Adonis.jpg

شه‌قام

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

شه‌قامێك/

وشه‌كان، شته‌كان دێن و ده‌چن له‌ شێوه‌ى كه‌ڵبه‌ و چڕنوك.

كوا ئه‌و چاڵه‌ى شوێنى فرمێسك ده‌بێته‌وه‌؟ شتێك، شتێك ده‌كوژێ،

مرۆڤیش به‌ ده‌ماره‌كانى په‌تێك دروست ده‌كا و پێیدا خۆى شۆڕ ده‌كاته‌وه‌.

موشه‌كى پاشا له‌سه‌ر جه‌سته‌ى منداڵه‌كانى وڵاته‌كه‌ى كلكى باده‌دا.

له‌ژێر داروپه‌ردوودا، جه‌سته‌ى كچێك گه‌نیوه‌ ناوى ژیانه‌.

پۆله‌ عه‌قیده‌كان له‌ناو باخچه‌یه‌كدا پیاسه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌رمى مرۆڤه‌كانه‌.

كتێبه‌كان به‌ هه‌وادا بڵاوده‌بنه‌وه‌ وه‌ك پرسه‌یه‌ك بۆ ئه‌بجه‌دییه‌تى دایك.

سوپاس بۆ غوبار كه‌ ئاوێته‌ى دوكه‌ڵى ئاگره‌كان ده‌بن تاوه‌كو جوانى بكا.

سوپاس بۆ فاریزه‌یه‌ك له‌ نێوان بۆمبێك و بۆمبێك.

سوپاس بۆ كۆشك كه‌ هێشتا تاقه‌تى هه‌نگاوه‌كانى ئێمه‌ى هه‌یه‌.

سوپاس بۆ به‌رد كه‌ ئارامیمان فێر ده‌كا.

خۆڵه‌مێش شازاده‌یه‌ و دانیشتووه‌ و به‌یعه‌ وه‌رده‌گرێت.

ئاسۆ ئامۆگارى هه‌واى كوڕى كرد ئه‌مڕۆ له‌ ماڵدا نه‌یه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌رێ ئه‌و ئاسمانه‌ مه‌مكێكى دیكه‌ى نییه‌؟

 

ده‌ریا

ده‌ریا جله‌ شینه‌كه‌ى داكه‌ند و

كیسێكى له‌ لم پۆشى.

ئاگر ده‌ورى په‌لوپۆى داوه‌ و

ئاسمانى چه‌شنى ده‌سرۆكه‌یه‌كى سوور نوشتاندۆته‌وه‌.

خه‌ڵك ده‌گه‌ڕان و پسه‌یان ده‌كرد، بۆ هیچ نا،

ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى بێگومان بن هێشتا زیندوون.

خودى ژیان په‌یمانه‌ى ژیان بوو.

شوێنێك بۆ نوزانه‌وه‌ نییه‌:

هه‌وا خۆى نوزانه‌وه‌یه‌/ له‌ جه‌سته‌ى كه‌شتیه‌كان و

له‌ شێوه‌ى ئاخه‌كان كه‌ ببونه‌ چارۆگه‌.

وه‌ك خه‌مێك بۆ هه‌واى نه‌خۆش/

دره‌خته‌كان ئاماده‌نه‌بوون سه‌ما بكه‌ن.

به‌ره‌به‌یانیش به‌ هه‌تاوى ده‌گوت: له‌ قسه‌كانت تێناگه‌م.

وشه‌كان هه‌موویان ببونه‌ دارستانێك بۆ یاده‌وه‌رى.

یاده‌وه‌ریه‌ك له‌ شێوه‌ى قامیشێك:

هه‌ر خۆتت به‌سه‌ردا نوشتاندبا، ده‌شكا.

 

داروپه‌ردوو

مانگ ئاوێنه‌كانى خۆى به‌سه‌ر داروپه‌ردوودا ده‌شكاند

له‌و كاته‌شدا به‌یروت گۆچانه‌كانى له‌ خوێن و خۆڵه‌مێش دروست ده‌كرد،

تا خۆى پێان بگرێ.

له‌وه‌ ده‌چوو ئاسمان زنجیرى له‌ پێدا كرابێ

ئه‌ستێره‌كان له‌وه‌ ده‌چوون خه‌نجه‌ر بن و له‌ كه‌مه‌ریدا گیر ده‌بن.

رۆژ چاوى ده‌گڵۆفێ و باوه‌ڕ به‌وه‌ ناكا ده‌یبینێ.

بگرى، به‌یروت: به‌ڵام فرمێسك به‌ ده‌سرۆكه‌ى ئاسۆ بسڕه‌.

جارێك نوسیت ئاسمان و هه‌ڵه‌ت كرد،

ئه‌وه‌ ئێستاش به‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ى یه‌كه‌مت ده‌نوسیته‌وه‌:

متمانه‌م پێته‌ كه‌ ئه‌بجه‌دیه‌تێكى دیكه‌ت هه‌یه‌.


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە