Shajaryan1.jpg

بەبۆنەی کۆچی شەجەریان.. هاوڕێ؛ کولتوور بێلایەن نییە!

رامان ئاری

خوێندنەوەی دیاردەی کۆچی شەجەریان بەگووتاری «بندەست – سەردەست» تۆزێک زەحمەتە. راستە بەجۆرێک نەخۆشکەوتن و دەنگدانەوەی ئەم هونەرمەندە بیرخەرەوەی باڵادەستی کولتووری فارسە لەکۆمەڵگاکانی کوردستاندا، بەڵام خەڵکانێکی باشیش هەن کە هەر بەپرسی کوردەوە ماندوون، بەڵام هەر دڵیان بۆ ئەم هونەرمەندە لێی داوە؛ ناشتوانین بڵێین ئەم کەسانە ناهۆشیارن. گرفت لەوەدایە لەم جۆرە خوێندنەوەیە، فارس بەیەکەیەکی یەکانگیر وێنا دەکرێت و کوردیش هەروەها. بەڵام لەڕاستیدا هیچکامیان یەکە نیین؛ هەردوولا پێکهاتوون لەدانایی و هزری جۆراوجۆر. بۆیە پێویستە ئەم دیاردەیە لەدەلاقەی کوردەوە نەخوێندرێتەوە. یانی دەبێت جۆرێک خوێندنەوە بۆ شەجەریان بکرێت کە یان ئەو کورد بووەو بەکوردی لەو جۆرە گۆرانیانەی وتووە؛ یان هەر توێژەرێکی کورد وەک هاووڵاتیەکی فارس سەیری ئەم بابەتە بکات. بەکورتی رەخنە دەبێت ناوەکی بێت تاکو دەرەکی، ئەگینا دەکەوینە ناو مشتومڕی سوواوی «چی بۆ کورد کردووە؟»، یان «ئایا لایەنگری کورد بووە، یان نا؟». لەکاتێکداو لەڕێگای دەوروبەرەکانیەوە دەزانین کە ئەم پیاوە دژی دۆزی کورد نەبووەو تەنانەت هەندێ جار ئەرێنیش سەیری بابەتەکەی کردووە؛ گرفت لێرەدا نییە.

پرس، پرسی نوێنەرایەتی چینایەتیش نییە؛ یانی شەجەریان نوێنەری کولتووری-مەعریفی چینێک بێت لەکۆمەڵگای فارسی. چونکە دەزانین چینێکی تایبەت بەڕژدی و بەجۆشەوە لایەنگری ئەم هونەرمەندە نین؛ تەقریبەن هەمووی وەک یەک وایە.

پرس، پرسی کەسایەتی ئەم هونەرمەندەش نییە، کە بۆ لەبەرانبەر زۆرینەی رووداوە سیاسییەکاندا بێهەڵوێست بووەو فەزای گشتی هیچی لێ نەبیستراوە؛ هونەرمەندی زۆر هەیە کە وایەو ئەمەش تاڕادەیەک هەر دەتوانرێت پاساو بدرێتەوە.

کەواتە، پرس نە کەسایەتییە، نە نوێنەری چینایەتی یان نەتەوەیی فارس یان رژیمی ئیسلامی. ئەی مەترسییەکە لەکوێدایە؟

گرفت لەجۆرە، لەناوەڕۆکی گۆرانییەکانە. گرفت و مەترسی لەبێهەڵوێستی سیاسی ئەم هونەرمەندە نییە، بەڵکو لەو داناییانەیە کە دەیگوازێتەوە، یان بابڵێین دەبێتە نوێنەری باڵانوێنی ئەم دونیابینیە. زۆر لەئێمە جوانتر، شاملو شیکردووەتەوە کەچۆن حافز ئەگەر داهێنەریش نەبووبێت، ئەوا گەشەپێدەری کولتوورێکی زاڵە لەکۆمەڵگای فارسیدا کەکولتووری»شاردنەوە»و «دووڕووییە». شیعری حافز لەڕووی شیعرییەوە ئاستێکی باڵای هەیە، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە هەموو کات خوێنەر دەخاتە نێوان دووڕیانێک؛ ئەم شیعرە بۆ خودا گووتراوە یان بۆ بەندەی خودا؛ بۆ خودایە یان بۆ کچێک؛ عیرفانیە یان دڵدارانە. زۆر کەس ئەمە بەبەرزی هونەری شیعری حافز دەزانن؛ بەڵێ وایە، ئەمە لەڕووی «هونەری شیعرییەوە» بەرزە، بەڵام لەڕووی «هونەری ژیانەوە» جێگای پرسیارە، مرۆڤ دەبێت چەندەها جار لەخۆی بپرسێتەوە کە چی ناتەواوە لەم کۆشکە رازاوەدا. پرس لەوەدا نییە کە شاعیرێک چۆن بەهۆنینەوە شتە سادەکانی ژیان جوان دەکات و مرۆڤی بێزار لەسادەبێژی زیندوو دەکاتەوە. لەلای حافز گرفت لەوەدایە کەئێمە قەد لەم پرسیاری سادەبێژی-هۆنەرمەندییەدا نامێنینەوە؛ یانی پرسیار ئەوە نییە زمان شیعرە یان ئاخاوتنی رۆژانە. لای حافز، هەموو کات، لەگەڵ ئەم پرسیارەدا، یان با بڵێین زۆربەی کاتەکان، ئێمە پرسێکی دیکەیشمان لەگەڵدایە «ئەم شیعرە بۆ کێ گووتراوە؟» ئەم جۆرە شیعرە رێخۆشکەرێکی جیددی کولتووری دوورڕووییە. ئەم جۆرە بینینە هەوێنی دونیابینی شاردنەوەیە. ئەگەر شیعر وەک هونەر، بریتیە لەخوێندنەوەی ژیان، هەوڵە بۆ جوانترکردنتی ژیان، پێویستە ئەم خوێندنەوەیە راستەوخۆ لەگەڵ خودی ژیاندا بکرێت، نەک ئەوەی پێش گەیشتن بەمە پرسیار لەخۆمان بکەین ئەم شیعرە بۆ کێیە، یان بۆ چییە؟ بۆ ژیانە یان نا؟ حافز هەتا ئێستاش شاعیری زاڵی کولتووری تایبەتی ئەدیبان و هەروەها کولتووری جەماوەری فارسزمانی ئێرانییە. لەمەدا سەعدیش تاڕادەیەک تەواوکەری حافزە.

شەجەریان بەشێکە لەم داناییە؛ شەجەریان درێژەدەری ئەم کولتوورەیە. مەلایەک بەهەمان رادە چێژی لێدەبات کەکوڕێکی عاشقی کچێکێک خۆی تێدا دەبینێتەوە، چونکە بۆ ئەوەی یەکەم، ئەم گۆرانییە وەسفی خودای خۆیەتی. گۆرانی دەرهاوێشتراو لەدیوانی حافز هاوکات گۆرانی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئیماندارو گۆرانی کوڕو کچی دڵدارە. ئەم جۆرە داناییە بەتەواوی خۆی لەگەڵ کولتووری ستەمکاری رژێمی ئێران رێکخستوە؛ هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکانیش لەڕاستیدا پاڵنەرو گەشەپێدەری ئەم جۆرە داناییەن. بەڵام ئەم شێوازە لەدانایی بۆ نوێنەرانی خۆش دەنوێنێت، چونکە لەلایەک دەتوانن خۆیان وەک بەرهەڵستکار دەرخەن، لە لایەکی دیکەیش کەڵک ببینن لەو مەودایانەی رژێمە دیکتاتۆرەکان بۆیان دەڕەخسێنن. ساویلکەییە ئەگەر ئەمڕۆ وابزانین رژێمی ئێران دژی شەجەریانە؛ چونکە ئەوان باشتر لەهەموو کەس دەزانن کەئەم جۆرە کولتوورەیە کەزامنکاری ئەم جۆرە رژێمانەیە بەهەموو بێدادیەکانیەوە.

با پێش لەچەن رەخنە بگرین: شەجەریان شیعری شاعیرانی وەک خەیام و مەولانایشی وتووەتەوە. بەڵام پرسیار لەمەدا نییە؛ پرسیار ئەوەیە، کامەیان دانایی زاڵە؟ پرسیار لە بوون و نەبوون نییە، پرسیار لەکەمتر و زۆرترە.

هەندێ کەسیش دەتوانن بڵیین راستە، ئەم کولتوورە هەیە، بەڵام ئەمە نە حافزو سەعدی و دواتریش نە شەجەریان ئەمەیان ویستووە. بۆ ئەوانەی پێشوو لەوانەیە ئەم رەخنەیە تاڕادەیەک رەوا بێت، بەڵام بۆ شەجەریان ئەمە زۆر رەوا نییە؛ هونەرمەند خۆی بەپێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ جەماوەرەکەی هەیەتی چارەنووسی «جۆری» هونەرەکەی دیاری دەکات. کەسێک دەتوانێت بەوتنەوەی شیعری مەولانا خۆی بەگۆرانبێژێکی رەوتی عیرفانی دەرخات؛ کەسێکیش دەتوانێت بەوتنەوەی خەیام گۆرانی بۆ ژیان بڵێت؛ لەهەموو ئەمانەدا لایەنگرەکان تایبەتن. بەڵام بژاردەی هەردووکیان دەرئەنجامی فرەوێژی شۆڕشگێڕانەی بێکردەیە کەهیچکات دەست لەگرفتەکە نادات. هونەری شەجەریان، هونەری خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخ؛ لەم کولتوورەدا، هونەری شەجەریان، وەک حافزو دەیان کەسی دیکەی پێش خۆی، یارییە لەنێوان خۆشویستنی ژیان و شاردنەوەی ئەم خولیایە؛ جیاوازی نێوان گۆرانییەکانی پێش و پاش شۆڕشی ئیسلامی شاهێدی ئەمەن. دەرئەنجامی هونەری هاوچەشنی شەجەریان، بووەتە هونەری «هەموو تەفسیرو راڤەیەک رەوایە». ئەوەی کەهونەر بێلایەن نییە بەمجۆرەیە، هەموو کولتوورێک هەڵوێست نواندێکە بەهەموو لق و پۆکانییەوە. ئەم هونەرە هونەری نوخبەوی باڵا نییە؛ هونەری گونجاندنی جەماوەرە لەگەڵ دۆخدا، هونەری فێرکردنیانە بەیاریکردن بەژیان؛ هونەری خۆدزینەوەیە لەپرسە سەرەکییەکانی ژیان؛ هونەری شاردنەوەی راستییەکانە؛ ئەم هونەرە، هونەری مامۆستایانەیە، تەکنیک بەرزە؛ بەڵام هونەری بەسۆزو جۆشی ژیان نییە؛ ئەم هونەرە، بۆ خاوکردنەوەیە هەم لەگوێگرتندا، هەم لەژیان. هونەری لەم جۆرە نە لەشێوازی هونەری یۆنانی کۆنە، کە ئامانج ململانێی خود بوو لەگەڵ خود، نە لە شێوازی مۆسیقای کلاسیکی ئەوروپی، کەگوێگر دەبێت شارەزا بێت لەگوێگرتنی و دواتر بزانێت کە بەپێچەوانەی رواڵەتە هێمنەکەی دونیایەک وروژانی نەستەکانی تێدایە.

ئەم جۆرە رەخنەیەی کەئێمە باوەڕمان پێیەتی، چەندە رووی لەهونەرمەندە وەک سەبەبکار، ئەوەندەیش رووی لەکولتوورێکە کەگەلێک مەزنترە لەحافزو سەعدی و شەجەرییان و کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئەم سەرنجەش گرنگە کەخاڵی پێچەوانەی ئەم کولتوورە خاڵی رەتدانەوەو وەدەرنانی راڤەو تەفسیری جیاواز نییە؛ هەڵوێستی توندئاژۆی کەسی بێمێشک نییە. هەڵوێستی پێچەوانەی دۆخی دووڕوویی، هەڵوێستی دووانی راستەوخۆ لەژیانە بەهەموو خۆشی و ناخۆشیەکانییەوە، هەڵوێستی ئامادەبوون بۆ چێژبینینە لەهەموو دەلاقە جۆراوجۆرەکان. هەڵوێستی دژی «شاردنەوە»، گەڕانەوەی سۆز، جۆش و خرۆش و تامە بۆ هونەر.

لەئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیدا حافز جێگاپەنجەی کاریگەریی دیارە. بەڵام سەرەڕای ئەم کاریگەرییانە، ئەدەبی کوردی بەڕێچکەیەکی دیکەدا رۆیشتووەو ئەمە جێی خۆشحاڵییە؛ ئەوەی کەئەم شاعیرە شاعیری زاڵی نەتەوەی دراوسێ نییە کە لەکولتووری ئێمەدا ئومێدبەخشە. تەرجیعبەند زۆرە لەشیعری حافز، بەڵام هەمووی بەناوەڕۆکی جیاوازەوە. ژمارەی ئەو وەرگێڕانانەی لەشیعرەکانی خەیام لەبەردەستن وەک گۆران، هەژارو هتد، زیاتر دڵخۆشمان دەکەن بەڕەوتی کلاسیکی شیعری کوردی؛ لەناوەرۆکدا شیعری کلاسیکی کوردی هاوشێوەی خەیامە تاکو حافز، ئەمە شتێکی باشە. شیعری کلاسیکی کوردی و دانایی کلاسیکی کوردی زۆر کەم لەحافز دەچێت؛ لەلای خانی و نالی، رەوت، رەوتی ژیانە، نە شاردنەوە. بەڵام ئایا ئەمڕۆ نە لەلای ئەدیبان، بەڵکو لای جەماوەری کوردستانی، ئەمە هەر بەهەمان شێوەیە. زەنگی مەترسی بەڕاستی لیرەدایە؛ ئایا بەشێک لەچین و توێژەکانی کوردستان لەسەر هەمان کولتوور پەروەردە بوون کە نالی، خانی، گۆران و شێرکۆ بینیویانە؟ 

ژیان جۆراوجۆرە، فرەچەشنە، هەمەڕەنگە؛ ئەوەی ژیانی دەوێت راستەوخۆ لێی دەدوێت، سۆفی بێت یان دڵدار. بەڵام هەندێ کەسیش هەن کەژیان تەنها بەیەک جۆر دەبینن و هەوڵی پەراوێزخستنی جۆرەکانی دیکە دەدەن. پرسیار لێرەدایە، هونەرمەندی هاوشێوەی شەجەریان چۆن خۆی دەبینێتەوە؟ بەدڵنیاییەوە، هونەری ئەو، هونەری چڕین نییە بۆ ژیان وەک خۆی. بەڵام لەلایەکی دیکەیش و لەبەرانبەر تەسک بینانی ژیاندا، شەجەریان زانیبێتێ یان نەیزانی بێت، خۆی لەگەڵ ئەم دەستەدا گونجاندووەو هونەرەکەیشی هونەری خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخ. نیچە لە «لەدایکبوونی تراژیدی» و «ویستی دەسەڵاتدا» فێری کردووین، ژیان بانترە لەهەموو شت؛ لەزانست، لەهونەرو لەهەموو شتێک. پێوەری باشی و خراپی هەموو ئەمانە لەوەدایە کەچۆن لەژیان دەدوێن. شاردنەوەی حەزو شاردنەوەی روانینەکان راڤەی ژیان نییە، هونەری واڵا نییە؛ «هونەری» خۆدزینەوەیە لەژیان، جا بەهەر جلوبەرگێکەوە رازێندرابێتەوە


ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە