Gwlzar_HamaFaraj.jpg

نامەیەك بۆ نیشتیمانم

گوڵزار حەمە فەرەج

نیشتیمانم حەزم دەكرد كەنیشكێكی تازە ھەڵچوبای،

ھیچ زامێ دڵی تۆنەدۆزیایەوە،

 حەز دەكەم رابردوت لەئایندە مارە بكەم،چون ئەگەر ڕابردوت نەبوایە ئایندەشت رون نەدەبو،

نیشتیمان غوربەتت ساڵانی تەمەنم دەكێڵێ،

تۆ سپاردەیەكی دەستی گەردونی لە بەرگ و ناوەرۆكتەوە دیارە،

كەئاسۆی ئەرخەوانیت لەدەم كەل دیارە و رونە،

كەبەرگی گۆڤارەكانی پێ برازێنمەوە،

منیش باوەش ئەكەم بە قەتدا و ژیانێكی نوێ سەرەتاتێكێم لێ دەكات،

من بۆ دڵۆپە ئاوە یاخیەكانیشت ئەگەڕێم، تاتڕاویلكە شتە فڕە شیڕینەكانت بێنمەوە یاد،

من لەدەریای بەھەشتێكی نەدیدەدا سەوڵ لێ ئەدەم و،تڕاویلكەی ببینیت خەندە ئەخاتە سەر لێوم،

لەچاوەكانتا نیشتیمان دەیەھا پرسیار دەخوێنمەوە، كەچی سەری رازیبونم بۆت ڕادەوەشێنم و سۆڵەی ژیانم لە دەستی تۆ دایە،

كەمنداڵ بوم بەپشتی دایكمەوە شەتەك درابوم، ئەم ئێستەش بە پشتی تۆوە شەتەك دراوم،

وەك كۆترە باریكەی سەر شەقام چاوی شپرزەم بۆت دەگێرم، تاھەنگوینی لاویەتی تۆ بخۆمەوە،

شنە بای پایزانت، بەسەر چەمی جوانا ئەكشێ و تنۆكە ئاوی وەك مرواری ڕاپێچمان ئەداو موچركە بەلەشماندا دێنێت،

وەك پەلكە گوڵی تینو ئەگەشێینەوە،

نیشتیمانم ھەمو كات ئەكەومە دڵنەوایت و گەردنی بەرزت ماچ دەكەم،

چونكە حەزم بۆت وەك كۆترێكی سپی بێلانەو مەنزڵە بەسەر شاری ترسادا دەسوڕێتەوە،

وەك گەلاوێژی وەرزیی دەدرەوشێتەوە، و

لەساتەكانی كاروانی ئەستێرە كوژەدا بۆت وێڵ دەبم،

نیشتیمان ئەوساتانەت چەن دڵگیرن كە بەفر چاوشاركێ لەگەڵ خۆر دەكات،

ئایی چەند حەزم لەو ساتانەی كەژو پێدەشتتە،

نیشتمان خۆشەویستی تۆم بە میرات بۆ ماوەتەوە و، جریوەو بزان و گوزەری خۆڕ و مانگت لێی شارەزام،

بونی تۆش ڕەگی ژیانم پێ دەبەخشێ،

نیشتیمانم ھەنگاو بنێ بەرەو لوتكە،

خۆ ئەزانم ڕێگای ھەزار میل بەیەك ھەنگاو دەست پێ دەكات،

ئەزانم ھەمو سەرەتایەكیش گرانە،

من و تۆ ئەمڕۆ باڵی یەك مەلین،

تۆ بۆ گەشانەوەت و منیش بۆ بەرگڕی لێت،

زەویت ڕایەخ و ئاسمانت پێخەف و بەردی نەرمیشت سەرینم بێت.

نیشیتیمان كێوەكانت ئامێزیان بۆ تیشكی خۆر كردبۆوە،

بۆئەوەی فریای وەسیەتی خۆر بكەون، شادەماری ڕۆڵەكانت ببزوێنێت، كانیاوە تەپیوەكانیشت بتەقێت و، دارو بەردیش بخەنێتەوە،كانی بە بیستنی ناوی تۆ،

بیستنی ژیایەوە، و كزە بایی دەنگیش بوژایەوە،

ئەو كات لەگەڵ ئەستێرەو پەڵە ھەورەكانت دەدوێم و، باسی یادە فرە شیرینەكانت دەكەین،تا تراویلكەی خەندە بكەوێتە سەر لێوانت،

ھەرچەند بە كزەیەكی پڕ سەرزەنشتەوە لێم دەروانی و دەڵێی ئێستا وەك جاران بەرگریم لێناكەن،

دیارە لەمردن ئەترسن، ئەی نازانن ئەوەی بترسێ، ناخەلەسێ، مردنیش ھەر مردنە،

منیش ئەڵێم نا نیشیتمان، من لە بیلبیلەی چاوە ڕەشەكانتەوە چەشنە ئارەزویەك دەبینم كە ڕەگی ژیانم پێ دەبەخشێ،

وڵات پایزیت، لە پایزی ژیانی لاوانی دێ دەچێ،

بەڵێن بێت، تیشكی دزراوی خۆرت بۆ بگێرمەوە،

بەریتمی تازە نیگای مانگت بۆ شیرینتر كەم، نا ئازیزم بێ ھیوا نەبی لە من و لاوانی لادێت،

ھیوای ئەستێرەكانت بە نێرگزە جاری بەھار دەسپێرین و وەك كۆترە باریكە چاو بۆ خۆشی تۆ دەگێرین، چونكە چاومان بۆ ئەوە كراوە كە ڕاستی ببینێ، ئەگینا كوێری لە بێدەنگی باشترە،

لەگەڵ لاوە ھەرزەكارەكانی شارو سروشت مەبەستیانە ھەڵۆ نەمڕێ،

 بۆیە باری ماندوبونمان خستۆتە سەر چاومان و

 مژدەی خۆشی ئەدەین بە خانوە قورەكان،

كە ئاسۆی ئەرخەوانی چوز دەردەكات و،بزوتنەوەیەیەك بەبیری تەزیوماندا دێت، ڕۆژانی تەمەنی لاویمان بەرەو ئاوابون دەبەین لە پێناوت،

ئەوكات زەردەخەنەیەكی پڕ شادی و كامەرانی دەنیشێتە سەر لێوت و بە ئاسودەیی پێڵوی چاوە بێ ئۆقرەكانت لێك دەنێیت،

ئەوكات تیشكی مانگی زیوینت لە چاوەكانماندا پرشنگ دەدات و، فڕمێسكی شادومانی لە چاوە جوانەكانت وەك مرواری ئەدرەوشێنەوە،

بە پرسێكی راز ئامێز لێم دەروانیت و دەلێیت ئەوەبو ئەم ویست پێت

بڵێم كە بزانم ڕۆحی فیداكاریت ھێشتا تێدا ماوە بۆم،

منیش ئەڵێم ئەی نیشیتیمانم بەیانیانت ھێندە بێدەنگیەكی قورس و فەرمانرەوایە، ھیچ كەس ناتوانێ لە فەرمانی تۆ لادەر بێت ،

چونكە بۆنی خاكت مێشك و ھزرم ئاودەدات وەك گوڵێكی درەنگ ئاو دراو ئەگەشێمەوە پێت،

كاتێ چاو بە دەشت و دەرو سیمای جوانت دەكەوێ،

وەك ئەوەی خەیاڵێكی شیرین بەرم بدات، ئاوا رائەچڵەكێم لە جوانیت،

وەك بڵێی پەروەێنم ھەمو جوانی دونیایی لەتۆدا كۆكردبێتەوە،

سنعەتی خۆی لەتۆدا بەگەرخستبێ وایە.


ئەم بابەتە 86 جار خوێندراوەتەوە