XALATI_DWAMI_SKHI3R.jpg

دەریا لەچاوی ئەو دەچوو

شوان سەعید

پولەکەی ماسیەکە بەسەر پشتی دەستی دایکمەوە دەبریسکایەوە

ئەوکاتەی من بیری دەریام دەکرد،

دەریا هەمیشە ڕەنگی چاوی کەسێکت بیردەهێنێتەوە.

باوکم، بەیانیان پەنجەرەکەی ژووری میوان لەگەڵ خۆی دەبات بۆ سەرکار

هەتا باوکم لەسەرکار دەگەڕێتەوە ماڵەکەی ئێمە بێ پەنجەرەیە

هەمیشە ئێواران کاتێک باوکم لەسەرکار دەگەڕێتەوە

پەلکەزێڕینە لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە

بەڵام خوشکەکەم نەخۆشی ڕەنگکوێری هەیە و ڕەنگەکانی پەلکەزێرینە نابینێت

دواجار؛ هەموو بەیانیەک خوشکەکەم

کیسەیەک خەنە‌ی لێدەڕژێتە ناو تەنەکەی خۆڵەکە

سەرەتای مانگی شوبات، چیا بەخاتری پرچەکانی خوشکەکەم سپی دەبێت.

 

کۆتایی مانگی شوبات، گۆرەویەکانم لە باخچەی زانکۆ لەبیرچوو

گۆرەویەکانم پڕبوو لە خەونی پەمەیی

خۆرهەڵاتی تەمەنی گەنجیم پڕە لە شۆربای نیسک

پڕە لە بۆنی فەلافل

ئەو ڕۆژانەی باوکم بێکاربێت، برینی زیاتر لەناو دەمی من و خوشکەکەم دروست دەبێت و

 پلەی گەرمی زیاتر دادەبەزێت

ئەپارتمانەکە، کە هی پیاوێکی خواپێداوە دەکەوێتە سەر ڕێگای زانکۆ

من و هاوڕێکەم بەژێر سێبەری ئەپارتمانەکەدا دەڕۆین

لەرز دەمانگرێت

دەرمانی نەخۆشی شەکرەی دایکم کەوتۆتە ژێر هەزاران بلۆکەوە

باوکم چووە دەریبهێنێ

ئەمە دڵتەنگییەکی گەورەیە بۆ خانەوادەکەی ئێمە.

 

لە یەکێک لە کافێکانی مۆڵە گەورەکە

کچێکی هاوڕێم لە دوورەوە بینی نەموێرا بەلایدا تێپەڕم

خواردنەوەی قاوەیەک لەگەڵ ئەو

قورسایی هەزار بلۆک لەسەر شانی باوکم دەکەوێت

بەپەلە بە مەسعەدەکەدا هاتینە خوارێ

باوکم ئاگری کردۆتەوە، دەنگی قۆریە چایەکەی دێت بە تەنیشتی ئاگرەکەوە

خۆم و هاوڕێکەم بۆتەوالێت هاتین بۆ ئەم مۆڵە

بە خەتێکی گەورە لەسەر دیواری ماڵی ئێمە نووسراوە:

تەنها بۆ تەوالێت دەتوانن بچن بۆ مۆڵە گەورەکانی شار.

 

بەدبەختی لەگەڵ باڵای ئێمەدا گەورەبوو

ئەو ڕۆژەی باوک تاڵی سپی لە ڕیشیدا پەیدا دەبێ

خەونەکانمان پڕ دەبێ لە بزمار، یادەوریمان پڕ دەبێ لە درز.

نازانم چ ساڵێک بوو

مامۆستا پێشنیاری بۆ کردم ببم بە فڕۆکەوان

من و براکەم بۆ شەوەکەی ئەوەندە گریاین ئاسمان هەمووی بوو بە دیوار

ئیتر هیچ فڕۆکەیەک نەیتوانی بە ئاسمانی ماڵی ئێمەدا بفڕێت

ئەو ڕۆژەی کچێکی خوێنگەرم ئاوڕی لێدامەوە

سەری باوکم لەنێو بادا بوو

با، پاڵی بە دیوارە تازەکانەوە دەنا،

 با، پاڵی بەکرێکارەکانەوە دەنا

دەستی دایکم لەناو باراندا بوو

خودایە موعجیزەیەک ڕووبدات ئێمە باران نەبینینەوە.

 

دووشەممەیەک بوو

جلشۆرەکەمان شکابوو

دەریا بە فریای ئەو هەموو جلوبەرگە پیسەی ماڵی ئێمە نەدەکەوت

مانگێک دوای ئەوەی ئەو کچە ئاوڕی لێدامەوە،

شەوێک لە قاتی حەوتەمی نەخۆشخانەکە

لەپشت سەری دایکم نوستبووم

لەژێرەوەی جانتای خەونەکانمدا، بەڕێکەوت لەناو بازاڕی باڵندە فرۆشەکان "ئەو"م بینیەوە

چەند سەیربوو

بۆ یەکەمجار من و ئەو بە بەرچاوی باڵندەکانەوە پێکەنین،

قاپێک شێلممان بە سەیرکردنی چاوی یەکترەوە خوارد

چەند سەیربوو دەریا لەچاوی ئەودا بوو

بەیانی هەڵسام، بەهۆی هێڵنجەکانی دایکمەوە زۆربەی

ئەو خەونانەم بیرچۆوە کە شەوی ڕابردوو بینیبووم.

 

هاوڕێکەم دەڵێت کوڕێک کە دایکی نەخۆش بوو

نابێت سەیری هیچ کچێک بکات لە زانکۆ

من گەمژەبووم

 لە خەونەکانمدا سەیری چاوەکانی ئەوم کردوو پێکەنیم.

 

کاتێک دایکت نەخۆش بێت،

باخچەکانی زانکۆ پڕ دەبێت لە گۆڕهەڵکەن

ژێرەوەوی پێیەکانت پڕ دەبێت لە دەرزی ئەنسۆلین

ناتوانیت شانت لە شانی هیچ کچێک نزیک بکەیتەوە

زانکۆ تەواو بکەم دەبم بە کرێکار لە کێڵگەی هیرۆیندا

ڕەنگە بەو جۆرە نەختێک ڕەنگی برینەکانی خۆمم بیرچێتەوە

دەبم بە پاسەوانی کەشتییەکان کاتێک لە کەناری دەریا لەنگەردەگرن

مەگەر دەنگی شەپۆلەکانی دەریا، لورەی کەشتییەکان

بتوانێت پاڵ بە دەنگی گریانی دایکمەوە بنێت لەسەری مندا.

 

بەبێ ئەلبووم ساڵەکانی زانکۆ بەڕێدەکەین

بەبێ دەستگیران بەلای نافورەکانی زانکۆدا تێدەپەڕین

بێ پێکەنین، بێ داهاتوو

سەیری جانتای شانی کچە خوێنگەرمەکان دەکەین

بەبێ عەتر بەسەر پەیژەکاندا سەردەکەوین

ویستم دەستی کچێک بگرم، بەسەر برینەکانی ناو لەپی دەستی باوکمدا هەڵخلیسکام بۆ ژێرەوەی ژیان

من و براکەم یاریزانێکی باش نەبووین، بە تۆپێکی دڕاوەوە گەڕاینەوە بۆ ماڵ

دڵمان لە سەد لاوە کون ببوو، بەڵام پزیشکەکان ئەدرەسی ماڵی ئێمەیان نەدەزانی

پاش ئەو هەموو ساڵەی خوێندن

براکەم لە کارگەی لە قوتوونانی خەونەکان ناوی گەڕایەوە

براکەم شەوان بەسەرخۆشی بە کۆڵانی پشیلە چاوسوورەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ

بەدبەختیەکانی ئێمە هەر لە یەک لاوە نییە

وەزارەتی کشتوکاڵ نامەی بۆ ناردووین دەڵێت:

 پێویست ناکات دارمێوەکەی حەوشەتان ببڕنەوە

چونکە وەزیری تەندروستی لاری نیە لە بڕینەوەی قاچی چەپی دایکتان

دونیا ئاخر دەبێت دایکم بەیەک قاچەوە ژیان بکات

زەوی بەلای ڕاستی خۆیدا لار دەبێتەوە

بەڵام تەنها شتێک دڵخۆشم بکات ئەوەیە جێ پێیەکانی دایکم دەناسمەوە بەیەک تاک پێڵاوەوە بەسەر بەفری سەر شۆستەکاندا بڕوات؛ بەسەر لمی بیابان و کەناری دەریاشدا بڕوات

گەر دایکم بەدەوری هەسارەی زەویشدا بسوڕێتەوە، دەتوانم بیدۆزمەوە.

 

ژووری نوستنمان پڕبووە لە بۆنی دیتۆڵ

هێشتا ڕەنگی چاوەکانی ئەو کچە خوێنگەرمەم بیرماوە

کە لە کۆلیژی ئاداب بوو

کە لە خەونەکانمدا شێلممان پێکەوە خوارد و پێکەنین

وەلێ ئەفسوس بۆنی دیتۆڵ ناهێڵێت ڕەنگی سێبەرەکەیم بیربێتەوە

دەڕۆین بۆ بازاڕ بۆ زانکۆ، بۆ نەخۆشخانە

دوکەڵی ماشێنەکان باشنین لەگەڵ چاوی ئێمە

بەدوای ئەو فرمێسکانەدا دەگەڕێت کە لە قووڵایی سەرماندا گیری خواردووە

ئێوارانێک؛ با دەنگی گریانەکانمان دەبات بۆ ئەوسەری دونیا

ئێوارانێک؛ مردن بیری دەچێت کۆتایی بەو هەموو بەدبەختیانەی

ژیانی من بهێنێت

ئێوارانێک؛ ژیان بیری دەچێت بەدزی برینەکانی دەستی باوکمەوە

 من بەرێتەوە نزیکی چاوەکانی ئەو

ئێوارانێک؛ بەتەنیشتی ئەو هەموو ترس و ئازارەوە

بۆئەوەی هەست بەوە بکەم کەهێشتا، زیندووم و نەمردووم

بۆ ئەوەی بیسەلمێنم دۆزەخ شتێکی ترە

بەهەردوو دەستم ڕوخساری خۆم لەئاوێنەی سەردیوارەکە دەشارمەوەو

بەدەنگی بەرز ناوی کەسێک دێنم

کەسێک کە دەریا لە چاوی ئەو دەچوو!


ئەم بابەتە 199 جار خوێندراوەتەوە