Friedrich_Wilhelm_Nietzsche.jpg

نیتچە ، سەرەتایەک بۆ ژیان و فەلسەفەکەی

نووسینی: پۆڵ ستراتێرن - وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

لە سەرەتای چاخی مەسیحیەتدا فەلسەفە خەوی لێکەوت. خەوتووەکانی ئەم سەردەمە سەرەنجام خەونی فەلسەفیی خۆیان تۆمارکرد، ئەو فەلسەفەیەی کە بە سکولاستیک ناسرا و ئاوێتەیەک بوو لە هزری ئەرستۆیی و دەستوورەکانی کڵێسا.

لە سەدەی حەڤدەیەمدا و بەهاتنی دیکارت و گوتە بەناوبانگەکەی (من بیردەکەمەوە کەواتە هەم) لە ناکاودا فەلسەفە لە خەونی چاخناوەندیی خۆی بە ئاگاهاتەوە. ئەوە بوو چاخی ڕۆشنگەری دەستی پێکردبوو. هۆشیاری بەسەر لۆژیکدا زاڵ بوو. بەڵام دیکارت بە تەنها بیرمەندە خەوتووەکانی بە ئاگا نەهێنایەوە، بەڵکو ئینگلیزەکانیشی بەئاگا هێنایەوە، ئەو ئینگلیزانەی کە بە پێداگرتن لەسەر ئەوەی هۆشیاری لەسەر کۆڵەکەی ئەقڵ بەند نییە؛ بەڵکو لەسەر ئەزموون بەندە، وەڵامی ئەنگێزە ئەقڵییەکانی دیکارتیان دایەوە. زۆری نەخایاند کە ئەزموونگەر (Empiricist)ە ئینگلیزەکان بە کەمکردنەوە لە ڕۆڵی ئەقڵ؛ فەلسەفەیان دابەزاندە ئاستی پەیبردنی پێنج هەستپێکەرە ناسەقامگیرەکەی ئادەمیزادەوە. دیسانەوە فەلسەفە دووچاری مەترسیی خەولێکەوتن بۆوە.

پاشان لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەمدا (کانت) لە خەونی چاخناوەندییانەی خۆی بە ئاگا هاتەوە و سیستمێکی فەلسەفیی وەهای دامەزراند کە چەندەها جار فراوانتر بوو لەو سیستمەی کە خەوی لە فەلسەفەی چاخەکانی ناوەڕاست (یان سەدەکانی ناوەڕاست) خستبوو.

لە سەرێکی تریشەوە کاردانەوەی هیگڵ لە ئاست ئەم هەڵوێستە خەولێخەرەدا دامەزراندنی سیستمێکی فەلسەفیی گەورە بوو کە لە تەختی خەوێکی فراوان دەچوو. پاش هیگڵ، شۆپنهاوەر میتۆدێکی جیاوازی گرتە بەر و بای ساردی فەلسەفەی خۆرهەڵاتی بەسەر تەختی خەوی هزری کانتی دا برد. هزری شۆپنهاوەر بووە مایەی بە ئاگاهێنانەوەی نیتچەی لاو کە بە هوروژمیەوە بۆ ناو زریانی ساردی بیری ئەو؛ فەلسەفەیەکی پڕ هەراوزەنای وەهای دامەزراند کە دەیویست تا ماوەیەکی زۆر هەمووان بە ئاگا بهێنێتەوە.

ژیان و کارەکانی نیتچە

بە هاتنی نیتچە سەرلەنوێ فەلسەفە گڕوتین و توانای خۆی بەدەستهێنایەوە. بەڵام ئەمجارەیان بە شێوەیەکی جیاواز لە پێشوو. لە سەدەکانی ڕابردوودا فەلسەفە لەسەر فەیلەسووفەکان قۆرخ بوو، بەڵام لەگەڵ نیتچەدا فەلسەفە خرایە بەردەمی هەمووان. سەرەنجام نیتچە شێت بوو، شێتییەک کە دەتوانین ئاسەواری لە دوا کارەکانیدا ببینینەوە.

بەڵام بیر و بۆچوونە هەژێنەرەکانی ئەو ماوەیەکی زۆر بەر لە شێتبوونی خرابوونە ڕوو و بێگومان هیچ پەیوەندییەکیان بە کێشە دەروونیەکانی دواتریەوە نەبوو. ئەو بیروبۆچوونانە پێشبینی بوون بۆ شێتییەکی دەستە جەمعی کە دواتر و لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کاریگەریی کارەساتباری خۆی لەسەر ئەوروپا جێهێشت و، ئەوەتانێ ئێستاش وا سەرلەنوێ نیشانەی خەتەرناکی ئەو شێتییە دەبینینەوە.

ناولێنانی بۆچوونە دیارەکانی نیتچە بە فەلسەفە ئاسان نییە، چ کاتێ باسی (باڵامرۆ-سۆپەرمان) و (گەڕانەوەی هەتاهەتایی)، (ئەو بیرۆکەیەی کە ئێمە بۆ هەتاهەتایە ئەژینەوە) دەکات و، چ کاتێکیش کە تاقە ئامانجی ژیار لە پەروەردەکردنی مرۆڤە گەورە و دیارەکانی وەکو گۆتە و ناپلیۆن و خۆیدا دەبینێتەوە. تێڕوانینی ئەو بۆ (ئیرادەی هێز- Will to power) وەک حوکمدانێکی گشتی سادە و بێمانا دێتە بەرچاو. تەنانەت ئەکرێ بڵێین کە یەکەخوازی (یان یەکێتیخوازی) یەکەی فرۆیدا زیرەکانەتر و مەبەستە نادیارەکانی شۆپنهاوەر قانعکەر ترن.

وەکو زۆر لە تیۆرەی دی پرنسیپی ئامادەگیی گشتگیرانەی (ئیرادەی هێز) توخمێکی بەدگومانیی نەخۆشانەی تێدا هەیە. (هەڵبەتە ئەم حوکمەی نووسەر ڕەقی و توندییەکی تێدایە و لە هەندێ شوێنی تریشدا هەست بەمە دەکەین، دەشێ ئەم حوکمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە نووسەر خۆی سەر بە فەلسەفەی ئەنگلۆساکسۆنە- و. کوردی) بەڵام بیروبۆچوونە فەلسەفیە واقعییەکانی نیتچە چ سەبارەت بەوانەی پێش خۆی بوون و چ ئەوانەی دوای خۆی، زۆر درەوشاوە و قایلکەرن. وەختێ لە کارەکانی نیتچە دەکۆڵینەوە، پەی بەوە دەبەین کە بە ڕاستی فەلسەفە پایەیەکی پڕ بایەخی خۆی هەیە، ئەمەش شەوق و تامەزرۆییەکی گەورەمان لا دەوروژێنێت.

کاتێکیش ئەو وەکو ئامرازێکی شیکاری چەمکی (ئیرادەی هێز) بەکاردەهێنێت، توانای ئەوەی دەبێت پەی بە توخمە پێکهێنەرەکانی ئەنگێزەی مرۆیی بەرێت. ئەو ئەنگێزانەی کە بەر لەو ژمارەیەکی کەم لە بیرمەندان توانیبوویان دەرکیان پێ بکەن. ئەمەش ڕێی بۆ نیتچە خۆشکرد تا لە ڕێی پەردە هەڵماڵین لە ڕووی ئەو بەهایانەی کە لەو ئەنگێزانەوە سەرچاوەیان گرتووە و، هەروەها شوێنپێهەڵگرتنی پەرەسەندنی ئەو بەهایانە لە پانتاییەکانی مێژوودا؛ ڕۆشنکەرەوەی پایەکانی ژیار و کەلتووری خۆرئاوا بێت.

گەرچی نیتچە سەبارەت بەو شێواندنە بێمانا و خەتەرناکەی دەرهەق بە فەلسەفەکەی کراوە درێخیی هەیە، بەڵام دەبێ دان بەوەدا بنێین کە زۆربەی ئەو شتانە لێکدانەوەیەکی خراپ و بێ ئاستی کارەکانی ئەون. نیتچە جگە لە لۆمەکردن و سووکایەتی هیچی تری بە فاشیستەکانی سەردەمی خۆی ڕەوا نەدەبینی. لە دوژمنایەتیکردنی جوولەکە بێزار بوو، بیرۆکەی نەژادی ڕەسەنی ئەڵمانیش بەلایەوە لە گاڵتەیەک بەولاوە هیچی تر نەبوو. بێگومان ئەگەر نیتچە تا دەیەی 1930 بمایە و لە ڕووی دەروونیشەوە تێنکەچووایە؛ بەرامبەر بەو ڕووداوە کارەساتاوییانەی لە وڵاتەکەیدا ڕوویاندا؛ بێدەنگ نەدەبوو.


ئەم بابەتە 48 جار خوێندراوەتەوە