Cenama.jpg

ڕۆژی سینەمای کوردی؟؟

سەرکەوت تارۆ

دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بۆ سینەمای کوردی ئەبێ لە سەر چی بنەمایەک بێت؟ باشترە؟

بۆ ئەم مەبەستە لەم ماوەیە کاک هاوار مستەفا خان لە لای خۆیەوە هەستا بە پرۆژەیەک، دواتر کاک مەهدی ئومێد پێشنیارێکی بۆ هەمان مەبەست پێشنیار کرد و کاک عەدنان وەسمان وەک هاودەنگێک پێشنیارەکەی پۆست کرد.

من لای خۆمەوە بۆ چوونم بۆ ئەو ڕۆژە وایە کە رۆژی سینەما پەیامێکی مرۆڤایەتیە، زیاتر لەوەی نەتەوەیی بێت.

بەڵام ئەگەر زۆرینە لە گەڵ بوونی ئەو ڕۆژە کوردیە بن!! پێشنیارەکە وەک (ڕۆژی سینەمای کوردی)م پێ باشە!!

بەڵام دەبێ پێشتر کۆمەڵێ پرسیار بخەینە بەرباس تا لە سۆنگەی ئەو وەڵامانەوە بکەوینە شرۆڤە.

دەبێ چی ببێتە هۆی دانانی ئەو رۆژە؟

- لە یەکەم فیلمەوە دەست پێ بکات؟ دەبێ کام فیلم بە یەکەم دابنرێت؟

ئایا ئەو فیلمە دەبێ بەرهەمهێن یا دەرهێنەرەکەی هەر کورد بێت؟

یاخوود بیانیەک بێت و بۆ خزمەتی پەیامێکی مرۆڤایەتی بە چیرۆک و کارەکتەری کوردی و ناوچە و جل و ئاوازی کوردی بەرهەم هاتبێت؟ ئەگەر ئەم خاڵەیان بێت ئەوا فیلم هەیە خزمەتی بە کورد کردووە تەنها نووسەر و دەرهێنەر و گرووپەکەی کورد نیە، بەڵام دەتوانین فیلمەکە بە کوردی ئەژمار بکەین چوونکە کۆنترینە.

ئایا یەکەم فیلم چی جۆرێک بێت؟ فیلم هەر فیلمە 16 ملم بێت، داکۆمەنتەری بێت، کورت، درێژ بێت لە هەر جێیەک کرا بێت، بەس با مەرجەکانی کورد بوونی تیا بێت، بۆ لە بۆنەیەکی تایبەتەوە نەبێت؟ ئیتر بۆنەکە شادی بێت یان کارەسات کە بتوانین بیکەین بە یاد کردنەوەیەک، ڕێز لێنانێک، زیندوو ڕاگرتنێک، بۆ نموونە سووتانی سینەمای ئاموودە، یان گرتنەکەی یلماز گوینەی؟ یا ئەو ڕۆژەی گوینەی لە زیندانەوە دەستی بە کاری وێنەگرتنی فیلمی (ڕێگا) کرد، یان زۆر بۆنەی ئاوا شیاوی تر کە هەیە، با بە پێشنیاری هەمە لایەنە دەست نیشان بکرێت.

ناوەکە!! بۆ خۆی جێی سەرنجە

لای ئێمە تا ئێستا مشت و مڕە لە سەر بوونی شانۆی کوردی؟ کە لە کاتێکدا ساڵانێکە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە زانینهزری کۆمەڵگای کوردی چ جای سینەمای کوردی کە لە گانکۆڵکێیە. ئایا سینەمای کوردی ئەو خەسڵەتانەی بنیاتناوە کە وەک شوناسێک لەم دەڤەرە نەک لە لە جیهاندا بناسرێتەوە؟ ئایا هەنکی جلی کوردی و ئاوازی کوردی جێگیرە و ڕەسەنی خۆی پاراستووە کە بتوانین بیکەین بە شووناس؟ لەکاتێکدا ئێمەی کورد لە بەر ژێردەسەیی بەوانەش نامانناسنەوە، تا ئێستا فیلمەکانمان دەبێ بە پاسپۆرتی عێراقی و ئێرانی و تورکی بچێتە فیستیڤاڵەکانەوە کە ئەمەش پرۆسەیەکی کەی سڕینەوە و وون کردن و بە موڵکایەتی کردنمانە.

ئایا ئەم پرۆژە و پێشنیارە بەس لە فیلمسازانی کوردستانی باشوورەوە بریاڕی لە سەر بدرێت؟ لە کاتێکدا فیلمەکانی باکوور و رۆژەڵات زۆر لە فیلمەکانی باشوور هەنگاویان لە پێشترە و خەریکە بۆن و تامی مۆرکی تایبەتی کوردەواری خۆیان وەردەگرن.

ئەگەر بیکەین بە بیرۆکەی باشوور لە لای باشوورەوە دەرچێت و بە سەر بەشەکانی ترا بیسەپێنیین یا ناوی باشووری پێوە بلکێنین؟ ئەوە دەبێ بە گەورەترین هەڵەی سیاسی جیۆگرافی کە دەکەوێتە ئەستۆی فیلمسازانی باشوور.

کاک هاوار مستەفا خان لە پرۆژەکەیدا ڕۆژێکی دیاری کرد، دواتر کاک مەهدی ئومێد پێشنیاری ڕۆژێکی کرد؛ لێرەدا زەنگێکمان پێویستە!!!!!! تا نەبین بە سووتووی ئەمبەر و ئەوبەری دێگەڵە. بۆیە دەبێ ووریابین نەکەوینە سۆنگەی شەخسی و حزبایەتی و ناوچەگەریەوە. باشترە فیلمسازانی هەموو پارچەکان لەو بریاڕە بەشدار بن؛ هەرچەندە پێم وا نیە حزبەکان بهێڵن.

پێشنیارەکەی کاک مەهدی ئومێد پەیوەستە بە فیلمی (تونێل) وەک یەکەم فیلمی ٣٥ ملمی کوردی باسی لێوە کردووە کە لەسەرەوە هەندێ پرسیارم لە سەر ئەوەش خستە ڕوو، بەڵام گرفتێکی کە، کە زۆرینەی فیلمسازان فیلمەکەی نەبینیوە!!! ئەی چۆن بڕیاری لە سەر بدرێت؟ بۆیە باشترە فیلمەکە (تونێل) ببینین. بابکرێ بە دیجیتاڵ و بدڕێ بە نێتفلێکس ئەگەر وەر گیرێ، هەم کاک مەهدی مافی خۆی وەردەگرێت، هەم زۆرترین کەس دەیبینێت. یا زۆر ڕێگەی تر هەیە تا بگات بە زۆرینە. ئەو کاتە بڕیار لە سەر تونێل وەک پڕۆژەکە بەرچاو ڕوونتر دەبێت و دەخرێتە بەر باس.

من لای خۆمەوە وا پێشنیار دەکەم لە بەرئەوەی تا ئێستا فیلمسازێکی کەم بە دەنگ پرۆژەکەی کاک هاوارەوە چوون و پێشنیارەکەی کاک مەهدیش فیلمسازێ یان سیان کەواتە با کۆنگرەیەکی فیلمسازان بۆ گشت بەشەکانی کوردستان ببەسترێت، دوو نوێنەری زانکۆی سینەما و بەڕێوەبەرایەتی سینەما و فیستیڤاڵ و گرووپ و کەمپانیای سینەما و کەسانی شارەزا و ئەکادیمی بواری فیلمسازی ئامادە بن تا لەوێ بڕیارێکی دوور لە حزبایەتی بدرێت. ئەگەر بۆنی ململانێ و بەرژەوەندی حزبی تیا بوو شەرعیەتی نەمێنێت.

هەرچۆنێ بێت وەک ووتم ڕۆژەکەم پێ باشە بەس با وورد بین تر بین.

تێبینی: پۆستەری فیلمی کاروانەکان ومیوزیکی مایک بات بەس وەک نموونە دامناوە کە نەریت و جل و ژیانی ڕەوەندی کوردی بەشێکی سەرەکین لە فیلمەکە.


ئەم بابەتە 31 جار خوێندراوەتەوە