Bili.jpg

بیلی کۆڵینس شاعیری پەسەندی ئەمەریکا

وۆڵ ستریت جۆرناڵ – وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ژوان جەلال

تێگەیشتبووم کە شیعر دوو شتە- تێگەیشتنی زەحمەتە، بەڵام دەتوانی لەوە تێبگەیت کە شاعیر بەدبەختە.

بیلی کۆڵینس، خاوەنی نازناوی مەلیکی شاعیرانی ئەمەریکایە و شیعرەکانی بوونەتە خۆراکی خەڵکێکی زۆر، هەر لە "بیڵ میورەی"ـەوە تا منداڵی سێ ساڵان شیعرەکانی ئەویان گوتووەتەوە. وەک یەکێک لەو شاعیرە دەگمەنانەی کۆڕەکانی عەشاماتێکی زۆر لە خۆیان کۆ دەکەنەوە، مستەر کۆڵینس ئارەزوومەندانێکی یەکجار زۆری هەن بۆ خوێندنەوەی شیعر لە شوێنی گشتیدا. شیعرەکانی ئەو تێگەیشتنیان ئاسانە و زۆر جار پێکەنینهێنن، هەروەها لە شیعرەکانیدا لە بارەی هەموو شتێکەوە تێفکریوە، لە سڵاو و خواحافیزییەوە تا دەگاتە مرۆڤایەتی. لە ١٩٩٩ـدا، کارەکەی لە زانکۆی پیتسبۆرگ پرێسەوە گواستەوە بۆ چاپخانەی ڕاندۆم هاوس، کە ڕێککەوتن سێ کتێبی بە بڕەپارەیەکی شەش‌ژمارەیی بۆ چاپ بکەن، کە ئەوەش شتێکی نەبیستراوە لە دنیای شیعردا شاعیرێک بە بڕەپارەیەکی وەها کار بکات. ئێستا ڕاندۆم هاوس لە ملیۆنێک زیاتر کۆپی کتێبەکانی شاعیری لە پرنت داوە.
مستەر کۆڵینس دەڵێت: "بەڵام من کە دەنووسم، قەت بیر لە فرۆش و هۆڵە پڕ لە خەڵکەکان ناکەمەوە. نە فەیسبووک و نە تویتەریشم نییە، ئەوە شتێکە پەیوەندیی بە نەوەکانەوە هەیە. پارچەکاخەزێک، بۆ من، پتەوترین ئامرازی پەیوەندییە." هەر یەک لە شیعرەکان لە دەفتەرێکی یادداشتی ڕۆژانەدا دەنووسێت و زۆرجار چوار یان پێنج جار بەر لە تەواوبوونیان دەستکارییان دەکاتەوە. "بەڕاستی من دانەدانە شیعر دەنووسم." ئەو گوتی.
ئەو تاکە شیعرانە خێرا کۆ دەبنەوە و دواهەمین کتێبی "ئەشقی وێڵ،" تێکەڵکردنی ٥٠ شیعری تازەیە لەگەڵ نزیکەی سەت شیعری هەڵبژاردەی تردا لە دەیەی ڕابردووەوە و ڕاندۆم هاوس چاپی کردووە.

پ: تۆ ئەم شیعرانەت چۆن هەڵبژارد؟
بیلی کۆڵینس: ئەم شیعرانە لە کۆڕە گشتییەکاندا بەردەوام تاقی کراونەتەوە، بۆیە وا تێدەگەم ئەو شیعرانەی ئامادەبووانی کۆڕەکان حەزی پێ دەکەن، شتێکی باشییان تێدا هەیە.

پ: سەرنجڕاکێشە کە تۆ "ئەشقی وێڵ" وەک ناونیشان هەڵدەبژێریت، لە کاتێکدا ئەو شیعرە یەکێک لە هەرەکۆنەکانتە لەناو ئەمانەدا.
بیلی کۆڵینس: من هەوڵم دا ناونیشانێک بدۆزمەوە کە جوان بێت بۆ سەر بەرگ. هەروەها، پێم وایە "ئەشقی وێڵ" گرنگییەکی ئیپستمۆلۆجیی بۆ من هەیە، چونکە پێشنیاری شێوازێکی ڕوانینمان لە دنیا بۆ دەکات. شیعرەکە جیاوازیکردنێکە لە نێوان عەشق بۆ ئەو شتانەی لە دنیادا هەن وەک سرووشت، یان ژنەبەرگدروویەک لە جامخانەی دووکانێکی بەرگدروودا، [و] ئەشقی ڕۆمانتیکی، کە دەتوانێت بگرەوبەردە و دڵشکێنەر بێت. ئەو شیعرە لایەنی ئەشقی بێئامانج دەگرێت، عەشقێک کە خۆنەویستانەترە، کە بە سادەیی ئەشقێکە بۆ شتەکانی دەوروبەری هەر یەکێکمان.

پ: لەناو کارە تازەکاندا، تۆ لەگەڵ فۆڕمە شیعرییەکاندا یاری دەکەیت، وەک ڤیڵەنێڵس، سۆنێت و هایکو؟
بیلی کۆڵینس: من مەیلێکی زۆرم بۆ ئیمکانییەتی قەیدوبەندکراو لە شیعردا هەیە، بەوەی تۆ فۆرمێک لەسەر خۆت فەرز بکەیت. هەر کە تۆ نەمەتێکی فەڕمیت لەسەر خۆت فەرز کرد، ئەوکات شیعرەکە پاڵی دەنێتەوە. پێم وایە شیعری باش زۆربەی کات دەرەنجامی ئەم جۆرە زۆرانبازییەن لەگەڵ فۆڕمدا.

پ: تۆ چۆن گەشەت بەو دەنگە شیعرییە گاڵتەبازانەیە دا؟
بیلی کۆڵینس: کاتێک من کوڕێکی گەنج بووم، تێگەیشتبووم کە شیعر دوو شتە- تێگەیشتنی زەحمەتە، بەڵام دەتوانی لەوە تێبگەیت کە شاعیر بەدبەختە. بۆیە ئەوکات بۆ ماوەیەک من ئەو شیعرانەم دەنووسی کە تێگەیشتنیان سەخت بوو، تەنانەت بۆ خۆشم، بەڵام بۆنی بەدبەختییان دەدا. جا هەتا دەستم نەکرد بە خوێندنەوەی شاعیرانی وەک فیڵیپ لارکین و کێنیت کۆچ، نەمزانی کە ئەم گاڵتەبازییەی لەو ساڵانەدا سەرکوتم دەکرد، لە ڕاستیدا دەتوانرێت لە شیعردا بڵاو بکرێتەوە.

پ: چۆن ئەو گاڵتەبازییە دەخەیتە شیعرەوە؟
بیلی کۆڵینس: من کاتێک دەنووسم، لە هەوڵی ئەوەدا نیم گاڵتەباز بم. ئەوە شێوازی منە بۆ تەماشاکردنی دنیا. تێگەیشتم کە شتێکی زۆر ڕاستەقینە لە گاڵتەبازیدا هەیە، چونکە هەموو کەس دەتوانێت خۆی وا نیشان بدا کە جددییە، بەڵام ناتوانیت خۆت وا نیشان بدەیت کە گاڵتەبازیت. تۆ دەبیتە هۆی کاردانەوەیەکی لائیرادی لە خەڵکی تردا ئەگەر پێبکەنن، ئیتر ڕێک دەزانیت قۆشمەچێتییەکەت تا چەندە سەرکەوتووە، لە کاتێکدا تۆ نازانیت خۆ بە جددی نیشاندانت چەندە سەرکەوتووە. پێم وا نییە هەرگیز شیعرێکم نووسیبێت، کە مەبەست لێی تەنیا گاڵتەبازی بووبێت. شیعرم نووسیوە بە گاڵتەبازی دەستی پێ کردووە و زۆرجار گۆڕاوە بۆ شتێکی جددیتر.

پ: ئایا بۆ ئەوەی بنووسیت گوێکەڕکردن لە شەعبیەتی خۆت ئەستەمە؟
بیلی کۆڵینس: ناڕەحەتی لە پەیداکردنی شوێنێکی بێدەنگدا زیاتر وەک ئەم بەیانییە وایە، من لە بەشێکی چەپەکی ماڵەکەدا خۆم حەشار داوە و زەلامێک ئەوەتا ماڵەکە بە سۆندە دەشوات. ئەوانە زیاتر ئەو ناڕەحەتییانەن کە من دەمەوێت خۆمیان لێ بە دوور بگرم. من چێژ لە شیعرخوێندنەوە بۆ خەڵک دەبینم و لەوەدا کە هەزار کەس چەپڵەت بۆ لێ دەدەن، خرۆشانێکی سەر تەختی شانۆ هەیە کە ئەکتەرەکان هەستی پێ دەکەن. من منداڵێکی تاقانەم بۆیە دەتوانم هەرچیی بایەخێکم پێ بدرێت وەری بگرم [پێدەکەنێت.] بەڵام ئەوە زۆر بەش بەشە.

پ: بۆچی کتێبەکەت بە "ناوەکان" کۆتایی پێ هێنا، کە تۆ بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی ٩/١١ نووسیوتە؟
بیلی کۆڵینس: من کە بوومە مەلیکی شاعیران داوام لێ کرا ئەم شیعرە بۆ یەکەمین ساڵیادی هێرشە تێرۆریستییەکان بنووسم و لە کۆنگرێس خوێندمەوە. لەو کاتەوە چەند کتێبم دەرچوون و هەر بڕیارم دابوو ئەوە نەخەمە هیچ کتێبێکەوە. نەمویستبوو بەوەی ئەوە فڕێ بدەمە کتێبێکی شیعریی هەمەچەشنەوە، ئاو بکەمە ناوی یان بێڕێزیی پێ بکەم. بەڵام کە هاتە سەر کتێبێکی ئاما گەورە، من زۆرانم لەگەڵ ئەوەدا گرتبوو، ئێ، ئەگەر نەیخەمە ئەمەوە، ئەو شیعرە هەرگیز لە کتێبدا نابینرێت. گوتم با لەوێدا داینێین. ویستم جیای بکەمەوە- نەمدەویست هەروا فڕێی بدەمە نێوان ئەو شیعرانەوە، کە لە بارەی نانخواردن لە ڕستۆرانی چینی یان شتی واوەن. لە کۆتایییەکەیدا داماننا.

بیلی کۆڵینس- بە پێی نیو یۆرک تایمز هەرەناودارترین شاعیری ئەمەریکایە- لە 1941 لە نیویۆرک سیتی لە دایکبووە، پرۆفیسۆر و شاعیر و نووسەر و ئەنتۆلۆجیستە، زیاتر لە 15 خەڵاتی جیاوازی بۆ شیعرەکانی پێ بەخشراوه.


ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە