Abdlla_aminy.jpg

پێوەندیی نێوان فام و زمان لە ڕوانگەی هێرمنۆتیکی فەلسەفییەوە

عەبدوڵڵا ئەمینی*

(بە هێنانەوەی نموونەگەلێک لە مێژووی کورد)

 

پوختەی وتار

تێپەڕینی هێرمنۆتیک وەک هێرمنۆتیکی "تایبەت" بۆ ڕاڤە و لێکدانەوەی دەقەکانی بوارێکی دیاریکراو، بۆ زانستێکی "گشتیی" بە مەبەستی ڕاڤەکردنی "دەقە"کانی هەموو بیر و ئەندێشەی مرۆڤ لە هەر بوارێکدا، وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی هێرمنۆتیکدا. دواتر گادامێر لە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی هایدیگەرەوە، هێرمنۆتیکی (وەک "ڕێڕەو"ێکی پەتی بۆ ڕاڤە و توێژینەوەی دەقەکان) هەڵکێشا بۆ ئاستی خودی فام و تێگەیشتن. بە بڕوای گادامێر، ئەرکی سەرەکیی هێرمنۆتیک بەپێچەوانەی هەڵوێستی شلایرماخر و دیلتای، ڕێڕەو یان تەکنیکێک بۆ گەڕان بە دوای "واتای سەرەکیی" یان "مەبەستی نووسەر"ی دەق نییە، بەڵکوو لێکۆڵینەوە لە خودی فام و چۆنیەتی ڕوودانی فامە. هەر بۆیە، لای وابوو کە هێرمنۆتیک خۆی ڕاست هەمان فەلسەفەیە. لەم ڕووەوە، ڕێبازەکەی گادامێر لە هێرمنۆتیکدا بە "هێرمنۆتیکی فەلسەفی" ناوبانگی دەرکردووە. گادامێر سەرەڕای ئەوەی کە ئەرکی سەرەکیی هێرمنۆتیک لە بازنەی فام و چۆنیەتی ڕوودانی فام خڕ دەکاتەوە، لای وایە کە هەر جۆرە فام و تێگەیشتنێک لەبنەڕەتدا لە چوارچێوە و دەلاقەی زمانەوە ڕوودەدات. واتە، هەر فام و تێگەیشتنێک لە سرشتی خۆیدا زمانییە.

لەم وتارەدا، وێڕای چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر ڕەوتی سەرهەڵدانی هێرمنۆتیکدا، هەوڵدەدەین بەپێی هەندێ لە ئاسەوارەکانی گادامێر پێوەندیی نێوان فام و زمان لە "هێرمنۆتیکی فەلسەفی"دا بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لێرەدا بەگشتی جەخت لە سەر ئەوە کراوە کە بە بێ کەڵکوەرگرتن لە زمان و بێ پێشگریمانەکردنی زمان، هیچ فامێک ڕوونادات. دیارە لێردا مەبەست لە زمان، تایبەتمەندیی وجوودی و گشتیی مرۆڤە کە یەکەم دەرکەوتەی خۆی لە فێربوونی زمانی زگماکیدا خۆی دەنوێنێت. هەر بۆیە، زمانی دایکی بەنموونە زمانی کوردی لە سەر تێگەیشتنی هەر تاکێکی کورد لە جیهان و دەورووبەری کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە.

 

وشە سەرەکییەکان: هێرمنۆتیک، هێرمنۆتیکی ڕۆمانتیک، هێرمنۆتیکی فەلسەفی، زمان، فام، پێوەندیی نێوان زمان و فام، ڕۆحی کورد.

پێشەکی

ڕەچەڵەکی وشەی هێرمنۆتیک، کە یەکەم جار بەم شێوەیە لە لایەن دانهاورەوە لە ساڵی ١٦٥٤ زاینی بەکارهێنراوە، بۆ وشەی یۆنانی "هێرمنۆیین" هەڵدەگەڕێتەوە کە هاوکات واتای "ڕاڤەکردن"، "لێکدانەوە" و "وەرگێڕان" دەدات. ئاخێزگەی ئەم وشەیە بە شێوازێکی گوماناوی هەڵدەگەڕێننەوە بۆ ناوی "هێرمس" پێغەمبەری یۆنانی کە مژدە و ڕاسپاردەی خواکانی بە زمانێکی ئاشنا و ساکار بۆ مرۆڤەکان ڕاڤە دەکرد تا لێیتێبگەن (پالمر، ١٣٩٠، ٢٠-١٩؛ Gadamer, 1974, pp 44-46). لەم ڕووەوە، واتای سەرەکیی هێرمنۆتیکیش وەک زانستێک دەردەکەوێت. بە زمانێکی ساکار، هێرمنۆتیک بریتیە لە زانست یان هونەرێک کە بۆ فامکردن و ڕاڤەی ئەو دەقانەی کە واتاکەیان (یان واتاکانیان) لە سەرەتادا ڕوون نییە. بە زمانێکیتر، هێرمنۆتیک "کردەوەی فامە لە پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی فام لەگەڵ دەقدا" (ریکور، ١٣٧١، ص ٩). لێرەدا دەستەواژەی "دەق" هەموو ئەو وشە نووسراو و نەنووسراوانە لەخۆ دەگرێتکە هەڵگری واتان و بۆ خوێندنەوە دەشێن.

سەرەتا هێرمنۆتیک وەک ڕێڕەو و کەرەستەیەک بۆ تێگەیشتن لە واتای دەقی پیرۆز و دواتر بۆ لێکدانەوەی دەقی ئەدەبی و یاسایی بەهرەی لێدەگیرا، بەڵام لە دەرەنجامی تێکۆشانی شلایەرماخر (١٨٣٤-١٧٦٨) و دیلتای (١٩١١-١٨٣٣)، هێرمنۆتیک وەک تەکنیکێکی تایبەت بە بوارێک، وەک دەقی ئایینی یان ئەدەبی، گۆازرایەوە بۆ بەستێنێکی بەرین و بوو بە هێرمنۆتیکی "گشتیی"؛ واتە لای شلایرماخر هیرمنۆتیک، لە ژێر کاریگەریی گوتاری زاڵی فەلسەفەی نوێ، بوو بە "ڕێڕەو" یان تەکنیکێک بۆ ڕاڤەکردنی هەر جۆرە دەقێک کە واتاکەی یان "مەبەستی نووسە" رەکەی ناڕوونە. "هێرمنۆتیکی فەلسەفی" (کە زۆرتر تایبەتە بە هانس گێئۆرگ گادامێر (٢٠٠٢-١٩٠٠) و ئەڵبەت کاریگەریی زۆریشی لە فەلسەفەی هایدیگەر وەرگرتووە) لە دوای "هێرمنۆتیکی ڕۆمانتیک"ی شلایەرماخر و دیلتای سەری هەڵدا و لە سەر هەندێ پرەنسیپی سەرەکیی ئەو ڕەوتە ڕەخنەی هەیە. بەپێی چوارچێوەی گشتیی "هێرمنۆتیکی فەلسەفی"، هێرمنۆتیک تەنها ڕێڕەو و کەرەستەیەکی پەتی بۆ لێکدانەوە و دەرخستنی "مەبەستی نووسەر" و "ساغکردنەوەی واتای سەرەکیی" هەر دەقێک یان پێوەرێک بۆ دیاریکردنی ڕاست یان هەڵەبوونی ڕاڤەکانییە، بەڵکوو هێرمنۆتیک لای هایدیگەر و گادامێر ڕاست هەمان فەلسەفە و بیرکردنەوەیە (Gadamer, 1974, pp 69-70)، چوونکە زۆرتر "بوونناسی و دیاردەناسی فامە" (پالمر، ١٣٩٠، ص ٢٣٧) تا ڕێباز یان کەرەستەیەکی پەتی بۆ ڕاڤەکرنی دەقەکان یان تەکنیکێ کە خۆی تەنها سەرقاڵی "واتای سەرەکیی" و بیروڕای دیاریکراوی نووسەری دەق بکات.

بە شێوەیەکی گشتیی، پێوەندیی هێرمنۆتیک لەگەڵ هەندێ چەمکی گرینگی وەک دەق، فام، واتا، ڕاڤە و وەرگێڕان دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندیی بنەڕەتیی نێوان زمان و ئەندێشە. ئەم پێوەندییە وەک بۆچوونێکی باو هەر لە سەرەتای فەلسەفە تاوەکوو ئێستا بە شێوازگەلێکی جۆراوجۆر خۆی نواندوە. لە لایەکەوە زمان مەرجی هەر جۆرە بیرکردنەوە و تێفکرینە، لە لایەکیتریشەوە مەرجی مانەوە و گەشەکردنی زمان ئەندێشە و بیرکردنەوەیە. ڤیتگێنشتاین گوتەنی "سنوورەکانی زمانی من، دەرخەری سنوورەکانی جیهانی منە" (Wittgenstein, 1922, 5.6). لێرەدا مەبەست لە زمان زۆرتر ئەو چەشنە تواناییە هاوبەشەی مرۆڤە کە ئەو لە هەموو بوونەوەرەکانیتر جیا دەکاتەوە و دەتوانێت بە کەڵک-وەرگرتن لەو تواناییە تەعبیر لە بوونی خۆی و جیهانی خۆی بکات و ئاوڕیان لێبداتەوە. دەرکەوتنی ڕێکوپێک و ژیرانەی ئەم چەشنە تەعبیر و پرسیارانە پێکهێنەری بیر و ئەندێشەن. بەڵام ئەوەی پێویستیی بوونی فەلسەفە و هەروەها هێرمنۆتیک پاساو دەکات، ئەوەیە کا ئایا ئەم جۆرە تەعبیر و پرسیارانە دەرخەری واتا و بوونی ڕاستەقینەی "سرشتی" شتەکانن یان تەنها "ڕاڤە" و شرۆڤەیەکن لە کەنار هەزاران چەشنە ڕاڤەیتردا؟ 

سەرەڕای ئەوەی کە فەلسەفەی نوێ، بەپێچەوانەی فەلسەفەی کۆن، ئیدی زۆر جەخت لە سەر ئەوە ناکات کە ئەرکی فەلسەفە و فیلەسووف دیاریکردن و دەرخستنی "سروشتی" شتەکانە، تاڕادەیەک لە سەردەمی زاڵبوونی بیرۆکەی "ڕوانگەبڕوایی" نیچە بەدوا بووە بە باو کە هەر فام و تێگەیشتنێک لە کرۆکی خۆیدا چەشنێک "ڕاڤە"یە و بەس؛ تەنانەت بەپێی هێرمنۆتیکی فەلسەفی هەر وەرگێڕانێکیش جۆرێک شرۆڤە و لێکدانەوەیە. بەنموونە، نیچە سەبارەت بە دیاردە ئەخلاقییەکان دەڵێت: "هیچ دیاردەیەکی ئەخلاقی بوونی نییە، بەڵکوو تەنها ڕاڤەی ئەخلاقی دیاردەکان لە ئارادایە."(Nietzsche, 1913, part. 258). هێگلیش لە "دیاردەناسی ڕۆح" دا بە ئاشکرا دەڵێت کە بەپێچەوانەی کانت (کە بەپێی دوولانەی دیاردە و شتیسەربەخۆ لە ئاکامدا شتە سەربەخۆکانی دەر لە سنووری ماریفەتی مرۆڤ دادەنا) لە پشتی "پەردە"وە هیچ شتێک بۆ ناسین و خۆدەرخستن لە ئارادا نییە، بەڵکوو هەرچی هەیە لە ژێر چاودێری ئاگایی و زانیاریی ڕۆحدایە (هگل، ١٣٩٠، ل ٢٢٥).

شتی جێگای سەرنج ئەوەیە کە لە هێرمنۆتیکی فەلسەفیدا هەموو فام و تێگەیشتنی مرۆڤ دەخرێتە نێو سنووری زمانەوە و بەپێی بازنەی "کاتێتی" و "مێژوومەندیی" بوونی مرۆڤ هەر فام و تێڕوانینێک وەک "ڕاڤە" و شرۆڤەیەک ڕەچاو دەکرێت. ڕاڤە لێرەدا جیاوازە لەو هەڵوێستەی مارکس سەبارەت بە "گۆڕینی" جیهان کە لە "تێزی یازدەهەم"دا دەرهەق بە هەموو مێژووی فەلسەفە دەڵێت: "هەموو فەیلەسووفەکان تا ئێستا جیهانیان ڕاڤە کردووە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بیگۆڕین". هەروەها کە مێژوو دەریخستووە، فەلسەفەی خودی مارکسیش لە ئاکامدا نە "گۆڕینی" جیهان، بەڵکوو "ڕاڤەیەکی"تر بوو لە جیهان و بەس. بەڵام ڕاڤەکردن و فامکردنی هەر دەقێک لە ناوەڕۆکی خۆیدا ئەبێ هاوکات گوێ بۆ پێکهاتە و بەستێنی خودی دەقەکە بگرێت، نەک ئەوەی بەپێی "ویستی دەسەڵات" یان لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژییەکی زقەوە بە توندوتیژی واتایەک بە سەریدا داسەپێنێت. واتە هەر کە وتمان هەر تێروانینێک چەشنێک ڕاڤەیە، بەو واتا نییە کە ڕاڤەکار دەتوانێت بەپێی حەز و بەرژەوەندی خۆی هەر جۆرە ڕاڤەیەک لە دەقێکی تایبەت بکات و واتایەکی بە سەردا داسەپێنێت؛ ئەم واقعیەتە بەر بە "ڕێژەبڕواییەکی" پەتی دەگرێت کە دەیخەنە پاڵ هێرمنۆتیکی فەلسەفییەوە.

 

فام و تایبەتمەندییەکانی

بەگشتی، هێرمنۆتیکی فەلسەفی وەک زانستی لێکدانەوە و ڕاڤەی دەق، زانستێکە کە لەبنەڕەتدا لەگەڵ فام و مەرجەکانی سەرهەڵدانی فام و چۆنیەتی ڕوودانەکەی دەکۆڵێتەوە. بەم چەشنە، باسکردن لە فام و تایبەتمەندییەکانی دەبێت بە ڕەهەندێکی پێویست لە بواری هێرمنۆتیکدا. لەم بەستێنەدا چەن پرسیاری سەرەکیی سەبارەت بە فام شیاوی پرسینە. سرشتی فام چییە؟ فام چۆن "ڕوو دەدات"؟ پێوەندی فام لەگەڵ ڕاڤە و زماندا چۆنە؟ مەرج (یان مەرجەکانی) ڕوودانی فام چییە؟ بەستێنە کەلتووری و کۆمەڵایەتیەکان و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان چەندە لە سەر فام وتێگەیشتنی ڕاڤەکارێت کاریگەرن؟ دیارە وڵامدانەوەی تێروتەسەلی هەر یەک لەم پرسیارانە دەرفەت و توێژینەوەیەکی تایبەتی دەوێت، بەڵام لێرەدا بەکورتی دەتوانین لە ڕێگای دیاریکردنی تایبەتمەندییەکانی فامەوە لە هێرمنۆتیکی فەلسەفیدا تاڕادەیەک ئەو پرسیارانە وڵام بدەینەوە. لە هێرمنۆتیکی فەلسەفیدا (لێرە زۆرتر جەخت لە سەر فەلسەفەی هایدگەر و بە تایبەت گادامێرە) بەپێچەوانەی "هێرمنۆتیکی ڕۆمانتیک" و سەرجەم فیلەسووفانی سەردەمی نوێ، فام تەنها هێزێکی زەینی و تواناییەکی ماریفەتناسانە نییە، بەڵکوو لەبنەڕەتدا ئەمرێکی بوونناسانە یە؛ واتە فام سەرەڕای ئەوەی کە فامی "بوون"ە بەگشتی، هاوکات بوونی خودی مرۆڤیش بەسراوەتۆ بە فام و تێگەیشتنەوە. لە فەلسەفەی نوێدا، بەنموونە لای ئیمانۆئێل کانت، فام هێزێکی مەعریفەیی و زەینییە، واتە هێزێکە لە نێوان "هەست" و "ئاوەز"دا. هایدیگەر یەکەم فیلەسووف بوو کە دژ بەم کورتکردنەی جێگەوپێگەی فامی مرۆڤ وەستا و لای وایە کە فام "شێوازێکە لە شێوازی خودی بوون" یان یەکێکە لە "پێکهاتە ئیگزیستانسیالەکانی" دازاین (هایدیگەر، ٢٠١٣، لل ٢٤٧-٢٤٦)، بە زمانێکیتر، فام "شێوازێکە لە بوونی خودی 'دازاین'". فام یەکێک لەو چەشنە تایبەتمەندییانەی دازاینە کە لەو ڕێگایەوە دەتوانێت بوونی خۆی دەربخات و مسۆگەری بکات. فام فامی خودی بوونە و جیاواز لە بوون، شتێک بۆ فامکردن لە ئارادا نییە یان تەنانەت فام دەرکەوتنی تایبەتیی هەمان بوونە. بەڵام هەر نەتەوە و کەلتوورێک بە پێی ئەزموونی مێژوویی و تایبەتمەندیەکانی ڕۆحی گشتیی خۆی جۆڕێک لە بوون تێدەگات و هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکات. بەنموونە، تاکێکی کورد کە ئەزموونی تاڵی کارەساتی ئەنفال و دەیان چەرمەسەریی دیکەی هەبووە تێگەیشتنی لە ژیان و تەعبیر کردنی ئەو لە بوون، لەگەڵ تاکێکی نەتەوەیەکی دیکە کە ئەو ئەزموونە تاڵانەی نەدیوە زۆر جیاوازە.

فام سەرەڕای ئەوەی کە تەنها بەرتەسک نابێتۆ بە هێزێکی زەینی، تایبەتمەندییەکی هەمەلایەن و بەربڵاویشە. لێرەدا ئەو جیاوازیەی کە لە هێرمنۆتیکی ڕۆمانتیکدا (بەتایبەت لە لای دیلتای) لە نێوان زانستە مرۆییەکان و زانستە ئەزموونییەکان لە ڕووی ڕێڕەو و تێگەیشتنەوە دادەنرا، پووچەڵ دەبێتەوە. دیلتای لای وابوو کە فام و تێگەیشتن لە بواری زانستە مرۆییەکان جیاوازە لە تێگەیشتن لە بواری زانستە ئەزموونییەکان. واتە فام و شرۆڤە تایبەتە بە زانستە مرۆییەکان و ڕوونکردنەوە تایبەتە بە زانستە ئەزموونییەکان؛ لە لایەکیترەوە لە فەلسەفەی نوێدا، وتە لە سەردەمی فەلسەفەی دیکارتەوە بەدوا، تاڕادەیەک فام لە چوارچێوەی "ڕێڕەو"دا بەرتەسک کراوەتۆ و گەیشتن بە "حەقیقەت" تەنها لە ڕێگای ڕێڕەو وێنا کراوە؛ بەڵام لە هێرمنۆتیکی فەلسەفیدا هەم ئەم چەشنە جیاوازییە کە ئاماژەمان پێدا هەڵدەوەشێتەوە و هەم پێوەندی نێوان حەقیقەت و ڕێڕەو (چی دی مەرجی گەیشتن بە حەقیقەت تەنها دەکارهێنانی ڕێڕەو نییە). ناونیشانی کتێبە سەرەکییەکەی گادامێر واتە "حەقیقەت و ڕێڕەو" (١٩٦٠)، ئاماژەیەکی ڕەخنەئامێزە سەبارەت بە ئەم ڕەوتە. گادامێر لای وایە کە ئێمە بۆمان نییە کە دەرکەوتن و فامکردنی حەقیقەت لە چوارچێوەی تەنگەبەری ڕێڕەودا بەرتەسک کەینەوە(Gadamer, 2004, pp 3-8). ئەم چەشنە ڕوانینە لەوانەیە بۆ زانستە ئەزموونییەکان تاڕادەیەک شیاو بێت، بەڵام بۆ زانستە مرۆییەکان نەشیاو و بەرتەسکە. بەپێی هەڵوێستی هایدیگەر و گادامێر ڕوودانی فام لە ڕووبەرێکی بەرین و لە هەر هەلومەرجێکدا ڕێگەپێدراوە. لە هەر شوێنێکدا و لە هەر دەرفەتێکدا کە "حەقیقەت" بیچمی ئەفسووناوی خۆی بنوێنێت، لە هەمان کات و شوێندا فامیش ڕوودەدات. حەقیقەت کە بە ناوجیگەریی زمان و لە ڕێگای زمانەوە فام دەکرێت ئەگەر لەپێشدا دیاریکراو بێت و ئاکامەکەی ڕوون بێت، ئەدی ڕوودانی حەقیقەت و فامکردنەکەی هیچ چەشنە تایبەتمەندییەکی نوێ و واتایەکی جیاوازی تێدا نییە. فام ئەو کاتەی وەک "ڕووداو" ێک خۆی دەنوێنێت کە مرۆڤ (دازاین) بە یەکجاری دەرهەق بە خۆی و جیهانی خۆی تووشی گۆڕان و سەرسوڕمان بێت و ئاگایی و تێگەیشتنێکی جیاواز و نوێی بۆ بڕەخسێت. بەنموونە، کاتێک لێکۆڵەرێکی کورد لە کاتی لێکدانەوە و هەڵدانەوەی بەڵگەیەکی مێژوویی سەبارەت بە چارەنووسی نەتەوەی خۆی بە یەکجاری بۆی دەردەکەوێت کە ڕەوتێکی هزریی لە ناوچەی زاگرۆسدا سەری هەڵداوە و گەشەی سەندوە، بەڵام وڵاتانی دەورووبەر ئەو ڕەوتە فکریەیان بە ناو خۆیانەوە لە قەڵەم داوە، ئەدی وەک کوردێک تێگەیشتنی لە ڕۆحی خۆی و و ڕوانینی بۆ شۆناسی خۆی لەو چرکەساتەدا تووشی گۆڕان دەبێت.

ڕاڤە و فامکردنی دەق وەک پڕۆژەیەکی لەپێشداڕژاو نییە کە ڕاڤەکار لە کاتی ڕاڤەکردندا هەنگاو بە هەنگاو و بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو بینەخشێنێت (امینی، ١٣٩٥، ص ٥٤). کەواتە، فام و تێگەیشتن چەشنێک "رووداو"ە (واتە، شتێکە کە بەرنامەی بۆ دانەڕژاوە و پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراوە) تا بەدواداچوونێکی ڕێڕەوانە (مێتۆدیک) و ڕەچاوکردنی هەندێک پرەنسیپی لەپێشداڕژاو و چوارچێوەوەیەکی دیاریکراو.

یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی فام ئەوەیە کە فام لە سرشتی خۆیدا "وتووێژانە"یە. وتووێژانەبوونی فام یانی فام لە تێکەڵاوبوونی ئاسۆی ڕوانین و هەڵوێستی ڕاڤەکار لەگەڵ ئاسۆی دەقدا ڕوودەدات. ئەوە دەرخەری ئەو واقعیەتەیە کە فام یەکلایەنە نییە کە تەنها لە ڕێگای زەینی ناسکارێکەوە ڕوو بدات. گادامێر ئەم چەشنە تێکەڵاوییەی نێوان ئاسۆی ڕاڤەکار و ئاسۆی دەق بە "تێکەڵاوبوونی ئاسۆکان" ناوزەد دەکات (Gadamer, 2004, p 305). "لۆژیکی پرسیار و وەڵام" وەک لۆژیکی ڕاستەقینەی هێرمنۆتیک لە هەنبەر دەقدا (بە واتای بەرینی وشەی دەق) خۆی دەنوێنێت. ڕاڤەکار دەبێت لەگەڵ دەق بێتە ئاخافتن و ئیزنی ئەوە بدات کە دەق لەگەڵی بدوێت و پرسیاری لێبکات، پێش ئەوەی کە واتایەکی دیاریکراو بەزۆر بە سەریدا داسەپێنێت و بەر بە ڕوودانی فام بگرێت. وتووێژی ڕاستەقینەیش تەنها ئەو کاتەی دێتەئارا کە هەر دوو لایەنی وتووێژ پتر لە سەر شتە هاوبەشەکان جەخت و پێداگریی بکەن تا شتە ناکۆکەکان. هەر بۆیە مادامێکە فارس و تورک و عەرەبەکان (وەک ئەویدیەکانی کورد) وەک ڕابردوو بەشێوازێکی یەکلایەنە جەخت لە سەر باڵادەست-بوونی خۆیان و بندەستبوونی کورد بکەن و کورد وەک نەتەوەیەکی هاوتەریبی خۆیان نەبینن و دان بە سەربەخۆبوون و مافەکانی ئەو گەلە نەنێن، ناتوانن لەگەڵ کورد بەپێی لوژیکی وتووێژانە هەڵسوکەوت بکەن.

گادامێر لای وایە کە ڕێککەوتن لە سەر ڕاڤەیەکی هاوبەش لە جیهانێکدا کە بەستێنێکی هاوبەشی مرۆڤەکانە، دەبێتە هۆی پتەوکردنەوەی پێکەوەبوونی هێمنانەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و تەنانەت سیاسیش (Gadamer, 1970, p 96). ئەم واقعیەتە دەرخەری ئەوەیە کە ڕاڤەکار "سووژە (ناسکار)ی" تاکی دیکارتی و دەر لە مێژوو و بێبەستێن نییە، بەڵکوو لە نێو "ژین-جیهان"ێکی (هووسرڵ گوتەنی) هاوبەشدا دەژیت کە ناوی "نەریت (سوننەت)"ی لێدەنێن. ئەمە یەکێتر لە تایبەتمەندییەکانی فامە کە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە فام شتێکی مێژوومەند و کاتمەندە. ئەو نەریتە یان ئەو ژین-جیهانە چوارچێوەیەکی گشتییە کە ڕەنگوبۆنی مرۆیی هەیە و ئێمە تێیدا وەک بوونەوەرانێکی مێژویی دەژین. واتە ئاسۆیەکە کە تاک لەگەڵ ئەوانیدییەکانیدا لە ئەزموونکردنی ئەو بەستێنە هاوبەشە. بەنموونە، ئەو ژین-جیهانەی کە تاکێکی کورد تێیدا پەروەردە دەبێت و پرسیار لە بوونی خۆی دەکات، لەگەڵ ژین-جیهانی تاکێکی سەر بە نەتەوەیەکیتر هەندێ جیاوازیی هەیە. مۆرکی نەریتی کوردەواری یان "هزر و ڕۆحی" کوردی لە سروشت و تێڕوانینی ئەو بۆ جیهان چەسپاوە.

لە سەردەمی فەلسەفەی هێگل بەدوا، کات بووە بە بەشێکی سەرەکیی و جیانەبووی ئەزموون و تێفکرینی مرۆڤ. هاوسەنگی وشەی "کات" لە تەنیشت وشەی "بوون" لە ناونیشانی کتێبە مەزنەکەی هایدیگەر، واتە "بوون و کات" (١٩٢٧)، گرینگیی کات لای ئەو فیلەسووفە نیشان دەدات. چوونکە لای ئەو نەتەنها کاتێتی و مێژوومەندی واقعیەتێکی پێویستی بوونی دازاینە، بەڵکوو دازاین تەنها لە ڕێگای کاتەوەیە کە دەتوانێت بگات بە فامی بوون. کات تەنها پێوەست بە بوونی دازاینەوە نییە، بەڵکوو شێوازێکی ڕاستەقینە و جودانەکراوەی خودی بوونە. "بوون و کات لە یەکدی جیا ناکرێنەوە؛ ئەگەر کات هەبێت پێویستە سەر بە بوون بێت، یان کات کاتی بوون و بوونیش بوونی کات بێت" (کەمال، ٢٠١٤، ل ١٦٩). هەر بۆیە فام لە سروشتی خۆیدا سنووردارە بە کات و مێژووەوە کە لە ڕاستیدا دەرخەری "سنوورداریەتی" و "مێژوومەند"بوونی خودی دازاین دەگەیەنێت و ئەو لە ئاژەڵەکانیتر جیا دەکاتەوە. کاتێتی و مێژوومەندی فامی مرۆڤ کێشەی ڕێژەگەریی و سنوورداریەتی پێش دێنێت کە لەم ڕوانگەوە دازاین ئیدی "سووژە"یەکی فرەزان نییە کە وەک "چاودێرێکی بێلایەن" یەکجار بۆ هەمیشە حوکمێکی تاک، هەمەلایەن و دەر لە بازنەی مێژوو و بەستێنی تایبەت دەربکات، بەڵکوو تێگەیشتن لە هەر کات-وساتێکدا و لە هەر دەلاقە و ڕوانگەیەکەوە بۆ کاتوساتێکیتر و لە ڕەهەندێکیترەوە جیاوازە. بۆ نموونە، دەلالەتی وشەی "شۆڕش" لە کوردستانی باشووری سەردەمی ڕژیمی بەعسدا بۆ پێشمەرگەیەکی ڕاستەقینە، جیاوازە لە دەلالەتی ئەو وشەیە بۆ تاکێکی نەوەی نوێی ئێستا، هەروەها کە دەلالەتێکی جیاواز هەبوو بۆ کوردێکی سەردەمی سەلاحەدین ئەیووبی.

فام جگە لەوەی کە بەستراوەتۆ بە کاتەوە، واتە مێژوومەندە، هەمیشە لە هەر چەشنە پێشفەرز و پێشدادوەرییەک بەتاڵ نییە. ئەمە یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی فامە کە لە هێرمنۆتیکدا زۆر مشتومڕی لە سەر بووە. زەین بەپێچەوانەی بیرۆکەی جان لاک "لەوحێکی بەتاڵ (یان نەنووسراو)" نییە کە هیچ شتێک لە سەری نەنووسرابێت، بەڵکوو هەر فامێک و هەر تێگەیشتنێکی زەین لە نێو بەستێنێکی تایبەتدا و بە پشتیوانی هەندێک پێشفەرز و پێشدادوەری نائاگایانە ڕوودەدات. بەنموونە، کاتێک تاکێکی کورد دەیهەوێت کتێبێکی فەلسەفی وەک "ڕەخنە لە عەقڵی پەتی" شاکاری کانت وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، لە وەرگێڕانی ئەو دەقەدا هەندێک لایەن لە سەر تێگەیشتن و گواستنەوەی ئەو دەقە لە ڕێگای ڕاڤە و تێگەیشتنی وەرگێڕی کوردەوە تێدەپەڕن، واتە پێکهاتەی زمانی کوردی و دابونەریت و کەلتووری وەرگێڕەکە لە سەر تێگەیشتن و وەرگێڕانەکە کاریگەری خۆیان دادەنێن و وەرگێڕ بێ ئەوە ئاگایانە ئەو لایەنانە بێنێتە کایەوە خۆیان دەخزنە نێو دێڕبەدێڕ و وشەبەوشەی وەرگێڕانەکەیەوە و کانت دەکوردێنن. ڕاڤەکار یان وەرگێڕ نابێت و لەڕاستیدا ناشتوانێت لە ئەو چەشنە پێشفەرزە پێویستە و ئەو جۆرە پێشدادوەرییە وجوودیانە خۆی ڕزگار بکات و بە زەینێکی بەتاڵەوە و بەدەر لە هەر چەشنە روانگە و هەڵوێستێکەوە ڕوو لە دەقێک بکات و واتایەکی لێهەڵکڕێنێت. خۆڕزگار کردنی یەکجارە لە هەموو ئەو پێشفەرزانە واتە ڕەتدانەوەی بوونی مرۆڤ و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی مرۆڤایەتی. دیارە لێرەدا مەبەست لە پێشفەرز و پێشدادوەری ئەو چەشنە دەمارگرژی و بیرە چەقبەستوانە نین کە بە ئانقەست بۆ بەلاڕێدا ڕۆیینی واتای دەقێک دەکار دەهێنرێن. هەبوونی پێشفەرز و پێشدادوەری بە پێی هەڵوێستی هێرمنۆتیکی فەلسەفی شتێکی شیاو و پێویستن و زۆرینەی جاریش دەر لە بازنەی دەسەڵاتی دازاینن، چوونکە گادامێر گوتەنی "پێشدادوەرییەکان لایەنداریەتیی و بەستێنگەلی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێمەن لەگەڵ جیهاندا" (Gadamer, 1966, p 9). هەروەها، جەخت لە سەر پێشفەرز لێرەدا جۆرێک پەرچەکردار و ڕەتدانەوەیە لە هەنبەر بۆچوونی فیلەسووفانی سەردەمی "ڕووناکبیری" سەدەی هەژدەهەمی زایینی، کە هەر چەشنە پێشفەرزێک وەک شتێکی پێوەند بە نەریت و زەینێکی نەزۆک و ئوستوورەیی و دژەئاوەز چاویان لێدەکرد کە بەر بە هەر جۆرە عەقڵانیەت و ئاوەزمەندییەک دەگرێت. بەڵام لە ڕوانگەی هایدیگەر و گادامێرەوە ئەم چەشنە تێڕوانینە لە ئاوەزمەندیی، بۆخۆی جۆرێک ڕوانینێکی ئوستوورەییە. فام هەمیشە "لە نێوەنددا" ڕوو دەدات، بۆیە تێگەیشتن لە "پاژ" پێویستی بە تێگەیشتن لە "گشت"ە و پێچەوانەکەیشی بە هەمان ڕێژە درووستە؛ ئەم پرەنسیپە لە هێرمنۆتیکدا بە "خولی هێرمنۆتیکی" ناوزەد کراوە.

ڕاڤەکار لە پشتی هەندێک پێشفەرز و لە بەستێنێک و ڕوانگەیەکی تایبەتەوە دەڕوانێتە دەق و زەینێکی بێلایەن نییە کە بتوانێت بە دیدێکی ڕەها و بەتەواوی بێلایەنەوە بڕوانێتە دەق و ڕاڤەی بکات، ئەم تایبەتمەندییە تەنها شتێکی ماریفەتناسانە نییە کە مرۆڤ بتوانێت لە درێژەی کات یان لە قۆناغێکی تایبەتدا بیانسڕێتەوە، بەڵکوو پێوەندیی بوونگەرایەنەی بە بوونی مرۆڤەوە هەیە کە لە نێو جیهاندا هەڵسوکەوت دەکات.

کەواتە، ئەگەر مرۆڤ بوونەوەرێکی بێجیهان و بێمێژوو نەبێت و هەمیشە بوونی بەسراوبێتەوە بە "بوون – لەنێۆ- جیهان" و بە بوون لەگەڵ ئەوانیدییەکانیدا، ئەوا هەر جۆرە تێگەیشتن لەو بەستێنە (کە هایدیگەر و گادامێر ناوی "نەریت"ی لێدەنێن) چەشنێک لەخۆتێگەیشتن و خۆفامکردن یان خۆدۆزینەوەیە. ئەمە دواهەمین تایبەتمەندیی فامە کە تاڕادەیەک لەو بیرۆکەی هێگلە وەرگیراوە (بەڵام لایەنی سوبژکتیو و ماریفەتناسانەکەی لاواز کراوە) کە "هەر ئاگاهی یەک لە سروشتی خۆیدا خۆئاگاهییە". واتە هەر فامێک لە سرشتی خۆیدا چەشنێک خۆفامکردنە (Gdamer, 2004, p 251)؛ ئەم ڕەوتە لە ڕێگای زمانەوە و لە قەبارەی وتووێژدا دێتە ئاراوە. لێرەدا مەبەست لە خۆفامکردن ئەوەیە کە کەسێک کە سەرقاڵی فامکردنی ڕاستەقینەی دەقێکە (ئیسە نووسراوە بێت یان نەنووسراوە وەک وێنە یان ئاسەوارێکی مێژوویی)، سەرەڕای ئەوەی کە بەپێی ئەگەرەکانی خودی دەقەکە واتایەکی لێهەڵدەکڕێنێت و لایەنێکی زق دەکاتەوە، هاوکات لەم نێوەدا و لەم ڕووبەڕووبوونەوەدا هەندێک لە ئەگەر و تواناییەکانی خۆی دەنەخشێنێت و بەم چەشنە سەر لە نوێ بیر لە خۆی و جیهان و داب و نەریتی خۆی دەکاتەوە و بە بۆچوونێکیترەوە چاویان لێدەکات کە لە ئاکامدا لەوانەیە ڕوانگە و هەڵوێستەکەی تووشی گۆڕان بێت. هەر بۆیە گادامێر تایبەتمەندیی فام وەک دەکارهێنان و ڕێکخستن دەبینێت کە لایەنێکی کردەوەیی هەیە و جەخت لە سەر فرۆنێسیس (فەلسەفەی کردەوەیی)ی ئەرەستوویی دەکات. گادامێر ئاسەوارە هونەرییەکان وەک نموونەی بەرچاوی ئەم چەشنە گۆڕانە باس دەکات (Gadamer, 1992, pp 208-211). ئەرکی سەرەکی ڕاڤەکار لە ڕووبەڕووبونەوە و وتووێژ لەگەڵ دەقدا دۆزینەوە و زەقکردنەوەی پرسیارێکە کە دەق وڵامێکە بۆ ئەو پرسیارە، فامکردنی دەق درووست فامی هەمان پرسیارە (بلایشر، ١٣٨٩، ل ٥٦).

بەگشتی، ئەتوانین بڵێین فام لە ڕوانگەی هێرمنۆتیکی فەلسەفییەوە بریتیە لە ئەمرێکی زمانی کە بێ-پێشفەرز نییە و لە نێو بەستێنێکی تایبەتدا ڕوودەدات و تێگەیشتنی ڕاڤەکار دەرهەق بەخۆی و جیهانەکەی تووشی گۆڕان دەکات. ئەوەی کە گرینگی ئەم بۆچوونە دەرهەق بە فام دیاری دەکات جەخت کردنە لە سەر زمانیبوونی فام. ئەم بابەتە ڕێگە خۆشدەکات بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەر زمان و پێوەندی فام و زمان کە لە بەشی دووهەمدا دەیخەینە بەر باس.

 

جێگە و پێگەی زمان لە هێرمنۆتیکی فەلسەفیدا

هەر وەک ئاشکرایە، پارادایمی فەلسەفەی هاوچەرخی ڕۆژئاوا بەگشتی (چ لقی فەلسەفەی قاڕەیی چ لقی فەلسەفەی شیکاری) بە "پارادایمی زمانیی" ناسراوە. ئەم تایبەتمەندییە دەرخەری گرینگیی زمانە لە فەلسەفە و ماریفەتدا. زۆرجار ئەو وتە بەناوبانگەی هایدیگەر لە "نامیلکە سەبارەت بە مرۆڤ-بڕوایی" وەک دانپێنانێکی سەرەکیی و قووڵ بۆ بایەخدان بە زمان و ڕەوتی زمان لە فامکردنی بوون دەگوازرێتەوە، کاتێک کە دەڵێت: "... لە بیرکردنەوەدا بوون دێتە زمان: زمان یانەی بوونە" (Heidegger, 2000, p. 83). واتە بوون لە دەلاقەی زمانەوە خۆی بۆ دازاین دەردەخات. بە تەعبیرێکیتر، بوون تەنها ئەو کاتەی بۆ دازاین مسۆگەر دەبێت و فام دەکرێت کە بێتە ناو بازنەی زمانەوە، دەر لە زمان بۆخۆی هەیە بەڵام ئیدی بۆ دازاین ئاشکرا نییە. دیارە لێرەدا زمان واتایەکی زۆر بەرینی هەیە کە تەنها مەبەست ئاخافتن و وتووێژ کردن و نووسین و خوێندنەوە نییە. بەنموونە، تەنانەت بێدەنگی، سەرسوڕمان و بەهۆی سەرسوڕمانەوە حەپەسان و گێژووێژ بوونیش چەشنێک لە زمانە (Gdamer, 1970, pp 92-93). یان تەنانەت جۆری جووڵە و ئاماژە و گرژبوونەوەی دەموچاو و جەستەی کەسێک لە کاتی ئاخافتندا وەک "زمانی جەستە" چاو لێدەکرێت.

تاڕادەیەک زۆرێک لە فەیلەسووفانی کۆن و نوێی فەلسەفەی ڕۆژئاوا، زمانیان لە هەنبەر بەربڵاویی و پڕاوپڕیی بوون و بەرینی جیهان وەک "کەرەستە"یەکی بەرتەسک و تاڕادەیەک خڵەتێنەر دەبینی و لایان وابوو کە زمان ناتوانێت دەقاودەق و بە شێوازێکی پڕبەپێست واقعیەتی شتەکانمان بۆ بگوازێتەوە. ئەفلاتوون وەک یەکەم فەیلەسووفی مەزنی فەلسەفەی کۆن، بە ئاشکرایی زمانی وەک کەرەستەیەک ڕەچاو کردوە کە بەپێی ئەوەی کە تەنها لە ڕووی ناونان و وێنەسازییەوە ڕوو لە حەقیقەتی شتەکان دەکات، ئیدی ناتوانێت سروشتی ڕاستەقینەی "ئایدیا"کان دەربخات؛ واتە زمان لە سروشتی خۆیدا وەک چەشنێک لاساییکەرەوەی شتەکان و بوون دەردەکەوێت (کورنگ بهشتی و صافیان، ١٣٩٤، صص ٩-٤٨). ڕستەیەکی بەناوبانگی هێگل هەیە لە سەر زمان (کە سڵۆی ژیژەک بەپێی تێگەیشتن و شرۆڤەی خۆی گواستوویەتەوە) کە ناوەڕۆکەکەی بەم چەشنەیە: "وشە قەتڵی شتە " (Žižek, 1992, p 51). لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە جلوبەرگی زمان بۆ نواندنی پڕبەپێستی واقعیەت زۆر تەنگە. واتە کاتێک لە سەر شتەکان ناو دەنێین و واقعیەت لە نێو قەبارەی تەنگی زماندا قەتیس دەکەین، هاوکات بەر بە بەرفراوانی و بەریینیی واقعیەت و خودی شتەکان دەگرین و لە حاڵەتی زیندووبوون و چالاکیی بێبەریان دەکەین و ئەیانبەینە نێۆ قەبارەی بێوزە و بێجووڵەی وشەوە و بەم چەشنە دەیکوژین. نیچەیش بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە پێوەندی نێوان زمان و حەقیقەت لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا دەڵێت: "ئێمە لەو جێگایەدا وشەیەک دادەتاشین کە بەڕاستی نەزانیمان دەست پێدەکات، ئەو شوێنەی کە ناتوانین ئەولاتر ببینین. بۆ نموونە، وشەی 'من'، وشەی 'کردن'، وشەی 'ئازار'- ئەم چەمکانە لەوانەیە ئاسۆی سنوورەکانی ماریفەتی ئێمە بن، بەڵام [خودی] 'حەقیقەتەکان' نین" (Nietzsche, vol. 2, 1913, part 482). لەم ڕووەوە زمان سنووری ماریفەتی ئێمەیە؛ ئەو کاتەی کە ناتوانین شتەکان یان واقعیەت دەرک بکەین ئیدی بۆ ئەوەی خەیاڵی خۆمان ئاسوودە بکەین لە ڕووی ناچارییەوە دەستەو دامانی زمان و وشەکان دەبین و واقعیەتێکی بەرین و نادیار لەنێو بازنەی تەنگەبەری وشەیەکدا قەتیس دەکەین.

بەڵام پرسەکە ئەوەیە کە ئەگەر وایدانێین کە زمان بەرینیی واقعیەت بەرتەسک دەکاتەوە و زینوویەتی و چالاکیی شتەکان قەتیس دەکات، بازهەم ئەوە هەر خودی زمانە کە یارییمان دەدات تا باس لەم کەلێن و کەمایەسییە بکەین. هەر بۆیە زمان وەک چەقۆیەکی دوودەم وایە. لەم ڕووەوە، هایدیگەر و گادامێر بەپێچەوانەی ئەو هەڵوێستە نەرێنییە دەرهەق بە ڕۆڵی زمان، لە نێو پێکهاتەی زماندا دەرفەتێکی زۆرتر و ئەگەرێکی بەرینتر بۆ دەرکەوتن و ئاشکراکردنی "حەقیقەت" یان "بوون" وێنا دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە، زمان بە ناونانی شتەکان و بانگهێشتکردنیان لایەنێکی شاراوەیان دەردەخات، بەڵام هاوکات لایەنێکی دیکەیان دادەپۆشێت. بەڵام ئەم تایبەتمەندییە نابێت وەک لاوازیی زمان چاو لێکرێت و ڕۆڵی زمان بخرێتە پەراوێزەوە، بەڵکوو تایبەتمەندیی ناوازەی زمانە. چوونکە بێجگە لە زمان لە چ ڕێگایەکیترەوە دەتوانین لە جیهان و بوونی خۆمان تەعبیر کەین و هەستی خۆمان دەرببڕین؟ بوون یان جیهان بۆ مرۆڤ تەنها لە ڕێگای زمانەوە دەتوانێت خۆی دەرخات و ئاشکرا بێت. هەر بۆیە لە هێرمنۆتیکی فەلسەفیدا، زمان دەبێت بە ناوجیکەری نێوان فام و بوون. واتە، زمان مەرجی فامە و فام دەر لە زمان و بێ کەڵکوەرگرتن لە زمان ئیمکانی نییە. گادامێر بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە "هەموو فامەکان تایبەتمەندیی زمانییان هەیە" (Gadamer, 1970, p 92).. یان لە جێگایەکیتردا دەڵێت: "هەموو ماریفەتی مرۆڤ دەرهەق بە جیهان لە ڕێگای زمانییەوە ناوجیگەریی دەکرێت" (Gadamer, 1974, p 65). واتە فام تەنها لە قەبارە و پێکهاتەی زماندا دەردەکەوێت. نابێت گریمانەمان وابێت کە سەرەتا فام ڕوودەدات، دواتر زمان وەرگێردراوی ئەو فامەیە و فام دەکەوێتە ناو چوارچێوەی زمانەوە، بەڵکوو زمان و فام هاوکاتن و ڕوودانی فام ڕوودانێکی زمانییە.

هەر دەقێک (چ نووسراوە چ نەنووسراوە) تەنها کاتێک فام دەکرێت کە بخرێتە نێو بازنەی زمانەوە و لە چوارچێوەی زماندا بگونجێت. ئەودیوی ئەم وتەیە ئەوەیە کە ئەو شتەی کە زمانیی نییە یان لە بازنەی زماندا ناگونجێت نە تەنها فام ناکرێت، بەڵکوو وەک ئەوە وایە کە هەر بوونی نەبێت. دیارە لێرە لە هەنگاوی یەکەمدا مەبەست لە زمان، زمانێکی تایبەت و جیاواز وەک زمانی ئینگلیزی، کوردی، فەرەنسی یان عەرەبی نییە (هەرچەند ئەم زمانە تایبەتانە دەرکەوتنی ئەو ئیمکانیەتە زمانییەیە کە لە لای مرۆڤ و بەپێی جوگرافیا و ئەزموونی جیاواز لە پێکهاتەیەکی دیاریکراودا خۆی دەردەخات)، بەڵکوو پتر مەبەست ئەو توانایی و ئیمکانە دەروونی و وجوودیەی مرۆڤە کە ئەو بۆ فامکردنی بوون و تەعبیرکردن لەم ئەزموونە بەهرەی لێدەبات. بەڵام هەر مرۆڤێک لە ئاکامدا ناچارە کە ئەو ئیمکانە زمانییە بەرینە بخاتە نێو بازنەی زمانێکی تایبەتەوە، وەک چۆن بەنموونە شێرکۆ بێکەس هەست و تێگەیشتنی کوردانەی خۆی لە مێژووی کورد و سروشت و هتد لە نێو چوارچێوەی زمانی کوردیدا دەگێڕێتەوە.

گادامێر سەبارەت بە گرینگیی زمان و ڕەوڵی زمان لە فامکردنی بوون یان جیهاندا تا ئەو ڕادەیە دەڕواتە پێش کە زمان دەکات بە شتێکی هاوتەریبی خودی بوون و ئەم هەڵوێستەی گادامێر وەک هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ دەرهەق بە تایبەتمەندیی و ئاستی زمان خۆی دەنوێنێت، کاتێک لە ڕستەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: "بوونێ کە دەتوانێت بێتە فامکردن، زمانە (Gadamer, 2004, p 470). گادامێر لەم بەستێنەدا سنووری زمان زۆر بەرین و بنەڕەتی وێنا دەکات و چما دەرکەوتنی حەقیقەت یان بوون تەنها وەک زمان و لە چوارچێوەی زماندا ئاشکرا دەبێت. بەنموونە، کاتێک نیگارکێشێک بیهەوێت هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ژیان ئاراستە بکات، ناچارە کە لە زمانی تایبەتیی هونەر لە ڕێگای ڕەسم-کردنی وێنەیەکەوە هەستونەستی خۆی دەرببڕێت.

بەپێی هێرمنۆتیکی فەلسەفیی گادامێر، مرۆڤ بەتەواوی لەنێو سنووری زماندا دەژیت و بیر دەکاتەوە و هەر چەشنە ڕاڤە و لێکدانەوە و هەروەها هەر جۆرە تێگەیشتنی مرۆڤ لەخۆی و لە جیهان و مێژووی خۆی ڕەنگوبۆنی زمانیی هەیە. چوونکە "زمان ڕەهەندی بنەڕەتیی کردەوەی بوون- لەنێو- جیهانی ئێمەیە و شێوازی گشتگیر و هەمەلایەنەی پێکهاتەی جیهانە" (Gadamer, 1966, p 3). هەر بەپێی گرینگیی زمان لە تێگەیشتن و ڕاڤەی مرۆڤ لە بوون و جیهانی خۆیە کە پرسی "وەرگێڕان" (کە وەک وتمان یەکێک لە واتاکانی وشەی هێرمنۆتیکە) وەک نموونەیەکی ڕادیکاڵ لای گادامێر خۆی دەنوێنێت. مرۆڤ پانتایی، بەرینیی و نامۆیی جیهان و دیاردەکان لە ڕێگای زمانەوە بۆ خۆی "وەردەگێڕێت" و هەر جۆرە تێگەیشتنێک چەشنێک ڕاڤەیە. هەر مرۆڤێک لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەکان و "دەق"ی جیهان یان "کتێب"ی سروشت ڕەوڵی ڕاڤەکار یان "وەرگێڕ"ێک دەگێڕێت و بەم چەشنە دەیهەوێت نامۆیی شتەکان بە زمانێکی ئاشنا بۆ خۆی وەرگێڕێت و مۆرکی خۆیی لێبدات. کەوابوو، زمان مەرجی سەرەکیی و دەلاقەی هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوە و دیالۆگە لەگەڵ دەقەکان یان ئاخافتن لەگەڵ ئەویدیەکان. لەم ڕووەوە، وەرگێڕ هەمان ڕەوڵی هێرمسی پێغەمبەر دەگێڕێت کە زمانی نامۆی باقی کەلتوور و نەریتەکان وەردەگێڕێت و دەگوازێتەوە بۆ زمانی ئاشنای کەلتووری خۆی. ئەم پرۆسەیە هەمان پرۆسەی فامکردنە. بە ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەقێکدا واتایەک ڕوومان تێدەکات، ئەرکی ئێمە وەک وەرگێڕی ئەو واتایە، ئەوەیە کە بتوانین بە زمانی خۆمان وەریگێڕین و بیگوازینەوە بۆ نێو زمان و کەلتوور و داب و نەریتی خۆمان (گروندن، ١٣٩٣، ص ٦٦).

بەگشتی، هەر ئەو جۆرەی کە لە فەلسەفەی کۆندا "ئاوەز" وەک تایبەتمەندیی سەرەکیی و هاوبەشی مرۆڤەکان وێنا دەکرا، کە خۆی لە ناساندنی مرۆڤ وەک "ئاژەڵی بەئاوەز" لای ئەرەستوو دەرخست، لای گادامێر و هایدگەریش زمان وەک تایبەتمەندییەکی هاوبەش و بنەڕەتیی بۆ بوونی مرۆڤ ڕچاو دەکرێت. لەم ڕووەوە ئیدی زمان بەپێچەوانەی ڕوانگەی فیلەسووفە ڕابردووەکان و تەنانەت فیلەسووفانی زمان تەنها "کەرەستە"یەکی ساکار نییە بۆ پێوەندی گرتن و ئاخافتن لەگەڵ مرۆڤەکانی-تردا، بەڵکوو بوونی مرۆڤ لە بنەڕەتدا بە زمانەوە گۆچ دەگرێت و واتا پەیدا دەکات. مرۆڤی بێزمان لای گادامێر، وەک مرۆڤی بێئاوەز لای ئەرەستوو وایە. هەر بۆیە بە جێگەی ئەوەی بڵێین "ئێمە بە زمان دەپەیڤین" باشتر و درووستتر وایە بڵێین "زمان بە ئێمە دەپەیڤێت"؛ واتە زمان یەکێک لە سامانەکانی ئێمە نییە، بەڵکوو بنەڕەتی بوونی ئێمەیە لە جیهاندا. زمانە کە ئیزنی خۆدەرخستن و فامکردنی "بوون"مان پێدەدات. بەم چەشنە ڕوودانی فام و تێگەیشتن لە دەق دەبەسرێتەوە بە زمانەوە. "کەوابوو، توانایی فامکردن، توانایی بنەڕەتیی مرۆڤە، کە ژیانی هاوبەشی ئەو لەگەڵ ئەویدیەکاندا سفتوسۆڵ دەکات و فام، زۆرتر لە هەموو شت، لە ڕێگای زمان و بەشداریکردن لە وتووێژدا ڕوودەدات." (Gadamer, 1981, p 158). فامکردن و وتوێژکردن بە بێ زمان وەک بینین بە بێ چاوە. بە زمانێکیتر، فام و زمان لە هێرمنۆتیکی فەلسەفیدا وەک دوو لایەنی یەک شت دەردەکەون، چوونکە نە فام بە بێ زمان دێتەئارا و نە زمانیش بێوەری لە فامە.

بەڵام ئەوەشمان لەبیر بێت کە مەرج نییە هەر چەشنە فامێک لە هەر دەقێک کە لە دەلاقەی زمانەوە دێتەئارا، ڕاست بێت. ڕاستە کە زمان ناوجیکەری ڕوودانی هەر فامێکە، بەڵام هەر فامێک و هەر ڕاڤەیەک لە دەقێکی تایبەت دەبێت بەپێی لۆژیک و بەستێنی دەقەکە بێت. چوونکە خودی زمان لە سرشتی خۆیدا و بەپێی بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەت هاوکات داپۆشێنەر و ڕوونکەرە؛ فامیش بە هەمان شێوە کە لە سرشتی خۆیدا زمانییە، لە پرۆسەی ڕاڤەکردنی دەقێکدا واتایەک لەو دەقە دەردەخات و دەیخاتەڕوو، هاوکات ئەگەری واتەگەلێکیتر دادەپۆشێت و پەراوێزیان دەخات. ئەو کەسانەی کە بەپێی ئایدۆلۆژییەکی تایبەت دەقە جۆربەجۆرەکان ڕاڤە دەکەن زۆرجار پێشفەرزەکانی خۆیان بە سەر دەقەکەدا داسەپێنن و ئیزنی خۆدەرخستن بە دەقەکە نادەن. هەندێ جار خودی زمان لەوانەیە ببێت بە ئامڕازی داسەپاندنی ئایدیالۆژییەک و فام و تێگەیشتنی کۆمەڵگا بەرەو لاڕی ببات یان دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیک لە پشت زمانێکی تایبەتەوە خۆی حەشار بدات و بەم چەشنە باقی زمان و نەریتەکانیتر بسڕێتەوە یان پەراوێزیان بخات. هەر بەم هۆیەیە کە یوورگێن هابێرماس متمانەی گادامێر بە زمان و نەریتی دەبردە ژێر پرسیارەوە. گادامێر هەرچەند نکۆڵی لەوە ناکات کە بۆی هەیە کە زمان ببێت بە مەکۆ یان ئامڕازێک بۆ بەرژەوەندیی لایەنی دەسەڵات یان ئایدیالۆژییەکی تایبەت، بەڵام لای وایە کە بازهەم تەنها لە ڕێگای خودی زمانەوەیە کە ئەم ئاڵۆزیی و بەلاڕێداڕۆیینە ئاشکرا دەکرێت و دەر لە زمان شتێکی وەها بۆ دەرچوون لەو چەشنە سڕینەوە ئایدۆلۆژیایە شک نابەین.

 

دەرەنجام

هەر وەک لە نێو دەقی وتارەکەدا بەوردی ئاماژەمان بە پێوەندی نێوان زمان و فام لە هێرمنۆتیکی فەلسەفی گادامێر کرد، لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوەمان بۆ دەرکەوت کە بەکورتی لە چەند خاڵێکدا باسی لێدەکەین:

1-    هەرچەندە هێرمنۆتیک زانستێکە بۆ ڕاڤە و لێکدانەوەی دەقە دژوار و پێچوپڵووچەکان، بەڵام هەر دەقێک تەنها واتایەکی تاک و دیاریکراوی نییە، بەڵکوو هەر ڕاڤەکارێک بەپێی تێگەیشتنی خۆی و لە هەر دۆخێکی تایبەتدا (ئەڵبەت بە سەرنجدانی خۆدی دەقەکەیش)، واتایەکی جیاواز و شاراوە لە دەقەکە هەڵدەکڕێنێت. لەم ڕووەوە، هەر فام و تێگەیشتنێک (و هەروەها هەر وەرگێڕانێکیش) لە بنەڕەتدا چەشنێک ڕاڤەیە و بەس.

2-    فامکردن پڕۆسەیەکی لەپێشداڕژاو نییە و مەرجیش نییە کە لە چوارچێوەی تەنگەبەری "ڕێڕەو"دا بێتە ئاراوە، بەڵکوو چەشنێک ڕووداوی لەناکاو و دیارینەکراوە کە بە تێکەڵبووونی "ئاسۆی" دەق و ڕاڤەکار ڕوودەدات و شێوازی وتووێژ لەخۆ دەگرێت.

3-    فام سەرەڕای ئەوەی کە وەک ڕووداو خۆی دەنوێنێت، شتێکی زمانییە و بەپێی سرشتی زمانیبوونی مرۆڤ هەمیشە لە قەبارەی زماندا ڕوودەدات. هەر بۆیە، بە بێ مەرجی زمان و دەر لە بازنەی زمان، هیچ فامێک دەستەبەر نابێت. واتە، سنووری فام و تێگەیشتنی مرۆڤ کە لە ئاکامدا چەشنێک خۆفامکردنە، بەسراوەتۆ بە سنووری زمانەوە. تێگەیشتنی زمانییی تاکی کوردیش لە ڕۆحی خۆی بەدەر لەم چەشنە خۆفامکردنە نییە.

4-    زمان (هەر وەک فام) تایبەتمەندیی سەرەکی و ئیگزیستانسیالی مرۆڤە، نەک تەنها کەرەستەیەکی پەتی بۆ پێوەندییکردنی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانیتردا. هەر بۆیە، هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مرۆڤ لەگەڵ جیهاندا تایبەتمەندیی زمانیی هەیە و مرۆڤ بۆ ئەوەی پێوەندیی خۆی لەگەڵ شتەکان یان کەسانیتردا بچەسپێنێت بەناچار دەبێت پەنا بۆ زمان ببات.

5-    بەپێی ئەوەی کە هەر ڕاڤەکارێک لە چوارچێوەی زمان و داب و نەریتێکی تایبەتدا ڕوو لە دەق یان فەرهەنگەکانیتر دەکات، دەق یان فەرهەنگەکانیتر لە پشت دەلاقەی ئەو چەشنە "پێشدادوەری"یانەوە خۆیان بۆ ڕاڤەکار دەردەخەن. ڕاڤەکار زۆر جار نائاگایانە مۆرکی تایبەتیی خۆی لەو دەقەی ڕاڤەی دەکات یان وەریدەگێڕێت دەچەسپێنێت. ئەو ڕۆژهەڵاتناسانەی کە وەک ڕاسپاردە لە سەر کۆمەڵگا و زمان و کەلتووری کورد پێشتر کاریان کردوە مۆرکی پێشفەرز و پێشدادوەرییەکانیان لە نێو دێڕ بە دێڕی نووسراوەکانیاندا چەسپاندوە.

 

سەچاوەکان

امینی، عبداللە (١٣٩٥)، نسبت میان حقیقت و زیبایی (با نگاهی بە هرمنوتیک فلسفی گادامر)، تهران، انتشارات نقد فرهنگ.

بلایشر، یوزف (١٣٨٩)، گزیدە هرمنوتیک معاصر، ترجمە سعید جهانگیری، آبادان، نشر پرسش.

پالمر، ريچارد ا. (1387)، علم هرمنوتيک: نظريهي تأويل در فلسفههاي شلايرماخر، ديلتاي، هايدگر و گادامر، ترجمهي محمد سعيد حنايي کاشاني، تهران، انتشارات هرمس.

ریکور، پل، (١٣٧١)، «رسالت هرمنوتیک»، در: حلقه انتقادي (ادبيات، تاريخ و هرمنوتيک)، ترجمهي مراد فرهادپور، تهران، انتشارات گيل با همکاري انتشارات روشنگران، صص ٤٧-٩.

کورنگ بهشتی، رضا و محمد جواد صافیان (١٣٩٤)، "زبان از نظر افلاطون و هیدگر: یک بررسی مقایسەای" در: متافیزیک (مجلە علمی- پژوهشی)، دانشگاه اصفهان، سال پنجاه و یکم، دورە جدید، سال هفتم، شمارە ١٩، صص ٦٤-٤١.

کەمال، محەمەد (٢٠١٤)، فەلسەفەی بوون (لێکۆڵینەوەیەک لە سەر هزری پاش-مێتافیزیک)، سلێمانی، ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە.

گروندن، ژان (١٣٩٣)، هرمنوتیک، ترجمە محمد رضا ابوالقاسمی، تهران، نشر ماهی.

هایدیگەر، مارتن (٢٠١٣)، بوون و کات، وەرگێراوی محەمەد کەمال، سلێمانی، دەزگای چاپ و پەخشی دەردەم.

هگل، فریدریش (١٣٩٠)، پدیدارشناسی جان، ترجمە باقر پرهام، تهران، انتشارات کندوکاو.

 

Gadamer, Hans-Georg, (1966), "The Universality of the Hermeneutics Problem", in: Philosophical hermeneutics (1977), Trans. And edit. By David E. Ling, California, University of California Press, pp 3-17.

Gadamer, Hans-Georg, (1970), "Language and Understanding", in: The Gadamer Reader: A Bouquet of the Later Writings, (2007), Edited by Richard E. Palmer, Evan stons, Northwestern University Press, pp. 89- 107.

Gadamer, Hans-Georg, (1974), "Classical and Philosophical Hermeneutics", in: The Gadamer Reader: A Bouquet of the Later Writings, (2007), Edited by Richard E. Palmer, Evan stons, Northwestern University Press, pp. 41-71.

Gadamer, Hans-Georg, (1981), "Text and Interpretation", in: The Gadamer Reader: A Bouquet of the Later Writings, (2007), Edited by Richard E. Palmer, Evan stons, Northwestern University Press, pp. 156-191.

Gadamer, Hans-Georg, (1992), "The Aretwork in Word and Image", in: The Gadamer Reader: A Bouquet of the Later Writings, (2007), Edited by Richard E. Palmer, Evan stons, Northwestern University Press, pp. 1992- 224.

Gadamer, Hans-Georg, (1994), "From Word to Concept: The Task of Hermeneutics as Philosophy", in: The Gadamer Reader: A Bouquet of the Later Writings, (2007), Edited by Richard E. Palmer, Evan stons, Northwestern University Press, pp. 108-121.

Gadamer, Hans-Georg, (2004), Truth and Method, Trans. and Translation revised by Joel Weinsheimer and Donald G. Marshall, London and New York, Continuum.

Nietzsche, Friedrich (1913), "The will to Power", vol. 1, 2, in: The Complete Works of Friedrich Nietzsche, Trans. By Anthony M. Ludovici, ed. By Dr. Oscar Levy, Edinburgh and London.

Wittgenstein, Ludwig (1922), Tractatus Logico-Philosophicus, Side-by-side Edition, Version N0.53 (February, 2018),containing the original German, alongside both the Ogden/Ramsey, and Pears/McGuinness English translations. Available at: http://people.umass.edu/klement/tlp/pdf.

Wittgenstein, Ludwig (1958), Philosophical Investigations, Translated by G. E. M. Anscombe, Basil Blackwell Ltd.

Žižek, Slavoj, (1992), Enjoy Your Symptom! Jacques Lacan in Hollywood and Out, New York, Routledge.

 *دكتۆرا زانکۆی ئیسفەهان


ئەم بابەتە 52 جار خوێندراوەتەوە