Husen.jpg

شەرم لەكەس ناكات جەنگ

حسەین لەتیف

شەممەیەك بەرد دەباری

دایكم رووی كردە ئاسمان

هێشتا زاری هەڵنەهێنابوو

بەرد لەتەریقی دابوو بەبەفر.

یەكشەممەیەك

باڕەش چوون گورگ دەیلووراند

دایكم روانییە دار هەنارەكە

باڕەش لەتەریقیدا بوو بە گۆرانی "بازی بێریان"*.

دووشەممەیەك

لافاو هات

دایكم دەرگاكەی كردووە

هەرچی كۆتری دونیا هەیە

چڵە زەیتوونیان بۆ ماڵی ئێمە هێنا.

سێشەممەیەك

لەپەنجەرەوە

مەرگ خێسەی كردین

هەركە دایكمی بینی

زەردەخەنەیەكی كرد و

بێ‌ ئاوڕدانەوە لەشار دەرچوو.

چوارشەمەیەك جەنگ لەوسەری كۆڵان دەركەوت

بەچەكمەكانیەوە تا سەربەرماڵەكەی دایكم ڕۆشت.

پێنجشەممەیەك بەپێشچاوی باوكمەوە

خوشكەكانمی لاقەكرد.

هەینی خۆم لەسەرگۆڕی بەفرو...

گۆرانی و...

كۆتر، بینییەوە.

 

13 ی فێبریوەری2020

 

*بازی بێریان: ئاماژەیە بۆ گۆرانییەكەی ماملێ‌


ئەم بابەتە 110 جار خوێندراوەتەوە