CHIROK.jpg

دوو خولەك و پەنجا و سێ چركە بە كاتژمێرەكەی دەستم

گۆران سەمەد

ڕۆژگاری وشەكان

لە گۆڕستانبوون مانای خۆی هەیە، هێشتا خۆر نەدرەوشاوەتەوە، شنەباكەی ئەم بەیانییە، دڵگیرە. چۆلەكەكان لە هێلانەكانیان هەڵفڕیوون. كارمەند بە بینینی ئەو هەموو گوڵ و سەوزاییە هەست بە ئاسوودەیی دەكات، بۆ من بەم جۆرە نییە. خۆزی ئەم گۆڕستانە بۆ منیش بەم چەشنە بووایە. خەجاڵەت نابم گەر نەزانم كام كێلساز نەخشی بەردەكانی ئەم گۆڕەی كردووە و ناوی منیشی تێدا نەخشاندووە، بەقەد ئەوەی كەسەكە چی لەگەڵ خۆیدا ژێر گڵ ناوە، دەمهاڕێت.

دەمەوێ ڕابردووم لەگەڵ ڕۆحی ئەم جەستە ژێرگڵە بنووسمەوە. دوودڵم، ڕەنگە دواجار گرفتی چۆنیەتی گێڕانەوەم بێتە پێش، یاخوود چیرۆكێكی بێ سەروبەر و بێ پڵۆت بنووسم. ئەو ڕۆژگارە لات و بەرەڵا بووم، بە ئارەزووی خۆم وشە و ڕستەی نادروستم گۆ دەكرد، كە هیچ پەیوەندییەكی بە دەستووری زمانەوە نەبوو. كەچی ئێستا تەنیا (واو)ێكی زیاد و كەم، وا دەكات لە خۆم بێواز ببم. ئەودەم وەك مرۆڤێكی بێ كەڵك سەرسەرییانە ڕۆژەكانم بەڕێدەكرد. ڕۆژانی پشووم پڕوپووچ تێدەپەڕاند، هەندێكجاریش سەردانی ئەوم دەكرد. بوشڕە لەگەڵ خوشكەكەی لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەكى هەمان ئەو كۆڵانە دەمایەوە، كە كارەكەی منی لێ بوو. ئەو دەمانەی لەسەر كاریش بووم رێك دەكەوت چاو لەو پەنجەرەیە بكەم، بەینا بەینێك بوشڕە خەندەی نیشان دەدام و منیش ئاوێنە ئاسا بەڕوویدا، دەمدایەوە.

ئەو شەوە ئاسمان لە تابلۆیەكی دەكرد، شێوەكارەكەی ئیتاڵی بێت و سەروكاری لەگەڵ شین دا هەبووبێت. كارمەندی هاوڕێم دەیوست باسی ڕۆژانی بەغدای بۆ بكەم، چەند جارێك پاتەیكردەوە. من و كارۆ هاوڕێی منداڵین، لەوەتای بەغدام بەجێهێشتووە، درك دەكات من ئەو توانایەم نییە ڕەشنووسەكانی وێرێم ڕێكبخەم. هەمیشە كاتێك بوشڕەی تێدەكەوێت قۆرت و كەلێن دەكەوێتە گێڕانەوەم.

ساڵی 1985 باوكم منی برد بۆ بەغدا و لەلای هاوڕێیەكی، ئەبو ئەنەسی ناو بوو، جێی هێشتم. دەیویست هەم پارێزراو بم لە دەستى بەعس، هەمیش كار بكەم. سێ مانگ جارێك باوكم دەهاتەوە بۆ بەغدا و بەشەكەی منی لە ئەبو ئەنەس وەردەگرت و بۆ هەولێر دەگەڕایەوە. بەوەش پێویستییەكانی خوشك و براكانم و ماڵەوەی پڕ دەكردەوە. ئەو دەمە لام ئاسایی نەبوو من ماندووبم و باوكم دەستمایەكەم حەپەلووش بكات، بەڵام هێندەی نەبرد لەوە تێگەیشتم كارێكی خراپ ناكەم كە هاوكاری ماڵەوەم. ئەوسا ژیان لە شارە كوردییەكان دژوار بوو، لەلایەك شەڕی عێراق و ئێران، لەلایەكی تر شۆڕشگێڕەكانی شاخ، زەبر و زەنگی بەعسیشی لەسەر بێت. هێندەی نەبرد دوو ساڵێك یان كەمتر، لای ئەبو ئەنەس ڕۆیشتم لە گەرەكی سابوونچیان كارێكم دۆزیەوە و پارەكەشی زێتر بوو. لەوێوە ژیانم گۆڕا، ئەوەی ڕۆژێك سابوونچیانی بینیبێت دەزانێ باسی چی دەكەم. هەنووكە گەڕەكی سابوونچیان خاپوورە و زۆربەی خانووەكانی تەخت بوون. بۆنی میز و گوو ئەو ناوەی سارومار كردووە. بەڵام تا كۆتاییەكانی كەوتنی حیزبی بەعسیش لە بەغدا، سابوونچیان لە گەڕەكە هەڵكەوتوو و قەرەباڵخەكان بوو.

ئەو چەند دێڕەی دواییم تەواو نەكرد، كارمەند بێ دەنگی كردم و گوتی: مەبەستم ئەم باسانە نییە. بوەستە بۆچی سەرێكی گۆڕستان نەدەین بۆ لای بوشڕە؟ بەخۆمم دەگوت، دەست هەڵناگرێ ئەم كوڕە، بەهەربار هاتین.

باوكی بوشڕە لەكۆتایی شەستەكان هەولێری جێهێشتبوو. ئەو كاتە بوشڕا لە دەوری چوار ساڵێك بووە. من ناوە ناوە سەردانی گۆڕەكەی دەكەم، هەمیشە گۆڕستان دەمباتەوە ڕۆژانی تژی لە ژاكاویی و تۆقین. هەر كە گۆڕی حەبیبەم كەمەندكێشم دەكات، زرمەیەكی گەورە ناخم دەهەژێنێت. ئاخر من تەواو هۆشم لەدەست دابوو، نەدەكرا لەو بەغدا نەفرەتییە بە كوردی بناڵێنم. یەكێك لەو جارانە وەختایەك زانیم دوو زرمەی گەورە شاری هەژاند، ئیتر تا یەك هەفتە ترس و تۆقین، ملبەندی هەموو بەغدای كرد. تەقینەوە گەورەكەی كەڕادە یەكێكە لەو بیرهاتانەی هەمیشە ئارەزووی مردنم لا هەنگوینیی دەكات. لەو كارەساتە بوو بوشڕە خۆی لە بوونم جودا كردەوە، تا پارچەكانی جەستەیمان كۆكردەوە زۆرى ویست. لەسەر وەسیەتی خۆشی بوو، كەسوكار تەرمەكەیان هێنایەوە هەولێر.

 

پەڕپووت بوونم لە دیجلە

دوای دوو مانگ لە مردنی باوكی، زۆرجار لە شەقامەكان و بازاڕ بەیەكەوە بووین. لەپردی سنەكەوە دەمانڕوانییە نەورەسەكان كە چۆن لە تاو برسیێتی بەسەر دیجلەدا سەمایان دەكرد و تیژ بە ئاڕاستەی ئاوەكەدا بۆ لەتێك نان دەنووكیان دەجەنگا. دواییش لە بەردەم چایخانەی زەهاویی گوێمان بۆ (غەزالی) ڕادەدێرا، ئەو ساتەی دەیگوت: (فوك النخل) خەندە دەكەوتە سەر لێوی بوشڕە. دوایی دوو پارچە (جومەڕ)مان لای خاڵە محەمەد دەكڕی. وای لێهاتبوو هەركاتێك دەگەڕاینەوە سەمەر پێی دەگوتین: سنەك خەڵكی لێ بوو؟ خاڵە محەمەدتان بەسەركردەوە؟ ئەی پەیكەرەكەی موتەنەبی لە شوێنی خۆی ماوە؟ دواتریش دەیدا لە قاقای پێكەنین.

دروستە من پەڕپووت و سەرلێشێواو بووم، بە جارێك كەوتم. بۆ ئەوەش هۆكاری خۆمم هەبوو. سەرگەردانی من لەوێوە دێت، بۆ یەكەمجار گوێم لە هانكە هانكی كەسێك بوو لە ژوورەكەی سەمەر. بە دڵنیایی و دڵەڕاوكێیەكی زۆرەوە دەمزانی سەمەر لە ماڵەوە نییە، بۆیە وەژوور كەوتم، هەنگاوە هێواشەكانم كاتی زیاتری بە پیاوە ڕەشتاڵەكە دەدا تا بوشڕە لە ژێریدا بگات بە كەنار. ئیتر من وەك سەربازێكی دۆڕاو هێواشتر لە هاتنم گەڕامەوە، بە خۆمم دەگوت ڕیسوا و ئەتككرام، بەگان چووم. هەموو گیانم قورس ببوو، قاچەكانم لە هەنگاونان سست، دڵۆپ دڵۆپ دەچوومە ژێر زەوی. تا سێ هەفتە دواتر خۆیم نیشان نەدا و بوێری ئەوەشم نەبوو بەڕوویدا بێنمەوە.

ئاخر دوای چی! ئەو چوزانێت لە دونیای مندا چی دەگوزەرێت، ئەو لە كوێوە درك بەوە بكات دەمویست داهاتوومان لە سابوونكەرانی سلێمانی بێت. هەر لەو ڕۆژەوە بەغدا و دیجلە و ئەوینم بە نەفرەت كرد. نەمدەویست چیتر شتێكم هەبێت بە ناوی ژیان.

 

دەستپێكی بارگۆڕان

دەستێكم بە كێلەكەوە، ئەوەیتر بە دزییەوە فرمێسكە قەتیسبووەكانمی پێدەسڕم، دەزانم كارۆ لە گۆڕانی تۆنی دەنگمەوە درك بە حاڵم دەكات، ئاخر ڕەوا نییە مردن هەر كاتێكی بووێ ڕووبدات. ئەی ئازایەتی مرۆڤەكان بۆ چییە، گەر بوێری مانەوەی نەبێت و هەمیشە تەسلیمی مردن بێت؟

تا دەهات ئەو دیمەنە زیاتر پەژارە و خەفەتخانی دەکردم، چەند جار بە ڕێگەی جودا، بە دوای دەرفەتێكدا دەگەڕا باسی ئەوەم بۆ بكات، چۆن دەستی بەم یارییە كردووە و لێى جوێ نەبۆتەوە. وەلێ بە خۆمم دەگوت لەدوای چی گوێی لێ بگرم؟ هەرچۆنێك بێت، دوانیوەڕۆی سێشەممەیەك، بارانێكی دڵگیر بەغدای لە ئامێز گرتبوو، هاتە بەردەم شوێنی كارەكەم و گوتی، هەر دەبێ ئەمڕۆ بەیەكەوە بین. وتم، دۆخم باش نییە. هەڵبەتە كزەی جەرگمم دەبیست، لە ناو سینەمدا بڵقی دەدا. بەڵام بێ فایدە بوو، ئینكاری كرد و ئەو ڕۆژە بەهڤڕا بووین.

تەكسیەكمان گرت بۆ ئەعزەمییە، لەبەردەم دووكانی ئەبو ئەحمەد دابەزین. ئەبو ئەحمەدی سەگەوان مەشور بوو، لە دووكانەكەیدا چەندین سەگی ڕاهێندراوی جێرمەنی هەبوو، لەگەڵ سەگیتر و پشیلە و چەند جۆرە ئاژەڵێكیتر. لەبەردەم دووكانەكەشیدا سیساركێكی مل شۆڕی لێ بوو، خۆمم تێیدا دەدیت، دەتگوت ئەو ساتەی منە، كە بوشڕە لە ژێر پیاوە ئەسمەرەكەدا...

بە پیادەڕۆیی بەلای دارخورما باڵا هەورییەكاندا دزەمان كردە ناوەوە. لە پەنای یەكێكیان دانیشت، منیش بەپێوە وەستاو.

_ دەمێكە سەردانت نەكردووم، شتێك ڕووی داوە؟

_ نا...

_كەواتە بۆچی وا بەفری بووی لەگەڵم؟

_ كەمێك تەندروستیم ناجێگیرە...

_نا دڵنیام شتێكت بیستووە، یاخود بینیوتە. دەزانم باسكردنی بۆ تۆ سەختە، لە كاتێكدا ئەم هەموو ڕۆژ و مانگە بەیەكەوە بووین، تۆ هیچ ڕەفتارێكی هاوشێوەت نەنواندووە. ئێستاش ئەگەر شتێكت بیستبێت، بێگومان بۆ تۆ زۆر قورسە. لەوەیە كاتەكەی درەنگ بێت بۆ باسكردن، بەڵام دەمەوێ لە زاری منەوە ڕاستی چیرۆكەكەم ببیستی.

_ دەستێكم لە گیرفان، دەستەكەیتر بە ریشمەوە. هیچ كاردانەویەكم نەبوو. دەمویست بیبڕێنێتەوە و هەموو چیرۆكەكەی نەبیستم، كە هەرگیزاو هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم بوشڕە ئەم كارە بكات. وەك چۆن هەنووكە من بۆ كارمەندی دەگێڕمەوە، لە كاتێكدا هیچم بۆ باس نەكردووە.

_ ئەگەر تۆ ناتەوێ هیچ بڵێی، ئەوە ناچارم...

_ قسە بكە.

_ فوئاد، ئەو چەند ساڵەی بە تەنیا لە بەغدا ژیاویت دەبێ ئەوەشت بیستبێت ژنانێكی زۆر بێ ویستی خۆیان كەوتوونەتە داو. دەزانم چیرۆكی سەیر و سەمەرەت بیستووە لەم بارەیەوە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت پێتی بڵێم دەستپێكی ئەم كارەی منە...

_ خەریكبوو دەبووم بە هەڵم و لەبەر چاوان ون دەبووم، ئاخر چۆن بوێری ئەوەی هەیە وا ڕاشكاوانە ئەم باسە بكاتەوە.

_ پێش ئەوەی خۆشەویستی خۆت بۆ من دەر ببڕیت، چەندجار ویستم بۆت باس بكەم، كەچی دوام دەخست. نازانم لە كوێ دەست پێبكەم! چەندین ساڵ بەرهەڵستیم كرد تا كەس نزیكم نەبێت، بەڵام هەرجارەو بە جۆرێك تووش دەهاتم. ئێمە تاكە خێزانی كوردی ئەو ناوە بووین، نەماندەتوانی بەرهەڵستی بكەین لە قوتابخانە و كۆڵان، تەنانەت لەبەر دەرگای خۆشمان زەفەریان پێ دەبردین و دەستیان بۆ درێژ دەكردین. تۆ سەیری خۆت مەكە پیاویت و دەتوانی كاردانەوەت هەبێت، بەڵام ئێمە نەمان دەتوانی، تەنیا دوو خوشك بووین و بەس. سەمەر زووتر لە من كچێنی لەدەستدا، تا شووی بە عەرەبێكی لادێیی كرد هەزار نووشت و جادوومان بۆیكرد. وەختێك بە باوكیشمان گوت، ئێرە سەلامەت نییە با بگەڕێینەوە هەولێر. هەمووجار بەیەك ڕستە بەرسڤی دەداینەوە: خۆتان ڕابێنن هەموو شارەكان وان، هەر نەبێ لێرە پارەی چاكترمان دەست دەكەوێت. تۆ پێم بڵێ دەبوو ئێمە چیمان بكردایە؟ ئەوەشت بیربێت ئێستا دۆخێكیتر خەڵكانیتر، لە وڵاتانیتر دێنە ئێرە و لەسەر جەستەی ژنانی بەغدا ڕۆژ دەكەنەوە. ئاسوودەنیم ئەمەت بۆ ڕوون دەكەمەوە، هەر چۆنێك بێت دەمەوێ ڕاستییەكە بزانی، ئەگەرچی ڕەنگە بۆ تۆ ئەمە ڕاستییەكە نەبێت. بەڵام تكا دەكەم تۆ یا ئەوەتا هەر ئەمڕۆ ئەم شارە بەجێبهێڵە، یاخود بەم شێوەیە مەبە.

لێكدانەوەی من وا بوو، دەیەوێت منیش باوەڕ بەوە بێنم كە ڕوودەدات، بەڵام یەكجار بۆم ئەستەم بوو. كەم كەمە زارم گۆی دەكرد و ڕستەی پچڕ پچڕم دەردەبڕی، تیلە نیگام دەكرد و سەرم دادەخست. گفتوگۆكەمان زۆری كێشا، دروست بڵێم ئەو بارە قورسەی تێیدا دەتلامەوە، خاو ببووەوە. ئەو بەلایەوە گرنگ نەبوو ئەنجامەكەی چی دەبێت، تەنیا دەیگوت، نامەوێ وا خەیاڵ بكەیت ئیتر دونیا تەواو بووە. دۆخەكە وا ببینە كە هەیە. تا درەنگی ئێوارە لەوێ بووین، دواتر گەڕاینەوە. سەرەتا ئەو دابەزی و دوعابوونی خواست، پاشانیش من گەڕامەوە شوێنی كارەكەم، كە ئەوسا لێشی دەمامەوە.

 

لەودیوو پەنجەرەوە

كارمەند لێم نزیك بوو، دەستی هێنایە سەر شانم و گوتی: باقی چیرۆكەكەت تەواو بكە. ئەگەرچی بۆ تۆ پڕ ئازارە. من وا گەڕابوومەوە ڕابردوو، هەرگیز حەزم نەدەكرد دەست هەڵگرم. وا بەردەوام بووم: لەوپەڕی دوودڵیمەوە دوای ئەو ڕۆژە، سات بە سات دۆخەكەم لەلا ئاسایی دەبوو، باوەڕم بە ئاسوودەبوونی خۆم دەهێنا و قایلی ئەوە بووم، دەشێ قسەكانی ئەو بۆ بەغدانشینەكان بەجێ و بێ كێماسی بێت. باوەڕم بەوە هەبوو هەندێ كات هەیە ئەقڵ لە كار دەكەوێ و چاوەڕوان دەمێنێتەوە. ئیتر ئەو قەرارەم دا، بە بوشڕەم وتبوو سبەی ئێوارەكەی لە جوانترین شوێنی بەغدا دەتبینم. بۆ ئەوەی پەیوەندییەكە ئاسایی بێتەوە دوای نزیكەی چل ڕۆژ لە بەفربوونی نێوانمان، دەبوو شتێك بكەم. بۆ كارێكی وەستاكەم خۆم گەیاندە فولكەی زەهاوی، لەوێرێڕا بەپیادە خۆم گەیاندە شەقامی ڕەشید، لە كۆڵانی كتێب فرۆشەكانەوە گوڵێكم كڕی. دواتر چوومە تەكیەكەی شێخ ئەبدولقادری گەیلانی نزام كرد، خودا لێم خۆش بێت، چونكە لەو ڕۆژەوە كە قەرارە بوشڕە ببینمەوە، دەسپێكێكی تر و ژیانێكیتر چاوەڕێم دەكات. لە شێخی گەیلانی پاڕامەوە لێم ببورێت چیتر سەردانی ناكەم و مزگەوتەكان ئیتر شوێن سەبووری من نین. بە چاوی گریاناوییەوە ئەوێم جێهێشت و گەڕامەوە بۆ لای پەیكەرە بێ گیانەكەی موتەنەبی، لەوێدا بوشڕە لەسەر ڕۆخی ئەو گۆشەیە دانیشتبوو كە دەڕوانێتە بەلەمەوانەكان و دیجلە.

هەر كە گوڵەكەی بینی، خەندەیەكی كرد و كەوتە سەر پێ. باوەشی یەكمان كرد و ئەو بۆنی كردم، بەڵام من زیاتر لووتم لەناو قژ و لا ملیدا هێشتەوە. چاوم داخست بیرم لەو هەنگاوە شێتانەیە دەكردەوە (باقی تەمەنم لەگەڵ بوشڕە و نەبوونی هیچ نووسراوێكی فەرمی لە نێوانمان) بە خۆمم دەگوت: هەر چۆنێك بێت لەوە سەرگەردانتر نابم كە هەم. لەیەكتر بووینەوە مینا دوو مەلەوانی چاك لە قووڵی چاوی یەكترمان دەڕوانی.

پەنجەكانمان خرۆشاو و لێكئاڵاو، بە بەردەم موتەنەبیدا چوینە خوارەوە، بە بەلەمێكی بچووك كە منداڵكارێكی زۆڵ خاوەنی بوو، پیاسە‌یەكی دیجلەمان كرد، لەناو بەلەمەكەدا هەموو شتێكمان بڕاندەوە و بووین بە خاوەنی یەكتر. دواتر هاتینەوە بۆ ماڵەكەی سەمەر، لە ژوورەكەیدا هێندەی یەك و دوو، لەوە دەچوو پیشەی هەمیشەیی بووبێت، جلەكانی داكەند و ڕوو لە پەنجەرە لەسەر قەنەفەكە بە ئەژنۆدا چەمایەوە، بە پەنجەكانی قژی بەسەر سمتیدا پەخشان كرد: ئارەزوو دەكەم، تا سەمەر نەهاتۆتەوە.

دەست و بردم كرد. زمانم بە لێواریدا خشاند تا بنا گوێی، سەیری كاتژمێرەكەی دەستمم كرد، سێ خولەكی نەبرد بۆ یەكەمجار لە بەغدا حەسامەوە.


ئەم بابەتە 49 جار خوێندراوەتەوە