له ڕۆژی 17/10/1994 ڕه‌سوڵ بێزار گه‌ردی، كه ناوى ته‌واوى (ڕه‌سوڵ ئیبراهیم سوڵتان)ه له ته‌مه‌نى (72) ساڵى گه‌ڕه‌كی ئیسكان له شارى هه‌ولێر كۆچى دوایى كردووه.
ئه‌و حه‌یرانبێژ و گۆرانیبێژى گه‌وره‌ى كورد بووه تاكو ماوه بهنمرى ده‌مێنێته‌وه، له ساڵی 1922 له گوندی قهلادگهی شارى هه‌ولێر له دایكبووه، هه‌ر له‌و شاره چووه‌ته به‌رخوێندن، له ته‌مه‌نى منداڵی‌دا هونه‌ری حه‌یرانبێژی له‌مێشكدا چه‌كه‌ره‌ی كردووه و په‌ره‌ى پێداوه.
بێزار، نازناوی شاعیری ئه‌و بووه، هه‌ربۆیه حه‌زی كردووه پێی بڵێن (ڕه‌سوڵ بێزار گه‌ردی).
له ساڵی 1947 چووه‌ته شارى به‌غدا و له مانگی نیسانی هه‌مان ساڵ یه‌كه‌م ئاهه‌نگی راسته‌وخۆی له به‌شی كوردی ئێزگه‌ی به‌غدا په‌خشكردووه، له ماوه‌ی كاركردنی له له‌و ئێزگه‌یه‌دا زیاتر له (680) گۆرانی و مه‌قامى تۆماركردوه، زیاتر له (1000) به‌رهه‌می هونه‌رى بڵاوكردۆته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى سه‌دان به‌رهه‌می تریشى له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وێستگه‌یه تۆماركردووه.
له به‌هاری ساڵی 1974 وه‌كو زۆربه‌ى هونه‌رمه‌ندانى دیكهوى كوردستان روى كردۆته شاخ.
تا له‌ژیاندا بووه ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌مى چاپكردووه، له‌وانه:
بژاری لاوك و حه‌یران، 1957، به‌غداد.
گوڵه مێلانهی كوردستان، 1960، به‌غداد.
شیلان و شلێر، 1967، به‌غداد.
له‌دواى كۆچى دوایشى چه‌ند به‌رهه‌مێكى دیكه‌ى چاپكراوه، ئه‌وانیش:
دارەشەکران، 2007.
پەنگر، 2008.