Roza.jpg

ئازار - کورتە چیرۆک

ئەنتوان چیخۆف - وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: رۆزا حەمە ساڵح

گریگۆری بە پیاوێکی خواپێداو ناسرا بوو، ئەمەش لەبەر ئەوەی ساڵانێكی دوور و درێژ، شارەزاییەکی یەکجار زۆری لە بواری تۆڕنەچێتیدا ھەبوو، لە ھەمان کاتدا پیاوێکی زۆر گەمژە و ساویلکەش بوو. گریگۆری لە ھەرێمی (گالچینیسکوی) دەژیا، بۆ ئەوەی ژنە نەخۆشەکەی بۆ نەخۆشخانە بگوازێتەوە، دەبووایە بە گالیسکە و بە دووری بیست مایڵ لە کەشوھەوایەکی گەردەلوولی بەفراویدا، ڕێگایەکی زۆر سەخت و دژوار ببڕێت. ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو، تەنانەت بۆ شۆفێرێکی پۆستە و گەیاندنی دەوڵەتیش.

 بایەکی بە سوێ، ڕاستەوخۆ بەر روخساری دەكەوت، لە هەموو لایەكەوە بەفر بە باوە دەباری، تەنانەت مرۆڤ نەیدەزانی ئەم بەفرە لە ئاسمانەوە دەبارێت، یان لە زەوییەوە، لە ھەمان کاتدا، مەودای بینین نەمابوو، دنیا بووبووە تەمومژێکی بەفراوی چڕ، كێڵگە و دارستان و ستوونی كارەبا و تەنانەت هیچ شتێك نەدەبینرا. کاتێك لە پڕ، بایەکە بە ھەموو تەوژم و ھێزێکیەوە بەریدەكەوت، چاوەكانی نەیاندەتوانی هیچ شتێك ببینن، تەنانەت لغاوی ئەسپەکەشی نەدەبینی، ئەو ئاژەڵە بەستەزمانە، بە زۆر قاچەکانی لە ناو ئەو بەفرە سەختەدا دادەچەقاند و گالیسکەکەی ڕادەکێشا، پیاوە تۆڕنەچییەكە، بە سەختی خۆی لەسەر شوێنی دانیشتنەكە راگرتبوو. زۆر نائارام و بە پەلە بوو، بە قامچی لە پشتی ئەسپەکەی دەدا، بۆ ئەوەی رێ بكات.

گریگۆری، لە هەموو ئەو ماوەیەدا،  بە خەمبارییەوە قسەی بۆ ھاوسەرەکەی دەکرد.

 ماتریونا مەگری- ئەزیزم كەمێك ئارام بگرە. وا دەگەینە نەخۆشخانەکە، ئەوکات ھەموو شتێك باش دەبێت...

باڤێڵ ئەيڤانتيش ھەندێك دڵۆپە دەرمانت دەداتێ ، یان پێیدەڵێم کەڵە شاخێکت بۆ بکات، یان خۆی بەڕێز نیشان دەدات و ڕەزامەندی دەنوێنێت،كە ھەموو جەستەت بە کحول تەڕ بکات. بێگومان، ھەرچی لە توانایدا بێت بۆت دەكات.

بەڵێ، ھاوار دەکات و توڕە دەبێت، بەڵام لە کۆتایدا ھەموو ھەوڵێک دەدات. ئەو پیاوێکی بەڕێز و میهرەبانە، داواکارم لە خوداوەند تەندروستییەكی باشی پێببەخشێت.

ھەر کە گەشتینە ئەوێ و ئێمە ببینێت ،وەك ڕم لە ژوورەکەی دەردەپەڕێت و تێر لۆمە و سەرزەنشتمان دەكات و جنێومان پێدەدات. ھاوار دەکات و دەڵێت: "چۆن؟ بۆ ئاوا؟

بۆ زووتر نەھاتن؟

خۆ من سەگ نیم ھەموو ڕۆژەکە بە دیار چاوەڕوانی جەنابتانەوە ببەسترێمەوە. بۆچی بەیانییەکەی نەھاتن؟ دەی بڕۆن، من پێشوازیتان لێ ناکەم، بەیانی وەرنەوە".

منیش بەم شێوەیە وەڵامی ئەدەمەوە: "ئەی پزیشکی بەڕێز، باڤێڵ ئەیڤانتیش، بەڵێ دەتوانی لۆمە و سەرزەنشتمان بكەیت، دەتوانی جنێومان پێ بدەیت و نەفرەتیشمان لێ بكەیت".

نەخۆشی تاعون بتباتەوە... ئەی ئەبلیس.

 پیاوە تۆڕنەچییەکە بە قامچی لە پشتی ئەسپەكەی دەدا ، بە بێ ئەوەی ئاوڕ لە ژنە بەساڵداچووەكەی بداتەوە، کە لە پشت گالیسکەکە ڕاکشابوو، لە گفتوگۆكردن،لەگەڵ خۆیدا بەردەوام بوو:

"ئەی پزیشکی بەڕێز، سوێند بەخوا، لە ڕاستی زیاتر ھیچ ناڵێم، ئەوەتا لە پێش چاوەكانت، وێنەی خاچ لە سەر سینگم دەکێشم ، بەر لە خۆرهەڵهاتن من هاتوومەتە دەرەوە، چۆن بتوانم لە کاتی گونجاودا بگەمە لات، لە کاتێکدا خوداوەند ئەم گەردەلوولە بەفرینەی ناردووە؟

سۆزێک بنوێنە و خۆت تەماشا بکە.. باشترین سوارچاك ناتوانێ لە کەش و ھەوایەکی ئاوادا بڕوات، ئەم ئەسپە داماو و بەستەزمانەی منیش خۆ خۆت دەیبینی ھەر ئەسپ نییە".

دواتر باڤێڵ ئەیڤانیتش، برۆکانی بەرزدەکاتەوە و ھاوار دەکات: "ئێمە باش دەتانناسین، ئێوە ھەمیشە لە بیانوو هێنانەوە یەكەمن، بە تایبەتی تۆ گریگۆری، من زۆر باش دەتناسم، سوێند دەخۆم تۆ پێش ئەوەی بگەیتە لای من، لە نیوەی ڕێگادا، لە چەند باڕێک لاتداوە".

بەڵام من پێی دەڵێم: "ئەی بەڕێز، ئایا من کەسێکی ئەوەندە بێ باوەڕم، یان تاوانبارم ھەتا لەم باڕ بۆ ئەو باڕ بڕۆم، لە کاتێکدا ژنە داماوەکەم بە زۆر دوا ھەناسەکانی ژیانی دەدات؟

نەفرەتی خودا لە باڕەکان و خاوەنەکانیشیان، تاعون ھەموویان لە ناو ببات".

 دواتر باڤێڵ ئەیڤانیتش، فەرمان دەکات کە بتگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، منیش لە بەردەم پێیەکانیدا کڕنوش دەبەم و دەڵێم: "باڤێڵ ئەیڤانیتش، ئەی بەڕێز، لە کانگای دڵمەوە سوپاست دەكەم، تکات لێدەکەم لە گەمژەیی و ھەڵسووکەوتە نارێكەكانمان خۆشبە، لە گەڵ ئێمەی جوتیاراندا دڵڕەق مەبە.

بەڵێ، ئێمە شایستەی ئەوەین، نەك ھەر سەرزەنشت بکرێن، بەڵکوو بە ھەردوو قاچیش لە سەر سینگمان بدرێت، چونکە ئێمە بووین بە ھۆکاری ئەوەی کە لە ماڵ بێیتەدەرەوە و قاچەکانت بخەیتە ناو بەفرەوە".

 باڤێڵ ئەیڤانیتش، تەماشایەکم دەکات، وەك ئەوەی بییەوێت لێم بدات و دەڵێت: "ئەی گەمژە، ئایا بۆ تۆ باشتر نییە بەزەیت بەم ژنە داماوەتدا بێتەوە و خزمەتی بکەیت لە بری ئەوەی سەرخۆش بیت و دواتر بێیت لە بەردەم پێیەكانمدا کڕنوشم بۆ ببەیت؟ سوێند بە خوا ،تۆ شایستەی ئەوەیت جەڵد بکرێت". 

"بەڵێ، بەڵێ.. تۆ لە مەدا لە سەر حەقیت".

من شایستەی ئەوەم کە جەڵد بکرێم، با ئاسمان نەفرەتی خۆی بە سەرمدا ببارێنێت، ئینجا چ زەرەرێکە ئەگەر من لە بەردەم پێیەكانتدا کڕنوش بەرم، تۆ باوکمانی و ئەوەیشی خوداوەند پێی بەخشیوین ھی تۆیە، گەورەم، ئەگەر ھاتوو بە ڕفتارێکم دڵگرانم کردوویت، ئەوا دەتوانیت تف لە روخسارم بكەیت، سوێند بە خوا، ئەگەر بێتو ھاوسەری خۆشەویستم تەندروستی باشتر ببێتەوە، ھەرچی تۆ پێم بڵێت و فەرمانم پێ بکەیت، وادەکەم، ئەگەر بشتەوێت ئەوا لە بە نرخترین جۆری دار، قوتوی جگەرەت بۆ دروست دەکەم، داری کراتا بۆ یاری كریكێت، یان جوانترین داری بوتڵی بۆ یاری بەیسبۆڵ،  تەنانەت یەك قروشیشت لێ وەرناگرم.

لە مۆسکۆ قوتوی جگەرە بە چوار ڕوبڵە، بەڵام من بە بێ ھیچ بەرانبەرێک بۆت دروست دەکەم.

 ھیچ کەس ناتوانێت خۆی لە من توڕە بكات، تەنھا داوا لە خوداوەند دەکەم کە ڕێگاکەمان لێ ون نەبێت، سەیركە، ئەم بایە چەندە سەختە. لە بەر فشاری بەفرەكە، ھەر بە زۆر دەتوانم چاوەکانم بكەمەوە.

 کابرای تۆرنەچی لە قسەكردن لەگەڵ خۆیدا، بەردەوام بوو، ئەمە هەوڵدانێك بوو بۆ بارسوككردنی فشاری سەر هەستەكانی. وشەگەلێك لەسەر زمانی بوون، هەروەها بیركردنەوە و پرسیاری زۆریش لە مێشكیدا بوون. لە پڕ خەم دایگرت، بە بێ ھیچ پێشبینی و چاوەڕاونییەک، دەبێت ئێستا لێی دەرباز بێت. 

گریگۆری ھەموو ژیانی بە ھێمنی و ئاشتی بەرێ کردبوو، بێ ئەوەی هیچ دەربارەی خەم و شادی بزانێت، لە پڕ و بە بێ ھیچ ئاگادارییەکی پێش وەخت، ئازارێك دای لە دڵی. پیاوە سەرخۆشەكە، هەستی بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر هاوسەرەكەی كرد، ئێستا، ئەوەندەی قورسایی خەم و مەراقی سەر شانەكانی، ململانێی لەگەڵ سروشتدا دەکات.

 

گریگۆری بیری كەوتەوە كە چۆن یەکەم جار گرفتەکە دەستی پێکرد، کاتێک بە سەرخۆشی بۆ ماڵ گەرایەوە، وەك ھەمیشە دەستی بە جنێودان و ھەڕەشەکردن کرد. ژنەکەی بە جۆرێك سەیری كرد، كە هەرگیز پێشتر بەم شێوەیە سەیری نەكردبوو. پێشتر، بە زەلیلی و ریسوایی سەیری مێردەكەی دەكرد، وەك سەیركردنی سەگێك كە زۆری تێهەڵدرابێت، بەڵام ئەم جارە بە ڕوییەکی گرژ و مۆنەوە سەیری كرد. گرفتەكە لەو سەیرکردنە شووم و نەگریسەوە دەستی پێكرد.

لەو پەڕی بێ ئاگەیی وسەرسوڕماندا، لە یەکێک لە ماڵە دراوسێکانی، ئەسپێكی ھێنا بۆ ئەوەی ژنە بەساڵداچووەكەی بۆ نەخۆشخانە بگوازێتەوە، لەو باوەڕەدا بوو کە بە بەکارھێنانی ھەندێک بۆدرەو مەرهەم، باڤێڵ ئەیڤانیتش، دەتوانێت سەیركردنەسروشتیەكە بۆ چاوەكانی هاوسەرەكەی بگەڕێنێتەوە.  

 کابرای تۆڕنەچی بەردەوام بوو لە گفتوگۆكردن لەگەڵ خۆیدا: 

-زۆر باشە، ماتریونا گوێم لێبگرە، ئەگەر ھاتوو باڤێڵ ئەیڤانیتش پرسیاری ئەوەی لێکردی کە ئایا من لێمداوی یان نا، تۆ دەبێ نكۆڵی لەمە بكەیت، سوێندت بۆ دەخۆم لەمڕۆ بەدواوە چیتر من لێت نادەم. ئەگەر ڕۆژێکیش لێمدابیت لە بەر ئەوە نەبووە کە من ڕقم لێت بوبێتەوە، نا، ھەرگیز، بەڵکوو ھەر جارێک لێمدابیت ئەوا من لە بێ ئاگەییدا بووم، ئاگەم لە خۆم نەبووە، بەڕاستی من ھەست بە خەمباری دەکەم. باوەر ناکەم ھیچ کەس وەك من بێت، ئەوەتا من لەم کەش و ھەوا بەفراویە سەختەدا، بۆ ئەوەی تۆ بگەینمە نەخۆشخانە، کارێکی ئەستەم دەکەم.

 خوداوەند توانای خۆت نیشان بدە، ئەگەر خودا بییەوێت ئەوا ڕێگا ون ناکەین.

 خۆشەویستم کەلەکەت ئازاری ھەیە؟

لە پڕ ئاوڕێکی بۆ ژنە بە ساڵداچووەكەی دایەوە، بینی هەموو ئەو بەفرەی كە لە سەر رووخساری كۆبۆتەوە، نەتواوەتەوە. شتێکی نامۆی بینی، دەموچاوێکی کشاو و زەردھەڵگراو ، ھاواری کرد و تی:

-تۆ گەمژەیت، تۆ گەمژەیت...، ئەوەی لە دڵمدا بێت لە بەردەم خودادا پێتی دەڵێم، بەڵام تۆ لە گەڵ ئەوەشدا ھێشتا سوری لە سەر مردن، زۆر باشە، تۆ گەمژەیت، منیش سواری سەری خۆم بووم و ئەمەوێت ھەرچۆن بێت بتگەیەنمە لای باڤێڵ ئەیڤانیتش.

لغاوەکە بە دەستییەوە شل بوویەوە و بیری دەکردەوە، نەیدەتوانی بە تەواوی سەیری دواوە بکات و لە ژنەکەی بڕوانێت. دەترسا، سڵی لەوەش دەکردەوە، كە پرسیارەكانی دووبارە بكاتەوە و وەڵامیش وەرنەگرێتەوە. 

لە کۆتاییدا بڕیاریدا، بێ ئەوەی سەیری هاوسەرەكەی بکات، دەستی هاوسەركەی بەرز کردەوە، ھەستی کرد ساردە، کە دەستی بەردا وەك پارچە دارێک دەستی بەربووەوە. 

ھاوارێکی بەرزی کرد.

 -کەواتا مردووە، ئای لەم بەڵایە.

 ئەوەندەی كە بێزار بوو، ئەوەندە پەشیمان نەبوو. بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن شتەکان لەم جیھانەدا بە خێرایی تێدەپەڕن. گرفتەکە ھێشتا دەستی پێنەکردووە، کەچی بە کارەسات کۆتایی دێت. کات دەرفەتی پێنەدا لەگەڵیدا بژی و پێش مەرگ، پەشیمانی خۆی بۆ دەرببڕێت. چل ساڵ لە گەڵی ژیاوە، بەڵام لە ناو کەشێکی تەم ومژاوی و تاریکیدا تێپەڕیووە. مەستی وبێئاگایی و ئاژاوە و شەڕی بەردەوام و ھەژاری، ھیچ دەرفەتێکیان بۆ گۆرینەوەی ھەستی جوان نەھێشتبۆوە. بۆ ئەوەی كزە لە جەرگیەوە بێنێت، داخ بخاتە دڵییەوە، لەو كاتەدا مرد ،كە هەستی بە پەشیمانی كرد، ھەرچەندە خراپ و توندوتیژ بوو لە گەڵیدا، بەڵام نەیدەتوانی بێ ئەو بژیت.

 بیرەوەرییەكانی هاوسەرەكەی بۆ خۆی دەگێڕایەوە:

دەمناردە ناو گوندەكەمان، بۆ خۆی دەسووڕایەوە و نانی دەهێنا، هێشتا دەیتوانی دە ساڵی دیكەش بژێت. بەدبەختییەكە لەوەدایە،ئەو مرد و وای دەزانی من ئەو مرۆڤە..........، 

ئەبلیس، من ئێستا بۆ کوێ بچم؟ چیتر من پێویستم بە پزیشک نییە، من ئێستا پێویستیم بە گۆڕێکە بۆ ئەوەی تەرمەكەی تێدا بنێژم. پاڵی بە گالیسکەکەوە دا  و بە قامچیەكە لە پشتی ئەسپەکەی دەدا، کەش و ھەوا زۆر خراپتر بوو، مەودای بینیین بە تەواوی نەما. جار جار دەست و دەموچاوی بە لقوپۆی دارەکاندا دەكێشا و بەر چاوی تاریك دەبوو.

 -ئەگەر جارێکی تر لە گەڵیدا دەژیامەوە..

 بیریکەوتەوە کە ماتریونا، پێش چل ساڵ، دەموچاوێکی جوان وگەشی ھەبوو، خوێن گەرم و ڕۆح سوک، لە ناو خانەوادەیەکی خواپێداو و دەوڵەمەند ژیاوە، خێزانی ماتریونا بەو مەرجە رازیبوون كچەكەیان بدەنە ئەو پیاوە، چونكە زانیان ئەو لە بواری تۆڕنەچیەتیدا پیاوێكی كارامە و بەهرەدارە. ھەموو ھۆکارێکی باش ھەبوو بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆش و ئاسودە بۆ خۆیان دابیین بکەن، بەڵام گرفتەکە لە شەوی ئاھەنگی گواستنەوەکەیان دەستی پێکرد، کاتێک گریگۆری ئەوەندەی خواردەوە ھەتا گەیشتە ئەو ڕادەی کە سەرخۆش و بێئاگا بوو، لەو ڕۆژەوە بە دواوە، بە بەردەوامی مەست و بێئاگایە. بەڵێ ئەو ڕۆژی ئاھەنگەکەی لە بیر ماوە، بەڵام بە درێژایی تەمەنی لە دوای ئەوەوە ھیچی تری بیری نەماوە، جگە لەوەی لە تەنیشت ئاگردانەکەیان مەست دەبوو ، شەڕ و هات و هاواری دەكرد. بەم شێوەیە چل ساڵی تەمەنی ون کرد.

 ھەورە سپیە بەفراوییەكە، وردە وردە دەگۆڕا بۆ ڕەنگی پرتەقاڵی تۆخ، دنیا بەرەو ئێوارە دەچوو. دیسانەوە پرسیاری لە خۆی کرد:

-من بۆ کوێ دەچم؟ پێویستە بیر لە ناشتنی تەرمەكە بكەمەوە... لە كاتێكدا من ئێستا لە رێگەدام و بەرەو نەخۆشخانەكە دەڕۆم.... ئەوە چییە دەڵێی ئەقڵم لە دەست داوە...

جارێکی تر پاڵی بە گالیسکەکەوە دایەوە، ئەسپەکە دەیحیلاند و لۆقەی لێبڕابوو، دیسانەوە کابرای تۆڕنەچی بە قامچیەكە لە پشتی ئەسپەكەی دایەوە، لە دواوە، گوێی لە دەنگێك بوو، بە بێ ئەوەی ئاوەڕ بداتەوە، دەیزانی کە سەری ژنە بە ساڵداچووەكەیەتی و بەر لێواری گالیسکەکە دەكەوت. 

بەفرەکە كەڵەكەی كردبوو و سەرماکەش زۆر سەخت بوو.

 -ئەگەر بێتو جارێکی تر لەگەڵیدا ژیان بكەمەوە، ئەوا تۆڕنەیەکی نوێ دەکڕم وئیش دەکەم.... و پارەی زۆری بۆ پەیدا دەکەم.

 دەستەکانی لە لغاوی ئەسپەکە بەربوون، دەیویست لغاوەكە بگرێت، بەڵام نەیدەتوانی. بە خۆی وت:

-ھیچ گرنگ نییە. ئەسپەکە خۆی دەتوانی ئیشی خۆی بکات، شارەزای ڕێگەکەیە. لەم ماوەیەشدا دەتوانم سەرەخەوێك بشكێنم، پێش ئەوەی بۆ ناشتنی تەرمەکە، خۆم ئامادە بكەم و نوێژی لە سەر بكەم.

کابرای تۆڕنەچی، چاوەکانی لێکنان و و بێ ئاگە بوو، لە دوای ماوەیەکی کەم ھەستی کرد کە ئەسپەکە لە ڕۆشتن وەستاوە. چاوەکانی کردەوە و شتێکی بینی، شێوەی لە زنجێک دەچوو، یان بارە پوشێك بوو.

ویستی هەستێتە سەر پێ بۆ ئەوەی بزانێت ئەو شتە چییە، بەڵام ھەستی کرد کە ناتوانێت بە تەواوەتی بجوڵێت، بەبێ ھیچ ھاوارێک، یان بەرگرییەك ڕۆیشتە ناو خەوێکی ھێمن و قوڵەوە..

کاتێک بە ئاگاھاتەوە، خۆی لە ناو ژورێکی بەرفراواندا بینییەوە، دیوارەکانی پان بوون، تیشکی ھەتاو لە پەنجەرەکانییەوە دەھاتە ژورەوە. خەڵکی لە چوار دووری وەستابوون، سەرەتا ویستی خۆی وا پیشان بدات کە کەسێکی بەڕێزە و دەزانێ چۆن ھەڵسوکەوتی گونجاو و دروست بکات، وەك شوێنەکە ناچاری  دەکات لە سەری.

بە خەڵکەکەی گوت:

برایان با نوێژ بۆ ڕۆحی ھاوسەرەکەم  بکەین. دەبێت قەشە بەمە بزانێت...

کەسێک بە دەنگێکی پڕ متمانەبەخۆ بوونەوە، پێی گوت:

-باشە، باشە، بەڵام ھیچ مەجوڵێ.

کابرای تۆڕنەچی كاتێك پزیشكەكەی لە بەرانبەردا دیت، بە سەرسورمانەوە ھاواری کرد:

-باڤێڵ ئەیڤانیتش! ئەی بەڕێزی خاوەن شادییەکانمان.

ویستی باز بدات بۆ ئەوەی لە سەر ئەژنۆکانی کڕنوشی بۆ بەرێت، بەڵام ھەستی کرد قاچەکانی و ھەردوو دەستی لە دوای نایەن:

 بە ترسەوە ھاواری کرد:

-کوا قاچەکانم؟ گەورەم ئەی کوا دەستەکانم؟

-پێیان بڵی ماڵئاوا. بە تەواوی بەستبوونی، بۆیە ناچار بووین کە بیانبڕینەوە. دەی... دەی.. بۆ چی دەگری؟ بەشی خۆت ژیاویت، ئێستا دەبێت سوپاسی خودا بکەیت. ئێستا تۆ لە تەمەنی شەستەكان دایت، پێم وایە ئیتر ئەوەندە بەسە بۆ تۆ.

-من دڵگرانم، دڵگرانم زۆر ... گەورەم تکات لێدەکەم کە بمبەخشی.

چەند خۆزگەی ئەوە دەخوازم کە پێنج ،یان شەش ساڵی تر بژیم.

-بۆچی؟

-ئەسپەکە، ھی خۆم نییە و دەبێت بیگەڕێنمەوە بۆ خاوەنەکەی.. دەبێت ھاوسەرەکەشم بنێژم... ئای خودایە.. چەند زوو شتەکان لەم دنیایەدا بە خێراییەکی

سەرسوڕھێنەر تێدەپەڕن.

گەورەم، باڤێڵ ئەیڤانیتش، قوتویەکی جگەرەت لە باشترین جۆری دار بۆ دروست دەکەم، ھەروەھا داری کراتاتت بۆ دروست دەکەم، بۆ یاری کریکێت.

 پزیشکەکە دەستێکی بۆ بەرزکردەوە و شوێنەکەی بەجێیھێشت. 

ھەموو شتێک سەبارەت بە پیاوە تۆڕنەچییەكە کۆتای ھات. 


ئەم بابەتە 292 جار خوێندراوەتەوە