Zhanaral.jpg

خۆکووشتنی ژەنەڕاڵی پایز وەک شیعر

حسەین لەتیف

ساڵی 1990 لە کتێبخانە نازدارەکەی هاوڕێی شانۆکارم کەمال حەمەڕەشید، دوو کتێبم برد بۆ خوێندنەوە، کتێبێکی قەبارە گەورە دیوانی گۆران و کتێبێکی قەبارە بچووک دیوانی لەغوربەتا. وەک سەرکێشییەک لە دونیای خوێندنەوەدا حەزم کرد یەکەم جار کتێبە قەبارە گەورەکە واتە دیوانی گۆران بخوێنمەوە، بۆ ئەو تەمەنە مێرد منداڵییەم، شکۆ و شانازی بوو بۆ من کتێبێکی وا گەورە بە تەنیشت ئەرکی قوتابخانەو جارجارەش کرێکاری کردن، بخوێنمەوە. وەسفی فۆتۆگرافیانەی هەندێک لە شیعرەکانی گۆران و پاراوی زمان و ڕیتم و ترپەکانیان کۆتاییان بە خوێندنەوەی شیعری عەروز لای من هێنا، لەو قۆناغەدا. ئەمە یەکەم گۆڕانی چۆنایەتی بوو لە دونیای خوێندنەوەی من دا.

بەر وێنەگەلێکی شیعریی کەوتم کە تیایاندا برژانگی یار بزمار نەبوو، یار دڵڕەق نەبوو بەڵکو یار فریشتە بوو.

کتێبی دووەم "لەغوربەتا"م خوێندەوە، هەستم کرد ئەم دیوانە بچکۆلەیە زۆر گەورەیە، زێدە ڕۆیی ناکەم بڵێم تاقانەیە لە شیعری کوردی دا، وەک چۆن هەندێک لە شیعرەکانی گۆران شۆڕش بوون بەسەر شیعری کلاسیکی کوردی دا.هەموویان شۆڕش نە بوون چونکە شیعری عەروزی و شیعری سیاسی ئاست نزمیان تێدایە. بەڵام دیوانە بچووکەکەی محەمەد عومەر عوسمان شیعری لاوازی تیا نەبوو، بە تەنها لە ڕۆحەوە سەرچاوەیان گرتووە و ڕوویان لە ڕۆحە.

ئەو هەموو عەشق و دڵشکان و پرسە بوونگەرایانەی لەو دیوانە دا هەبوو ، هەستم دەکرد لەو ڕۆژگارە پڕ لە نائۆمێدیەدا، وەک ئنجیلێک بەهانای منەوە دێن. بە خوێندنەوەی ئەو دیوانە بچووکە بەڵام گەورە، هەستم کرد هەر من نیگەران نیم لە بووندا، ناکرێت لەناو چەند ملیار مرۆڤ دا هاو نیگایەکت نەبێت، ئەو هاو نیگایەی خۆمم دۆزییەوە محەمەد عومەر عوسمان ، ژەنەراڵی پایز بوو.

ئاخر ئەو دێڕانە هەر دەنگدار نەبوون، بەڵکو ڕەنگداریش بوون، بارمیندیس لە بارەی شیعرەوە وتوویەتی: (شیعر تابلۆیەکە بە وشە، تابلۆ شیعرە بە ڕەنگ). شیعرەکانی ناو ئەم دیوانە هەم دەنگداربوون هەم ڕەنگداربوون، بۆ نموونە:

"خۆزگە ئەمتوانی دڵم دەربێنم..

خوێنی بتکێنمە سەر شوێن پێکانی

ڕیزێک شوێن پێ ی سوور..بەسەر بەفرەوە..

جوانییەک نییە..شان با لە شانیِ".

ئەو بەسەلیقەی هونەرمەندێکی شێوەکارەوە شیعری نووسیووە، هەربۆیە زانیوویەتی چۆن بەرخورد لەگەڵ وشەی خوێن و بەفر بکات، تکاندنی خوێنی دڵی بۆ سەر بەفر ڕەهەندی شێوەکاری شیعرەکە پێک دەهێنێت ، دوو نیوە دێڕی دووەم "ڕیزێک شوێن پێ ێ سوور بەسەر بەفرەوە؍جوانیی یەک نییە شان با لە شانی" ڕەهەندە شاعیرانەکەی شیعرەکەیە، تەکنیکی وەسف تیایدا دەردەکەوێت، دەیەوێت هەمان سەرسامی خۆی بگەیەنێت بەخوێنەر.

لە خوێندنەوەی دیوانەکەی گۆران دا بەر دیدی کامێرامان دەکەوتم ، بەڵام لە خوێندنەوەی دیوانەکەی محەمەد عومەر عوسمان دا بەر دیدی شێوەکارێک دەکەوتم، گۆران بە چاوی کامێرامانێکەوە سروشت دەباتە ناو زمانەوە، بەڵام حەمە عومەر بە چاوی شێوەکارێکەوە سروشت دەباتە ناو زمانەوە. هەریەکە لە چاوی کامێرامان و چاوی شێوەکار ئەو دیمەنانە دەگوازنەوە کە دەیبینن.چاوی کامێرا شتەکان وەک خۆی دەگوێزێتەوە، چاوی شێوەکار بەوشێوەی خۆی دەیەوێت دیمەنەکە دەگوێزێتەوە، چاوی کامێرایی ڕەهەندی تەکنیکی هەیە و چاوی شێوەکاری ڕەهەندی ئیحساسی هەیە. هەرجارێک "لەغوربەتام" خوێندووەتەوە نەک هەر هەستم کردووە شیعرم خوێندووەتەوە، بەڵکو هەستم کردووە بەناو گەلەرییەک دا گەڕاوم.

زاڵبوونی ڕەهەندی شێوەکاری لە تایبەتمەندی شیعری ژەنەراڵی پایزە، ئەمەش بە قەناعەتی من دەگەڕێتەوە بۆئەو پاشخانەی لە بواری هونەری شێوەکاری دا هەیبووە. ئەگەر گۆران ویستبێتی خەیاڵ ملکەچی زمان و زمان ملکەچی ویستی شیعری بکات ئەوا ژەنەراڵی پایز ویستوویەتی چیرۆکی پشت دەقەکانی ملکەچی زمان و زمان ملکەچی شێوەکاری بکات، بە دەربڕینێکی تر لە هەوڵی ئەوەدا بووە دەنگ ملکەچی ڕەنگ و هێڵ بکات.

*

بە پێچەوانەی زۆرینەی نەوەی شیعریی خۆیەوە، کە نیگەرانی تەنک و خەمی بچووک گوتاری شیعرییانی پێک دەهێنا، خەمی بوونگەرایانە، جیهانبینی و گوتاری شییعریی ژەنەراڵیان پێکهێناوە، پرسی ژیان و مردن، کە پرسێکی ئەزەلی و ئەبەدییە لە فەلسەفدا، بوون بە تەوەری بیرکردنەوەی شیعری ئەو، بۆ نموونە:

نیوە شەوە.. هەور ئەسووتێ.. ئاسمان نوقمی بروسکەیە..باران ئەمرێ.. تا گوڵ بژی..چراکەم بێ تروسکەیە).ئەو دوالیزمی ژیان و مردنە بەردەوام شاعیرێکی وەکو ئەبولعەلا و بیرمەندی بوونگەرای وەک سورێن کیرکیگاردی بەیاد دەهێنامەوە، ئێستاش دەمخاتەوە بەردەم ڕەش بینییەکانی ئەمیل سیوران و نەهلیزمی نیتشەوە.

شیعری ئەو چڕکردنەوەی دیدەکانی ئەو شاعیر و فەیلەسوفانەیە بەردەوام دیوە تاریکەکانی ژیانیان بینیووە. لەگەڵ تێپەڕین بەناو مەینەتیەکانی ساڵانی 1990بۆ 2000ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم دیوانەم خۆشتر دەویست، لەبەر هۆیەکی سادە و گرنگ، سادە چوونکە من و نەوەی من جەنگ و برسێتی ڕۆژانەی دەیهاڕین و تۆوی نائومێدی و ڕەشبینی لە ناخمدا چەکەرەی دەکرد، گرنگیش لەبەر ئەوەی من توانای ئەوەم نەبوو ئەو هەموو دیدە ڕەشبینییەی هەم ببوو ببەمە ناو زمانەوە، زمانی خۆم بە هانامەوە نەدەهات، بەڵام دیوانی لەغوربەتا هەستم دەکرد ئینجیلێکە و بەتەنها بۆ من نووسراوە.

*

مەراقم بوو خاوەنی ئەو دیوانە بناسم ، بەڵام ماڵی شەرم کاول بێت تا ساڵی دوو هەزار بەو مەراقەوە ژیام. هەرگیز نەمزانی ڕووخساری ئەو شاعیرە چۆنە؟ ساڵی 2000 خودا ئەو چانسەی پێدام و لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی محەمەد عومەر عوسمانم ناسی، ئای لەخۆشی ناسینی ئەو زاتەی کە دەساڵ بوو لەگەڵ شیعرەکانی ژیابووم.ئەمجارە بووین بەهاوڕێ، هەر ڕۆژە و خۆیم بەشێوەی قەسیدەیەک دەبینی، لەو قەسیدانەی کە سەرسامیان کردبووم. لەبارەی پەیوەندی شاعیر و ژیانی تایبەتیەوە، فەروغی فەروخزاد دەڵێت(نابێت مەودایەک لە نێوان شیعر و ژیانی دا هەبێت)، بەڵام زیاتر لەوەی فەروغ وتوویەتی، وەک نیتشە دەڵێت(بە خوێنی خۆت بنووسە) ژەنەراڵی پایز ئەو شیعرانەی بەخوێنی خۆی نووسی بوو، عەشق و نیگەرانی و نائومێدی لەخوێنی دا بوون. ژیانی شیعرێک بوو بۆ خۆی.

*

ئۆلیڤەر زۆره.ئێوارەیەکی زستانی ساڵی 2010لە چاخانەی شەعب دانیشت بووین، کچێکی کلینکس فرۆش هاتە بەردەممان و هەتا لێی بکڕین، ژەنەراڵی پایز پاکەتێک کلینیکسی کڕی، پێنج هەزاری پێدا و باقیەکەی وەرنەگرتەوە، سەرەڕای ئەوەش بەکچەکەی ووت(زوو بڕۆرەوە، وا دونیا تاریک دەبێت، ئۆلیڤەریش زۆرە).

ڕۆژەکان تێدەپەڕن و من ئەو زیاتر دەبین بەهاوڕێی یەکتر، تا ئەو ڕادەی لە هەموو سەردانێکم بۆ سلێمانی بەبێ بینینی ئەو نەدەگەڕامەوە بۆ دەربەندیخان. ئەویش چەند جارێک سەردانی دەربەندیخانی کرد.یەکەمجار هات بۆ دەربەندیخان بۆ ئێوارە لەسەر سیروان نانمان خوارد، ئەو شیعری بۆ دەخوێندینەوە و ئەرکانیش بە سەنتورەکەی ڕەهەند و مانایەکی تری دەبەخشی بە هاژەی سیروان و زەردەپەڕ و خۆشەویستیی نێوانمان ، ویقاری کارزان لەتیف ودەنگیخۆشی ئاوارەنەجم و سەلیقەی کاکە خۆگر ئەوەندەی تر سەردانەکەی جەنراڵی پایزیان ڕازاندەوە.

ئەو گووتی: بیست وشەش ساڵە نەهاتوومەتە دەربەندیخان، بە خۆشی ئێوەوە هاتووم. شەوێک بوو پڕ شیعر و ئاواز و هاوڕێتی ئێمە و ئەو.

*

جگە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی و چایخانەی شەعب، لە دوکانەکەی هاوڕێمان کاک سەردار قادر ، لە شەقامی سابوونکەران کۆدەبووینەوە، ئەو جێگا زیاتر لە دوکانێکە، بەڵکو ڕۆڵی ناوەندێک دەبینێت بۆ ئێمە، بەردەوام زۆرێک لە هاوڕێ شاعیر و نووسەرەکان لەوێ کۆ دەبنەوە، باسی ئەدەب وشیعر و کتێب دەکەین.

سەردار قادر هاوڕێیەکی زۆر نزیکی ژەنەراڵی پایز بوو، خۆیشی شیعر دەنووسێت. لەپاش خۆکوشتنەکەی ژەنەراڵی پایزەوە ، سەردار قادر لە سازکردن و ڕێکخستنی مەراسیمەکانی تایبەت بە جەنراڵی پایز ئامادەبوونێکی بەرچاوی هەیە، وەک ئەوەی هێشتا باوەڕ بە خۆکووشتنەکەی ئەو هاوڕێیەمان نەکات و ئەیەوێت بڵێت ژەنەراڵ هەر لێرەیە.

لەکاتی نۆژەنکردنەوەی پەیکەرەکەی ژەنەراڵی پایزدا، هونەرمەند بەختیار هەڵەبجەیی کردبووی، مەراسیێکی شایستە ڕێکخرابوو، هونەرمەندی شانۆکار ڕزگار ئەمین تەواوی دیوانی لەغوربەتای لەسەر گەڵای زەرد نووسیبوویەوە، لەگەڵ ئاوازی کەمانچەکەی هەڵۆدا ، خۆی و خانمێک دەیانخوێندنەوە و گەڵاکانیان دەدا بەدەم باوە، بایەکی نەرم هەڵی کردبوو، وەک ئەوەی سروشت بیەوێت لەگەڵ ئێمەدا یادی ژەنەراڵی پایز بکاتەوە.

*

خۆکووشتنی ژەنەراڵی پایز جۆرێکی تری شیعر بوو. ڕەنگە بۆ دڵنەوایی من هاوڕێ شانۆکارەکەم وای ووت بێت. ئەو ڕستەی هاوڕێ شانۆکارەکەم بردمیەوە بۆ لای جیل دولوز، ئەو پیاوەی لەگەڵ فلیکس گۆتاری پێکەوە کتێبی(فەلسەفە چی یە؟)یان نووسی، لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە.خوێنەرانی ئەو فەیلەسووفە وای بۆ دەچن خۆکووشتنی دولۆز دواین وەڵامی ئەو بێت بۆ پرسیارە فەلسەفییەکانی!

خۆکووشتنەکەی ژەنەراڵی پایزیش دۆخێکی شیعری بوو، وەک چۆن خۆکووشتنی دۆلۆز دۆخیکی فەلسەفی بووە، خۆکووشتنی ژەنەراڵی پایز ، دۆخێک بوو بیرکردنەوە و خەیاڵ ملکەچی ویستی زمان و شیعری ئەو نەبوون. بەوەدا دەڵێم قسەی هاوڕێ شانۆکارەکەم ڕاستە، چەند ڕۆژێک بەر لە خۆکۆشتنی، خۆم لەگەڵیدا ڕۆشتم بۆ لای پزیشکی ددان.کەسێک بیر لە خۆکووشتن بکاتەوە چۆن سەردانی پزیشکی ددان دەکات؟! دیارە خۆکوشتنەکەی جۆرێک لە ئیشراق و شیعر بوو.

"ئەگەر هاتوو بیستت خۆم کۆشت

بزانە کە.. نەمتوانیووە شیعرێک بڵێم..

ئازارمی تیا جێ بێتەوە!".

ئەو زمانی بە من بەخشی بەڵام دواجار زمان بە هانای خۆیەوە نەهات!وشە جێی ژانی ئەوی تیا نەبوویەوە.

*

 ساڵی 2010 بۆ 2011 ئێوارەیەک ئەو دەبینم وەک هەمیشە نیگەرانیەکی شاعیرانە دایگرتووە، لێی دەپرسم ژەنەراڵ شتێک لەدڵتایە و نایڵێیت؟

وتی: بابڕۆین تا گەلەرێکەی بەختیار هەڵەبجەیی.بەبێ ئەوەی بزانم بەختیار کێیەو گەلەرێکە لەکوێدایە ڕۆشتم لەگەڵی.لەوێ بینم ئەو هونەرمەندە خەریکی دروست کردنی پەیکەرێکە بۆ ژەنەراڵی پایز. من دەمزانی پەیکەر قسەیەکی هەمیشەییە، بەڵام کاتێک ژەنەراڵی پایز وتی: (ئەم پەیکەرە نرخی چەندە؟ بەختیار هەڵەبجەیی ووتی:ناتوانین نرخ لەسەر تۆ دابنێین)! لەوکاتەوە هەتا ئێستا ئەو قسەیەی بەختیار هەڵەبجەیی وەکو پەیکەر قسەیەکی هەمیشەییە لە یاداوەری من دا.

هەتا مەراسیمی نۆژەن کردنەوەی پەیکەرەکەی ژەنەراڵ، هەرجارێک هاتبێتمە سلێمانی چوومەتە دوکانەکەی سەرداری هاوڕێمان بە ئومێدی بینینەوەی ژەنەراڵی پایز، ڕۆشتوومەتە سەراو بەردەم باخی گشتی و سەهۆڵەکە، بەڵام هەر نەمبینی، ئێستا کە ئەم وشانە دەنووسم باوەڕم بە خۆکوشتن و مەرگی ئەو هاوڕێیەم هێنا، وەک پێغەمبەرێک ڕۆشت و لە بری ئینجیل دیوانێکی لەدوای خۆی بەجێهێشت.

*

چەندین جار ویستوومە لەسەر دونیای شیعری ئەو بنووسم، نووسیوومە، هەر زوو پەشیمان بوومەتەوە، ڕاستتر بڵێم هایدگەر پەشیمانی کردوومەتەوە لە بڵاوکردنەوەی و دڕاندوومە، ئاخر هایدگەر لەکتێبی (دەربارەی فەلسەفە و شیعر) دەڵێت" شیعری هۆڵدەرلین وەک ناقووسێک وایە لە هەوا دا بزرنگێتەوە، هەموو دەست لێدانێک ئیقاعەکەی تێک دەدات.منیش تائێستا هیچم لەبارەی شیعری ژەنەراڵی پایز نەنووسیووە ترساوم لەوەی ئیقاعی ناقووسی شیعری ژەنراڵ تێک بدەم، نانووسم با ئەو ناقووسە هەر لە هەوا دا بزرنگێتەوە.

*

دڵنیابوومەوە، ئیتر لە هیچ کوێیەکی سەر ئەم زەوی نایبینمەوە، وەک مەولەوی دەڵێم:

چەپگەرد نمازۆ ساتێ فەراغەت

سا خوا، یا وەصڵ، یا مەرگ یا تاقەت.


ئەم بابەتە 466 جار خوێندراوەتەوە