووسینیکی نوێ بە پێی بۆچوونەکانی موحەمەدی مەلا کەریم،سنە، کوردستان

حوزنی موکریانی (٢٠٠٧) سەرجەم بەرهەمەکانی حوسێن حوزنی، بەرگی یەکەم، بە سەرپەرشتی کوردستان موکریانی، هەولێر، ئاراس.

مەزهەر،کەمال(٢٠٠٢) حوزنی موکریانی رۆژنامەنووس و زاراوە مێژووییەکان،رۆژنامەڤانی، ژمارە(٩) ساڵی سێ یەم، هەولێر، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان،

زەکی بەگ، ئەمین (٢٠٠٦) خولاسەیەکی تاریخی کورد وکوردستان،سلێمانی،بنکەی ژین.

زەنگەنە،عەبدوڵڵا،(٢٠٠٢) ماڵی کوردێ تاڵان بردی،. رۆژنامەڤانی، ژمارە(٩) ساڵی سێ یەم، هەولێر، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.

رۆژنامەکان:

رۆژی کورد،(ئەستەمووڵ ١٩١٣)ئامادەکردن و لێکۆڵینەوە: عەبدوڵا زەنگەنە، پێشەکی ئیسماعیل شوکور، سلێمانی، بنکەی ژین.٢٠٠٥

رۆژنامەڤانی، ژمارە(٩) ساڵی سێ یەم، هەولێر، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.٢٠٠٢

کوردستان،(١٨٩٨-١٩٠٢)یەکەمین رۆژنامەی کوردی، کۆکردنەوە و پێشەکی، د.کەماڵ فوئاد،هەولێر. بنکەی ئەدەبیی و روناکبیریی گەلاوێژ.٢٠٠

هەتاو(١٩٥٤-١٩٦٠)بەرگی یەکەم سدێق ساڵح، ڕەفیق ساڵح، عەبدوڵڵا زەنگەنە، پێشەکی و لێکۆڵینەوە د.کوردستان موکریانی، هەولێر . بنکەی ژین و چاپخانەی باز،٢٠١٠

 

فارسی:

انتخابی، نادر (١٣٩٠) ناسیونالیسم و تجدد در ایران و ترکیە، تهران، نگارە آفتاب.

انتخابی، نادر (١٣٩٢) دین و دولت و تجدد در ترکیە،تهران، هرمس.

بزارسلان،حمید(١٣٩٨) گفتارهای در خاستگاە ناسیونالیسم کرد، عباس ولی،بزارسلان و..ترجمەی کراد روحی، تهران،چشمە.

پورگشتال، هامر(١٣٦٧) تاریخ امپراتوری عثمانی، ترجمە میرزا زکی، تهران. زرین

جی شاو، استانفور (١٣٧٠) تاریخ امپراتوری عثمانی و ترکیە جدید.مشهد. استان قدس رضوی

رئیس نیا. رحیم(١٣٦٨) ایران و عثمانی، تبریز.ستودە

فرامکین،دیوید(١٣٩٦) صلحی کە همە صلح ها را برباد داد،ترجمە حسن افشار،تهران، ماهی

فیلد هاوس، دیوید(١٣٧٠) لایان، والاس، کردها. عرب ها و انگلیسی ها، ترجمەی حسن افشار.تهران. مرکز

لایان، والاس(١٣٧٠) کردها. عرب ها و انگلیسی ها،،پیشگفتار فیلد هاوس، دیوید ترجمەی حسن افشار.تهران. مرکز

مک داول،دیوید(١٣٨٣) تاریخ معاصر کرد، ترجمە ابراهیم یونسی،تهران، پانیذ.

 

ئینگلیزی:

A.M.Hamilton(1937),road through Kurdistan. The narrative of an Engineer in Iraq, London,

Mardin(2000)The Genesis of yong ottoman Thougt.New York: Syracuse University press.

دکتۆرای مێژوو و توێژەری مێژووی ئەندێشە

 


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە