دواى زیاتر له (47) ساڵ مامۆستایه‌تى و پێشكه‌شكردنى ده‌یان كتێبى ئه‌ده‌بى به خوێنه‌رانى به‌داخه‌وه فایرۆسى كۆرۆنا ئازیزێكى دیكه‌ى لێسه‌ندین، عوسمان هەورامی شاعیر و نوسەری ئەدەبی منداڵان بۆ هه‌میشه له یاده‌وه‌رى بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژدا ده‌مێنێته‌وه، چونكه ئه‌و یه‌كێك بوو له‌و سه‌دان كه‌سه‌ى بنكه‌كه‌مان به شانازیه‌وه رێزى لێناوه و به‌رهه‌مه و كاره‌كانى به‌رزنرخاندووه.
عوسمان هەورامی، كه ناوى ته‌واوى (عوسمان محه‌مه‌د ساڵح فه‌ره‌ج)ه، ناوێكى دیارى نێو دنیاى ئه‌ده‌به، به‌تایبه‌تى شیعر و ئه‌ده‌بى منداڵان، له‌م پێناوه‌شدا خزمه‌تێكى یه‌كجار زۆر كردووه، خۆى له دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنیدا زۆر به وردى باسى ژیانى خۆى ده‌كات، كه له مانگى 2ى ساڵى 1940 لە شارۆچكەی تەوێڵە لە دایكبووە و له ته‌مه‌نى (7) ساڵى له ساڵی 1947 لە خوێندنگاى تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن، به‌ڵام ساڵێك دواى خوێندن له ساڵی 1948 بۆ بژێوى ژیان رویان كردۆته شاری سلێمانی و له‌وێ درێژه‌ى به خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بەشی وێژەیی داوه و ته‌واوى كردووه.
له ساڵی 1959 له‌بەشی زمانی كوردی له كۆلیژی ئاداب له به‌غداد وه‌رده‌گیرێت، بەڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر هەژاریی تەنها دوو مانگ خوێندویه‌تی و به ناچاریی وازی له خوێندن هێناوه، ئه‌گه‌رچى زۆر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ داوه بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بێت له خوێندن و به‌شى ناوخۆیشى بۆ دابینكراوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه و گه‌ڕاوه‌ته بۆ شارى سلێمانى.
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا و له ساڵى 1959 بۆ خزمه‌تى جگهرگۆشهكانى كوردستان و خزمه‌تێكى دیكه‌ى به زێدى له دایكبوونى لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی كوڕان بوه‌ته مامۆستای كاتى و ساڵێك دواى ئه‌وه له ساڵى 1960 له شارى سلێمانى به‌شدارى خولى ڕاهێنانى مامۆستایانى كردووه، به‌مه‌ش توانیویه‌تى ببێته مامۆستا.
له ساڵی 1960 لە گوندی (چنارنە)ی سەر بە ناحیەی (بنگرد) به‌ته‌نها بوه‌ته مامۆستاى گونده‌كه به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و گونده یه‌ك مامۆستاى دیكه یاخود بنكه‌یه‌كى ته‌ندروستى تێدابێت، هه‌ربۆیه شه‌وانه بوه‌ته هاوڕێ و دۆستێكى ئازیزى گه‌وره پیاوانى دێكه و پرس و رایان پێكردووه و رێزێكى زۆریان لێناوه.
ساڵێك دواى ئه‌وه له ساڵى 1961 بوه‌ته مامۆستا له گوندى شێنێ و دوو ساڵ له‌وێ ماوه‌ته‌وه و خزمه‌تى كردووه، به‌مجۆره له زۆربه‌ى لادێ و شار و شارۆچكه‌كانى كوردستان وه‌كو مامۆستایه‌ك خزمه‌تى كردووه.
به‌هۆى ئه‌وه‌ى له زمانى عه‌ره‌بى و شێوه‌زارى هه‌ورامى شاره‌زاییه‌كى زۆرى هه‌بووه، له ساڵى 2003 تاكو 2006 وەک شارەزا لە خانەى وەرگێڕان کاریکردووە و له‌وێش خزمه‌تێكى زۆرى به بوارى ئه‌ده‌ب كردووه.
له رادیۆكانى كوردستانیش هه‌میشه ویستویه‌تى خزمه‌ت به گوێ‌گران بكات، هه‌ربۆیه له ساڵى 2003 تاكو 2007 له رادیۆى خاك به‌رنامه‌ى به ههوارامى پێشكه‌ش كردووه، بۆ ماوه‌ى (14) ساڵیش له ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان به‌رنامه‌ی (خه‌نده)ی پێشكه‌ش كردووه، هه‌روه‌ها له رادیۆى مه‌ده‌نیه‌ت به‌رنامه‌ى په‌روه‌رده‌یى بۆ منداڵان پێشكه‌ش كردووه.
تا له ژیاندا بووه، خزمه‌تێكى زۆرى زانكۆكانى كوردستانى كردووه، به‌تایبه‌تى بۆ وهرگێڕلنى شێوه‌زارى هه‌ورامى بۆ سۆرانى به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌و مامۆستا و دكتۆرانهى پێویستیان پێبووه بۆ نوسینى نامه‌ى ماسته‌ر و دكتۆراكه‌یان.
عوسمان هەورامی شاعیر، خاوەنی چەندین بەرهەم و بڵاوكراوەی شیعری منداڵانە، بەهەردوو شێوەزاری سۆرانی و هەورامی، هه‌روه‌ها خاوه‌نى زیاتر له (18) كتێبی بهچاپكراوه.
له پاى كاره‌كانى و ئه‌و خزمه‌ته‌ى له بوارى ئه‌ده‌بى و روناكبیریدا پێشكه‌شى كردووه، بنكه‌ى روناكبیریى گه‌لاوێژ رێزلێناوه، به‌داخه‌وه له رۆژى 15/10/2020 له ته‌مه‌نى (80) ساڵى به بە ڤایرۆسی کۆرۆنا له شارى سلێمانى کۆچی دوایى كرد.