may-zaida.jpg

مەی زیادە، کە ئەڤین و ژیانی پێکەوە کۆکردەوە

مەی زیادە ئەو ژنە نووسەرە یاخییە پڕ وزەو ئەڤینە بوو کە بەتەنیا و بە باری قورسی دووری لە دڵدار و خێزان و بە تەنیاییەکی قورسەوە، ڕۆمان و شیعری تایبەت و گرنگی دەنووسی.

مەی زیادە جیهانی عەرەبی بۆ ئەو وەک هەر جیهانێکی تری تاریک و بێ بەزەیی جیهانێکی بێ بەزەیی و توند بوو، ئەو کە خانمێکی یاخی و نووسەرێکی پڕ ئەڤین و لێکدانەوەبوو لە جیهانی عەرەبیدا.

مەی زیادە ناوی تەواوی مارییە و لە رۆژى 11/2/1886 لە شاری ناسرییە لە فەلەستین، لە باوکێکی لوبنانی و دایکێکی فەلەستینی لەدایک بووە. ماری لە ئەدەبی عەرەبیدا ڕۆڵێکی گرنگ و بە بایەخی هەیە، گەرچی جیهانی عەرەبی بۆ ئەو جیهانێکی میهرەبانانە نەبوو، جیهانێک نەبوو ڕێز لە باهرە و توانای ئەوژنە یاخی و تایبەتە بگرێت کە ڕۆمان و شیعرەکانی باسی ئەڤین و تەنیایی و دەردی ئینسانی دەکرد.

 لە ڕوی ئاینییەوە سەر بە ئاینی کریستیانن، بۆیە لە قوتابخانەی ڕاهیبەکانەوە دەست دەکات بە خوێندن، قۆناغەکانى خوێندنی بە سەرکەوتووی دەبڕێت، تا زانکۆ تەواو دەکات. مەی زیرەکییەکی بێوێنەی هەبووە، توانایەکی مەزنی هەبووە بۆ فێربوون بۆ نمونە: لە پاڵ فێربونی هەردو زمانی عەربی و عیبری دا و فێری زمانەکانی: فەڕەنسی و ئینگلیزی و ئیتاڵی و ئەڵمانی دەبێت، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو زمانانەوە بە دوای زانست و زانیاریی دا بگەڕێت .

مەی کچی تاقانەی ئەم دایک و باوکە دەبێت، بۆیە زۆر بە جوانی و ڕێکوپێکی پەروەردەی دەکەن و بە دوای باشترین ژیاندا دەگەڕێن بۆ کچەکەیان، تا لە ساڵی 1907 وڵات جێدەهێڵن و لە قاهیرەی پایتەختى میسر دەگیرسێنەوە.

 لە قاهیرە لەماڵەکەی خۆیدا هەموو ڕۆژانێکی سێ شەممان نوسەران و روناکبیرانی وەک: (تەها حوسین، عەباس مەحمود عەقاد، ئەحمەد شەوقى، ئیسماعیل سەبری، خلیل مەتران، ئه‌حمه‌د لوتفی، ئیبراهیم المازنی، عبدالرحمن شوکری، حافز ئببراهیم و چه‌ندانى دیكه‌ کۆدەکاتەوە و  هەرجارەی قسە لە سەر بابەتێکی دیاریکراو دەکەن و کۆڕ و کۆبونەوە دەکەن، ئەم کۆڕ و کۆبوونەوە روناكبیریانه‌ بۆ ماوەی (20) بیست ساڵ، بەردەوامدەبێت و کاریگەرییەکی باشی لەسەر بینینی مەی دەبێت بۆ دنیا و ژیان و پەیوەندییەکان..

 یەکەم کتێبی مەی لە ساڵی 1911 دەبێت کە دیوانێکی شیعرییە بە زمانی فەڕەنسی چاپی دەکات بەناوی" ڕزاهیر حلم" و کاردانەوەیەکی باشی دەبێت.

 لە ژیانی مەیدا چیرۆکێکی هاوبەش و قوڵی ئەڤین، پەیوەندییەکی دوور و تەنیا و عاشقانە ئامادەیی هەیە کە هەمیشە باسدەکرێت و بەرهەمەکەی تەنیا (36) نامەیە، کە وەک نوسەران دەربارەی دەنووسن: ئەونامانە لە عاشقانەترین نامەکانی مێژوی خۆشەویستین.

ئەو چیرۆکە پەیوەندییە قوڵ و دوورو درێژەکەی مەیە لەگەڵ نووسەری بەناوبانگی عەرەبی_ئەمریکی "جوبران خەلیل جوبران"

لە نێوان ساڵانی 1911 – 1931 بۆ ماوەی بیست ساڵ پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ یەکدا دەبێت کە دواتر سەردەکێشێت بۆ خۆشەویستی و پەیوەندییەکی عاشقانە کە تا کاتی مردنی "جوبران خەلیل جوبران" بەردەوام بووە، بێ ئەوەی بۆ تەنیا یەکجاریش یەک ببینن. 

گەر لە پەیوەندییە سەیر و عاشقایەتییەکانی دونیا منداڵ جێدەمێنێت، لە هی نووسەران، یان لە هی دوو نووسەری وەک و مەیی و جوبران نووسین و نامەگەلێکی کورت جێماوە کە لە مێژویی ئەدەبیاتدا پێگەو گرنگی خۆیان هەیە.

بە درێژایی ساڵانی پەیوەندیان نامەیان بۆیەک دەنووسی، نامەی پڕ خۆشەویستی و نیگەرانانە، ئەو نامانە لەژێر ناوی "بڵێسەی شین" کراوە بە کتێب.

 مەی لە ژیاندا هاوسەرگیریی ئەنجام نادات، نازانرێت هۆیەکەی چی بووە، هەندێک پێیان وابووە، لە چاوەڕوانی جوبراندا بووە، هەندێکی تریش دەڵێت: ڕۆشنبیرییەکەی و کرانەوەکەی بەلایەنی کەمەوە وای لە مەی کردبوو، (100) ساڵ پێش سەردەمەکەی خۆی بکەوێت، بۆیە ئەم هیچ پیاوێک بە شایستەی خۆی نابینێ و چاوەڕوانی پیاوێکی نمونەیی کردووە، لە هەمان کاتدا هیچ پیاوێکیش لە سەردەمێکی وا دواکەوتوودا عەقڵیەتی توانای قبوڵکردنی ژنێکی سەربەست و ئازادی نەکردبێت.

 بێکەسی و تەنیایی چەند پێویستە بۆ داهێنان، ئەوەندەش ترسناکە بۆ لە دەستدانی مرۆڤ، بە لەدەستدانی خۆشەویستانی، مەی دەکەوێتە بێکەسی و تەنیاییەکی قوڵەوە سەرەنجام توشی نەخۆشیی دەرونیی دەبێت بەهۆی ئەو هەموو کارەساتانەی لە ژیانیدا ڕودەدەن لەوانە : لە ساڵی 1929 باوکی و لە 1931 جوبرانی خۆشەویستی و لە 1932 دایکی و یەکبەدوای یەکدا کۆچی دوایی دەکەن، ئەمانە وا لە مەی دەکەن، هاوسەنگیی وەک مرۆڤ تێک بچێت و توشی نەخۆشیی عەقڵی ببێت، بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەورونی دەکرێت و لەوێ ساڵانێکی زۆری ژیانی بەڕێدەکات.

مەی شێت نەبوو، تەنیا حاڵەتی بێزاری و بێتاقەتیی و بێکەسیەکەی لە قاهیرە وای لێیکرد وەک شێت دەربکەوێت، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوەبۆی ماوەیەک لە دونیای عەرەبی دوربکەوێتەوە ڕوو دەکاتە بەریتانیا لە ساڵی 1932 تا لەو ڕێگەیەشەوە بتوانێت بەشێک لە ئازارەکانی لە بیر بکات .

لە تەمەنی (55) ساڵی داو له‌ رۆژى 17/10/ 1941 لە نه‌خۆشخانه‌ى معادى له‌ شارى قاهیرە کۆچى دوایى دەکات، هودا شەعراوی دەربارەی ئەم خاتونە دەڵێت: مەی کچێکی نمونەیی و ڕۆشنبیری خۆرهەڵاتیی بوو .

هەندێک لە بەرهەمه‌كانیشى بریتین لە: (کچە توێژەرێکی بیابان، وشە و ئاماژەکانى، یەکسانى، تیشک و تاریکی، لاپەڕەکان، پێکەنین و فرمێسک).


ئەم بابەتە 86 جار خوێندراوەتەوە