"چەپکێک گوڵ" لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی و عیرفانی وردە لە شاعیر و شیعرە کلاسیکەکان، گەڕانە بەناو مانا و چەمکە عیرفانییەکانی نێو ئەو شیعرە کلاسیکیانەی ئەدەبی کوردی کە لە فەرهەنگی ئەدەبی ئێمەدا ئامادەییان هەیە.
ئەم کتێبە لەلایەن "فەرهەنگ قەرەنی"یەوە نووسراوە و کتێبخانەی مەم و زین لە هەولێر چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.
وابڕیارە ڕۆژی پێنجشەمە 15/10/2020 کاژێر (5)ى ئێواره لە کتێبخانەی مەم و زین بە ئامادەیی نووسەر "فەرهەنگ قەرەنی" بڵاوبکرێتەوە.
کتێبێکە لە دووتوێى (145) لاپەڕه له (ناوەندی سارا) لە شارى سلێمانی چاپكراوه، له پێشەکی و حەوت بەش پێکهاتووە.
بەشی یەکەم: قوڵبوونەوە لە شیعر، کە تیایدا چەند پێناسە و تێڕوانین و بیروڕای کەڵە نووسەران لەبارەی شیعرەوە خراوەتەڕوو، لەگەڵ ڕەگەزە بنچینەییەکانی شیعر.
بەشی دووەم: ئایا شیعر و هۆنراوە و هەڵبەست جیاوازن؟ کەتیایدا چەند سەرنجێک خڕاوەتە ڕوو.
بەشی سێییەم: ئەو(مانی)یەی ناو شیعری کلاسیکی کوردی کێیە؟
لەم بەشەدانموونەی شیعری (25) شاعیری کورد هێنراوەتەوە کەباس لە (مانی) دەکات و کورتەیەک لەژیاننامەی ئەو وێنەکێشە خراوەتەڕوو.
بەشی چوارەم: ئاین لەچەمکەوە تا واقیع لەشیعری کلاسیکی کوردی.
لەم بەشەدا نموونەی شیعری (١١)شاعیر هێنراوەتەوە لەبارەی ئاین لەچەمکەوە بۆ واقیع.
بەشی پێنجەم: چەمکی (لولاک) لەشیعری کلاسیکی کوردی چۆن مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
لەم بەشەدا ڕەنگدانەوەو مامەڵەی چەمکی (لولاک) لەشیعری کلاسیکی کوردیدا نموونەی (31) شاعیری بۆ هێنراوەتەوە.
بەشی شەشەم: خۆ بەنزمزانینی شاعیران.
لەم بەشدا زیاترلە (40) نموونەی شیعری شاعیرانی کلاسیک هێنراوەتەوە لەبارەی خۆ بەنزم زانین لەئاست دڵدار و خۆشەویستەکانیان جا خۆشەویستی حەقیقی بێ یان مەجازی.
بەشی حەوتەم: مامەڵەی شاعیرانی کلاسیکی کوردی لەگەڵ نەفس.
لەم بەشەدا پێناسە و جۆرەکانی نەفس خراوەتە ڕوو پاشان نموونەی شیعری (43) شاعیری کلاسیکی بۆ هێنراوەتەوە .
نووسەر بۆ نووسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە سوودی لە (58) سەرچاوەی وەک کتێب، دیوانی شاعیرانی کلاسیک، ماڵپەڕەکان وەرگرتووە.