Baxtyar_hamaswr.jpg

شەش سەرنج لەسەر شەش چیرۆکی هەڵبژێردراو لە بیستوسێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژدا

بەختیار حەمەسوور*

 

١/ چیرۆکی «باخچەی پۆستاڵەکان»، نووسینی کارزان عەلی

جەنگ لە ئەدەبیاتدا تێمایەکی کۆن و دەتوانێت هاوکات و هەمیشەش نوێ بێت، دیارە ئەمەش دەکەوێتە سەر ڕوانین و گۆشەنیگا، یان کامێرا و چاوی ڕاوی، لەو سووچ و کەلینانەنەوە لەم تێمایە بڕوانێت کە پێشتر درک نەکراوە و نەڕوانراوە. «باخچەی پۆستاڵەکان» لە هەوڵێکی لەو جۆرەدا، تێمای جەنگ دەنووسێتەوە. چیرۆکەکە لە خێزانێکی قەیراناوییدا ڕوو دەدات، خێزانێکی قەرەباڵغ، هەژار و کڵۆڵ. چیرۆکنووس لە یەکەم ڕستەوە تاکو کۆتایی لە تەقەللای ئەوەدایە بارودۆخ بسازێنێت، خوێنەرەکەی بخاتە دۆخی قەراناویی چیرۆکەکەوە، ئەمە ڕوو دەدات، لە نێوان دێڕ و بندێڕەکاندا، لەو جێیەدا کە نایەڵێت ڕستەکان ببن بە پاراگرافی پڕ و ڕەشبووەوە، بە ڕستەی کورت و برووسکەیی و ڕیتمی خێرای گێڕانەوە، فەزا دەخولقێت، قەیران دەسازێت، زمانیش وەک هاوکار و یارمەتیدەر، ڕەنگڕێژی ئەم بارودۆخە دەکات. کارێک کە وریایانە کراوە، ئەوەیە جەنگ لەم چیرۆکەدا، جەنگێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو جەنگ وەک گشتێک چاوی لێ کراوە. ڕەنگە زمانی مەیلەوشاعیرانەی چیرۆکەکە کەمێک ناتەبایی لە زەینی خوێنەردا دروست بکات، زمانێک کە لە دوایین ڕستە و ناونیشانیشدا دەگاتە تەشق: «شار دەبێتە باخچە. باخچەیەکی گەورە. باخچەیەکی گەورەی پۆستاڵی گوڵین.»، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی کۆی چیرۆکەکە، دەتوانین جۆرێک لە پاساو بدەین بەم زمانە؛ وێرانکاری جەنگ و تەحەموول‌نەکراویی، نواندنەوەی لە زمانێکی هێور و شاعیرانەدا یارمەتیمان دەدات باشتر بیبینین و بەنەفرەتی بکەین، هەڵبەت بە مەرجێک: ئەم زمانە بەرەو جوانکردن و خۆشویستی جەنگ و کوشتن و خوێن نەکشێت و نەڕوات، لەم ڕوانگەیەوە، «باخچەی پۆستاڵەکان» مۆری سەرکەوتنی خۆی دەچەسپێنێت.

 

٢/ چیرۆکی «بەداخەوە، دۆراس ئەم چیرۆکە ناخوێنێتەوە»، نووسینی ئەحمەد ئەیاد محەمەد

یەکێک لە سیماکانی چیرۆکی مۆدێرن دەرچوونە لە ڕواڵەتبینی و بەردەستی شتەکان و چوونە قووڵایی شتەکانە، واتە کاتێک دیاردە و دەرکەوتەکان لە کات و شوێندا دەنوێنێتەوە، کاریگەرێتیی لەسەر کارەکتەر و کۆی ڕەگەزەکانی چیرۆکەکە دەبێت، نەک بێ وەزیفە و لەخۆڕا و زۆرجاریش ئارەزوومەندانە، مەسرەف بکات و بیانترنجێنێتە چیرۆکەکەیەوە. «بەداخەوە، دۆراس ئەم چیرۆکە ناخوێنێتەوە» چاوی لەم کاریگەرێتییە و لەم بەستێنەدا ڕوو دەدات. باڵەخانە، وەک شوێنێکی مۆدێرن، هەستی تەنیایی و گوشراوی لە کەسێتی چیرۆکەکەدا ختووکە دەدات و دننەی خۆکوژییەکی ئاناتۆمی تێدا دەچێنێت و دواجاریش لە واقیعدا، دەگات بە خۆکوژییەکی سەرگرتوو. ئەسەفێک لە ناونیشانی چیرۆکەدا هەیە، مارگرێت دۆراس ئەم چیرۆکە ناخوێنێتەوە، لێک نزیکی دنیای دۆراس و چیرۆکەکە ڕەنگە قورس بێت، بەڵام دنیای دڵڕەقانە و زبریی شار، دەتوانێت نوختەیەکی هاوبەش بێت. ئەم چیرۆکە بە شوێنپێیی خۆکوژییدا دەچێت، برای خۆکوشتووەکە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا هەڵدەگرێت، لەمیانی کۆمەڵێک دەرکەوتەی شار و شەقام، فاشیۆن و... کارەکتەرەکە بریندار دەبێت، هەست بە جۆرێک لە نوقسانی دەکات، لە خۆیدا نا، لە شوناسیدا. چیرۆکەکە جیاوازیی نێوان دوو شارستانییەت دەردەخات، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. وشەی "ناهارمۆنیانیەت" و جۆرێک لە ناسازیی و هەستی شۆکهێن، بەردەوام لە نێوان ڕستەکاندا بزۆکانە دێن و دەچن و خوێنەریش دەخەنە هەمان هەستی پێکگرتن و بەراوردی ئێرە و ئەوێ و گوتاری چیرۆکەکەش وەک ململانێی نێوان ئەو دوو کولتوورە زەق‌وزۆپتر دەبێت. بە دوادیمەن؛ جێگیرکردنی کامێرا لە نهۆمی چوارەمەوە بۆ سەرشەقام، جۆرێک سەرەگێژە و ترسان پێک دێنێت و ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵانەش ئاراستە دەکات: سەرەگێژە و ترسانی ئێمە لە ئەویتر و بەرزتەماشاکردنی ئەویتر.

 

٣/ چیرۆکی «پەنجە»، نووسینی سندی ڕێشاخ

ڕیالیزمی پیس ناوی جۆرێک لە گێڕانەوەیە، کە مێژووەکەی بۆ پاش دوو جەنگە جیهانییەکە دەگەڕێتەوە، زمان لەم جۆرە چیرۆکانەدا ڕووتە، بێپەردەیە، بە واتا باوەکەی؛ قێزەونە. ئەمەش لە پاش ئەو تێکشکانە هاتە ئاراوە کە ئەورووپای دوای جەنگ تێی کەوت، بەهاکان داڕمان و شەقامەکان پڕبوون لە سۆزانی و سەرسەریی، هاوکات زمانێکی هەرزان برەوی پێدرا، دواتریش ئەو زمانە تەرجەمەی ئەدەبیات بوو. چیرۆکی «پەنجە» بەم زمانە نووسراوە و لەم خانەیەدا جێکەوتە دەبێت، خاڵێکی گەش لەم چیرۆکەدا داڕشتنی دیالۆگەکانە، کە هاوشان لەگەڵ تێمای چیرۆکەکەدا دەڕوات و فەزای گشتی بەرجەستە دەبێت. «پەنجە» لە ئاستی ناوەڕۆکدا توانیویەتی ئەو کەشە دڵتێکەڵهێن و پیسە بخولقێنێت، لە ئاستی فۆرمیشدا، بە تێکڕژانی ڕووداوی ساتەوەختی چیرۆکەکە و کارەکتەرەکان و ڕابردوویان، بازبازێنێکی سینەمایی و دڵەڕاوکێیەکی چێژبەخش، دەسازێت. خاڵێکی تر کە دەکرێ وەک ئیمکان و سەرەتایەک تەماشای بکرێ، دەتوانرێ بە کاڵکردنەوەی ڕستە و وەسفە زەق و پۆڕنۆییەکان (تاڵەدەزوویەک لە نێوان ڕیالیزمی پیس (وەک کارێکی ئەدەبی) و پۆرنۆگرافی (وەک کارێکی نائەدەبی)ـدا هەیە)، توانا شاراوەکانی ئەم شێوازە لە زمانە پتر کەشف بکرێن.

 

٤/ چیرۆکی «دڵی ناو شووشە»، نووسینی هێمن عوسمان

چیرۆکی «دڵی ناو شووشە» چیرۆکێکە لەپێناو ستایشکردنی خۆسەویستیدا، خۆشەویستییەک تێکەڵ بە فەنتازیا و سەرکێشی. یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم چیرۆکە زمانە، زمانێکی هێور و لەسەرخۆ، زمانێک کە دەتوانرێ بە زمانی مێینەیی لەناو زمانی کوردیدا وەسف بکرێت. "لاس" کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەیە، چیرۆکنووس بە ئاماژەیەکی شاراوە، بێ ناوهێنانی داستانە کۆنە کوردییەکە و ناوی "خەزاڵ"، لەمیانی ڕووداو و چنینی چیرۆکەکەیەوە، سەرنجمان بۆ ئەو داستانە ئەڤیندارییە ڕادەکێشێت. پاش ئەوەی خۆشەویستەکەی لاس لە ڕووداوی جاددەدا دەبێت بەژێرەوە و دەمرێت، لاشەکەی دەبرێتە ساردخانە و لاس لە ڕێیەکی پێچاوپێچەوە دەچێتە ئەوێ و دڵی خۆشەویستەکەی دەردەهێنێت و دەبات. ناونیشانی چیرۆکەکە لەم نوختەیەدا سەر دەگرێ و دڵی خۆشەویستەکەی لاس، لە ژوورەکەی لاسدا، لەناو شووشەیەک دەخرێت. ڕووەکان لەم چیرۆکەدا بە ڕیتمێکی خاو و هێواش دەڕۆنەپێش، دیمەنەکان لەوپەڕی فراوانیدا دەکێشرێن. چوارچێوەی چیرۆکەکە لە نێوان چوار کەسێتیدا تاوتووێ دەبێت؛ چیرۆکنووس و خۆشەویستەکەی، لاس و خۆشەویستەکەی، ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ دەستگۆڕکێ و تۆنگۆڕکێی لە گێڕانەوەدا. لێدانی دڵ لەو جێیە تەنگەی ناو شووشەکە لە دەستپێک و کۆتایی چیرۆکەکەدا، هاوکات دابەشکردنی چیرۆکەکە بەسەر دوازدە بەشدا (وەک ئاماژەیەک بۆ دوازدە مانگی ساڵ)، دەرخەری ئەم ئایدیایەیە: زیندووێتیی خۆشەویستی لە هەموو کات و شوێنێکدا.

 

٥/ چیرۆکی «تالیا»، نووسینی تێکۆشەر خالید

یەکێک لە ڕێساکانی چیرۆکی مۆدێرن، کە بناغەداڕێژەرەکەی هەمنگوەییە، ئەمەیە: «وەسف مەکە، پێشان بدە.» ئەم ڕێسایە جیا لەوەی ڕێ لە وەسف و زیادەی ناو چیرۆک دەگرێت، هاوکات دەتوانێت تێکەڵ بە هونەری سینەماش ببێت و بەئاسانی بکرێت بە وێنەی جووڵاو. چیرۆکی «تالیا» لە وەها ڕێسایەک کەڵک وەردەگرێ. چیرۆکەکە لە خێزانێکی سێ‌نەفەریدا دەقەومێت، ژن و مێردێک و منداڵەکەیان: «تالیا». تالیا نوختەی ویژدانیی ئەم چیرۆکەیە، چیرۆک بە خاتری تالیا دەست پێ دەکات و بە خاتری ئەویش کۆتایی دێت. جەنگ ئەو خەرەندەیە کە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی چیرۆکەکەدا وردەوردە دەم دەکاتەوە و لە دوایین ڕستەکانیشدا لووشیان دەدات. چیرۆک، بە تینی لایتی پێشی ئوتومبێل لە شەودا (وەرگرتنێک لە پاتریک مۆدیانۆ) ڕووناکیی دەخاتە سەر ڕووداوەکان، بە یارمەتی دەوروبەر: ڕەشەبا، جەمەلۆن، ساردی و گەرمی ئاگردان، سەگ، گریان و گڕوگاڵی منداڵەکە و داواکانی ژنەکە، ساتبەسات دۆخی ناجێگیر و بەرزونزمی چیرۆکەکە هەڵدەکشێت. ئەم چیرۆکە دەتوانرێ وەک چیرۆکێکی کارڤەرییش بخوێنرێتەوە، ڕیمۆند کارڤەر، یەکێک لە قوتابییە زیرەکەکانی هەمنگوەیی، بۆ دروستکردنی کەشیی چیرۆکەکانی، سوودی بەرینی لە شتەکانی  دەوروبەر وەردەگرت، نەدەپەرژایە سەر ناخ و زەین، لە عەینیەت و بەرچاویدا چیرۆکەکانی ڕوویان دەدا.

 

٦/ چیرۆکی «دوو خولەک و پەنجاوسێ چرکە بە کاتژمێرەکەی دەستم»، نووسینی گۆران سەمەد

"جەستە" تایبەتمەندی چیرۆکی «دوو خولەک و...»ـە، جەستە لە دۆخ و کات و شوێنی جیادا. لە سەرەتای چیرۆکدا، کە دەیەی هەشتاکانی سەدەی بیستە (١٩٨٥)، جەستە لەتاو لەکارکەوتن و لەناوچوون، لە دۆزەخی هەڵایساوی بەعس هەڵدێ و ڕوو لە بەغداد دەکات، پاشان لەوێ ئەندامەکانی خۆی دەناسی و دەکەوێتە کار و ماندووبوون، پاشتریش لە سێکانسی کۆتاییدا، هەمان جەستە، دەگاتە چێژ: ئۆرگازم. لە لایەکی ترەوە جەستەی ئەوانی تریش دێنە ناو چیرۆکەکە و لە دۆخی جیاوازدا نمایش دەکرێن، جەستەی بوشڕە و سەمەر، ئەو دوو خوشکەی زەلکاوی بەغداد زەفەریان پێ دەبات و ناچار بە جەستەفرۆشییان دەکات: سۆزانی! چیرۆک لە گۆڕستان لەسەر لاشەی بوشڕە، دیسان (تەرم و جەستە)، دەگێڕدرێتەوە، "فواد" وەک شتێک داوا لە گۆڕ دەکات تەرمی بۆشڕە هەڵبێنێتەوە و لاشەکەی بخاتەوە سەر ئەرز. ئەمە ڕوونادات و لەو نێوانەدا گێڕانەوە جێی خۆی دەکاتەوە. کامێرای گێڕەرەوە بێئۆقرانە دێت و دەچێت، لە هەولێرەوە بۆ بەغداد، بۆ شەقام و گەڕەک و کۆڵانە پیسەکانی بەغداد، بۆ سەر دیجلە، کەڕاددە و غەوسی گەیلانی و... لەوێشەوە بە خەونێکی داهاتووانەوە بۆ سلێمانی و گەڕەکی سابوونکەران، دواجاریش سەر گۆڕی بۆشڕە. چیرۆک لە چوار پاژدا، بە چەند دیمەنی لێرەولەوێ، دەچنرێت، لە زمانێکی مەیلخوازانە بە ئیرۆتیک و حەزی جەستە، لە دوایین ڕستەدا، بە کاتی خایەندراوی سەعاتەکەی دەستی فواد، کۆتایی دێت.

 

* (ئەندامانی لیژنەی چیرۆک)

تێبینی:

- ئەم سەرنجانە لەو بڕیارەیە سەرچاوە دەگرن کە لەگەڵ هاوڕێیانی لیژنە (مامۆستا جەبار جەمال غەریب و د. حەمە مەنتک) بەر لە دەستپێکردنی فێستیڤاڵ لەسەری پێکهاتبووین و لە مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵیشدا ئەم بڕیارە ڕاگەندرا. سەرنجەکان بەکورتی و بەپوختین، چیرۆکەکانم بەپێی ئەو ڕیزبەندییەی لە کۆبەرهەمی فێستیڤاڵدا هاتووە، خوێندووەتەوە، نەک بەپێی خەڵات. ئاشکرایە ئەم (٦) چیرۆکە لە کۆی (٦٨) چیرۆک هەڵبژێردراون.


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە